کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆشت قابیل بە بازە

Thursday, 24/05/2018, 17:15


پێش ساڵی 2013 , لە چەند  روداوی جیاجیادا, چ لە پرۆسەی هەڵبژاردن یاخود هاتنە سەر شەقام, بینیمان خەڵك چەندە بە حەماسەوە ویستیان لە گەڵ  كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی  هەبوو لە كوردستان, لەو كاتانە  نە قەیرانی  دارایی هەبوو, نە سیاسەتی تەقەشوفی ئابووری سەپا بوو, كارێزما سیاسیەكانی رابردوو وا بەتاڵ كرابونەوە, نوزە بایەك  دەیانی برد بە ئاسمانا, پێویستی بە گێژەڵۆكی بەهێز هەر ناكرد,  بەشێكی باش لە خەڵك لە خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2011 پشكدارییان كرد, خەڵك خوازیاری كەرامەت و كۆتایی بە گەندەڵی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی  هەبوو,  هەرچەندە لە مانگەكانی یەكەمی دەسەڵاتی بەرەی كوردستانییەوە  خەڵك دژ بە گەندەڵی هاتنە سەر شەقام  ئەوكاتانەش ئەگەر هێزێكی كاریگەری پەیگیری جدی  لە تێكۆشەرانی سەرسەختی باوەڕ بە خەباتی جەماوەری لە شەقامەوە  هەبوایا, ئەوا پایەی دەسەڵاتی كوردی زۆر زۆر لاواز تر بوو لە تونس  و میسر, كورسییەكانیان با دەیبرد بە حەوت تەبەقەی ئاسمانا, وەلێ بایەكە هەر نەبوو, 27 ساڵە ئەو شەماڵە هەر هەڵی نەكرد, قسەی زۆركرا, كۆنە گەندەڵ و سەركوتكەر و هەڵاتوان لە یاساو دادگا نمایشی جۆراوجۆریان كرد, وەلێ هیمەتی راستەقینە كە پێویستی بە كارێزما و پارتی سیاسی بوو بۆ روخاندنی ئەو دوو دیوارە لەرزۆكە هەر نەبوو, هەر نەهات, چاوەڕوانییەكان ئەوەندە درێژ خایەن بوون گۆدۆش تەحەمولی ناكات.
لە ساڵی 2014 ەوە  ئافات لە دوای ئافات روی لەم گەلە كرد, قەیرانی ئابووری و سیاسی و سەربازی نۆش كرد, روبعە موچە بە وەرز دوا كەوت و خەڵك نانی وشكی لێ بڕا, ئاو كارەبای لێ حەرامكرا, گیرفانەكان بەتاڵ بوون, قەیرانە سیاسیەكان و ئابڕوچونەكان تژی بوون وەلێ ئومێدەكان وشكیان  كرد, ئاسۆكان لێڵ بون, خۆپیشاندانەكان بە پانتایی شەقامەكان  رێیان دەكرد, وەلێ كەس ویستی سەندنەوەی دەسەڵاتی نەبوو, لینینێكی سەر روتاوە نەبوو بڵێت بەڵێ ئامادەی بەدەستەوگرتنی دەسەڵاتمان هەیە, دەسەڵات نەك بە قەیرانەكان نە لەرزی بگرە لە گەڵ  هەر قەیرانێكدا  پایەی خۆی مەحكەم و  بەهێز كرد و بەرگری زیادیكرد, هێزی لە  قەیرانەكانەوە وەرگرت, خەڵك پێویستیان بە سیاسییەك هەبوو وەك لینین, بە حیزبێك بوو وەك بەلشەفیك, بڵێ ئێرە كۆتاییە هەر لێرە سەما و ئەركی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی بگرتایەتە ئەستۆ, حیزب نەبوو, سەركردە نەبوو, لە بری ئەوەی لە كاتی قەیرانەكان مشكی ناو پاپۆڕەكان لە حیزبی دەسەڵاتەوە بەرەو ناو گەل هەڵ  بێن وەك ئەرمینیا, مشكە هەلپەرستەكان لەناو گەلەوە بەرەو ناو پاپۆڕەكان بە كۆمەڵ  رایان دەكرد, بۆیە دەسەڵاتی كوردی بەرگەی هەموو ئەنتی بایۆتیكە سیاسییەكانی  گرتوو بەرگری كەموێنەی  پەیدا كرد, تا گەیشتە 12ی ئایار, 12ی ئایار درێژەی هەڵبژاردنی  17ی ئایاری 1992 بوو كە تیایدە دوو حیزبی دەسەڵاتدار  كودەتایان بەسەر پارتەكانی دەرەوەی خۆیاناد كرد بە جوت حیزبی17 ساڵ مانەوە لە لوتكەی بِڕیار ودەسەڵاتدا, حیزبەكانی دەرەوەی خۆیان بچووك كردەوە, مانەوەیانیان خستە گومانەوە, ئێستا كودەتای دووەمیان لە 12ی ئایار ئەنجامدایەوە بە پشتیوانی شەرعیەتی نێو دەوڵەتی, كاردانەوەی 6 پارتە ناڕازییەكە  رێك كاردانەوەیەكی نەرم  وەك ناو نرا 6 پەپولەكە وابوو,  ئێتر لە خەون بینین بە كورسی و دەنگەكانی رابردوەوە  وردە وردە بۆ  چرای رابردوو دەوسوتێن,كاردانەوەی دەست بەجێیان نەبوو, لە گردبونەوەیەكی بچوكی 2 كاتژمێری زیاتر دوای چەند رۆژ  بە دەم گریان بۆ دەنگە سوتاوەكانیانەوە كۆتاییان هێنا بە ناڕەزایەتییەكانیان, تەنانەت كاردانەوەكان ئەوەندە لاواز بوون هەڕەشەكەرانی شەوی 12ی ئایار پەشیمان بوونەوە لە گەڤەكانیان, هەڕەشەكانی بایكۆتیشیان پێ ناچێت جدی و  تا سەر نابێت و تەسلیم بە پرۆسەكە  دەبنەوە وەك چۆن شیوعی و سۆسیالست  و ئیسلامییەكان بە وەرگرتنی سەرو وەزیرێكی بێ وەزارەت لە ساڵی 1992 گۆڕی خۆیان بەدەستی خۆیان هەڵكەند, لەناو بیرەكە خنكان.
كاردانەوەی پارتە ناڕازییەكان نەك ئەنجامی نەبوو, بگرە بووە هێزێك  بەدەست دەسەڵاتدارانەوە تا بۆماوەیەك دەسەڵاتی خۆیان درێژ تر بكەنەوە, كە لە لایەن گەلەوە هیچ متمانەیەكی پێیان نەماوە, ئەوەی رایگرتووە, هێزێكە لەسەر كورسی بییان هێنێتە خوارەوە, بڵێ ئامادەم بۆ وەرگرتنی دەسەڵات, ئیتر گرنگ نییە سەری روتاوە دەبێت وەك لینین, یان ریشدار دەبێت وەك جیفارا, یان سمێڵ تاشراو دەبێت وەك مائو, گرنگ ئەوەیە گەل متمانەی بە حوكمڕانانی كوردستان نەماوەو دەیەوێت كۆتایی بەدەسەڵاتی بنەماڵەیی بهێنرێت, نەك شەریكە بنەماڵەی بچوكی دی بۆ زیادبكرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە