ڕێبوار خالید: ئاشتی برایم ئەفەندی، هاوڕێی شاخ و ئاوارەیی و غوربەت
Friday, 27/07/2018, 23:37
نووسین و کێشانی تابلۆ, هونەرمەند رێبوار خالد
دەی دیسانەوە با لە توژەڵەوە دەستی پێبکەم و لە ساڵی ١٩٨١بۆ ١٩٨٢ وە چیرۆکی ئەم هاوڕێ ئازیزەم بەسەربکەمەوە. بەس زۆر دەخاێنێ، هەر بۆیە دەبێ زۆر کورتی بکەمەوە:
قۆناغی ١: لەبەر کۆمەڵی هۆکاری خەباتی ریکخراوەیی، کۆمەڵێ کیژ و ژنی نێو شار، روویان کردە شاخ و لەنێو بنکە و ناوچەرزگارکراوەکان و تیپەکاندا خۆیان بینییەوە. چواریان بەر دەزگەی راگەیاندن(ئیزگە و ئیعلام) کەوتن، لەنێویاندا کیژێکی چاو جرپنی جوان و خرپنێکی سپیکەلانەی وریا و سەرنجکۆکەرەوەی تێدا بوو، جار بەجارێ شەرمن و جارە ناجارێکیش رووخۆشی دەم بەخەندە، ناوی ئاشتی بوو، ئاشتی برایم ئەفەندی. دوای ماوەیەک یەکی لە موهەندیسەکانی ئیزگەکە، بەناوی رێبوارکەرکوکی ، تووشی داوی عیشقی ئاشتی بوو!! زۆری نەبرد و خێزانێکیان پێکهێنا. لەبری ئاهەنگی نیشانکردن و بووک گواستنەوە! لەبری جلی سپی سیحراوی بووک و کەژاوە! لەبری شای و هەڵپەڕکێی ئازیزان!لەبری مانگی هەنگوینی و نێوماڵی تازە و کەش و هەوای هاوسەرگیریی....ژوورێکی تاریکی خانووە قۆرێک،بوو بەنسیبی،داڵانێکی تەسکی بەنایلۆن داپۆشراو، دوو دەست نوێنی بەکارهاتوو، هەندێ قاپ و قاچاغی پەککەوتوو،ماڵی بووکێ بوو. لەپاڵ مشک و دووپشک و کێچ و ئەسپێ و جارەناجارێکیش مارێ دەبوو بە میوانیان، لەکوێ!؟لە کوێستانێکی سەخت و دژواردا....
قۆناغی٢:بەهەمان دەردەسەری و کێشمەکیشی ژیانێکی سەخت و ترسناک و نادیارەوە، ژیانیان بردە سەر.منیش لە بەرگەڵوو هاوڕێیەتیم، چ لەگەڵ رێبوار و چ لەگەڵ ئاشتی و باقی هاوڕێیانمان توندتر و پتەوتر بوو......بەنێو خۆشی و ناخۆشیدا رێمان دەبڕی........
قۆناغی٣: لەدەور و بەری ١٩٨٦، هاوڕێکانی بەرگەڵووم جێهێشت، لە ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٨، ئەوان لەدەست رەشەبا و ئافاتی ئەنفال، روویان لە دۆڵەکۆگێ دوورەدەستی سەخت کرد،بە منداڵێکی یەکساڵەوە، ناویان لێ نابوو،هێما. خەریکی دانانی ئیزگە بووین لەپاڵ کارەکانی چاپ لە دەزگەی شەهید ئیراهیم عەزۆدا.وا هاتە پێشەوە، کە دەبێ ئاشتی بڕوات بۆ ئێران و هێماش بەسەر من و رێبواردا بەجێهێڵرا!! نەخێر کاتی هاتنەوەی ئاشتی، رێبوار ناچار بوو بڕوات بەدوایدا و من و هێماش ماینەوە! بەڵام، بەفر رێی لێگرتن و مانگێکی خایند، منیش بووم بە باوک و دایک ە لەعابە بۆ هێما....کاتێ رێبوار و ئاشتی حەمەموکری هاتنەوە...ئاشتی بە تامەزرۆی دایکێکی پڕ لەحەسرەتەوە خۆی کردبە ژووردا و بە سوز و میهەرەبانییەکی پڕ لەگڕەوە چوو بەرەو پیری هێما...!! هێماش دەستیکرد بەگریان و رایکرد باوەشمەوە!! ئاخر چۆن بیناسێتەوە...وای کە سەخت بوو بۆ ئاشتی.....
قۆناغی٤:لەسەقز هەریەکەمان بەکار و فرمانی خۆیەوە سەقاڵ بوو، بەس لەبەرئەوەی ئیزگەکەمان نەمابوو! باری برادەرانی ئیزگە و موهەندیسەکان زۆر خراپ بوو...من ١٩٩٠ لەسەر ١٩٩١ ئەوێم جێهێشت و رووم کردە سوریا. رێبوار و ئاشتیش بەئەرکێکی قورسترەوە بەمنداڵێکی ترەوە(هێژا)، بەدەردەسەرییەکی ترەوە، بەنائومێدییەکی ترەوە.....لەوێ مانەوە....
قۆناغی٥: لەمن مەپرسن بەچ دەردەسەرییەک و ئازار و ناخۆشییەوە، رێبوار و ئاشتی و دوو منداڵەکیان گەڕانەوە و ژیانیان بردەسەر، مەگەر ئاشتی بەدەیان کتێب باسی بکات و رێبواریش بەسەدان چیرۆک......ساڵی ١٩٩٩دوای چەن تەلەفۆنێک و لەسەر داوی ئەوان، بڕیارم دا بچم بۆ دیدەنییان لە سدنی/ئوسترالیا...هەرچی قەرز وقۆڵەی سویدم لەسەربوو، بە چەکێک دامەوە، کڕێ مانگێکی شووقەکەشم دا، چوون برادەرێک لێیقەومابوو، شوقەکەم تەسلیم کرد....دوای گەیشتنم بۆم دەرکەوت چێرۆکەکان گەورەتر بوون و رووداوەکان زۆرتر و ئازارەکان قوڵتر بوون و........
قۆناغی٦: دواجار کەئاشتیم بینییەوە،لە ٢٠١٠ دا بوو، لەکەین و بەینی هەڵبژاردنەکان بوو بۆ پەرلەمانی کوردستان، چەند رۆژێ لەماڵمان بوو!، ئاخر منیش خێزانم پێکەوە نابوو. ئاشتیش لەسەر لستی گۆڕان خۆی هەڵبژارد، ئەم کارەشی بەدەردەسەری کۆتای هات،ئاخر چۆن وا نەبێ!پشت و پەنات نەبێ! چۆن خۆت هەڵدەدەیتە نێو گۆڕەپانی جەنگەوە...!.
قۆناغی٧: من لێرەم و ئەوان وان لەغوربەت و لە میحەنەتدا دەژین! ئاشتیش سەررای باری تەندروستی نالەباری هەر خەریکی کاری نووسینە و وەکی جارانیش هەر چوست و چالاکە، دەی چؤن وا نەبێ..! کێژێ هەموو گیانی خەبات و دەربەدەری بووە، لەبنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ بووە،بوێر و چاونەترس بووە،روشنبیر و لەرووداوەکاندا قاڵ بووە، هەردەم خاوەن تموح بووە، بێ خەون نەبووە،بێهەڵوێست نەبووە، دەی هەردەبێ کوڵنەدا، جا با باری تەندروستی نالەبار بێ......
قوناغی٨: چاوەڕێ مەبن شتێکتان بۆ بنووسم سەبارەت ئەم خانمە بەجەرگ و کۆڵنەدەرە...چوون چیرۆکەکە درێژەی هەیە و منیش نازانم چاپتەرەکانی داهاتوو چی دەبێ....بەڕاستی نازانم.
رێبوار خالد ٧/٢٠١٨. سلێمانی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست