ھەڵبژاردن و ساختەکاری
Monday, 21/05/2018, 22:16
ھەڵبژاردن مافێکی سروشتی ھەموو نەتەوەیەکە و دەنگدانیش مافی ھەموو تاکێکە ، ئەمە شێوازێکی دیموکراسیانەیە کە لە وڵاتاندا لە ڕێگەی ھەڵبژاردنەوە دەتوانرێت ڕای ئازادانەی خۆت دەرببڕیت .
بۆ ئەو پارت و کاندیدانەی خۆیان دەپاڵێون بۆ ھەڵبژاردنەکان ، دەبێت بەرنامەو کاری ئەو پارتە لایەنانە دیار بێت واتا ڕون بێت بۆ خەڵکی ،
نابێت دەنگدەر لە ژێر ھیچ فشار و زەختێکدا بێت وە ھەر وەھا کاندیدیش فشاری لە سەر نەبێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەری پارە و ئیمتیازاتی ترەوە .
دەبێت کەشێکی ئارام و بڕەخسێنرێت بۆ ھەڵبژاردنەکان کە فعلەن شێوازێکی زۆر دیموکراسیانە بێت لە ھەموو ڕویەکەوە .
لە زۆربەی وڵاتانی دیموکراسیش لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا ھەندێک کێشە و خروقات دروست دەبن،
بەڵام زۆر بە خێرای چارەسەر دەکرێن و ھەموو ڕێگا یاساییەکان دەگیرێتە بەر بۆ چارەسەر کردنی .
من لێرەدا دێمە سەر ھەڵبژاردنەکانی عيراق و لە کوردستان لە دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ ەوە ھەردوو پارتی دەسەڵاتدار ئەم ھەلەیان بۆ خۆیان قۆستۆتەوە ، لە نێوان ھەردوو لادا دەسەڵاتیان بۆ خۆیان قۆرخ کردوە
بەردەوام ھەر ئەوان خۆیان بۆ خۆیان کارەکانیان بە ئەنجام گەیاندووە ، لە مەساڵحی خۆیان و بنەماڵەکانیان دەسەڵاتەکانیان بە کار ھێناوە ، پەرلەمان و حکومەتیان خستۆتە خزمەتی خۆیان و حیزبە کانیانەوە
بەردەوام پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی بە یەکەم حیزب داناوە و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بە پلەی دوەم .
ئەمە درێژەی کێشا تا سەردەمی دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە لایەن نەوشیروان مستەفا وە ، دوای دروست بوونی ئەم بزوتنەوەیە وەکو معارەزەیەک ھەردوو پارتی دەسەڵاتدار لە ترسان کێچ کەوتە کۆڵیان ،
بەردەوام لە ھەوڵدا بون تا ئەم بزوتنەوەیە بە ھیز نەبێت و بە ھەر ڕێگایەک بێت لە بەر چاوی خەڵک ناشرینی بکەن ، ئەوە بوو لە ھەڵبژاردنەکاندا بزوتنەوەی گۆران دەنگی ھێنا و بوو بە حیزبی دووەم ، جێگای یەکێتی نیشتمانی کوردستانی گرتەوە
بەڵام ھەردوو حیزبی دەسەڵات بەردەوام لە ھەوڵدان بوون تا ئەم بزوتنەوەیە بە ھەر ڕێگایەک بێت لاوازی بکەن و نەبێتە مەترسی و کۆسپ بۆ سەر دەسەڵات و ئامانجی ھەردوو پارتی دەسەڵاتدار ، بەڵام ئەم بزوتنەوەیش نەیتوانی تەواوی خواستەکانی گەل جێ بە جێ بکات
چونکە ھەردوو حیزب دوو شتی زۆر گرنگ لە ژێر دەستیاندا بوو :
یەکەمیان پارە
دووەمیان دەسەڵات
ئەم دوو ھۆکار بە تەواوەتی لە دەستی ھەردوو حیزب دایە وە حیزب تەواوی جومگە کانی وڵاتیان گرتووە .
ھەردوو حیزب بۆ پەردە پۆش کردنی ڕاستیەکان ھەمیشە دەستیان بردووە بۆ چەند شتێک
یەک لەوانە پیرۆزی نیشتمان و
دوو پیرۆزی پێشمەرگەو
ئەوان زۆر بە باشی کاریان کردوە لە سەر گەوجاندنی تاک لە کۆمەڵگادا لە دوای ساڵی ١٩٩١ ەوە کار بۆ ئەوە دەکەن تا وەکوو ئەمڕۆ ،
ئێمە دەزانین ئەم دوو حیزبە ھەر یەکەیان لە ژێر چەترێکدایە بە بێ ئەوان ناتوانن ھیچ کارێک بکەن ، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ژێر ئەژمون و دەسەڵاتی تورکیای کەمالی و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لە ژێر ئەژمونی پاسدارانی ئێرانی دایە ، ئەم حیزبانە ڕۆبۆت ئاسان جوڵەیان لە دەستی ئەواندایە چۆنیان بوێت دەبێت بە ویستی ئەوان بڕوات .
لە ھەڵبژاردنی ئەم جارەدا کە لە ١٢ / ٥ دا کرا کە بە جیھازی ئەلکترۆنی ئەنجامدرا بە حساب ھەڵبژاردنی ئەم جارە جیاواز تر بووە لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو تر ، چونکە
لە رێگای ئەو ئامێرەوە ئەنجام درا وایان وێنا کرد کە ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و بێ کێشە دەبێت
خەڵکی دەتوانێت بە شێوەیەکی دیموکراسیانەیە دەنگی خۆی بدات ، کەچی ھەر لە سەرتای ھەڵبژاردنەکانەوە دەرکەوت خروقات و فرتو فێڵی ئەم پارتانە چۆنە ، دواتر زۆر بە ڕونی دەرکەوت کە ئەو ھەوڵانە چۆن دراوە بۆ بردنەوەی پارتەکانیان لە ھەڵبژاردنەکاندا .
دەرکەوت چۆن ڕای جەماوەر و دەنگدەر گالتەی پێ دەکرێت بۆ مەرامی سیاسی خۆیان ، بینرا کە چۆن پرۆسەی دیموکراسی پەک خراوە و ئفلیج کراوە لە ژێر ساییەی ھەردوو پارتی دەسەڵاتدا ،
دواتر ھەڵکوترایە سەر مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردەکە دەسترێژی گولە کرایە سەر مەکۆی ئەو بزوتنەوەیە و ئەوانیش پەنجەی تۆھمەتیان بۆ لایەنێکی دیاریکراو ڕاکێشا و کە حیزبی یەکێتی نیشتمانی بوو ، وەک ئاشکرایە باڵی تاڵبانی لە ژێر ئەژمونی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە ،
ئاشکرایە ئمپڕاتۆرییەتی فارس و ئیمپڕاتۆرییەتی تورکی ھیچ کاتێک ڕێگا بەوە نادەن لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا دەوڵەتێک یا کۆلکە دەوڵتێک دروست بێت ،
ئەوان بە درێژای مێژوو نەیان ھێشتووە کورد پێی درێژ بکات ناش ھێڵن ڕوو بدات ، ئەمە ئەو پەڕی گێلیە بڕوا کردن بە وڵاتانی دراوسێ کە گوایە پاڵ پشتن بۆ تۆ ،
دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ زۆر بە ڕونی دیارە ، لە زۆنگی سەوز دا ئێران ئاشکرایی ڕۆڵی خۆی دەگێرێت لە ناوخۆی دەسەڵاتدا ، ئێران ھەمیشە دەیەوێت کێشە ھەبێت لە ناوچەکەدا بۆ ئەوەی زیاتر تەداخول بکات و دەستێوەردانی زیاتر بکات .
بۆیە بە بڕوای ھەموو پارتە نا ڕەزاییەکانی ھەڵبژاردن ئێران بە دەستێوەردان دەزانن لەم کارەدا ، وە پارتیش بە دەر نیە لەم کایە دا ئەوانیش بە پلان ئەم کارەیان بە ئەنجام گەیاندووە ،
یەکێتی نیشتمانی بۆ ئەوەی پەردە پۆشی ١٦ ی ئۆکتۆبەر بکات و دەنگەکانی خۆی پێ بەرز بکاتەوە ھەڵسا بە داڕشتنی ئەم پلانە تا وەکو بە خەڵکی بلێت ئەوەتا یەکێتی وەکو جاران لایەنگری ھەیە تا لە وە زیاتر ئابڕویان نەچێت بەس یەکێتی و پارتیش نەیانزانی زۆر خراپتر بە سەریاندا دەشکێتەوە ئەم بارە ، ھەر وەھا دابەزینی دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆران لەم ھەڵبژاردنەدا
وە جێگرتنەوەی یەکێتی لەم کاتەو لەم پەرتەوازییەی ناو باڵەکانی یەکێتی بە بڕوای بزوتنەوەی گۆران و پارتە ناڕازیەکانی تر جێگای گومانە و قبوڵ ناکرێت کە بەو شێوە یە ، خۆ سەپاندنی ئەم دوو پارتە ئەوە دەر دەخات کە ئەوان ڕێگا بەوە نادەن ھیچ پارتێکی تر بێتە سەر دەسەڵات و جێگای ئەوان بگرێتەوە ،
لێرەوە دەرکەوت کۆی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە عيراق و ھەرێمی کوردستان کەوتە ژێر پرسیارەوە ، وە بڕوای پارتە سیاسیەکانیش ھەڵبژاردنیش بە تەواوەتی تاقی کرایەوە کە بوە گالتەجاری و شتێک بونی نەما بە ناوی ئازادی ڕا دەربڕین و دیموکراسی ،
بۆ خەڵکی ڕون بۆتەوە کە ئەمە خواستی وڵاتانی دراوسێیە کە دەیانەوێت ھەردوو حیزب لە دەسەڵاتدا بمێننەوە ، تا وەکوو ئەوان کاریان پێیان بێت ھەردوو پارتی دەسەڵات ئاغا دەبن . تەنھا شتێک ئەوان لا دەبات لە دەسەڵات گەلە و تەنھا لە ڕێگەی ڕاپەڕینەوە ئەو کارە دەکرێت کە بە شێوەیەکی زۆر مەدەنیانە بکرێت ،
ھەتا ئەم دوو پارتە سەر نەوی بکەن بۆ وڵاتانی دراوسێ ئەوانیش خواستەکانی ئەمان جێ بە جێ دەکەن ، ئیدی بە ڕای من و زۆربەی نوسەران و خەڵکی چەند جاری تریش ھەڵبژاردن بکرێت ساختەکاریش دەکرێت و ھەر ئەوانیش دەچنەوە دەسەڵات و دەبنە حاکمی وڵات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست