ڕزگارکردنی نەتەوەی کورد لە لایەن شانشینی یەکگرتووی بەریتانیاوە
Saturday, 14/07/2018, 21:27
بێگومان کەسانێکی ئاقڵ هێشتا لە ناو سیاسەتمەدارەکانی کورد ماون، دۆخەکە بە واقیعی دەبینن و دان بە ڕاستید ا دەنێن و هێشتا دڵسۆزی نەتەوەی کورد بن، دوای ئەوەی بۆ ماوەی ٢٧ ساڵ هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بە چەندین شێوەی جۆراوجۆر خیانەتیان بە میللەتی کورد کرد لە پێناوی بەرژەوەندییە بەرتەسکەکانی خۆیانداو هاوڵاتییان لە خراپترین دۆخدا جێهێشت و گلاند.
دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پاریزگاری سلێمانی هەنگاوێکی ئازاو جوامیرانەی نا کاتێك دەرگای وتوێژی ئاوەڵاکرد لەگەڵ قونسڵخانەی بەریتانیا لە عێراق بە بینینی بهڕێوهبهرى بهشى پڕۆژه ڕوناکبیرییهکان لهباڵوێزخانهى بهریتانیا لهعێراق، ئەم هەنگاوە زۆر ئیجابی و هیوابەخشە، لەوێ سەرتاپای دۆخەکەیان تاوتوێ کرد، بە هیوای گەڕانەوەی سەروەریی شاهانەی بەریتانیا بۆ دامودەزگا بەڕێوەبەرایەتیەکانی هەرێم بە شێوەیەکی کاتیی و سەروکاری زیندەگی خەڵك لە پێشەوەو بە شێوەیەکی راستەوخۆ، ئەمە وەفادارییە بۆ ئەو هەوڵە ئیداریانەی شانشینی بەریتانیا لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە لە کوردستان نایان، بەوەی نەخشەی سیستەمی بەڕێوبردن و قوتابخانەو خەستەخانەکانیان داڕشت و هێڵی شەمەندەفەرو پۆستەوگەیاندن و دامودەزگا خزمەتگواریەکانیان دروستکردو وەکو بەریتانیا و بە شێوەیەکی هاوچەرخ بنیاتیان نا.
بۆئەوەی بە جوانترین شێوەش ڕێز لە تایبەتمەندیەکانی نەتەوەی کورد بگرن کەسانێکی وەکو میجەرسۆنیان فێری زمانی شیرینی کوردی کردو رەوانەی شوێنە جیاجیاکانی کوردستانیان کردن تا باری داب و نەرێت و عەقڵیەتی کورد بخوێننەوە و لەو سۆنگەیەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.
وەکو هەنگاوی یەکەم و نیەت سافی بڕی نیوملیۆن پاوەنیان پێشکەشی شوێنەوارو مۆزەخانەکانی کوردستان کرد، ئەمە یەکەم هەنگاوەو دوای ئەوە رەشنوسی ئەو داواکارییە لە لایەن گەل و کەسایەتیە ناوردارە دڵسۆزەکان ئامادە دەکرێت کە داوا لە فەخامەتی شای بەریتانیا دەکریت رەزامەندی بفەرمێت بێنەوە یارمەتی گەلی کورد بدەن و رزگاریان بکەن لەو دوو بنەماڵە مافیایە، چونکە گەل و ئۆپۆزیسیۆن هیچ دەسەڵاتێکی ئەو دوو زوحاکەیان نییە، یەکێتی و پارتی وەکو جمکانەی سوپای پاسداران و جەندرمەی تورك تەماشا دەکرێن.
+ چارەنووسی ئەو دوو بنەماڵەیە چی دەبێت:
چەند دوورگەیەکی دوورە دەست هەن لە ناوچەی دەریای (کاریبی) و شوێنی حەوانەی پلەی زۆر باشی تیا ئامادە کراوە، هەموو گەندەڵەکان رەوانەی ئەو شوێنانە دەکرێن و هیچ سزایەکی لە سێدارەیان بۆ نابڕدرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی لەو دورگانە هەموو مافە مەدەنییەکانی خۆیان هەیە، بەلام نابێت هیچ لە موڵك و سامانە دزراوەکان لەگەڵ خۆیان بەرن و لەوێش ناتوانن سەفەر بکەن.
+ حسابکردن بۆ هەڵوێستی حوکمەتی ئێران:
یەکێك لە تەگەرەکان کە بەرپرسانی بەریتانیا تەماشای دەکەن حوکمەتی ئێرانە، لەبەر ئەوەی لە میدیاکاندا رژێمی سێدارەی ئێران رقی خۆیان دەردەبڕن بۆ رۆژئاواو ئەمریکا و حوکمەتەکەیان ناڕەزایی دەرببڕێت کە لایەنی فەخامەی شانشینی یەکگرتوو ببێتە دراوسێی، بەڵام هیچ ڕێگری و هەنگاوێکی کرداری پێنانرێت بۆ سەرنەگرتنی ئەم هەنگاوە مەزنەی کورد، چونکە گەل هەمووان لە چاوەروانی درێژکردنی دەستی کۆمەکی مرۆڤدۆستانەی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیادان، جگە لەمەش ئێران خۆی بە دەیان گرفتەوە دەناڵێنێت، سەباری دۆخی خرای سیاسەتی دەرەوەو گەمارۆکی ئابووی جیهانی لەسەری.
+ سوودەکانی ئەم هەنگاوە بۆ میللەتی کورد:
هەموو بوارە خزمەتگوزاریەکانی وەکو پێدانی ئاو و کارەباو نەوت و موچە بۆ هاوڵاتیان بە یەکسانی دەستەبەر دەکرێت، بنخانی ئابووری دەبوژێتەوەو هێڵی شەمەندەفەر دادەمەزرێت، مافەکانی مرۆڤ بەرقەرار دەبن، کوردستان دەکرێتە دەوڵەت و وەکو ئازیزترین پارێزگای بەریتانیا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و دەبێتە شوێنی یەکەمی گەشتیارانی ئەوروپی و ئینگلیزی بۆ شوێنە گەشتیاریە سەرنجڕاکێشەکان، بە تایبەتی لە وەرزی گەرمادا، لە ماوەیەکی درێژخایەنیشدا چوونی هاوڵاتیانی کورد بۆ بەریتانیا ئازادو بێ ڤیزا دەبێت.
+ هەڵوێستی ئیسلامییەکان:
ئیسلامیەکان یەکێك بوون لە قوربانیانیی ٢٧ ساڵی زوڵمی دەسەلاتی یەکێتی و پارتی، زۆر زیاتر لە ژێر دیموکراسیزەکردنی ژیاندا لەلایەن دەوڵەتی بەریتانیاوە کوردانی ئایندار مافی پەرستشی خۆیان دەبێت و بێ ئاینیش ئازادە لە هەڵبژاردنی خۆیدا. ئەم هەنگاوەش ئیستیعمار نییە بەڵکو رزگارکردنە.
ئیسلام ڕێساو دەستوورێکی هەیە دەڵێت: حاکمی فاسقی دادپەروەر باشترە لە حاکمی زاڵمی موسڵمان.. لەم گۆشەنیگایەوە هەموو ئیسلامییەکان بەخێرهاتنی ئەو دەستپێشکەرییە دەکەن و بە هەڵوێستی هەڵەی شێخ مەحموددا دەچنەوە کە چۆن ڕێخۆشکەر بوو بۆ دروستبوونی دوو بنەماڵەی مافیای بارزانی و تاڵەبانی و دڵی ئینگلیزی بە ناوی شۆڕشەوە رەنجاند لە پێناوی ئەوەی چارەنووسمان تەسلیمی حیزبی بەعسی شۆڤێنی نەژادپەرست بکرێت.
+ لینکی هەواڵی دیدارەکە لێرەدا بخوێنەرەوە:
http://hawlati.co/page_detail?smart-id=1792
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست