تەنها ساختەکاری دەنگدان گۆڕانی لە قاڵب نەداوە!
Monday, 21/05/2018, 23:05
کێشەی حیزبی کوردی لەوەدایە، کە هەموو جارێک بۆ داپۆشینی کەم و کورتیەکانی پەنا بۆ سینارێوێی جی جیا دەبات٫ بۆ ئەوەی شکستەکانی بشارێتەوە.
یەکێتی و پارتی لە بەرانبەر کۆمەڵگای کوردی شکستی گەورەیان خواردوە و ئەو دەنگانەی هێناویانە هی خۆیان نییە٫ بەڵکو دەزانن بەساختەکاری بە دەستیان هێناوە٫ ئەو ساختەکاریەش لە ڕێگای گرێدان بە ئەجیندای داگیرکەرانەوە بە دەستیان هێناوە کە نایانەوێت ئەم دوو هێزە بەکرێگیراوە بکەون. سەرانی شکستخواردوی یەکێتی و پارتی لە بری ئەوەی دان بە شکستی حوکمڕانی خۆیاندا بنێن و داوا لە هێزەکانی دیکە بکەن پێکەوە سیستەمی حوکمڕانی بەڕێوەبەرن٫ کە جێی ڕەزامەندی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بێت و خەڵک ئەم نیشتمانە بە هی خۆی بزانێت٫ کەچی دڵخۆشی خۆینا بەو تەزویراتە دەدەنەوە کە بۆیانکراوە.
حیزبی شیوعی لە عێراق و یەکەم حیزب و کە زۆرینەی کۆمەڵگای لە گەڵدابوو٫ ئەم حیزبە کاتێک بەرەو رووی شکستی بوونەوە٫ بە دوایدا هەموو ساڵێک شەق و زلەیەکیان دەخوارد، هێزی ئەوەیان نەماوە لەسەر کورسییەک دابنیشن، لە بری ئەوەی بە خۆیاندا بچنەوە٫ کەچی پێیان وایە دونیایی سەرمایەداری لەسەر دەستی ئەوان دەڕوخێت!
بزووتنەوەی گۆڕان لە بری ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ چوار ساڵ بەشداریی کردن لە حکومەتی خۆجێی بکەن و ۲ و ساڵ بەشداریان لە حکومەتی شکستخواردو و ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکانی لە بەغداد بکات٫ لە بری ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ بێ جورئەتی سەرانی حیزبەکان بکەن لە کاتی ڕەخساندنی هەلی گونجاو٫ لە بری ئەوەی پیاچوونەوە بە پەیکەرەی حیزبی و بەرەڵایی حیزبی بکەن٫ پیاچونەوە بۆ ئەوە بکەن کە چۆن چوار ساڵ وەک ئاغا لە گردێک دانیشتون و ناڕەزایەتیەکان لە شەقام جێدەهێڵن و لە بری پشتیوانیکردن لێیان٫ هەوڵ دەدەن کپیان بکەنەوە٫ کە بەشێکی زۆری ئەوانەی بایکۆتی دەنگدانیان کرد پێشتر دەنگدەری ئەوان بوو٫ کەچی هەموو هەڵە و پەڵەی سیاسی و ئیداری و کاری حیزبایەتی خۆیان دەخەنە ئەستۆی ساختەکاری یەکێتی و پارتی٫ کە ئەو ساختەکارییە بەشێکە٫ تەنانەت گەر وڵاتان بیانزانیایە گۆڕان جەماوەرەکەی ۲۵/۷/۲۰۰۹ لە گەڵ ماوە بە هەمان گڕ و تینەوە٫ ئەوە وەک چۆن نەیان وێرا ساختەکاری بەرانبەر سەدر بکەن٫ ئەوا لە گۆڕانیش دەترسان و نەیان دەوێرا ساختەکاری بەرانبەر ئەمانیش بکەن٫ گەر زلەی بایکۆت گۆڕانی بە خەبەر نەهێنابێتەوە٫ ئەوە لە ئایندە بچوکتر دەبێتەوە و بە دەردی حیزبی شیوعیی لێدێت، بەڵکو خراپتیریش، چونکە حیزبی شیوعی ئایدۆلۆژیاشی هەبوو.
ئەمە بۆ کۆمەڵ و یەکگرتووش ڕاستە کە بەچوار ساڵ بەشداری کردنیان لە حکومەتێکی شکستخوارو، هەڵوێستێکیان نەبوو لە کۆمەڵێک پرسی گرنگدا٫ ئەمان هەڵسەنگاندن نەکەن و بە سیاسەتی پێشوی خۆیاندا نەچنەوە ئەوە زیاتر لە قاڵبیان دەدەن.
تێکڕا پارتە کوردییەکانی باشوور، یەک پەتایان هەیە کە لە دوای شکستێکیان لێکدانەوە و بەخۆداچوونەوە بکەن، هەوڵی پاساوهێنانەوە دەدەن، کە خۆشیان دەزانن نەک لەگەڵ دەوروبەردا، بەڵکو لەگەڵ خۆشیاندا راستگۆ نیین، لە بری کەلتوری دەست لە کار کێشانەوە لە سەرکردایەتی حیزب لە بەرانبەر هەر شکستیەک، توندتر دەست بە کورسی دەسەڵات و سەرکردایەتی حیزبەوە دەگرن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست