ئێعدامی ٥٩ کەس لە مهاباد!
Sunday, 20/05/2018, 18:01
شآر کشوومات بوو، مهاباد رۆژی ١٢رۆژی لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢هەتاوی (١٩٨٣ز) بەڕێ دەکرد.خەڵک خەریکی ژیانی ئاسایی خۆیان بوون.چوارساڵی رەبەق لە شۆڕشی بەناو کۆماری ئیسلامی تیپەڕیبوو.حیزب ومیزبی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە جووڵەکەوتبون.تەنیا نەڕڕەنەڕڕی رادیوکان وقسەی بەرپرسانی حیزبی دەگەیشتە گوێچکەی خەڵکی بێتاوانی ئەو شآرە.بەرپرس ومەرپرسی حیزبی شاریان چۆل کردبوو، ژن ومنداڵی خۆیان ڕاگوێزتبوو!رۆژانە گوێبیسی خەبەری ناخۆش ودڵهەژێن دەبوین.شآر وێنەی سەربازخانە ئاخێندرابوو.کەڵ بە مووبەند بوو.هەرکەس فززەی هاتبایە دەکونە ڕەشیان دەکرد.تا خەبەر هات کە ئەوڕۆ٥٩کەس لە خەڵكی مهاباد لە شاری تەورێز ئیعدام کراون! یەکێک لەو کەسانەش / هەژار کەریمی / برای من بوو.بۆ تەواوی ئەو شەهیدانە دڵـمان هەژا. ئاخر چۆن دەبێ لە یەک رۆژدا ٥٩ کەس لە تەمەن چوک ومەزن ئێعدام بکرێن!دەتگووت شآر تۆزی ڕنووی لێ نیشتووە، کەس باوەوڕی نەدەکرد. لە وەرزی جۆزەرداندا تۆف وبەندی نەهامەتیی نەتەوەیەک باڵی بە سەر شآردا کێشآبوو.جەنازەکان نەدرانەوە بە کەس. کەس نەیدەزانی لە کوێ تەسلیم بە خاک کراون!خەڵكی سەرگەردان شەهید بونی کەس وکاری خۆیان لە بیر چووبۆوە، دەیانگووت هەر نەبێ جەنازەکانمام بدەنەوە تا تۆزێک ئۆقرەیی بمانگرێ!ئەو شەهیدانە لە شآری تەورێز ناژرابون، لە شووینێک بەناوی لەحنەت ئاوا!! بەڵێ نەحلەتئاوا !ئەو لەحنەت ئاوایە کوێیە؟ دەستکردی کێیە؟ مرۆف بە لەعنەت بکرێ ولە لەعنەت ئاوا بنێژرێ!؟
" کێ تاوانبارە؟ "
ئەو کەسەی تفەنگی دایە دەست هەژاری برای من، لە مهاباد دەژیا. ئەو هانیدا ببێتە کۆمەڵە وتفەنگ بۆ بێچووە دەرەبەگێکی وەک عەوڵای موهتەدی وئەوانی دیکە هەڵگرێ. ئەو کەسە بۆ خۆشی بە پیلانێکی ناوخۆیی کۆمەڵە بە شێوەیەکی گومان ئاوی کوژرا!بەڵام منداڵەکانی وهاوسەرەکەی ئێستێ لە وڵاتی کانادا خەریکی گوزەرانی ژیانی پڕ لە کەیف وخۆشیی خۆیانن.ئەمن نەمزانی بۆ منداڵەکانی خۆی نەناردە لای کۆمەڵە تا چەک بۆ بەرپرسانی ئەو دژە رەنجدەرانە هەڵگرن.
ئەوەی کە نان بە نرخی رۆژ لە حیزبایەتی دەخواوگەمەی سیاسی بەڕیوە دەباهەر ئەوحیزبانەن کە لە رۆهەڵاتی کوردستان خۆیان بە نوێنەری کورد پێناسە کردوە.ئەوەی کە نانی شەرمەزاریی لێ دەخۆن ئەوەیە کە داییم باسی دوژمن وستەمکاریی دوژمنمان بۆ دەکەن! لە ژێڕ پەردەی درووشمی قۆڕ قۆڕ جینایەتەکانی خۆیان قەوزەپۆش دەکەن.هەر تاکێکی کورد ئەگەر وابزانێ هەرچی بەسەرمان دێ لە لایەن داگیرکەرانەوە بۆمان دەبارێ، ئەو کەسە گیرۆدەی ئەو نەخۆشییە دروونییەیە کە بەرپرسانی حیزبی تووشی بون. کێ دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بێ کە دوژمن دەستی دۆستایەتیمان بۆ درێژ بکا؟
هەژاری برای من چاوەکانی بەڕآدەیەک کەم سۆ بون کە یەک میتری پێش خۆی بە باشی نەدەدیت! کام بێویژدانی جینایەتکار تفەنگ دەداتە دەستی کەسێک کە نزیکترین کەسی خۆی تا یەک میتری پێناسە نەدەکرد؟ ئەو ٥٩ هەژاری کورد لە شآری مهاباد یەک جێ لە داردران! بۆ ئەوەی کۆمەڵەکان ودێمۆکڕاتەکان بەرنامەی رادیویی خۆیانی پێ دەوڵەمند بکەن ودەست بکەن بە هەرا هەراوگوڕڕەگوڕی درۆزنانە. دەبێ پێتان بڵێم: ئەوەندەی کۆماری ئیسلامی تاوانبارە ،ئێوەش هەر ئەوەندە تاوانبارن.بۆ ماوەی ٣٦ ساڵە لە کەمپەکاندا تخێڵ بون ولە بەر دەسەڵاتی کورد کوژی بارزانی دەپاڕێنەوە لە لای کۆماری ئیسلامی تا ڕۆڵەکانی کورد لە دار نەدا!
سیاسەت ئەقڵی ستڕاتیژیکە. بە دوورناسی ووردبینی بەڕێوە دەبرێ.کەسانی خاوەن باوەڕوفیدایی دەتوانن وەدووی چارەسەریی کێشەی کورد بکەون. سیاسەت لە سەر تەریقەت وخزم خزمێنە ناگاتە ئامانج. ئێوە لە کۆمەڵیک بێ موڕاڵ وخۆپەرەست وترسنۆک پێک هاتون ، بۆ ئەوەی تەنیا دەسەڵاتی خۆتان بپارێزن.ئێوە هەڵگری ئەقڵی زارەکین. بەو ئەقڵەش هیچ ڕێبازێک ناگاتە مەبەست.تا ئێڕە چیتان بۆ بنەماڵەی ئەو شەهیدانە کردوە؟جگە لە دابڕان ودووبەرەکی ونەهامەتی وخۆبەدەسەتەوەدان لە کەمپەکاندا.؟
|
وێنەی حەمید رەزا جەلایی پوور لە کاتی ئێعدامکردنی ئەو ٥٩ کەسە لە مهاباد فەرمانداربوو. پەیتا پەیتا هەرەشەی لە خەڵک دەکرد |
" حەمید رەزا جەلایی پوور کێیە"
حەمیدرەزا جەلایی پوور لە ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی ( ١٩٥٧ز) لە شاری تاران لە دایک بووە. ئەو کابرایە ٢جار ژنی هێناوە و٣ کوڕی هەیە بە ناوەکانی موحەممەد رەزا، عەلی رەزا، مێهدی، هەروەها ٢ کچیشی هەیە بە ناوەکانی زەهراوهەدەف. کوڕەکانی هی ژنی یەکەمی ئەون، کچەکانیشی هی ژنی دووهەمی ئەون. لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێڕان تەمەنی ٢١ ساڵ بوو کە کراوە بە فەرمانداری شاری نەغەدە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی ( ١٩٨٣ز) کراوەتە فەرمانداری شاری مهاباد. لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتی ئەو کەسە بو کە ٥٩ کەس لە رۆڵەکانی شآری مهاباد کە زیندانی کرابون برانە شاری تەورێز لەوێ سەرجەمیان ئێعدام کران! رێککەوتی ئەو ئێعدامانە دەگەڕێتەوە بۆ ١٢ جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی (١٩٨٣ز).پاشآن هەر لەوێ بە شێوەیەکی ناشیرین و دوور لە چاوی دایک و باوکیان ئەو شەهیدانە خرابوونە ناوگۆڕ! جەلایی پوور ئێستێش هەر لە تاران دەژی ولە ژیاندا ماوە. لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی (١٩٩٩ز) کاتێک لە تاران لە حوسێنییەی ئیڕشآد قسەی بۆ خەڵك دەکرد، یەکێک لە حازرانی ئەو کۆڕە لە جەلایی پووری پرسی: رووداوی ئێعدامی ئەو٥٩ کەسە لە مهاباد چۆن بووە؟ لە جوابدا خۆی لەو کارە بێبەری کرد و گووتی: ئەو ٥٩ کەسە ئەندامی کۆمەڵە و دێمۆکڕات بون و بەشداریان لە شەڕی چەکداری کردبوو، کە لە لایان دادگای شٶرشی ئیسلامی شاری تەورێز دادگایی و ئێعدام کراون!
" گووتنی کۆتایی"
حەمید رەزاجەلایی پوور، نوێنەری کۆماری ئیسلامییە، باوەڕی بە کورد وچارەسەریی کێشەی کورد نییە، کورد بە دۆستی خۆی نازانێ،هەر چی خراپەیە کە لە دەستی بێ دەرحەق بە نەتەوەکەمان دەیکا،هەر کوردێک گازەندەورەخنەی لەو کەسە هەبێ وادیارە نەخۆشی دەروونی هەیە ودەبێ وەدووی چارەسەریی بگەڕی.
بەڵام ئێوە خۆتان بە نوێنەری کورد نوێنەری چارەسەریی کێشەی کورد دەزانن، ناوی دێمۆکڕات وپاشناوی زەحمەتکێشانتان لە حیزبەکەی خۆتان ناوە، ئێوە بۆچەک دەدەنە دەست منداڵی کورد؟ ئێوەگەر دەتانهەوێ ببنە خاوەنی چەکداری حیزبی کوا پڕۆژەوپیلانی چارەسەریتان؟ئێوە لە جەلایی پوورەکان مەترسیدارترن بۆ کورد. کاتێک ئەو ٥٩ کەسەیان یەک جێ لەدار دا دڵتان بەوە خۆش بووکە ٥٩ جووڵەی چەکداریتان لە تۆڵەی ٥٩ کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام داوە!هەرکەس باوەڕ بەودرۆیەی ئێووە بکا لە ئێوە کەمترە. تۆڵەسەندنەوە بوو بە دەرمانی دەردی دایکوباوکەکانی جەرگ سووتاو لە رۆژهەڵاتی کوردستان؟
" شەڕی دەروونی"
کاتێک کە هەژاری برام لە گووندەکانی دەورووبەری مهاباد بە زیندویی دەگێرێ، دەیهێننەوە زیندانی سپاس پاسادارن لە شاری مهاباد. ئێوارە بوولە ماڵی خۆمان بوم، لە پڕ کەسێک لە دەرگای داوگووتی: تو برای هەژار کەریمی؟ ئێرە ماڵی باوکی ئەوە؟ گوتم:راستە تۆ کێی؟ ئەو کەسە چەکدارێکی کوردی سەر بە کۆماری ئیسلامی بوو، ئێمەی دەناسی. لە جوابدا گووتی.کوڕەکەتان پێرێ بە زیندوویی گیراوە وئێعدامیش کراوە! هەر چێ گووتم لە کوێ دەیگووت من نازانم.رۆیی.
ماڵ شڵەژا. هەمووان تووشی دڵەڕاوکێ بوین. ئەو شەوە کەس نەخەوت. باوەڕمان نەدەکرد.خەبەر گەیشتە هەموولایەک. پرسە وسەرەخۆشی دامەزرا.رۆژگارێکی زۆر تاڵ بوو. زەمان تێپەڕی.دوای ٩ مانگ لە تێپەڕبونی پرسەی یەکەم، هەمیسان ئێوارە بووکەسێک لە دەرگای دا. گووتی من لە زیندان ئازاد بوم. هەژار کوڕێ ئێوەیە؟ گوتمان بڵێ. گوتی زیندوویە، ئەوە لە زیندانی مهابادە!
شادی وخەم تیکەڵ بوونەوە. نەماندەزانی باوەڕ بکەین یان نا. پاشی وەرگرتنی هیندێک راوبۆچوون ، رۆژێکیان چووینە بەردەرگای زیندانی مهاباد.لە نۆرەدابوین تا بچێنە ژوورێ. باوەوڕمان نەدەکرد. لە پشت میلەکانی زیندان هەژاری برامان دیت.! گووتی: بۆ لێم ناپرسن؟ رووداوەکانمان بۆ نەگێڕاوە.زۆری نەخایاند لە مهاباد نەما. ئەوجار زیندان بە زیندان دەگەڕاین،تا لە زیندانی شاری ورمێ دۆزیمانەوە. حاڵی زۆر خراپ بوو، خەبەری ناخۆشیان پێدابوو، ئەوە دوایین دیداری ئێـمە بوو دەگەڵ هەژاری ١٨ ساڵ تەمەن.
ئەو ٥٩ کەسەیان بردە شاری تەورێز( ئەوشآرە لە باشووری مهابادە وبە سەیارە ٣و٥ کاتژمێر دوورە).لەوێ بە دەستووری دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە سێدارەیان دان!ئێستیش کۆمەڵەکانی دژە رەنجدەر لە زڕگوێزەڵە بوونەتە ٦و٥ تاقمی دۆڕاو بە ریشی بنەماڵەی ئەو شەهیدانە پێدەکەنن. لە ناو ئەو ٥٩ کەسە لایەنگری حیزبەکانی دیکەشی تێدابوو. گڵکۆی ئەو نەمرانە لە شاری تەورێزلە شوێنێک نێژراوە کە دەسەڵات پێی دەڵێ: لەعنەت ئاوا!!
" بە بێ جوابە جەنگی"
هەژاری برام وچوارئامۆزاوکچە پووڕیکی خێزانم بە دەسەت کۆماری ئیسلامی شەهید کران. کۆماری ئیسلامی دوژمنە بە مافی خۆی دەزانێ.دژایەتی نەتەوەی کورد بکا. بەڵام / رەشآدی / برام لە شآری سلێمانی لە ژێر دەسەڵاتی کورد کوژێکی وەک جەلال تاڵەبانی وچەتەکانی بە رۆژی رووناک ترۆر کرا.! ئەو داخە لە داخی دوژمنی کورد بە ژانترە. بۆیە هیچکات لە دڵمان دەرناچێ. دەردی گرانیش کۆمەڵەکان ودێمۆکڕاتەکانن کە بوونە کوێلەی دەسەڵاتێک کە هیچ باوەڕێکی بە چآرەسەریی کێشە کورد نییە جگە لە مانەوەی دەسەڵاتی چەتە ئاسای خۆی.
من دوارۆژی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک باشووری کوردستانن نابینم. بەڵكوم لە وێ زۆر خراتر دەبێ. ئەو حیزبانەی کە لە کەمپەکاندا ئێستێ زەمینگیر کراون، پێشیان بەرهەڵابێ وەک دێوانەیەک دەکەونە گیانی یەکتر وهەزاران مرۆڤی بێتاوان دووبارە گیانی خۆی لە دەست دەدا! هیوادارم بۆچوونەکەم وەرآست نەگەرێ. بەڵام مێژووی ٤٠ ساڵی رابوردوویان ئەوەی سەلماندووە کە هیچكات توانای چارەسەریان پێ نییە.
جەعفەرکەریمی
سندوقی: کوردستانپۆست
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست