کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تورکیا، داگیرکردنی کوردستانی بۆ ناچێتە سەر!

Saturday, 09/06/2018, 13:43


قۆناغی دوای داعش،  وەرزی بەهاری سیاسی و سەربازیی بۆ تورکیا نەهێناوە. ئەنقەرە پێگە و ئەندازەی لە هاوکێشە سیاسیەکان، لای زلهێزەکان و نێو کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی، لەوەی هەیە بەهێزتر نیشانی میللەتی کوردی دەدا.
بێ گومان تورکیا بۆ میللەتێکی وەک کوردی وڵات داگیرکراو بەهێزە، بەڵام نابێت ئەو ڕاستییە لە یاد بکرێت کە بەشدارییبووانی هەنوکەی زۆرانبازێکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو هێزانەن کە سەد بەرابەر لە تورکیا بەهێزترن.  ئەزموونی ناکۆکیی سەربازیی نێوان ئەوان و تورکیا لە مێژوودا سەلماندویەتی کە زۆربەی کاتەکان تورکیا دۆڕاو بووە بەتایبەتی لە جەنگەکانی لەگەڵ ڕوسیا.

ئەم ساڵ، جوڵە و هێڕشە سەربازییەکانی تورکیا، بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان، زیادی کردوە و بەشێک لە ڕۆژئاوای وڵاتیشی داگیر کردوە. بە دڵنیاییەوە ئەمە بێ ڕەزامەندی ڕوسیا، ئەمریکا، ئەوروپا، ئیران سوریا و عیراق نییە. وێرای ئەوەش ئەم ڕاستییە، ئەوە ناگەیەنێت کە تا سەر بۆ تورکیا دەلوێت بە ئارەزووی خۆی سوپاکەی هەڵکوتێتە سەر نەتەوە، میللەتانی ناوچکە، سنووری وڵاتانی دراوسێ پێشێل بکات و لە کوێ ئارەزووی لێبوو بنکە دابمەزرێنێت و ئاڵای تورکیا هەڵکا!
ڕوسیا و ئەمریکا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خاوەن ئەجێندای تایبەتی خۆیانن کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ئابووریی، سەربازیی و سیاسیەکانیان دەکات، بۆ سەرخستنی ئەجێنداو بەرنامەکانیان، لەهەر قۆناغێکدا چاو لە هەندێک فاکتەر دەخشێنن ئەگەر بە دڵیشیان نەبێت. بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە، ئەگەر سەرنج بدەین، لە سەرەتای جەنگی سوریا ڕوسیا، ئەمریکا و ئەوروپا بۆ خزمەتی ئەجێندای سیاسیی و سەربازییان ڕێگەیان خۆش کرد بۆ  ئیران کە هێزی چەکداری فەرمیی و نافەرمیی لە عیراق، سوریا دروست بکات. سەرەڕای نیگەرانی ئیسرائیل لە بوونی هێزەکانی ئیران لە سوریا، کەچی ئەمریکا و ڕوسیا فشاریان خستە سەری بۆ ئەوەی ڕازی بێت و مەرجەکەشی قبوڵ نەکەن کە هەوڵیدەدا بیسەپێنێت ئەویش ئەوەبوو کە "حزبوڵا و سوپای ئیران" دەبێت (٨٠/٦٠) کم دوور بن لە بەرزاییەکانی "جولان" و ئەو دووڕیانەی کە شاری "دیمەشق" و "ئەلسویدە" دەبەستێتەوە بە یەک، بەڵام "روسیا" رێگری کرد لەو داوایەی ئیسرائیل و  تەنها رەزامەند بوو لەسەر دووری  (٥)کم ئەو هیزانە لە سنووری ئیسرائیل. لە ئەنجامدا، شەش ساڵە ئیران گەشە کردنێکی بێ هاوتایی بەخۆیەوە بینی و وەک تورکیای ئەمڕۆ بوغرابوو. دەسەڵاتەکانی لە سوریا و عیراق خستە بواری جێبەجێ کردن و هەوڵی دروست کردنی هیلالی شیعی دا، بە تایبەتیش دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی چەکی ناوەکی لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام ئەمڕۆ ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە کشاوەتەوە، وڵاتانی ئەوروپا و ئیسرائیلیشی دژ بە ئیران هانداوە و تێکرا لەگەل ئەسەد و ڕوسیاش، هەنوکە  داوا دەکەن کە ئیران دەبێت هێزەکانی لە سوریا و عیراق بکشێنێتەوە و پەنجە بۆ ئەوەش درێژ دەکەن کە ڕژێمی ئیران ئاسایشی ناوچەکە و دنیای خستۆتە مەترسی و دەبێت لاچێت.

لەم قۆناغەدا، ئەجێندای زلهێزەکان لێدانی ئیران و تێکدانی پلانی هیلالی شیعەیە، کە لە ئەنجامدا بۆشایەک لە پشت ئەوەوە دروست بووە، کە جێگە گرنگی پێدانی زلهێزەکان نییە بەهۆی ئەوەی جێگە  مەترسی نییە لەسەر بەرژەوەندییەکانیان بە تایبەتی میللەتی کورد. لە ئەنجامدا تورکیا لە سەرقاڵبوونی زلهێزەکان سوودمەند بووە و ئیران ئاسا بەشێکی زۆری  کوردستانی داگیر کردوە!

ڕوونە کە ناوچەکە هێشتا دەکوڵێت، کێشەکان بە لایەکدا نەکەوتوون، نەخشە و دیدی زلهێزەکان دیار نییە، وێرای ئەوەش ئاشکرایە کە قۆناغی دوای لێدانی ئیران، ئەجێندایەکی دیکەی ئەو زلهێزانە دەێنێتە پێشی و دەخرێتە بواری کارپێکردن، کە کارێگەریی سەڕەکیی دەبێت لە پەیوەندیی و هاوپەیمانیەتیی بەستنی نێوان هێزەکان و گۆڕانی فۆکەیسیان لەسەر خاڵێکی دیکە کە بێ گومان ئەوە دەبێت، نەهێڵن هیچ وڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بێت لە خۆیان بەهێزتر بێت. بە دڵنیاییەوە ڕوسیا و ئەمریکا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کار بۆ ئەوە ناکەن تورکیا و ئەردوغان بەهێز بکەن، سنووری دەسەڵاتەکانی پانتاو بکەن، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندوو بکەنەوە و جەندرمەی تورکی بە کەیفی خۆی تەراتێن بکات لەسەر سنووری وڵاتەکانی ناوچەکە و کوردستان. لەدەرئەنجامدا پێشبینی ئەوە دەکرێت کە مەسەلەکە تەنیا کات بێت، لە داهاتوودا تورکیا و ئەردوغان هەمان چارەنووسی ئەمڕۆی دەسەڵاتدارانی ئیرانیان هەبێت.  


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە