کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کورد لە جەنگی جیهانی سێهەمدا

Wednesday, 13/06/2018, 18:48


{فلادیمێر پۆتین} هەر ڕێویە فێڵبازەکەی روسیا نییە ڕێژەی %٩٩ی دەنگەکانی پۆستی سەرۆکایەتی روسیا دەستدەخات، بەڵکو ئەو لەسەر گۆڕەپانی سیاسەتی جیهاندا کاراترین کەس و لایەنە و هەوڵی بۆ بە چەقکردنەوەی رۆڵی روسیایە لە جیهاندا بۆ جارێکی تر، بە ئاشکراو بە نهێنی دژی بەرژەوەندیەکانی بلۆکی رۆژئاوا کار دەکات وسڵ لە هیچ سزاو عورفێك ناکاتەوە، ئەوەی سەرنجی سیاسەتەکانی پۆتینی دابێت دەبینێت بەوە دەناسرێتەوە کە هیچ یاسا و عادەتێکی سیاسیی جیهانی پەیڕەوناکات و لەگەڵ ئەمەشدا دادەنرێت بە فێڵبازترین و ساختەکارترین جوڵێنەری سیاسەت لە جیهاندا. ئەم رۆڵەشی لە خەستکردنەوەی قەیرانی ٧ ساڵ و نیوەی سوریا زۆر بەرچاوە.
کەس بڕوای وانییە بەشار ئەسەد هێند زیرەك بێت ٢ هەزار زیندانیی توندڕەو بێ مەرج لە ٢٠١٤دا ئازاد بکات و (داعش) دروست بکەن، بە هەماهەنگ لەگەڵ (مالیکی) دا کە ئەویش هەزار زیندانیی توندڕەو ئازاد بکات بە بیانوی شکاندنی زیندانی ئەبوغرێبەوە، مەگەر نەخشەی پۆتین نەبێت و فەرمانێکی زۆر نهێنی و تایبەت نەبووبێت لەلایەن پۆتین) و دەزگای سیخوڕیی روسیاوە، هەروئاوهاش دەرچوو... ئیتر دوای دروستبوونی داعش هیچ دەوڵەتێکی رۆژئاوا باسی روخانی رژێمی بەشار ئەسەدی نەکرد، هەروەها (پۆتین) داعشی وەك هەڕەشە و هۆکاری پەشێوی ناوماڵی وڵاتە رۆژئاواییەکانیش بەکارهێنا، لەلایەکی ترەوە راستەوخۆ لەناوجەرگەی رۆژئاوادا و لە (لەندەن)یش کارمەندێکی باڵای هەڵهاتووی (کەی جی بی)ی تیرۆر کردو نەسڵەمییەوە، جگە لە کوشتنی ١٩٩ سەرنشینی هۆڵەندی لە فڕۆکەکەی سەر ئۆکرانیا  کە خستیە خوارەوە، وەك لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بەوە کرد هەم رۆکێتەکەو هەم شوێنی تەقاندنەکەی ناو خاکی روسیا بووە.
گەیشتنە دۆخی ئاڵۆزی سوریا بەم بنبەستەو دابەشکردنی دنیا بۆ دوو تەوەر، وای کرد ٧ساڵ و نیو خوێنڕشتن نەوەستێت، رۆژ دوای رۆژیش دۆخەکە سەختتر دەبێت و هیچکام لە دەیان دانووستانەکان نەگەشەشتنە ئەنجام، ئەم دوو راستییەی پێشوو دەمانگەیەننە ئەو خاڵەی ئاوڕێك لە بیروڕای چاودێران بدەینەوەو بزانین بۆچی ئەوان پێشبینی شەڕی قورس دەکەن لە نێوان ئەو دوو جەمسەرەدا؟ واتا روسیا کە دوڵەتەکانی : سوریا، ئێران، چین، کۆریای باکوور، حیزبوڵلا لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ ئەمریکا کە وڵاتانی رۆژئاواو گەلی سوریاو وڵاتە عەرەبییەکان و هاوپەیمانەکانیان کۆ دەکاتەوە، لەم نێوەندەشدا ئیسرائیل خۆ دوورەپەرێز دەگرێت و راستەوخۆ بەشدار نابێت، ژێر بەژێر پەیوەندی بە هەردوو جەمسەرەوە دەبێت، بەڵام کۆتایی لەگەڵ هێزی براوەدا دەبێت کە سەربازگەی رۆژئاوایە.
جا ئێمەی کورد کە دەوڵەت نین و لە سنووری خاکەکەماندا ئەم شەڕە پشکێکی بەر دەکەوێت، با ئیتر بیر لەوەنەکەینەوە بۆچی مەسعود و جەلال ئەو هەموو خیانەتەیان بە نەتەوەی کورد کردو تا ئێستا دەوڵەتۆکەیەکیان بۆ کورد دانەمەزراندووە؟ ئەوان تائێستا بە هەموو جۆرێك دەستی خۆیان لێمان وەشاندوەو چییان ویستبێت بە میللەتی کوردیان کردووە ، لە دوژمن زیاتر زیانیان بە کوردستان و دۆزەکەی گەیاندووە، ئەم راستییە لای زۆربەمان روونە، بەڵام ئەوەی پرسیاری گرنگ و جەوهەرییە ئەوەیە کە بزانین چۆن مامەڵە لەو شەڕەدا دەکەین و چۆن بتوانین خاك و هاوڵاتی کورد لە ماڵوێرانکارییەکانی ئەو شەڕە بپارێزین، ئەمیش بە ڕای من لە نەبوون بە کلکی هیچ هێزێکی ناوچەیی و جیهانیدا دێتە دی، خۆ دوورگرتن لە بوون بە سوتەمەنی جەنگ، ئیتر کاتی ئەوەیە هەقی ئەو هەموو سادەیی و ساویلکەییەی خۆمان بکەینەوەو بە بیرێکی ئاقڵمەندانە بنۆڕینە بەرژەوەندی هەمووان نەك هەر هی کەسانێك و عەشیرەتێك  و حیزبێك، ئاگری شەڕ کە لە ناوچەکە هەڵی کرد بێ جیاوازی هەمووان دەسوتێنێت، ئەمە زەنگی مەترسی نییە بەڵکو حەقیقەتێکە هەموو ئاراستەکان بەرەو ئەو خاڵە دەچن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە