کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بزن و ترامپ

Friday, 01/06/2018, 20:20


لە میژووی دوایین پەنجا صاڵەكانی ئەمەریكادا 1970 ـ 2018 و بەتایبەتیش سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكە لە خۆرهەڵاتی ناوەند و باكوری ئەفەریقادا، سەرۆكی هەر وڵاتیك لە سنوری بەرنامەی ستراتیژیی ئەمەریكا (پیدزكە)ی كردبیت یا لە سنورەكە دەرچووبیت و مەترسییەكى بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی خۆیی و هاوپەیمانەكانی و بەتایبەتیش ئیسرائیل پێوە دیاربێت، ناوی دەچێتە لیستی رەشەوە هەتا نۆرەی سزادانی دێت.ئەوە نهێنی نییە كە ئەمەریكا و ئیسرائیل لە سەرۆكی هیچ وڵاتێك قبوڵ ناكەن و زوو یا درەنگ دەكەوێتە بەر غەزەب و ناهێڵن بێئارەق دەرچێت.گەورەترین نمونە هەڵكەوتنی گۆرباتشۆڤ بوو لە پڕێكدا و كش مەلیك لە سەرۆك و سەركردایەتییەكەی كرملین و ورچە قرخنەكان دەكات و ئەو یەكێتی سۆڤـیتە هەڵدەوەشێنێت كە یەكێك بۆ لە دوو جەمسەرەكەی راگرتنی سیاسەتی نێودەوڵەتیی ئەم سەر زەمینە و بۆشایی ئاسمانیش. یەكێتی سۆڤیت، ئەو دەوڵەتە هەرە زلهێزەی هاوشان و مڵۆزمی بێ ركابەری ئەمەریكا وەك بەفری بەرخۆرەتاو توایەوە و كەوتە سەر ساجی عەلی، ئەفسەر و ژەنەراڵەكانی سوپای سور، بە دووچاوی خۆم بینیمن لەسەر شۆستەی شەقامەكانی مۆسكۆ كزو ملكەچ پێداویستییە سەربازییەكانیان دەفرۆشت.هەركەسێك بە جانتایەك دۆلارەوە بگەیشتایەتە ئۆكرانیا دەیتوانی جۆرەها چەكی قورس و مۆدێرن و پێداویستیی سەربازیی بكڕێت!
شای ئێران لە كۆتایی صاڵانی حەفتاكانی سەدەی رابوردودا هێندە لەخۆی بایی بوو، بە ئەمەریكا دەڵێت (من چەند پێویستم بە ئێوەیە، ئێوە پتر پێویستتان بە منە) ئەوەبوو بەدەردێكیان برد، شای مەغریب محەمەدی پێنجەم كە پێشترئامادەبوو لیوایەك سەرباز بنێرێتە ئێران بۆ هاوكاریكردن و پشتیوانیی تاج و تەختەكەی حەمە رەزا شای ئێران لە رۆی خۆپیشاندەراندا، كاتێك حەمەرەزاشا بەناوی سەردانێك بۆ چەند وڵاتێكەوە رایكرد بوو بۆ مەغریب، دوای چەند رۆژێك میوانداریی (مەرەخەس) كرا، كە ناتوانێت چیتر بمێنێتەوە و پێویستە ئۆغر بفەرمون. شاژن فەرەح پەهلەوی لە یوئین دەپاڕایەوە (لیزە پاصێك)یان بدەنی لە مەغریبەوە بچنە وڵاتێكی دیكە..!
صەدام حسین عەوداڵی پەیداكردنی چەكی ئەتۆم بوو، لە چاوتروكاندنێكدا بنكە ئەتۆمییەكەیان سەروبن كرد و ریسەكەیان كردەوە بە خوری و صاڵانێك بە بیانوی پشكنینی بنكە ئەتۆمییەكان گێچەڵیان پێدەكرد، دڵنیاش بوون لەوەی ناتوانێت قوناغە سەرەتاییەكانی بەدەستهێنانی ئەو چەكە تێپەڕێنێت، بەڵام صەدام بانگەشەی پەلاماردانی ئیسرائیلی دەكرد و فەلەستینییەكان و گەلانی دیكەی عەرەبی دەجوڵان و تیژی دەكردن لە دژی ئەمەریكا و جولەكە و هاوپەیمانەكانیان بەتایبەتیش دژی سعودییە وكویت، ئەوەبوو هەتا بەردەم پەتی سێدارەكە بردیان..
یاسر عەرەفات سەرۆكی رێكخراوی فەتح و پێشەوای فەلەستینییەكان سەودا و مامەلەی لە سەر گەل و وڵاتەكەی نەدەكرد. كلینتۆن كە یەكەم رۆژ دەچێتە نووسینگەی تایبەتی سەرۆك لە كۆشكی سپی، پەڕەیەك كاغەزی سپی لەسەر مێزەكە دەبینێت، سەرۆكی پێشو جۆرج بۆش تەنها ئەوەندەی لەسەر نووسیبو: (بەهێچ جۆرێك باوەڕ بە یاسرعەرەفات مەكە.) ئەوەبوو دەرمانخوارد كرا.
ئینجا شانۆگەری بەهاری عەرەب یان سازكرد بۆ 3 سێ سەركردەی باكوری ئەفەریقا، زەینەدین كوڕی
عەلی، حوسنی موبارەك و شەهید موعەمەر قەزافی . سەركۆماری میصرحوسنی موبارەك هەمیشە لە ترسی ئەمەریكا و ئیسرائیل سەری لوتی زەرد بوو، بەڵام چونكە رێگریی لە فەلەستینییەكانی كەرتی غەززە نەدەكرد لە بیابانی سیناوە تونێلی نهێنییان هەڵكدەكەند بۆ ناو ئیسرائیل و ماوەی 25 صاڵیش بوو دەسەڵاتی قۆرخ كردبوو، دەیویست دوای خۆیشی جەمال ی كوڕی جێگەی بگرێتەوە وسیستیمەكە كوڕا و كوڕ لە نێو خێزانەكەیدا بمێنێتەوە، راپەڕینی ئیخوانەكانیان بۆ سازكرد، بەنەخۆشیی و لە كونی زیندانەوە لە سەر قەرەوێڵەیەك دەیانهینایە بەردەم دادگا. 
زەینەدین كوڕی عەلی دەیویست هاوپەیمانییەك لە وڵاتانی ئەفەریقا دامەزرێنێت، روو لە روسیا و پشت لە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی، لەبەهاری عەرەبدا شاربەدەركرا.
شەهید موعەمەر قەزافی بوو بە قوربانیی رووداوە كارەساتبارەكەی تەقینەوەی فڕۆكەیەكی بەریتانیا لە ئاسمانی لۆكەربی كە بووە هۆی شەهیدبونی پتر لە 350 سێصەد و پەنجا مرۆڤی بێتاوان.
سەرۆكی فەنزویلا هۆگۆ چافیز ملی لە چەقۆ دەسو، بەئاشكرا دژایەتیی ئەمەریكا و كۆمپانیا مۆنۆپۆڵەكانی نەوتی دەكرد كە خێر و بێری وڵاتان بەتاڵان دەبەن، دەرمانخواردیان كرد.
تۆ تەماشاكە ئەوەی بەناڕەوا ناونرا بەهاری عەرەب كە لە راستیدا خەزانی عەرەب و ناوچەكەش بوو، بەسەر وڵاتی مەغریب و شا محەمەدی شەشەم دا باز دەدات، هەروەك هەرهەموو پلانەكانی دەستگا هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا (سیا) كوبا و رژێمەكەی فیدڵ كاسترۆی هەڵاویرد. لە ئەم نمونانەدا دیمەنێك دەبینم وەك ئەوەی باڵندەیەكی سەرەڕۆ خۆبكێشێت بە ماشینێكی تیژڕەودا، یا بە هەمووهێزت گونكێك هەویر بدەیت بەقەدی دیوارێكدا، چۆن پان دەبێتەوە و دەكەوێتە سەر زەوی.
كرۆكی باسەكە دیكتاتۆرێكی سەرشێتە، هەر وەك قارچكەمارانە لە سەدەی 21دا پەیدابووە وگەرەكێتی ناوچەكە بگێڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگیزخان، هۆلاكۆ، تەیموری لەنگ و باپیرە دڕندە وخوێنخۆرەكانی هەزار صاڵ لەمەوبەریان، وەك چۆن ئیستاش مێشكی منداڵان و لاوانی تورك ئاودەدەن بە گیانی دوژمنكاریی و داگیركردنی وڵاتان و چەوساندنەوە و زەبونكردنی گەلان
(جەنگیز خانك بایراغی ئانلی شانلی صانلاندی)
ئاڵاكانی جەنگیزخان بە شنەبای سەركەوتن و نەمریی دەشەكێنەوە
نكولی لەوە ناكرێت لە ئەم ساڵانەی دواییدا ئابوریی توركیا بوژایەوە و ئاستی گەشەكردن بەڕێژەی 7% بەرزبوەوە و نرخی لیرەش جێگیربوو، بەڵام كەللەپوتیی و لوتبەرزیی ئەردۆگان، پیشاندانی چەند هەڵوێستێكی فشەكارانە بەرامبەر ئیسرائیل و دەست خستنە كاروباری ناوخۆی سوریا و هەرێمی كوردستانەوە و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە توركیا بە تورك و كورد وعەرەبەوە، زیندانكردنی هەزاران هاوڵاتی بە تۆمەتی ئەندامبون لە رێكخراوی نایاساییدا، پیادەكردنی یاسای(قەرەقوش)یی لە زۆربەی ناوچەكانی باكوری كوردستان و راپێچكردنی پەرلەمانتارانی كورد بۆبەردەم دادگا و گوێنەدان بە پارێزبەندیی پەرلەمانتاران... سەرەڕای ئەمانەش كابرا هەر تەواو شوڵی لێهەڵكێشا و پەلاماری وڵاتێكی خاوەن سەروەریی وەك سوریا دەدات و زۆر بڵح، راشكاوانە و بەپێچەوانەی دابونەرێتی دیپلۆماتكارانەشەوە لە میدیاكانەوە هەڕەشە لە ئەمەریكا دەكات و سوكایەتیی دەكات بە ترەمپ، ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا و دەڵێت: (هێشتا شەپازلەی توركیاتان بەرنەكەوتووە)، (توركیا ئامادەی هەموو رووبەڕوبونەوەیەكە لە گەڵ ئەمەریكادا) پەندە كوردییەكە دەڵێت: (خوا غەزەب لە بزن بگرێت، نانی شوان دەخوات) دە ئەوەتا بزنەكەی توركیا نانی شوانەكەی خوارد و نەیدەزانی گۆچانی شوان چۆن شۆقی دەشكێنێت. ئەمەریكا وهاوپەیمانەكانی: بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵەمانیا، شانشینی سعودییە وكویت پلانێك جێبەجێدەكەن، بەپێی پلانەكە سعودییە لە هێرشێكی ئابوریی كتوپڕ و لە ماوەی دوو رۆژدا هەرهەموو دۆلارەكانی نێو بازاڕ و بانكەكانی توركیای كڕی، نرخی لیرەی توركی یەكسەر20% دابەزی و كوڕە ئازاكەی توركیا باڕەی لێهەستا و پەنا دەباتە بەر هاوڵاتیان (دۆلار و ئۆیرۆ ی ژێرسەرینەكانتان دەربهێنن و لیرە بكڕن). ئیستا ئەردۆگان بەخۆیدا شكاوەتەوە و (كاریگەریی شەپازڵەكەی ئەمەریكا بەدەستی سعودییە تاساندویەتی و وەك بزنەكە وێنای دەكەم كە نانی شوانەكەی خوارد، یا كەسێك بە هەموو هێزی گونكێك هەویر بدات بە دیوارێكدا، چۆن پان دەبێتەوە و دەكەوێتە خوارەوە.كورد دەڵێت(هەموشتێك لە بارێكیدا دەپچڕێت، تەنها زوڵم و زۆرداری لە ئەستوریدا دەپسێت)، (هەمو زاڵمێك زەواڵێكی بۆ پەیدادەبێت)، قۆناغەكانی دیكەی بەرنامەكەش بەڕێوەیە و دواڕۆژى ئەردۆگان و رژێمە تاوانكارەكەشی نزیكە.
 ******

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە