کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سیاسیه‌کانی کورد له‌ نێوان چایخانه‌ و فیلمێکدا

Saturday, 26/05/2018, 21:37


ئێمه‌ له‌ دراما و فیلمه‌کاندا، یه‌که‌م شت دڵمان بۆی بچێت یان چاوه‌ڕێی بکه‌ین ئه‌وه‌یه‌ که‌ کێ پاڵه‌وانه‌ یان کێ ڕۆڵی سه‌ره‌کی پێدراوه‌، جا ئه‌و که‌سانه‌ ڕۆڵی پاشا و ژه‌نراڵێکیان پێبدرێت یان ئاشقێک و هتد. بۆیه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌، به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌و که‌سانه‌ ده‌که‌ین. به‌ڵام له‌ هه‌رێمێکی وه‌ک باشووری کوردستاندا، ئه‌گه‌ر به‌ فیلمێک وێنای بکه‌ین، ئه‌وا له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌کیه‌وه‌ پڕه‌ له‌ پاڵه‌وان و ڕۆڵگێری سه‌ره‌کی، که‌سی ئه‌ویتر به‌ ژماره‌ دانانێت، که‌سی گوێ له‌ ئه‌ویتر ناگرێت که‌ ئه‌مه‌ویش وای کردووه‌ له‌ هه‌ر دۆخێکدا، ڕووداوێک هاتبێته‌ پێشه‌وه‌ و سودی بۆ کورد هه‌بووبێت، ئه‌و په‌رته‌واززه‌ییه‌ به‌ زیان بۆ کورد بشکێته‌وه‌.  
ئێستا هه‌موومان ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌ر تیڤیه‌کی کوردی بکه‌ین، له‌سه‌ر یه‌ک بابه‌ت له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی باشووری کوردستان، هه‌موویی، خۆی به‌ پاڵه‌وانی سه‌ره‌کی هه‌رێم ده‌ر ده‌خات.‌ 
ڕێگای به‌غداد، وێنه‌یه‌کی ڕوونه‌ که‌ ده‌چن، له‌ بری ئه‌وه‌ی به‌ یه‌که‌وه‌ بچن: پۆل پۆل که‌وتوونه‌ ڕێی و هه‌ر یه‌که‌و له‌وێ، خۆی به‌ ڕۆڵگێڕی سه‌ره‌کی هه‌رێمی باشوور وێنا ده‌کات و هه‌ر یه‌که‌و لای خۆیه‌وه‌ پۆپۆلیستانه‌ خۆی به‌ نوێنه‌ر و پاڵه‌وانی خه‌ڵکی ده‌ر ده‌خات.
نه‌ بوونی ستراتیژ و بوونی کۆمه‌ڵێک که‌سی ئاست نزم له‌ ده‌سه‌ڵاتی باشووریی کوردستاندا، وای کردووه‌، به‌رده‌وام خه‌ڵک و خاکه‌که‌ی له‌ بازنه‌ی قه‌یراندا بخولێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر بۆ پارله‌مانی به‌غداد، سیاسیه‌کانی کورد پێش وه‌خت کارییان له‌سه‌ر بکردایه‌ و به‌رده‌وام داهاتوویان پشت گوێ نه‌خستایه‌، ئه‌وا ئه‌مڕۆ به‌و ڕێژه‌ کورسیه‌وه‌، پێکه‌وه‌ زۆرینه‌ ده‌بوون و داوایان لێده‌کرا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ براوه‌کانیتردا، کار بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت بکه‌ن، واتا ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌یه‌، پێچه‌وانه‌ ده‌بوویه‌وه‌، له‌ بری ئه‌وه‌ی، هه‌ر ڕۆژه‌ و شانی به‌ر پرسێکی ئێراقی ماچ بکه‌ن، ڕه‌وشه‌که‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بوویه‌وه‌ و وای ده‌کرد، هه‌موو سیاسیه‌کانی ئێراق ڕوو له‌ هه‌رێم بکه‌ن و ئه‌وان شانی به‌ر پرسانی کورد ماچ بکه‌ن.
هیچ ڕێگه‌یه‌ک نه‌ماوه‌، له‌ ڕابردودا، به‌ به‌ر پرسانی کورد نه‌ گوترێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک و خاکی کوردستان، به‌ڵام به‌رده‌وام پشت گوێیان خستوون. هه‌ر نا له‌ ئێستادا، ده‌تووانن لای ئێواران سه‌یری فیلم و دراماکان بکه‌ن با فێربن که‌ له‌ یه‌ک فیلم یان درامایه‌کدا، ئه‌گه‌ر هه‌مووی ڕۆڵی سه‌ره‌کی بگێڕیت، ئه‌وا ئه‌وه‌ نه‌ فیلم و نه‌ درامای پێده‌گوترێت و وه‌ک ده‌نگه‌ ده‌نگی چایخانه‌یه‌کی لێدێت که‌ هه‌ر یه‌که‌و لای خۆیه‌وه‌ چیرۆکێکی پێیه‌ بۆ باس کردن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە