کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەکێتی و جێ پێ هەڵگرتنێکی کوێرانە بۆ مانەوە

Tuesday, 22/05/2018, 23:25


لەمێژە پارتی و لە سەرەوەى هەڕەمەکەش ماڵی بارزانی خۆیان بۆ ئەوە یەکلا کردووەتەوە کە پارتى بوون شتێکە لە دەرەوەى ئەوان نە پەیڕەو و پرۆگرام و نە دنیابینی هەرکەس و سەرکردەیەکی حیزبەکە هیچ قیمەتێک ناکات.
بەڵام لەدوای 2003 وە جەلال تاڵەبانی لەوە تێگەیشت کە تا لە ئاستی دەرەوە بایەخی زیاتری پێ بدرێت (ئەمە لە روانگەى ئەوەى کە ماڵی بارزانی لەپێناو ئەوەى جێى بایەخی دەرەوە و ئەمریکا بوون، کە کوڕەکان دواى باوکیان پابەندی هەر رێکەوتنێکی پێش خۆیانن) بۆیە دەستى لەوە نەپاراست کە حزبە مۆدێرنەکەى تووشی پەتاى خێڵەکیەت بکات و لە کاردانەوەکانى ئەو هەنگاوەش، یەکەم کەس نەوشیروان مستەفا بوو کە بەرگەى ئەو دێور کردنەوەیەى نەگرت، بەڵام لە زووەوە مەلا بەختیار لە بۆتەى دۆخێکی خێزانی وادا بوو، بۆیە کاتی یەکەم نەخۆشی تاڵەبانی و کۆبوونەوەى خانەوادەکەى لە ئوردن لە پاڵیدا، زۆرترین جار مەلا بەختیار خۆى دەردەخست، تا بە هەمووان بڵێت کە (ئال تاڵەبانییە) بە هۆى بوونی کچەکەى بە بوکى تاڵەبانی.
جگە لەوانەش یەکێتى بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت وەک پارتى دەتوانێت پەلبکوتێت، پێشتر لە سێبەردا دەزگاى زانیارى بکوژ و ببڕى یەکێتی بوو، بەڵام لە کوشتنی مەلا عەبدوڵاى قەسرێدا راستەوخۆ بافڵ خۆى لێ بەخاوەن کرد، وەک چۆن پاراستن دەزگا کاریگەرەکەى ماڵى بارزانى بووە، ئێستاش لاهور زیاتر پەرەى بە هەڵکشانى رۆڵى ئەو دەزگایە داوە و ئەوەى لە رێگەى سیاسەتەوە پێیان یەکلایی نەکرێتەوە بە هێزى ئەو دەزگایە هەوڵی یەکلایی کردنەوەى دەدەن، بە جۆرێک ترسی خەڵکی ناو یەکێتیش هیچى کەمتر نیە لەو ترسەى خەڵک بەگشتى لەو دەزگایەیان هەیە، کە لەم دواییانەدا بە سیناریۆگەلى لاوازتر لەوانەى پاراستن خەڵکیان رەشەکوژ دەکرد، لە زانا حەمەساڵحی قائیمقامەوە تا کوشتنى سەروەر قاینەجەیی پاسەوانى تاڵەبانى و شەوە شوم و پڕ شەبەحەکانى بى ئێم ە رەشەکە لە سلێمانى، کە هەڕەشە بوو بەسەر ژیانى هەموو خەڵکەوە. جگە لەوەش حاڵى حازر بەجۆرێک لە جۆرەکان زانیارى بووە بە فلتەرێک بۆ ئەندام و بەرپرسەکانی یەکێتى، کەسێک ئەوان لە بێژنگى نەدەن ناتوانێت هیچ قسەیەکى هەبێت، تەنانەت ئەگەر ئەندامى مەکتەبى سیاسیشیان بێت.
راستەوخۆ دواى ترازانى نەوشیروان مستەفا لە یەکێتى، کە لە 2009 دا یەکەم زەبرى جەرگبڕى لەو حزبە دا و جەماوەرەکەى بەلاى خۆیدا کێش کرد، وەک کاردانەوە هێرۆ ئیبراهیمی کرایە  بەرپرسی مەڵبەندی یەکى سلێمانى ، بەڵام ئەمانەش دادى یەکێتى نەدا، تا لەسەروەختی هەڵبژاردنى ئەنجومەنى  پارێزگاکاندا و بە بینینى ئەنجامە ترسناکەکەى، کە یەکێتى لە سلێمانى دەکردە میوان، شەوێک بە هێز هەڵیانکوتایە سەر ئەلبیسەکە و لە بەرژەوەندی خۆیان ئاڵوگۆڕى گەورەیان لە ئەنجامەکاندا کرد، ئەم کارەش پارتی تێپەڕاند کە پێشتر هەموو هێزە سیاسییەکان بە ساختەچى هەڵبژاردنیان دەزانى.
لە دوایین هەڵبژاردنیش لەم ساڵی 2018 یەدا، بینیمان کە ئیتر بەیەکجارى یەکێتى بووە ساختەچى هەرە گەورە و بردنەوەیەکى عەیبدارى تۆمار کرد بەسەر نەیارەکانیدا، کە ئێستا فۆکسى ساختەچێتى لەسەر پارتى بەو رادەیە نەماوە  کە یەکێتى پێ دەناسرێتەوە. بۆیە یەکێتى کوێرانە جێ پێى پارتی لە سیاسەت و حوکمڕانیدا دەگرێتەبەر، کە ئەمەش لە زۆنى خۆیدا بەرگەى مانەوەى زۆر ناگرێت، چونکە ئەو زۆنە رەشەکوژى و هەڕەشە دەستەمۆى ناکات، لەو روانگەیەشەوە چاوەڕێ دەکرێت، لە ئایندەیەکى زۆر دووردا نا، ئاشتى کۆمەڵایەتى لە سلێمانیدا بشێوێ (ئەمە بە روونى لە پەیامەکەى پارێزگارى شاردا دەرکەوت) کە ئەمەش مەترسی گەورەیە بەسەر ژیانی خەڵکەکەیەوە، کە بووەتە ناوچەى ململانێ سەختەکان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە