کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەلا مستەفا بۆ كوڕەكانی: تاكە گەڵێك كەمتمانەمان پێی هەبێت گەلی توركە

Saturday, 23/06/2018, 21:34


نووسەر-ھوڵوسی تورگوت
وەرگێڕ-كارۆخ عوسمان
ھوڵوسی تورگوت دەنوسێت:
مسعود بارزانی بۆیەكەمجار لە٢٠ی شوباتی ١٩٩٢ ھات بۆ توركیا لەسەردەمی كابینەی حكومەتی سلێمان دەمیرەل، لەم سەفەرەیدا باسی لەوەسیەتەكەی باوكی (مەلا مستەفا) دەكات كە لەساڵی ١٩٧٩ وەفاتی كردو لەدوای بەجێماوە.
مسعود بارزانی وەسیەتی باوكی دەربارەی تورك بۆ سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتە (سلێمان دەمیرال) باس دەكات.
باوكم وەسیەتی بۆ ئێمە جێھێشتوە، لەو وەسیەتنامەیەدا دەڵێت: (پشت بەتورك ببەستن و تەنھا لەگەڵ توركیا ھەماھەنگ بن).
ئەو كارە گرنگە لەڕۆژی ھەینی ٢١ی شوباتی ١٩٩٢ لەژووری مقامی سلێمان دەمیرەل لە ئەقەڕە ڕوویدا.
میوانێكی وڵاتی دراوسێ بەشێوەیەكی نھێنی بۆ ڕوونكردنەوەی وەسیەتی باوكی دێتە لای سەرۆك وەزیرانی توركیا (دەمیرەل).
گەورەكانی بنەماڵەی میوان (بارزانی) نزیكەی یەك سەدە لەگەڵ تورك لەناو یەك وڵاتدا بوونە بەڵام ئەو میوانە (مسعود بارزانی) كوڕی خاوەن وەسیەتنامە بۆ یەكەمجارە بۆ وڵاتەكەمان بەمەبەستی بەجێگەیاندنی دڵسۆزی.
لەشوێنگەی دەزگای ھەواڵگری توركیا (MİT) میوان بوو. میوانەكەی سەرۆك دەمیرەل یەكێك بوو لەسەركردە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی باكوری عێڕاق.
مسعود بارزانی تەمەن ٤٦ ساڵ كەپاش مردنی باوكی ئەركی سەرۆكایەتی حزبی گرتبوە ئەستۆ جگە لەسەرۆك وەزیران سلێمان دەمیرەل (چاڤێ چاغڵاڕ) وەزیری دەوڵەت و كەسێكیتر كە بەرپرسیارەتیەكی گەورەی ھەبوو لەكاروباری دەرەوەی وڵات ئامادەی دانیشتنەكە بوون.
بارزانی زۆر دەڵەڕاوكێی ھەبوو، بەھیستەوە سەری بەملاو ئەولای خۆیدا دەسوڕاند، چاوەڕێ بوو سەرۆك دەمیرەل دەست بەقسەكردن بكات، موتەرجیمێكی عەڕەبی لەڕێگای وەزارەتی كاروباری دەرەوە ئامادەكرابوو.
قسەكردن دەستی پێكرد، دوای ھەموو ڕستەیەك قسەكردن تەرجەمە دەكرا.
داوای ھەماھەنگی لەبارزانی كرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی كرێكاران كوردستان PKK، داوای دژوەستانەوەی پەكەكە لەبارزانی كرا.
بەر لەدەستپێكردنی گفتوگۆ سەرەتا بارزانی ڕێزی خۆی پێشكەش بە سەرۆك دەمیرەل كرد، پاشانیش سوپاسی دەوڵەتی توركیاو گەلی توركیای كرد لەبەرامبەر ھاریكاری كوردانی عێڕاق.
سەرۆك دەمیرەل سوپاسی میوانەكەی (مسعود بارزانی) كرد بەھەمان ئەو ھەستە باشانەی میوان.
-چەند ڕستەیەكی چاوەڕوان نەكراو:
بارزانی دەستی كرد بەڕێكخستنی چەند ڕستەیەكی چاوەڕوان نەكراو.
چاڤیت چاغڵاڕ وەك وەزیری دەوڵەتی ئەوكاتە شاھێد حاڵێكی سیاسی بەرپرس، پاش ٢٥ ساڵ ئەو بەسەرھاتانە دەگێڕێتەوە. دەڵێت:
لەمانگی ١١ی ساڵی ١٩٩١ بەسەرۆكایەتی بەڕێز سلێمان دەمیرەل حكومەتی ھاوبەشی نێوان (DYP و SHP) پێكھات و من وەك وەزیری دەوڵەت دەست بەكاربووم.
لەو سەردەمەی كە لەكابینەكەدا دەست بەكاربووین، پەكەكە زۆرشوێنی وڵاتەكەمانی والێكردبوو كە نەتوانرێت لێی بژین، بۆ ئەم مەبەستە پێویست بوو چارەسەرێكی ڕیشەیی بدۆزینەوە.
ھەروەك دەزانرا تیرۆریستانی پەكەكە لەباكوری عێڕاق بەخێو دەكران، ئەو ناوچەیە ساڵانێكی زۆر داڵدەی پەكەكە بوو، بەرپرسانی ناوچەكەش (مسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی) بوون، بۆ وشك كردنی ئەو داڵدەیەش لەوباوەڕەدابووین سەرەتا گفتوگۆ لەگەڵ سەركردە كوردیەكان بكەین سودی دەبێت.
جەلال تاڵەبانی سەركردەی ی ن ك لەمارتی ١٩٩١ بەكاری جۆراوجۆر سەردانی وڵاتەكەمانی دەكرد، جگە لەسەرۆك كۆماری ئەوكات (تورگوت ئۆزاڵ) چاوی بە بەرپرسە باڵاكانی حكومەت دەكەوت.
لەوكاتانەدا زانیمان مسعود بارزانیش چاوەڕێی ئیشارەتێك دەكات لەلایەن بەرپرسانی توركیا.
چاڤیت چاغڵار دوای ٢٥ ساڵ وەكو تاكە سیاسیەكی شاھید بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا دیداری بارزانی و دەمیرەل دەگێڕێتەوەو دەڵێت:
بە مەبەستی ململانێ و ڕێگری لە پەكەكە مسعود بارزانی لەسەر وەسیەتی باوكی وەعدیدا ھەماھەنگ بێت لەگەڵ دەوڵەتدا، لەبەرامبەریشدا چەك و پارەو خۆراك وەربگرێت.
- مسعود بارزانی و میت؛
(تیومان كومان) ڕاوێژكاری ئەوكاتەی دەزگای (میت) میوانداری بارزانی كرد لەبینایەی دەزگا، لەشاری ئەنقەڕە لەگەڕەكی نوێ (Taze Sokağı).
لەڕاستیدا نەماندەویست ڕاگەیاندنەكان بەم كۆبوونەوەیە بزانن بەڵام ئەم زانیاریە بەجۆرێك لەجۆرەكان دزەی كردە ناو میدیاكان.
چاڤێت چاغڵار دەڵێت: بارزانی بەچڕی حمایە دەكرا. چونكە لەدەستدا بۆئێمە گرفتێكی گەورە بوو، چونكە بەپێی خۆی ھاتبوو تا ھاوكارمان بێت، بەو ھۆیەوە دڵنیابوون لەوەی كەھەواڵگریمان دەچێتە قوڵایی باكوری عێڕاق.
سلێمان دەمیرەل قبوڵی كرد لەبینایەی سەرۆكایەتی كۆمار لەدیدارەكەدا من و بەرپرسێكی دەرەوە ئامادە ببین، بارزانی بەعەڕەبی قسەی دەكرد، بۆ ئێمە دەكرا بەتوركی.
مسعود بارزانی گوتی: بەڕێز سەرۆك وەزیران، لەبەرامبەر قبوڵكردنی من لێرە، سوپاسی بێ پایانی خۆمتان ئاراستە دەكەم، لەسەر ئیزنتان سەرەتا دەمەوێ وەسیەتی باوكی ڕەحمەتیم لەحزوری ئێوەدا عەرز بكەم. باوكم (مەلا مستەفا بارزانی) لەساڵی ١٩٧٥ نەخۆش كەوت، ٤ ساڵ لەئەمریكا خەریكی تیماری نەخۆشیەكەی بوین، لەكۆتا ڕۆژانی نەخۆشیەكەیدا وەكو (وەسیەت) ئەمانەی بەمن و براگەورەكەم (ئیدریس بارزانی) گوت.
ئەولادەكانم، سەددام حسێن دەیەوێ ئێمە لەعێڕاق نەھێڵێت، دەشزانن كە ئێران ئێمەی جێھێشت، بۆیە لەناوچەكە تاكە میللەت كە باوەڕمان پێی ھەبێت (گەلی تورك)ە، من ئەمڕۆ لەژیانم و بەیانی نامێنم، بۆیە وەسیەت دەكەم ئەگەر گرفتێكتان ھەبوو ئەگەر گرفتیشتان نەبوو پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی تورك دروست بكەن، بڕوایان پێبكەن، ھەماھەنگ بن لەگەڵیاندا، ھاوكاری تورك بن لەھەر داخوازیەك كە لەئێوە ھەیان بێت، بۆئەوەی ئەوانیش ھاوكارتان بن لەھەرشتێ كە بتانەوێ.
بەڵێ بەڕێز سەرۆك وەزیران وەسیەتی باوكم بەمجۆرەیەو منیش بۆ بەجێگەیاندنی وەسیەتەكەی باوكی كۆچكردووم لەحزوورتانم.
بەڵێ بەمشێوەیە بوو.
دیالۆگەكەی بارزانی كاتێ وەسیەتەكەی باوكی دەگواستەوە دڵەڕاوكێی پێوە دیاربوو، دەنگی دەلەریەو.
لەماوەی درێژەدان بەقسەكانی بەگرنگیەوە باسی pkk كرا، بارزانی پەیمانیدا كەھاوكاری دەوڵەت بێت.
بێگومان ترسێكی زۆری سەددام حسێنی لەسەربوو، نیگەران بوو لەوەی كە ھەركاتێكی چاوەڕوان نەكراو سەددام تەڵەیەكی بۆ دابنێتەوە.
زانیبوومان كە كەمێك بەرلەوەی باوكی وەفات بكات لەڤیەننا لەدەست تیمێكی بكوژ ڕزگاری ببوو، بۆیە ڕەنگی ترس پەڕیبووە ڕوخساری، بۆیە دەشمانزانی لەپێناو پاراستنی خۆی ئامادەی ھاوكاریمانە زۆر بەچڕی.
لەكۆتایی لەگەڵ مسعود بارزانی ڕێك كەوتین، ئێمە بڕیاری ھاوكاریكردنی ئەوماندا بە چەك و بەپارە، ئەویش ئارام بووەوەو پەیمانیدا كە لەسیاسەتی باكوری عێڕاق ھاریكاری دەوڵەت بێت و لەشەڕ دژی pkk بەھەماھەنگ لەگەڵ ئێمە حەرەكەت بكات.
- ئایا مرۆڤ ئەوەندە دەگۆڕێت؟
دوای ئەو سەردانە یەكەمەی بارزانی ھاتوچۆی بۆ وڵاتەكەمان زیادی كرد، وەك بڵێی بێ نیشتمان بێت  ھەرچەندە ھاوڵاتی عێڕاقی بوو بەڵام نەیدەتوانی پاسپۆرتی عێڕاقی وەرگرێت و نێوانیشی لەگەڵ ئێران باش نەبوو، بۆیە ئێمە پاسپۆرتی دیپلۆماسی كۆماری توركیامان پێدا، لەساڵانی حوكمی ئێمەدا ڕاستگۆ بوو بەرامبەر وەعدەكەی، ھاوكاری زۆری توركیای كرد، ئێمەش ھاوكاری تەواوەتی ئەومان كرد. جگە لەچەك ھاوكاری پارەو دانەوێڵەمان بۆی دەنارد.
لە دە بۆ پازدە ساڵانی كۆتاییدا كەسەیر ھەڵسوكەوت دەكات بەسەرسوڕمانەوە دەڵێم: (ئایا مرۆڤ ئەوەندە دەگۆڕێت)؟
بەتایبەت لەپەیوەندی لەگەڵ عێڕاق و ئێراندا، بەڵام ھێشتا ناتوانێ بەبێ دەوڵەت بمێنێتەوە، چونكە وەسیەتی باوكیەتی.
لەسەر ویستی خۆیان پاسپۆرتی دیپلۆماسی توركیایان پێدرا، لەساڵانی نەوەدەكاندا لەشیمالی عێڕاق سەركردەكانی YNK و KDP تاڵەبانی و بارزانی بەرامبەر سەددام حسێن لەناوەوەو دەرەوەی عێڕاقدا ململانێ و جوڵەكردنیان بەتەواوی نەما.
ئەوان چونكە پاسپۆرتی عێڕاقیان نەبوو نەیاندەتوانی بەئاسانی سەفەر بكەن و خۆیان بگەیەنن بەوڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئەم مەبەستە وەك ھەموو جارێك داوای ھاوكاریان لەتوركیا دەكرد، بەتایبەت لەسەردەمی بەڕێز تورگوت ئۆزاڵ سەرۆك كۆمار، ئەویش بەتەلەفۆن بە وەزیری دەرەوە (حیكمت چەتین)ی گوت: مسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی خاكیان ھەیە بەڵام ھیچ شتێكیتریان نیە، با پاسپۆرتیان بدەینێ.
- توركیا دەروازەیەك بۆكرانەوە بەڕووی دونیادا؛
وەزیری دەرەوە حیكمت چەتین ئەم داوایەی سەرۆك كۆمار تورگوت ئۆزاڵی لەگەڵ سەرۆك وەزیران سلێمان دەمیرەل جگرەكەی ئەرداڵ ئین ئونو تاوتویكرد، وڵامی ئەرێنی وەرگرتەوەو پاسپۆرتی دیپلۆماسیان پێدرا. بەمەش توركیا بۆئەوان بوو بەدەروازەیە بۆ كرانەوە بەڕووی دونیادا. دواتر بەشێك لەمنەتەكانیان ھەڵگرت و ھاوكاری دەوڵەت بوون.
- توركیا كارەبای بۆ دابین كردن؛
وەزیری دەرەوەی ئەوكات (حیكمت چەتین) باسی پەیوەندی نێوان توركیاو سەركردەكانی باكوری عێڕاق دەكات لەساڵانی ٩١-٩٣، دەڵێت: بەردەوام ھاوبەندیمان ھەبوو لەگەڵ تاڵەبانی و بارزانی. پەیوەندیمان توندوتۆڵ بوو. ھەرجارێك لەچوونە دەرەوە بەخاكی توركیادا سەریشیان لەئێمە دەداو زانیاریشیان دەدا دەربارەی زۆرشت، ئەوكاتەی ئێمە لەحكومەت بووین خەڵكی باكوری عێڕاق بەرامبەر سەددام لەگوزەرانێكی زۆرخراپدا بوون، ئێمە بەردەوام لەھاوكاریاندابووین. لەبەرامبەردا خەڵكی دڵسۆزمان پەیداكردن بۆ دەوڵەت تا لەشیمالی عێڕاق لەجیاتی ئێمە لەوێبن. ئێمە تەنانەت كارەباشمان پێدەدان.
لەبەشێكیتری وتارێكیتردا كە بەتەنھا دەربارەی تاڵەبانی نوسراوە، من لێرە لەگەڵ ئەو وتارەدا تێكەڵكێشی دەكەم و بەشێكی كورتی لێوە باسەكەم.
تاڵەبانی نمەك بەحەرام دەرچوو، ھەرچەندە لەسەرەتای ئیدارەی شیمالی عێڕاقدا ئێمە (دەوڵەت) بواری ئیشكردنمان لەتوركیا پێداو چەكمان دانێ، ھاوكاری پارەو مەعنەویمان كردن، كەچی تاڵەبانی لەتەسلیم كردنی سەركردەی تیرۆرستانی پەكەكە بەدەوڵەت ھاوكارمان نەبوو، ھەرجارەو بەبیانویەك خۆی لەم داخوازیەی دەوڵەت دەدزیەوە.
تاڵەبانی لەبوارەكانی خزمەتگوزاریداو لەوەبەرھێنانیشدا لەتوركیا پارەی زۆری دەستدەكەوت و ھێشتاش ھەر بەردەوامە، لەڕێگەی دەزگای ھەواڵگریەوە زانرا كەبەشێكی ئەو پارەیە دەدا بە پەكەكە بەڵام ھێشتاش ئێمە ئەو سەرچاوە ماددیەمان لێ نەبڕی، چونكە پێمان وابوو دەرئەنجام كارمان بۆ دەكات، بەڵام دەبوایە تاڵەبانی ڕێزی ئەو ھاوكاریانەی دەوڵەت بگرێت و سەركردەكانی پەكەكە تەسلیم بەئێمە بكات. ئەمما نەك سەركردە بەڵكو چەكدارێكیشی بەئێمە نەدا.
———————————
ڕا و بۆچوونی وەرگێڕ

تەرجەمەی ئەم وتارە لەسەروبەندی ھاتنی سوپای توركیا دێت بۆ ناو خاكی ھەرێمی كوردستان، ئەمەش ناوی لێدەنرێت پەلكێشی زیاتر لەوەی لەشكركێشی بێت، چونكە جگە بۆ لێدان لەپەكەكە سوپای توركیا بۆ پاسەوانیكردنی نفوزی ئەولادەكانی بارزانی كۆچكردوو دێت، بۆ بەجێگەیاندنی وەسیەتەكەی. چون دەوڵەتیش دەزانی كەھیچ توركێكی كاردار لەناو دەوڵەتدا ھێندەی وەسیەت بۆكراوان دڵسۆزی دەوڵەتی توركیا نیە. بارزانی جگە لەتەسلیم كردنی گەریلاكانی پەكەكە بەزیندوویی و بە مردوویی، سەروەت و سنورو ئەمنیەت و قەدەری میللەتی كوردی لەباشوری كوردستان تەواو تەسلیم بەتوركیا كردووە، بۆیە توركیا ھاریكاری دەبێت عەمیلێكی لەم چەشنە ھەرگیز نادۆزێتەوە.
ئەوەی پێویستە بكرێت پچڕاندنی پەیوەندیە لەگەڵ بارزانی نەك دەوڵەت، چونكە دەوڵەتی توركیا بەھۆی پەلكێشی بارزانیەوە لێرەیە بۆ ئەوەی مەترسیەكانی دوای شكستی ئابوری و ئیداری و دابەزینی نفوز لەدوای ھەڵبژاردنی عێڕاق لەسەر خۆی بڕەوێنێتەوە.
پەكەكە دەتوانێ شەڕە بەڕڕیەكەی قەندیلیش ڕاگرێت بەوەی كە ھێزەكانی بارزانی بێ كاریگەر بكات، وە دەتوانێ لەم ھەڵبژاردنەی توركیادا لەجەولەی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماردا پاڵپشتی دەرچوونی كاندیدی جەھەپە بكات و وەعدی ڕاگرتنی شەڕی لێوەرگرێت و دەست بكرێتەوە بەدانوستان لەپڕۆسەی ئاشتیدا.
چونكە ئەوكات گەلی توركیش سوپاسگوزاری پەكەكە و جەھەپە دەبن لەبەرامبەر ڕاگرتنی كوشتاری سەربازانی دەوڵەت كە ڕۆڵەی بەزۆرەملێ ھێنراون بۆ ڕێزەكانی سوپاو كوڕی دایك و باوكێكن.
خۆ ھەتتا شەڕ بەردەوام بێت پارتی و بارزانی قازانج دەكەن چونكە بەھۆی ئیش پێ ھەبوونیان لەلایەن توركیاوە پاسەوانی دەكرێن ئەوكاتیش خیانەت و پەلكێشی سوپا بەردەوامی دەبێت.
لەدوای ئەم وەسیەتە بۆ تاقە ڕۆژێكیش توركیا پارتی و بنەماڵەی بارزانی جێنەھێشتوە چونكە تەنھا بارزانی دەتوانێ بەمجۆرەی كەتوركیا دەیەوێ ھەبێت.
وەك بڵێی كوردانی عێڕاق بەدەستی توركیا لەدەستی ڕژێمی بەعس ھێنرابنە دەرەوەو دەوڵەتی توركیا ناوچەی ئارامی بۆ كورد دابین كردبێت، بۆیە لەئێستا سودمەندی یەكەم لەداھاتی ھەرێمی كوردستان توركیایە، بارزانی لەوێ ڕۆژێ كەوەسیەتی باوكی كردەشەرحی حاڵ كوردانی عێڕاقی قەرزارباری توركیا كردو شەرعیەتیشی بەم دۆستایەتیە خیانەتكاریەدا.
حەتمەن بەھۆی شەڕی پەكەكەوە دەوڵەت گرنگی پێداوە ئەگینا نە پارتی و نەبارزانیش ژمارەی خوێندراوەی ناو دەوڵەتێكی زلھێزی وەك توركیا نین، ھەر بۆیە دەڵێم لەبەردەوامی پڕۆسەی ئاشتیدا دەستی خائینان زەردو لاوازو بێ ئەرزش دەمێننەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە