جیاوازی نێوان ئێمەو ئەوان
Thursday, 31/05/2018, 18:58
دوور لە تێڕوانینی عاتیفی رووکەشانە و نەزعەی نەتەوایەتی با سەیری جیاوازیی نێوان ئەو دوو وێنە زەقەی ناو ئەم گوتارە بکەین، لە یەکێکیاندا دەبینین زانایەکی کورد سەری سەرکردەیەکی سیاسی کورد ماچ دەکات، بەڵام لەوی تریاندا سەرکردەیەکی وڵاتێك سەری زانایەك ماچ دەکات.
لێرەوە دەتوانین چەند خاڵێك فام بکەینەوە:-
١- هەر میللەتێك کەسە بەناوبانگ و زاناکانی گیرۆدە و زەلیلی سیاسییەکان بن ئەوا ئەو میللەتە پاشەڕۆژی باش نابێت، لەو رووەوەی سیاسییە فێڵبازەکان هەموو شتێك مۆنۆپۆل دەکەن، بە ویژدانی زاناکانیشەوە! جا چ ئەو سەرکردەیە دەستی سوور بووبێت بە خوێنی کوردکوژیی و خیانەت، یان هۆکاربووبێت بۆ ئەوەی ئاستی زانکۆکاکانی وڵاتەکەی لە رووی بواری زانستی وستاندارەوە گەیاندبێتە پلەی ٣٤ لەسەر ئاستی جیهاندا.
٢- زانست و زانین بە هەر جۆرێکیەوە بێت، نابێت زەلیلی حوکمڕانی و دەسەڵات بکرێت.
٣- زۆر دەگمەنە دەسەڵات سەری نەوی بکات بۆ زاناکان، هەر سەرکردەیەکیش ئاوها بکات ئەوا پێی بڵند دەبێت، چونکە هانی خەڵك دەدات بخوێنن و روو لە فێربوون و رێزگرتنی بکەن. لە لایەکی تریشەوە لوتبەرزیی دەسەڵاتدارەکان کەم دەکاتەوە.
٤- ئێمە هێند سادە و بێ بوونی زانین دەڕوانینە وڵاتەکانی دەوروبەرمان و جیهانیش، هەموویان بە یەك چاو دەپێوین و سەیر دەکەین، بۆ وێنە کە دەڵێین ئەوروپا وا دەزانین هەموویان ئەڵمانیان و خاوەنی ئابووری پێشکەوتوون و دادپەروەرییان تێدا هەیە، یان بۆ وێنە ئەگەر وتمان وڵاتانی عەرەبی، وا دەزانین هەموویان سعودیەن و سوکایەتی بە مافەکانی مرۆڤ دەکەن و بەکرێگیراون، بەڵام لەناو ئەوانیشدا تێڕوانینی جیاواز هەیە، بۆ نموونە بەهۆی کەناڵی جزیرە و پێشکەوتنی ئازادیەکانەوە ماوەی ساڵێكە ٤ دەوڵەتی عەرەبی گەمارۆیان بەسەر دۆحەدا سەپاندووە، وەك چۆن رژێمی سەدام گەمارۆی بەسەر کوردا سەپاند بوو کە هەر هاوڵاتیانی عێراقیش بوون، لەولاشەوە (یو ئێن)یش گەمارۆی بەسەر عێراقدا سەپاندبوو.
یان تونس و مۆریتانیا ئەو دەوڵەتە بچوکانەن بە رووی جیهاندا بەرەو کرانەوە دەچن و لە شوێنە بەناوبانگەکانی جیهانیش دادەنرێن بۆ گەشتیاران و تێکەڵاوبوونی کولتورەکان.
٥- لەو وێنەیەوە دەفامینەوە کە ئێمەی کورد تەنانەت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستیشدا چەند لە دواوەین و هەمیشە بێ چاوساغین و ئەوانەش کە خۆیان بە چاوساغ دەزانن شایستەی ئەو شوێنانە نین، بۆیە حاڵمان بەوپەڕی چەقبەستوویی و تەشەنەکردنی ستەمکاریی گەشتووە.
٦- ئێمەی کورد بە داخەوە خاوەنی سایکۆلۆجییەتێکی شکستخواردووین، نە سیکۆلارمان سیکۆلارەو نە ئاینیمان ئاینییەو نە نەتەوەییمان نەتەوەیی و نە بێلایەنمان بێلایەن، لە خاڵێکدا هەمووان هاوبەشن کە جورئەتی جێبەجێکردنی حەقیقەتمان نییە، بەڵی رەنگە رەخنەگرتنی تیۆریی بوونی هەبێت بەس لە مەیدانی جێبەجێکردندا لەگەڵ خۆماندا راست ناکەین، هەڵبەت ئەمە باس لە زۆرینەی زۆرە..
تێبینی: بیرۆکەی ئەم گوتارە، هەواڵێک بوو لە بەشی نوکتەی ماڵپەڕی هێژا (کوردستان پۆست) بوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست