کە دەسەڵاتێک بەرەو کۆتایی دەچێت!
Friday, 29/06/2018, 18:04
ئیبن خەلدون یەکێک بوو لە پێشەنگە زانستی و کۆمەڵایەتی ئیسلام، کە لە سەدەی چواردەهەمدا لە پێشەکیدا نوسیویەتی:
کاتێک کە باج زۆر دەبێت، ئەو کاتە دەوڵەت بەرەو کۆتایی دەچێت.
کاتێکیش هەر دەوڵەتێک بەرە و ڕوخان ڕۆیشت ئەوا ، ئەستێرەناسان و فڵێڵباز و سواڵکەر زیاد دەبن ، هەروەها نوسەران و وتار بێژان زۆر دەبن .. گۆرانیبێژانی نەشاز و شاعیری دروستکراو و ئامادەکراو سەرهەڵدەدەن .. دەهۆڵ کوتان و خەڵکانی نەفەس نزم و کەسانێک کە نەزانن و وا خۆیان پیشان دەدەن کە زانان زیاد دەکەن .. دەست گرەوە و بەخت گرەوە و ماستاوچی و کەسانێک کە پیشەیان دەبێتە پیاهەڵدان و زمان لوسی و قسەگەلێکی زۆر بێ مانا و نا پێویست پەیدا دەبن .. هەروەها هەل قۆزەرەوەکانیش زۆر دەبن ، ماسکەکان ئاشکرا دەبن و ئەوەی تێکەڵ نەدەبوو تێکەڵ دەکرێت ، هەڵسەنگاندن نامێنێت و تەگبیر زۆر دەبێت ، قسە و واتا تێکەڵ دەبن و ڕاستی درۆ دەبنە یەک ، جیهاد دەبێت بە تاوانی کوشتن ، کاتێک دەوڵەت دەڕوخێت ، پروپاگەندە زۆر دەبێت ، ترس و دڵەڕاوکێی خەڵکی زیاد دەکەن .. دۆست دەبێتە دوژمن دوژمن بە دۆست .. دەنگی زاناکان لە زۆری و بەرزی وتاربێژاندا ون دەبێت .. هیواکان نامێنن و خەون و خەیاڵ زیاد دەبێت .. دەنگی ناڕاست بەسەر دەنگی ڕاستی زاڵ دەبێت و چڕوچاوی سەیر و سەمەرە دێنە مەیدان و دەردەکەن ، ڕوخساری جوان و پاک نامێنن .. عەشایەری و خۆبەستنەوە بە عەشیرەت و بنەماڵە دروست دەبێت .. پیلانگێڕی و تاوانی هەڵاتن و کوشتن زۆر دەبێت .. تایفەگەری و ناوچەگەری زۆر دەبێت و کەسوکار و برای یەک ماڵ تۆمەتی ناپاکی و خیانەتکار دەخەنە پاڵ یەکتر .. دۆخەکە دەبێتە پرۆژەی ڕۆیشتن و جێهێشتنی وڵات .. نیشتیمان وەک وێستگەیەکی هاتوچۆ و گەشتکردنی لێدێت .. دەوڵەمەند و بووەکان لە خەمی پارە و سامان و چۆنێتی پاراستنیان دەبن .. بیرەوەریەکان دەبنە چیرۆک و چیرۆکەکانیش دەبنە هەڵم .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست