کێشەکانی سەرانی ناو گۆڕان، گۆڕانخوازیی لاواز ناکات
Sunday, 29/07/2018, 21:56
نۆ ساڵ بەرلە ئێستا لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، خەڵكی كوردستان بە هیوای رزگاربوون لە دۆخی قەیراناوی هەمەرەهەند و بە هیوا و خەونی دروستكرنی ئایندەیەكی تازە پاڵپشتیی و هێزێكی گەورەیان دا بە گۆڕان تا لە بەناو پەرلمان ببێتە نوێنەری هیوا و ئاوات و خەونەكانیان.
باسکردن لەسەر ئەو نۆ ساڵەى گۆڕان زۆرهەڵدەگرێ، بەڵام ئەمە ئیستا مەبەست نییە، بەڵكو ئەوەی مەبەستە ئەوەیە، كە ئەم هێزە گەورەیە، ئیستا ئەمە دۆخەكەیەتی، كە ئەبینرێ، جگە لەوەی هەندێک لایان وایە، کە بە هۆکاریی ئەمە لاوازیی سەرانی گۆڕان و هەست و داواى گۆڕانخوازیش ئەم بزوتنەوەی لاوازیش لاوا بووە و ئەبێ.
بەڵام لە راستیدا پڕۆسە و حەتمیەتی گۆڕان ئەشێ بۆ ماوەیەك ئاڕاستەى بگۆڕێ و سڕ بكرێ، بەڵام مەحاڵە بوەستینرێ و هەرهەوڵێكش بۆ وەستانی ئەنجامەكەى تەواو پیچەوانەی دەبێت.
بۆ حاڵى ئیستا، ئەگەر کیشەکانی ناو سەرانی گۆڕان بە جددى چارەسەر نەکرێ، ئەوا كۆمەڵ وعەلی باپیر دەبنە هیما و رەمزى ئۆپۆزیسونێكی سەرسەخت و بەشی هەرە زۆری ئەم گۆڕانخوازانەش كە لە سەرانی ئیستاى گۆڕان بێ هیوان بۆ ماوەیەکیش هەتا هێزی کاریگەریی تر پەیدا ئەبێ، دەبنە پاڵپشتی كۆمەڵ وعەلی باپیر، چونکە بە لاوازیی و بچووکبوونەوەی هەندێک لە سەرانی گۆڕان، نە نەتەوە ئەوەستێ لە بەرهینانی خەڵكی تازە و سەركردە ى فكری تازە بۆ گۆڕانكارى و نە پرۆسەى سروشتى گۆڕانیش ئەوەستینرێ، هەروەها نە گۆڕانخوازی لاواز ئەبێ، بەڵكو بە هێزتر ئەبێت بە هەموو پێوەرێکی ژیانی ئابوورى، سیاسى، كۆمەڵایەتی و حەتمیەتی میژوویی، کە ئەبێ کۆمەڵگا قۆناغەكانى تەكاملی خۆی بە پێی پێویستیەکانی کات و دەورانی میژویی لە هەموو بوارەکاندا تەی بکات، ئەگەرنا ئەکەوێتە دەرەوە و پەراوێزی رەوتی مێژوویی شارستانی ئینسانی٠ میژوو سەلماندویەتی چۆن کورد نەیتوانیوە لە دەرەوەی مێژوو بێت بۆیە تا ئیسا وەك نەتەوە ماوەتەوە، ئاواش ئەیسەلمێنێ، کە ناكەوێتە دەرەوەى گۆڕانكاری، چوونکە گۆڕان جووڵەى میژووە، كە ناوەستێ و گۆڕانكاریش هاوڕابوونە لەگەڵ مێژوو بۆ دانەبڕان لە کات و رەوتە میژوییەکانی ژیان بە هەموو رەهەندە ماددی و مەعنەویەکان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست