کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەركردەی پارتە خیانەتکارەکانی باشووری كوردستان پیرۆزبایی گەرم لەسەركەوتنی ئەردۆغان دەكەن

Wednesday, 27/06/2018, 13:15


کوردستانپۆست نامەی ئەو سەرکردە پارتانەی باشوور وەک بەڵگەنامەیەک، تا بزانرێت ئەمانە چ خائین و بەدنمەکێک بوون بۆ خەڵک و بۆ نیشتیمان.
---------------------------
بە بۆنەی سەركەوتنەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە هەڵبژاردنەكانی 24ی حوزەیراندا سەركردەكانی باشووری كوردستان یەك لە دوای یەك پیرۆزبایی لە ناوبراو دەكەن، ئەمە لەحاڵێكدا سوپای توركیا 30 كیلۆمتر خاكی باشووری كوردستانی داگیركردووە و گەورە كاربەدەستانی ئەنقەرە هەڕەشەی بەرفراوانكردنی ئۆپەراسیۆنەكەیان و داگیركردنی قەندیل و مەخمور و شنگال دەكەن.
 نێچیرڤان بارزانی:

ئارەزووی خۆمان بۆ درێژەدان بە پێوەندییەكان لەگەڵ توركیا دووپات دەكەینەوە 
نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا پیرۆزبایی سەركەوتنی ئەردۆغانی كرد.
نێچیرڤان بارزانی كە حزبەكە بە نزیك لە توركیا دادەندرێت، دەڵێت ” بەبۆنەی سەركەوتنی بەڕێزتان بۆ ‌سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا له سیستەمێكی تازەدا و سەركەوتنی پارتەكەتان، پارتی داد و گەشەپێدان له هەڵبژاردنێكی گەورەدا كه تیایدا ڕێژەیەكی زۆر بەرز له دەنگدەرانی توركیا بەشدار بوون، پیرۆزبایی له ئێوه و پارتەكەتان و هەموو پارته سەركەوتووەكانی دیكەی توركیا دەكەین”.
دەشڵێت “له سەردەمی ئێوەدا پەیوەندییەكانی كۆماری توركیا و هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی زۆر گەورەیان بەخۆیەوه بینی، ئەوەش كاریگەرییەكی زۆر باشی هەبوو لەسەر ئارامی و پێشكەوتنی ژیانی خەڵك، نموونەیەكی زۆر گرنگیش بوو بۆ ناوچەكە. ئێمه وەك هەرێمی كوردستان، جارێكی دیكەش بەو بۆنەیەوه ئارەزوومەندیی هەمیشەییمان بۆ درێژەدان به پێشخستنی ئەو پەیوەندییانه دووپات دەكەینەوه.”.
 سەڵاحەدین بەهائەدین:

سەركەوتنی ئەو كاروانەی ئەردۆغان لە كاتێكدایە، كە وڵاتەكەیان و ئوممەت ڕووبەڕووی تەحەدییاتی گەورە بوونەتەوە
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە حزبەكەی لە زۆر لایەنەوە نزیكە لە توركیاوە لە پیرۆزبایی نامەیەكدا بۆ ئەردۆغان ڕایدەگەیەنێت “سەركەوتنی ئەو كاروانەی ئەردۆغان لە كاتێكدایە، كە وڵاتەكەیان و ئوممەت ڕووبەڕووی تەحەدییاتی گەورە بوونەتەوە، دەخوازین ئەم سەركەوتنە وەرچەخانێك بێ‌ بەرەو سەقامگیری و كرانەوەی دیموكراسی و لەسەر بنچینەی بەرژەوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتی باش”.
سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ڕاشیگەیاندووە “ئەم سەركەوتنە لە ئێوە و گەلانی توركیا پیرۆز بێت، هیوای سەركەوتن و تەوفیق و بەرەوپێشچوونتان بۆ دەخوازین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو تەحەدیاتەكان و سەركردایەتیكردنی كاروان بۆ ڕابوون و هەستانەوە. خوازیارین ئەم سەركەوتنە وەرچەخانێك بێ‌ بەرەو سەقامگیری و كرانەوەی دیموكراسی، هەروەها فاكتەرێكی كاریگەر بێ‌ بۆ بەهێزتركردنی پەیوەندیی نێوان گەلانی ناوچەكە لەسەر بنچینەی بەرژەوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتی باش و خزمەتی دۆزە ڕەواكەی”.
 كۆسرەت رەسوڵ عەلی:

ئەردۆغان بە دەست و بازووی خۆی گەیشتۆتە ئەو پۆستە چاوەڕوانی زیاتری لێ دەكرێت 
یەكێتی نیشتمانی كوردستان خۆی بە حزبێك دەزانێت كە پشتیوانی خەباتی پارچەكانی دیكەی كوردستان دەكات و لە پێناوی بەرژەوەندی نەتەوەیی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەنقەرەدا تێكچووە، بەڵام جێگری سكرتێری گشتی حزبەكە، ڕایدەگەیەنێت، پێگەی توركیا لەرووی جیۆپۆلەتیكیەوە زۆر گرنگە لە ناوچەكەو توركیا وڵاتێكی گەورە و گرنگە، رەجەب تەیب ئەردۆغان توانیویەتی بە دەست و بازووی خۆی بگاتە ئەو پۆستە چاوەڕوانی زیاتری لێ دەكرێت”.
كۆسرەت رەسول عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەیامێكدا كە ئاڕاستەی سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی كردووە ڕایگەیاندووە، پێگەی توركیا لەرووی جیۆپۆلەتیكیەوە زۆر گرنگە لە ناوچەكە و توركیا وڵاتێكی گەورەو گرنگە، بەو پێیەشی دراوسێین زۆر خاڵی هاوبەشمان هەیەو پێشمانوایە ئیدارەدانی وڵاتێكی گەورەی وەكو توركیا كارێكی ئاسان نییە، بەڵام ئەردۆغان بە دەست و بازووی خۆی گەیشتۆتە ئەو پۆستە چاوەڕوانی زیاتری لێ دەكرێت.
دەشڵێت:”لە رابردوودا و لە كۆبوونەوەكانماندا لەگەڵ جەنابتان زۆر راشكاوانە و راستگۆیانە پێمان راگەیاندن، كە تەنها بە دایەلۆگ كێشەكان چارەسەر دەكرێت، چارەسەری كێشەی گەورەش پێویستی بە پیاوی گەورەیە، هەر ئەو ئازایەتییەش لە جەنابتان چاوەڕوان دەكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی بنەڕەتی كورد لە توركیاو كۆتایی هێنان بە گرژی و ئاڵۆزییەكان”.
 بەرهەم ساڵح:

هیوادارم بەدەستهێنانی متمانی خەڵكی توركیا بەئاراستەی چەسپاندنی ئاشتی و دیموكراسی بێت
بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دێموكراسی و دادپەروەری، بە تەلەفۆن لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا قسەی كردووە، لەم پەیوەندیە تەلەفۆنییەدا وێرای ئەوەی باسی رەوشی ئێستای ناوچەكە و پەیوەندی نێوان توركیاو هەرێمی كوردستان كراوە، لەهەمانكاتدا پیرۆزبایی خۆی بەسەركەوتنی هەڵبژاردنەكانی توركیا پێ راگەیاندووە”.
بەرهەم ساڵح لە لەپەیامێكدا بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان وێرای ئاراستەكردنی پیرۆزیایی بەبۆنەی سەركەوتنیەوە، ئاماژەی بە گرنگی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكە داوە و دەڵیت” هیوادارم بەدەستهێنانی متمانی خەڵكی توركیا بەئاراستەی چەسپاندنی ئاشتی و دیموكراسی بێت و هەنگاونان بێت لەرێگەی گفتوگۆو دیموكراسیەوە بۆ پرسی ئاشتی و گەشەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ توركیا”.
 عەلی باپیر:

 بەگەرمیی پیرۆزباییتان لێدەكەم‌ و هیوای‌ سەركەوتنتان بۆ دەخوازم 
عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی پیرۆزبایی لە ئەردۆغان دەكات و دەڵێت “بەبۆنەی‌ سەركەوتنتانەوە لەهەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ توركیادا، بەگەرمیی پیرۆزباییتان لێدەكەم‌و هیوای‌ سەركەوتنتان بۆ دەخوازم‌و ئومێدم وایە لەم بارودۆخە هەستیارو دژوارەی‌ ئێستادا، باشترین ڕۆڵ بگێڕن لە هەرچی زیاتر سەقامگیركردنی‌ كاری‌ دامەزراوەیی‌و یاسا سەروەریی‌و چەسپاندنی‌ دادگەرییدا، كە وێڕای‌ ڕازیكردنی‌ خوای‌ بەرزومەزن، مایەی‌ تەبایی‌و تۆكمەیی كۆمەڵگاو دەوڵەتی توركیاشە”.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە لە ماوەی 27 ساڵی رابردوودا هەرێمی كوردستان وەك حكومەت و دەسەڵاتێكی نیشتمانی مامەڵە و پێوەندییەكی تەندروستی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و نێونەتەوەییدا نەبووە، بەڵكو حزبەكان بە پێی بەرژەوەندییە حزبی و بنەماڵەییەكانیان پێوەندییان لەگەڵ وڵاتان بەتایبەت وڵاتانی دەرودراوسێدا دروستكردووە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە