بکوژە جەللادەکانی ڕۆژنامەنووسان کێن؟
Thursday, 26/07/2018, 1:17
نزیکەی ''دەیە''یەک بەسەر دوو لە قێزەونترین ئەو تاوانانەدا تێدەپەڕێت کە لەمێژووی کوردستاندا دوو پەڵەی ڕەشن بەناو چەوانی دوو بنەماڵەی دەسەڵاتداری کوردەوە. لە٢٠٠٨ سۆرانی مامە حەمە کە ڕۆژنامەنووسێکی ئێجگار بوێرو ئەکتیڤ بوو لەم شارەی ئێمە لەکەرکوک لەلایەنی بنەماڵەی جەلال تاڵەبانیەوە تیرۆرکرا، لەبەرئەوەی چەند ڕاپۆرتێکی ڕەخنەئامێزی لەسەر یەکێتی لەمیدیاکاندا بڵاوکردبوویەوەو بەنیازیشبوو پەردە لابدات لەسەر چەندین نهێنی ئابڕوچوانەو سکانداڵی چەند سەرکردەیەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کە چۆن دەستدرێژی سێکسیان کردۆتە سەر ژنان و ئیستیغلالی دەیان قوتابی زانکۆییان کردووەو پەیوەندیشیان لەگەڵ ئافرەتە لەشفرۆشەکان هەبووە، بەڵام بەرلەوەی فریای بڵاوکردنەوەی ئەم نهێنیانە بکەوێت تیرۆرکرا. سۆران بەدەنگی بەرز وتی کەبکوژەکان سەرقاڵی تیژکردنی تیغی خەنجەرەکانیانن بۆبڕینی سەری من و نوکی قەڵەمەکەم. سەردەشتیش وتی: لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بۆیەکەمین جار پێیان وتم، کە تەمەنت چەندی نەماوە، یان بەوتەی خۆیان مۆڵەتی هەناسەدانم لەم شارەدا نەماوە، بەڵام نەباکم بەمردنە و نەئازاردان، لەچاوەڕوانی کۆتایی هاتنی مۆڵەتەکەمم، تابەدیداری بکوژەکانی خۆم بگەم، دوعاش دەکەم مردنێکی تراژیدیام پێببەخشن کە شایستەی ژیانە تراژیدیاکەم بێت، بۆیە ئەم قسانە دەکەم تابزانن ئەوەی ئێمە دەترسێنێ بەردەوامی ئەم ڕۆژگارەی ئێستایە بۆ نەوەیەکی داهاتوو، نەک مردنی خۆمان، کاری منیش خۆشبەختی برا بچوکەکانمە، نەک خۆم، زۆر بەسادەیش تاکە هۆکاری نیگەرانی من لەم هەڕەشانە ئەوەیە، کەهێشتا زۆر شت ماون قسەیان لەسەر بکەین و هەرئاوا بەجێیان بێڵین، بەدبەختی ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە، کەباکی بە مردنی نەوەکانی خۆی نییە. بەڵام تائەو شوێنەی کە ماوین دەبێ قسە بکەین، لەو شوێنەش کەتەمەنمان کۆتایی هات با هاوڕێکەم خاڵێکم بۆ دابنێ و بێتە سەر دێڕێکی نوێ و سەرلەنوێ دەست پێبکاتەوە. بەڵی سەردەشت گیان ئێمەی هاوڕێ و هاوپیشەت ئەوا خاڵت بۆدانانێین و دێڕی نوێش دەستپێناکەین، بەڵکو لەسەر هەمان دێڕی تۆو ڕێبازو باوەڕی تۆ بەردەوام دەبین، ئەگەرچی دەزانین هەمان چارەنوسی تۆمان دەبێت. دە ساڵ لەمەوبەرو لە٢١/ ٧/ ٢٠٠٨دا ڕۆژنامەنووسی چالاک سۆران لەبیستویەکەمەیین بەهاری تەمەنیدا بەدەستی جەللادەکانی یەکێتی لەم کەرکوکە بەبەرچاوی دایکو خوشکیەوە تیرۆرکرا. هەشت ساڵ لەمەوبەریش لە بیست و سێهەمین بەهاری تەمەنیدا، لە ٥ی ئایاردا گەنجێک کە دەسەڵاتێک ڕۆحی لە پێنوسەکەی چوو بوو، لەم هەولێرەی کە دەسەڵاتدارانی میرنشینی زەرد سەری قسەو بنی قسەیان ئەوەیە کە پایتەخت شارێکی سەقامگیرەو بەقەولی خۆیان مێرولە دەربازی نابێت، بەڵام سەردەشتەکەم لەبەر دەم زانکۆکەیدا بەبەرچاوی خەڵکەوە، بەبەرچاوی پۆلیس و ئاسایشەوە، دەڕفێندرێت. دوای ڕۆژێکیش بەقودرەتی قادر لە دەیان بازگەی چڕو توند ئاودیو دەبێت بەرەو موسڵ. بۆ ئەوەی گومانەکانیش بەلایەکی تردا بڕۆن دوای شەهید کردنی تەرمەکەی لە نزیک کۆمیتەیەکی یەکێتی فڕێدەدرێت. سادەترین بەڵگەش بۆ یەکلایی کردنەوەی گومانەکان بۆ لای بنەماڵەی دەسەڵاتداری بارزانی، ئەمەنە بەسە کە فیشەک بە ناو دەمیەوە نراوە، ئەم دەمەی کە بە قەولی خۆیان شەڕەفی ئەوانی پێ لەکەدار کراوە. جارێ هەتا ئێستا ئێمە نازانین ئەم شەڕەفە چییە؟ لە کوێیە؟ ڕەنگی چۆنە؟ ئەم شەڕەفەی ڕۆحی مرۆڤی قوربان دەکرێت ناتوانین نە بیبینین، نە دەستی لێدەین، نەبیدۆزینەوە، داخەکەم زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی هەموو شەڕەف و نرخی ژیانیان لەناو ڕانی ژن و کچەکانیاندا ئەدۆزنەوە. لای هەردوک بنەماڵەی دەسەڵاتداری جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی تەنها شەڕەف خەتی سورە، نەک ڕۆحی مرۆڤ، بەڵام لەڕاستیدا شەڕەف هەرچیەک بێت، زۆر لەوە بچوکترە کە مرۆڤی لەسەر بکوژرێت، بەڵام سەردەشت نەک شەڕەفی کەسی لەکەدار نەکردووە، بەڵکو تەنها وتی من عاشقی کچەکەی سەرۆکم، ئەرێ باجی ئەم قسەیە کوشتنە؟ ئاخر ئەگەر کچەکەی ئێمە گەورەبوایەو سەردەشت عاشقی بوایە، ئێمە کچەکەمان پێشکەش دەکرد نەک بیکوژین. دیارە وەک بنەماڵەی سەردەشت دەڵێن تەنها بەیەک وشەش بێت، هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی نەبووە، جگە لەو بابەتەی کە بەناونیشانی (عاشقی کچی سەرۆکم) کە بەڵگە نەویستە لەسەر تەنها ئەم بابەتە کوژرا، ئەو منداڵەی کە هێشتا لەناو بێشکەدایەو تەنها دایەو بابە فێر بووە، ئەگەر لێی بپرسین ئەرێ سەردەشت و کاوەو سۆران کێ کوشتنی، تەنها بۆ ئەم وەڵامە دێتە گۆو وەڵامی دروستمان ئەداتەوە. ئەم پۆلە ڕۆژنامەنووسە تیرۆرکراوە چەمکی موقەدەسی بنەماڵەی کاڵ کردەوەو ئەمەیان چرپاند بەگوێی دەسەڵاتداران کە لەم وڵاتەدا هیچ بنەماڵەیەک موقەدەس و مەرجەع نییە، وە کچی سەرۆک خەتی سور نییە، بەڵکو تیرۆرو کپ کردنی دەنگی ئازاد خەتی سورە. لەسەرەتای ڕووداوەکەی سەردەشت، خەڵکی ئازادیخوازو گەنجانی وڵات و ڕۆژنامەنوسان هەموو هاواریان کرد بێدەنگ نابین، بەناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری لەشارو شارۆچکەکانی کوردستان فشارێکی توندیان خستە سەر دەسەڵات، بەبێ ئەوەی پەنجەی تۆمەت بۆ کەس درێژ بکەن، بەڵام وەک پەندێکی پێشینان هەیە دەڵێت (دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە) بۆیە هەر زوو بنەماڵەی بارزانی توشی قەلەقی هاتن و هەروەک لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ختوکە بدرێن، ئیتر لەهیکەوە پارتی توشی بەرز بونەوەی زەخت و شەکرە بوو. نمونەی ئەم دەسەڵاتو ئەم حوکمڕانیە لەکوێی دونیادا بوونی هەیە؟ تیرۆری دەنگی ئازاد دەکات، دواتر خۆڵ ئەخاتە چاوی خەڵکەوەو وەڵامێکی مەنتیقی پێنییە بۆ ئەم پرسیارگەلەی لای ڕای گشتی دروست بووە، لەمەش سەیروسەمەرەتر ئەوەیە کە نەشەرم دەکات، نەحیساب بۆ دادگاو یاسا دەکات، نە ترسی هەیە، نە گوێ دەگرێ، نەتێدەگا، نەک هەر تێناگا بەڵکو بڕیاریداوە تێنەگا. تیرۆرکردنی ئەم پۆلە ڕۆژنامەنووسە، کوشتنێکی ئاسایی و تاوانکاری نەبوون، بەڵکو ئەوان ڕۆژنامەنوس بوون، کوشتنیشیان هێما بوو بۆ کوشتنی ئازادی، بۆیە ئەوان لەوە دەرچوون کەتەنها کوڕی بنەماڵەی خۆیانبن، ئەوان ئێستا موڵکی نیشتیمانن، موڵکی هەریەکێک لە ئێمەن، کەیسەکانیشیان بەنەتەوەیی کراوەو هاوکات سومبول و نازناوی ئازادییان پێبەخشراوە. بەگوێرەی ئەم داتایەی لای من هەیە دەبێژێت: سەبارەت بەم پۆلە شەهیدە ڕۆژنامەنووسە لەئینتەرنێتو بەدیاریکراویش لە گۆگڵو یوتوب یەک ملیۆن دۆکومێنتو ڕاپۆرت هەیە. ئەمە شتێکی دەگمەنە لەمێژوودا، بۆیە ئێمەی ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنوسان، ئەنجامی سیناریۆئامێزی ئەم لیژنانە ڕەت دەکەینەوە، وە هەرگیز ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەین ئەم کەیسانە دابخات، بەڵکو بەکراوەیی دەمێننەوە هەتا ئەو ڕۆژەی لیژنەیەکی سەربەخۆ لەژێرچاوەندێریەکی نێودەوڵەتی و دادگایەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوەی جددییان تێدادەکرێتەوە. سەردەشت، سۆران، کاوەو ڕۆژنامەنووسانیتر بە گیانی خۆیان ئاڵای ئازادیان بەرز کردەوە، ئێمەش بەهەر فیداکاریەک بێت ئەم بەرزیە بەرزو بەرزتر دەهێڵینەوە، چونکە ئازادی بۆ مرۆڤ ناهێتە خوارەوە بەڵکو دەبێت مرۆڤ بۆی بچێتە سەرەوە. ئێمە کە ئەمڕۆ یادی هاوڕێ و هاوپیشەمان سۆران دەکەینەوە، بەهەمان شێوە ڕێزدەگرین لە خەباتی ڕۆژنامەوانیی کاوەو عبدوستارو سەردەشتو دەیان ڕۆژنامەنووسیتر کە پێشو پاشی ئەوان شەهید بوون، کە لەساڵی ١٩٩١وە ٢٤٦ ڕۆژنامەنووس لەعێڕاق لەسەر ئازادی ڕادەربڕین کوژراون، وە ئێستا کە ئێمە لەساڵی ٢٠١٨داین هێشتا سیلسیلەی کردەوە تیرۆریستییەکان، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و سوکایەتیپێکردنی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن گشت حیزبە عێڕاقییەکانو بەدیاریکراوی لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە بەردەوامی هەیە، کەهەموو ئەم ڕۆژنامەنووسانە قوربانی هەمان ڕێگاو هەمان دەستی ڕەشی هەرسێک دەسەڵاتی سوننی، شیعەو کوردین. بەتایبەتی بنەماڵەی دیکتاتۆری بارزانی و تاڵەبانی مێژوویەکی قێزەون و تاریکیان هەیە لەکوشتنی نوسەران و دەنگە ڕەخنەگرەکان. هیچ گومانێک نییە کەوا بکوژەکانی سەردەشت و سۆران دوو دەستی دوو جەستەو دوو بنەماڵەو یەک عەقڵیەتن. تیرۆری سەردەشت ڕاستەوخۆ کردەوەکە بە فەرمانی کوڕی بارزانی ئەنجامدراوەو تیرۆری کاوە گەرمیانی و سۆرانیش هاوشێوەی سەردەشت لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە ئەنجامدراون، بەتایبەتی و زۆربەدیاریکراوی لەلایەن جەللادەکانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە بەناوی ''مەحمود سەنگاوی'' کەبەفەرمانی ئەو کاوە گەرمیانی کوژراوە. مەحمود سەنگاوی وەکو سەرکردەیەکی سەربازی چەندین هەزار چەکداری شەخسی خۆی هەیەو چەند بیرە نەوتێکی داگیرکردووە، کەسێک کەبتوانێت بیرەنەوت داگیربکات زۆر بەئاسانیش ئەتوانێت کە ڕۆژنامەنووسێک بکوژێت کەڕەخنەی لێدەگرێت. دواتر یەکێتی تەنانەت ئاگاداری پێشوەختەی کوشتنی سەردەشت بووەو هاوکاری بکوژانی سەردەشتیان کرد لە موسڵ. یادکردنەوەی ئەم شەهیدانەی ڕێگای قەڵەم وەک کولتورێک بابچەسپێ و لەهەر ساڵوەگەڕێکدا، کورزێکی کوشندەو شەرم ئامێزە بۆ دەسەڵاتدارانی کورد. بۆیە هەموو دەسەڵاتدارانی کورد وەکو یەک هەژمار دەکەم چونکە، ئەم ئینتیفاقە سیاسییەی لەنێوان یەکێتی و پارتی کراوە کە لەپێناو دابەشکردنی پارەوپول و دەسەڵاتە، وایکردووە کە لەبەرانبەریەکتریداو لەئاستی تاوانی ئەوا قێزەوندا بێدەنگ بن، یەکێتی و پارتی هێندە بەخراپ باوەشیان بەیەکا کردووە، کە قسەیەک هەیە دەڵێت جیاوازیەکانی یەکێتی و پارتی تەنها وەک کۆکاکۆلا و بیبسی کۆلا.
نووسەران بەهاوبەشی: شووشان مستەفا و موتەڵیب حەسەن/کەرکوک
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست