کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەیامێک لە زیندانەوە بۆ مێژوو

Wednesday, 20/06/2018, 22:37


وتەیەکی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەوە بۆ مێژووی نەتەوەیەک ، خوشک و برایانی ھێژا 
بە گەرمترین خۆشەویستی و بیرکردن و ھەستەوە سڵاوتان لێ دەکەم . لەم کەمپینی ھەڵبژاردنەدا بە داخەوە لە زیندانی پیتی ئێف -ی ئەدیرنە بانگەوازتان ئاراستە دەکەم .
لە ٤ ی تشرینی دووەمی ساڵی  ٢٠١٦ لە گەڵ ١٢ ھەڤاڵی پەرلەمانتار ئێمەیان خستە زیندان . ٢٠ مانگە بە شێوەیەکی بێ حقووقی ئێمە  لێرەدا زیندانین ، ھیچ جارێک دادگای کردنێکی دادپەروەرانە و بێلایەنانە بەڕێوەنەچووە . 
لەم ٢٠ مانگەدا تەنھا ٢ جار چومەتە بەردەم دادگا . پرۆسەی دادگاییکردنی من دەکرا بە بێ گرتن بەڕێوەچوبا ، بەڵام بە ھۆی فشاری سیاسی بڕیاری بە دیلگرتنی من بەردەوامە . تاوانبارکردنی منیش بە ھۆی قسەکانمەوەیە ، 
ئەو قسانەی کە ئێووە زۆر جار گوێتان لێی گرتووە . جگە لەمە ، ھیچ شتێکی دیکە نییە . بە ھۆی ئەوەی ئاکەپە لە من دەترسێت ، من لێرەم ، لێرەدا من گیراوم و لە مەیدانەکان لە پاشە ملێ بوختانم بۆ دەکەن .
دەربارەی من ھیچ بڕیارێکی سزادان نییە ، بەڵام وەکوو تاوانبار ناوم دێنن . بەم شێوەیە دەستوری بنەڕەتی پێشێل دەکەن و بە ھەڵە ڕای گشتی ئاگادار دەکەنەوە . بۆ ئەوەی  ژیانی خۆشگوزەرانانەی دەسەڵاتدارێتی خۆیان لە دەست نەدەن ، درۆ دەکەن . 
من ناتوانم لەوە تێبگەم ئەو کەسانەی کە ئەخلاق و ویژدانی خۆیان لە دەستداوە ، چۆن دەیانەوێت وڵات بەڕێیوەببەن . ئێوە بزانن لە ماوەیەکی کورتدا دەردەکەوێت کە من تاوانبار نیم 
تەنیا با دەزگەی  دادوەری لە بری دەسەڵاتدارێتی پشت بە حقوق ببەستێت .با ئەم شتە لە بیر نەکەن سەید ڕەزا گوتبووی « من نەمتوانی سەر لە فرتوفێڵی ئێوە دەرکەم ، ئەمە بۆ من بوو بە دەرد ، بەڵام من لە بەردەم ئێووە سەرم دانەنواند ، با ئەمەش بۆ ئێووە بێتە دەرد ! » . 
من سەر لە درۆکانی ئێووە دەردەکەم ، ئەگەر زۆرداری بێ حقوقی تەنیا لە سەر من بوایە ، باسی ئەم شتانەم نە دەکرد . بەڵام ھەموو ڕۆژێک ئەم زۆرداری و بێ حقوقییە لە دەور و بەری خۆم دەبینم ، ئێووە مەغدووری ئەم زوڵمەن .
من دەبینم کە ژیانی ئێوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر تراژیدی دەبێت . دەیانەوێت کۆمەڵگا توشی ترس و بێ ھیوای و ڕەشبینی بکەن . بۆ ئەوەی ئیدی برا لە برا و دراوسێ لە دراوسێ بە گومان بێت ، لە گەڵ ئەمەدا بێ کاری و ھەژاری و قەیرانی ئابوری و بەرزبوونەوەی بەھای دراوی بیانی ژیانی خنکاندووە .
حکومەتی ئاکەپە ھەموو ڕۆژێک لە کۆشک و سەراکانە ، بەڵام گەلەکەمان برسییە ، بە گیانی منداڵانی ئێمە درێژە بە سیاسەتی شەڕ دە دەن . 
خوشک و برایانی ھێژا 
لە ڕژێمە دیموکراسیەکاندا ھەڵبژاردن زۆر گرنگن ، بەو دەنگەی کە ئێووە دەیدەن ، قانون دادەنرێت و نوێنەرانی خۆتان ھەڵدەبژێرن .
بڕیاری ئێووە نەک تەنھا بۆ ئەمرۆ ، بەڵکوو کاریگەری لە سەر داھاتووی منداڵانیش دەبێت . ئێووە بڕیاری خۆتان دەدەن کە ئایا لە دوای ٢٤ ی حوزەیران وڵات بەرەو کوێ دەچێت . 
ئەگەر ئێووە دەنگ بە ئاکەپە بدەن ، چارەنوسی وڵات تەنیا لە دەستی کەسێکدا دەبێت . ھیچ دەزگایەک نابێت کە بتوانێت بچووکترین کێشەکانی ئەو کەسەش ڕاست بکاتەوە ، چارەنوسی ٨١ ملێون کەس لە دەستی تاکە کەسێکدا دەبێت .
دونیا لە کاتێکدا لە ڕێی دیموکراسیەوە پێشدەکەوێت ، تورکیا بە حکومەتێکی دەرەوەی سەردەمەکە بە تەنیا دەمێنێتەوە و دوور دەبێت لە دیموکراتی . ھەموو دەستکەوتە دیموکراتیەکان لە شەوێکدا نا مێنن . 
ھیچ شوێنێک نامێنێت کە لە بەرانبەر دادپەروەریدا کە ئێمە سکاڵای لا بکەین ، دادگا و فەرمانگەکانی دەوڵەت بۆ ئێووە نابنە دەرمان . ھەموو شتێک بە گوێرەی کەیف و زەوقی کەسێک دەکرێت . لەو ڕژێمەدا مرۆڤ کە ھەست دەکات خەریکە دەخنکێت .
من ئەم شتە بە گوێرەی پێش بینیەکانی خۆم ناڵێم ، بەڵکوو سەیری ڕوداوەکانی ساڵانی ڕابردوو دەکەم و وەھا دەڵێم ، ئەو شتەی کە ئەمڕۆ دەیبینین تەنھا پێشەکیەکی ڕژێمی تاکە پیاوییە ، بەشی ترسناکی فلیمەکە ھێشتا دەستی پێ نەکردووە .
لە ٢٤ ی حوزەیراندا ئێوە بڕیار دەدەن کە ئایا کەش و ھەوای ترس دەست پێبکات یانا ، من دەزانم کە بڕیاری ئێوە لە پێناو ئازادی و دیموکراسی دەبێت ، ئەم ھەڵوێستە بەھادارەی ئێوە داھاتووی ڕوناکی تورکیا مسۆگەر دەکات .
بەر لەوەی ئێمە بکەوینە تونێلێکی تاریک ، لە پێشمان فرسەتێکی گەورە ھەیە ، ئێمە پێکەوە ئەم دەرفەتە بە کاردێنین و  وڵات لە دۆخی بەر گەندەڵکاران ڕزگار دەکەین  ، با ھەرەشەی شەقاوەکان کە بە والی و قایمقامەکان ، بە دەرفەتەکانی دەوڵەت ، بە سزادان و مێدیا بانگەشەی ھەڵبژاردن دەکەن .
ئێوە نەترسێنێت ، سەخت نابێت کە مرۆڤ پیشانی ئەو کارەکتەرە سیاسیانەی بدات کە گەل کێیەو ھێزی گەل چییە . لە ٢٤ ی حوزەیراندا دەنگەکان بۆ ھەدەپە و دەمیرتاش بخەنە زەرف و ئەوەی دیکە بۆ ئێمە لێگەرێن . 
ئێوارە کاتێک سندوق کرانەوە دەبینین کە ئەو شەقاوە و ساختەکارانە دەکەونە چ حاڵێک ، ئەم دەرفەتە لە بەردەم ئێمەیە کە دەرسێکی باشی سیاسەتمەدارانی بچووک بدەین . بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆتان بدەن .
پێویستە ھەڤاڵانی گەنج بۆ چاودێری کردن ئەرک وەر بگرن ، تا زۆرترین ڕادە من باوەڕم بە گەنجان و ژنان ھەیە . دەرفەتەکانی من لێرە زۆر کەمن ، بەڵام دەزانم ئێوە بە ناوی منەوە بە شێوەیەکی باش درێژە بە کەمپینی ھەڵبژاردن دەدەن .
من دەزانم ئێوە خاوەندارێتی لە سندوقەکانی دەنگدان دەکەن ، خەمی منتان نەبێت ، ئێوە باش بن منیش باش دەبم ، نەک تەنیا ٢٠ مانگ ، ئەگەر ٢٠ ساڵیش من لە زینداندا بھێڵنەوە سەری خۆم لە بەرانبەریاندا دانانەوێنم .
لە پێناو ئاشتی و دیموکراسی من بە ناوی ئێوە وە خۆ ڕادەگرم ، ئێمە کوردین ، تورکین ژن و پیاوین ، عەلەوی سوننین . توڕەی من لە بەرانبەر زوڵمە ، ئێمە شێخ بەدرەدینین ، لایەکی ئێمە پیر سوڵتانە ، ئێمە مەزڵومین ،
ئێمە دێنزین ، ناوی ئێمە سەعيدە لە مەیدانی دەروازەی چیا ، ئێمە حوسێنین لە کەربەلا ، لە دوورە وڵاتی ئەحمەد کایاین ، لە زینداندا یەڵماز گویناین ، جیاوازی ئێمە ئەوەیە تەنیا کەسێک نین ، بەڵکوو زۆر کەسین . 
ئێمە شان دە دەینە بەر شانی یەکتر ، لە ٢٤ ی حوزەیراندا دەنگێک بدەنە ھەدەپە و دەنگێک بدەنە دەمیرتاش . شانسێک بدەنە ڕوناکی ، ھیوا ، ئاشتی و ئارامی ، باوەڕ بەم شتە بھێنن و پێکەوە بە دی بێنن . بەم ھەستانەوە ، بە ڕێزەوە سڵاو لە ھەموو تان دەکەم  ، بە ھیوای ئایندەیەکی بە ھیوا و بەختەوەر بۆ ھەموان دەخوازم.
ئەمە نمونەیەکی جوانی سەرکردە و پێشەوایە بۆ گەلێک ، دەبێت سەرکردە و پێشەواکانی باشوریش جەریئانەو بوێرانەو چاو نەترسانە قسە بکەن ، نەبنە کۆیلەی ھیچ وڵات و ژێر دەستەی قبوڵ نەکەن.
پەیامێک و نامەیەکی وا بۆ مێژوو بەشی سەد ساڵی تەمەن دەکات ، کە مرۆڤ گەلێک شانازی پێوە بکات ،  کە ئەم وتەیە جێگای بەرز نرخاندنێتی ، ئێمە پێویستمان بە ڕۆڵەی لەم جۆرەیە تا پشتیوانی لە خاک و نەتەوە بکات ، نەک وەکوو بەرپرسەکانی ئێمە تەنھا بۆ مانەوەی خۆیان ھەوڵبدەن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە