بە تەوسەوە وتی بەس دوو ڕێگامان لە پێشە
Tuesday, 19/06/2018, 19:33
لە دەوربەری شەڕی ناوخۆ بە دواوە ئەو بەو دەردەوە دەیناڵاند، سەرەی گرتبوو بۆ چارەسەر، وتم ئەوە بە چی واتلێهاتووە؟
وتی: بە ڕاپۆرتلێدانی بوغزلەسکان گیراین، ٤ کەس بووین، دووانمانیان بە ئاربی جی رەمیکراین، دووانیشمان کۆڵەواربووین ئینجا بەریانداین، ئەگەر دەتەوێت بزانیت بۆچی لێرەم ... ئەوە بۆ چارەسەری ئەو بزمارانە هاتووم کە ئەوسا لە پێیان داکوتیم تا ئیعتراف بکەم لەسەر شتێك کە بوونی نییە.
وتم: کامیان بوون؟
وتی: ئەو بۆ پێنج دانە هەنجیر هەموویانی کۆکردبووەوە و تەڵاقیدان کە کێ ئەو پێنج هەنجیرەی لێکردووەتەوەو خواردوویەتی، با سوێند بە تەڵاقی بخوات، تا ئەگەر درۆ بکات با تەڵاقی بکەوێت.
وتم: ئەوە تۆ باسی چی دەکەیت؟ ئەم نەوەیە بیر لەو رابردووە ناکاتەوە، ئەسڵەن حەز ناکەن بیر لە گۆڕانکاری بکەنەوەو مێشکیان بەوەوە هیلاک بکەن کە کێ داهاتی میللەت دەدزێت و چارەنووسی نەتەوەکەی هەڕاج دەکات. ئەم نەوەیە هێڕکراوەو کۆتی شاشەی ئایفۆن و ئایپادەکەیەتی و چەند ساڵێکی تر نەوەیەکی نەخۆش پەیدا دەبێت و تەشەنەکردنی بێسەروبەری ئەم هەموو بورجی شەبەکەی مۆبایل و ئینتەرنێت و کەناڵانەش با لەولاوە بوەستێت ، باڵندە کۆچەرییەکان هەستیان بە مەترسی ئەو شەپۆلانە کردوووە بۆیە بە ئاسمانی ئەم دەڤەردا چی دی دیارنین و نافڕن.
وتی: ئەی چارە چییە؟ هەر دەبێت ئاوها هەر لە شوێنی خۆمان بچەقین یان بگرە خراپتر هەر بەرەو دواوە بگەڕێینەوە؟
وتم: ئەی نازانیت ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینیت بۆ ئەوەی پێی بڵێن شانازی بە کەلەپوورەوە دەکات هەر ئەو پەندی پێشینانە دووبارە دەکەنەوە کە دەڵێت: دەست بە کڵاوەکەی خۆتەوە با نەیبات.
وتی: تا کەرامەتی شکاوی ئینسانییمان بۆ نەگەڕێتەوە ناتوانین لە خاڵی سفرەوە دەست پێبکەین و وەك مرۆڤ ژیان بکەین، وەك مرۆڤ بیر بکەینەوەو هەڵوێستمان هەبێت.
منیش لە داخدا وتم: کەواتە ئەم وتوێژەی من و تۆش بوو بە مەسەلەی هێلکەو مریشکەکە، ئایا هێلکە لە مریشکە یان مریشك لە هێلکەیە؟ بۆچی هەر دەبێت لەو بازنەیەدا بخولێینەوەو دەرگەیەك نەبێت بۆ ڕزگاربوون!
وتی: نا واش نییە بەڵام لە غیابی یەکگرتن و ئیرادەدا بە دوو ڕێگا رزگارمان دەبێت، یەکەم: بە مردنی ئەو جیلە ئاڵتوونییەی ناوی خۆیان ناوە شۆڕشگێڕ، دووەمیش یان هاتنەناوەوە و دەستێوەردانی هێزێکی بیانی (گەر بەزەییان پێماندا بێتەوە)و هەوڵی رزگاردنی میللەتی کورد بدەن لە چنگی ئەم چەقەڵانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست