کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بە داخەوە

Tuesday, 31/07/2018, 17:07


.... زۆر دڵمخۆش بوو بەوەی " گۆڕان " سەرەڕای ئەو گێرمە و کێشمە و گرفتانەی کە تێی کەوتوە کە جار و بار ئەبێ بە گوریس بهێنرێتە سەرەوە ، کەچی هێشتا لە دونیای داهێنان و یاری سیاسی توانای هەر ماوە ، بە تایبەتی لە بواری هەڵبژاردنەکان و دیاری کردنی کاندیدەکان..      
-   هەڵبژاردنی کەسێکی باڵی ئیسلامی بزووتنەوەکە بە سەرۆکی لیستی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی هەرێم، هەنگاوێکی ئەوەنە ژیر و ئاقڵانەیە کە ڕەنگە دوو سێ قەڕنی تریش لە مەحافیلە سیاسیەکانا باس بکرێت !! گەر چی ڕەنگە بە حەزی ئەو بوایە لیستەکە ناوبنرایە " لیستی حیجاب "  بە حوکمی ئەوەی ئەو برادەرە " ئیسلامی / پرو ئەردوگان " ە ، کار بۆ ئەوە ئەکات رۆژێک لە رۆژان هەموو کوردستان بە پیاوانیشەوە ، بە خۆشی بێ یان بەشەق حیجاب ببەستن کە ئەمەش لە دینەکەی ئەوا فەریزەیە ، واتا بۆت نیە رەتی کەیتەوە ، ...قازانجی ئەوەی کە ئەو  نوێنەرەی ئیسلامیەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆتە سەرۆکی لیستەکە ئەوەیە کە ئەو موسڵمان و خاوەن ئیمان و نزیکە لە خوا ( ببورن مەسافەکە نازانم !) ، وەکو منیش بیستوومە ئایەتێک هەیە بەناوی " ئایەتی بارلەمان - بە بێ چونکە لە عەرەبیا ، واتە زمانی دینەکەی ئەو پێ نیە "  ، ئەوانەی وەک ئێمەومانان کە کافر و ئەهلی جەهەنەمین ئەو ئایەتە شمولمان ناکا ، بەڵام سەرۆکی لیستەکەی گۆڕان بە حوکمی باکگراونە دینیەکەی بۆ سەرخەستنی لیست و کاندیدەکان ، کە ئەو ئایەتەی ووتەوە لەوانەیە ڕەبوالعالەمین بەزەیی پیا بێتەوە " سەرەڕای تەزویرەکان " ئەو لیستە زۆرینە بەدەست بێنێ و هەرێم لە حوکمی بنەماڵەییەوە بگۆڕن بۆ حوکمی شەریعە....نەک هەر ئەوە بەڵکو بوونی ئەو بە سەرۆکی لیستەکە عەتف و مەحیبەت و هاو مەقسودی هەڤاڵەکانی لە لیستە ئیسلامییەکانی تر بۆ خۆی ڕاکێشێ و ئەوانیش دوعای هەمان ئایەت بکەن و بەم شێوەیە دوو لیستی ئیسلامی و 
یەک لیستی نیو ئیسلامی پێکەوە بە یەک ئامانج خەباتی مەدەنی - ئیسلامی !! خۆیان بکەن...........
-  بوونی گۆرانی بێژێکی میللی ئەوەی بە زمانی خەڵک پێی ئەووترێت "شایەر" کە لەگەڵ دادگا لەسەر شەڕە تەقە گرفتی زۆری هەیە وەک کاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان  ( کە ڕەنگە بۆ ئەوە بێ کەی ویسترا  گۆڕانکاری لە گۆرانی میللی و هەڵپەڕکێی ژنهێنان کرا ، ئەو برادەرە بە حوکمی شارەزایی ئەو مەهامە وەربگرێت و گۆرانی میللی لە سیستەمی  بنەماڵەییەوە بگۆڕێ  بۆ سیستەمی پارلەمانی ) ، کەمێک باڵانسی پارلەمان تێک ئەیا ، چونکە ئەو برادەرە کە خۆی ئەشوبهێنێ بە " دیمیرتاش "  بوو بە ئەندام پارلەمان ئەبێ هەم پارتی و هەم ی....ەکێتی ئەوانیش شایەری خۆیان کاندید کەن تا لەگەڵ دیمیرتاشەکەی گۆڕان لە پارلەمان بە گۆرانی میللی بچن بە گژ یەکا و وەڵامی یەکتر بەنەوە" کەو ئەو کەوەیە بەرامبەر کەو  بخوێنێ..".. ، ئەم داهێنانەش ڕەنگە ببێتە مایەی ئەوەی کە لە زاکۆکانی هەرێم کۆلێجێک بکرێتەوە بە ناوی " کۆلێجی زانستە سیاسی و گورانیە میللیەکان "  بۆ پێگەیاننی کادری بەتوانا لەو کەسانەی کە بە گۆرانی و سیاسەت پێکەوە سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێم ئەگۆڕن..!!...
 -  ئاخۆ  سەرۆکی سێ لیستی گەورەی موعارەزەی هەرێم کە دوانیان سەر بە یەک قوتابخانەن و و یەک ئەجینداشیان هەیە ( دیارە ئەجیندا شاراوەکانیان ) بە سودفەیە یان بە زمانی ئەو دوو لیستە قەزا و قەدەرە ؟ گەر گۆڕان توانی موبەریراتی کاندید کردنی بازرگانێکی ئیسلامی بە خەڵک بڵێ و بچێته ئەقڵەوە خۆم یەکەم کەس دەنگی پێ ئەیەم ، بەڵام ئەزموونی دە ساڵی خۆم لەگەڵ بزووتنەوەکە و پرینسیپەکانی لەسەری دامەزرا ، یەقینم هەیە هیچ موتیڤێکی باوەڕ پێ هێنەری نیە بۆیە سەد لەسەدی ڕەت ئەکەمەوە.. .راستە گۆڕان لە حاڵەتێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی خراپا ئەژی
بەڵام گەر  ئەو بزووتنەوەیە وای لێهات لە سەرلێشێواو یا ، مەدەنیەت و سەلەفیەت ، عیلم و دین ، دۆستی ئەمڕۆ و نەیاری سبەی ، وەستان لەسەر واقیعی ئەمڕۆ  و چەپڵەی ڕابردوو ،  تێکەڵ کرد ، ئەوە سیگناڵێکە
بۆ ئەوەی کە ئەووترێت " سەرەتای کۆتایی "....بە داخەوە.. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە