بۆ گردەکە..... دیواری بەرلین؟
Friday, 18/05/2018, 23:15
تۆ بێوەی لە ماڵی خۆت لای میوانەکانت دانیشتویت و پێکەوە لە پێشدا ئاڵوگۆڕی خورپە و هەست و سۆزە غەمبار و توڕەکان دەکەیت بە هۆی ئەو زوڵم و ناحەقیە ڕەپ و تاڵەی پێکەوە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا لێتان کراوە۰ ئینجا بڕێک ئارام دەبنەوە و هەست و سۆز و هەڵچونەکان دەچنە دواوە و ئاوەز و هزر و بیرکردنەوەی قوڵ و پان و بەرین جێگەیان دەگرێتەوە و دێنە مەیدان بۆ وت و وێژێکی هاوسەنگ و هێمنانە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ناتوندوتیژانە بۆ ئەو زوڵمەی وەک درێژەدانی زوڵمەکانی تری ۲٦ ساڵی ڕابوردو کە لێتانکراوە۰ لەپڕ زەنگێک وەک ئاگرێک لە مۆبایلەکەتەوە هەڵدەسێ و دەنگێکی ناساز و زبر پێت دەڵێ ئەو بۆڵە بۆڵەتان لە چیە کوا زوڵمتان لێکراوە؟ ئەوەی ڕویداوە ڕاست و دروستە و بۆتان نیە هیچ بڵێن و دەبێت پەسەندی بکەن، ئینجا تۆش بە شێوازێکی هێمنانە وەڵامی دەدەیتەوە و تێیدەگەیەنی لە گەڵ میوانەکانت کە ئەوانیش کارەکەی تۆ بە زوڵم و دەسدرێژی دەزانن دەتانەوێ بە شێوازی شارستانی بەرگری لە خۆتان و دەنگی ماڵ و مناڵتان بکەن و ئیتر ئەم زوڵمی ۲٦ ساڵە کۆتایی پێ بێنن۰ لە وەڵامدا تەلەفونکەر بە هەڕەشەوە تەلەفونەکە بە ڕوتدا دادەخات۰ هەناسەیەکی پڕ لە داخ و حەسرەت هەڵدەکێشیت و بەو خورپەیەی کە قسەکانی لە دڵ و دەرونی دایت تەڕایی لە زارتدا نامێنی و بە وشکی بە ئازارەوە قسەکانت قوتدەدەیت و دەکەویتەوە وتووێژ لەگەڵ میوانەکانت۰ دیسان زەنگی مۆبایلەکەت قسەکانت پێدەبڕێ و ئەمجارە شیڕە شیڕی دەنگی کەسێکی تر لە مۆبایلەکەتەوە پەردەی گوێت دەرزیئاژن دەکات و شاڵاوێکی دڕندانەت بۆدێنێ و پێت دەڵێ ئەوەی لێمانکردی! ڕاست و ڕەوایە و قسەی زیادیش بکەیت دێمە سەرتان! تۆش نوێنەری حەوتسەد و پەنجا هەزار دەنگدەری کە بەلای کەمەوە لەوە سەد هەزاری پێشمەرگەی ئێستا و دێرین و پۆلیس و ئاسایشن یا بێچەکن بەڵام ئامادەن چەکت بۆ هەڵبگرن و بەدڵ و بە گیان شەڕت بۆ بکەن۰ خۆیشت لە ژیانتدا هەڕەشە و سوکایەتیت لەکەس قبوڵنەکردبێ و هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی گەلەکەتدا بی۰ خوێنەری بەڕێز! ئەگەر ئەم کەسە تۆ بیت چی دەکەیت؟ وەک مەڕی بێدەسەڵات لێدەگەڕێیت لێتخوڕن بۆ بەردەم قەساب سەرت ببڕن و ئینجا بتکەن بە قیمە بۆ کەبابی سەر خوانە پڕ لە نازونیعمەتەکەیان کە بە پارەی دزراوی تۆ بەدەستیان هێناوە؟ نا ۰۰۰ نا۰۰۰۰ بێگومان واناکات، بەڵکو ئەوەدەکات کە هەمو مرۆڤێکی خاوەن شکۆ و خاوەن کەرامەت دەیکات ئەویش بەرگری لەخۆکردنە بە هەمو ئەو کەرەسە و شتانەی لە بەردەستی دان: بە هاوارکردن مشتەکۆڵە شەق کەللەسەر بەرد دار چەقۆ تفەنگ، مەگەر عیسای مریەم کاتێک سەربازانی چەورە و چەقۆکێشی ڕۆم لە قودس ویستیان ڕێگریی لێبکەن لەوەی بێتە ناو شارەکەوە و قسە بۆ لایەنگرەکانی بکات بەرگریی لە خۆی نەکرد و بە دەستی بەتاڵ پەلاماری نەدانەوە؟ نابێت ! تەواو ! ئیتر بەسە ! نابێت نە یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی و لەو ناوچانەی هەولێر و کەرکوک و خانەقین و دوز کە هێزی چەکداری هەیە تێیاندا ٫ هەروەها نابێت نە پارتیی براگەورەی یەکێتی چیدی بەو چەک و چەکدارانەی لە بەردەستیاندایە لە ژێر هیچ پاساوێکدا ببنە هەڕەشە بۆ سەر هیچ حیزب و لایەن و دەستە و ڕێکخراو و تاکێکی ئەم کوردوسانە، دەبێت لێگەڕێن دادگا و داواکاری گشتی و پۆلیس کاری ناحیزبی و بێلایەنانەی خۆیان بکەن۰ سەردەمی سوتاندنی بنکە و نوسینگەی حیزب و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و تەلەفیزۆنەکان ٫ سەردەمی کوشتنی سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و کاوە گەرمیانییەکان بەسەرچو۰ لە شەو ی ۱۲ ی ۵ ی ٢٠١٨ ئاپۆرای گۆڕانخوازان هەم بە کڵاشینکۆفەکانیان هەم بە مشتەکۆڵەی دەست و و هاواری گەرویان بەرگریەکی پاڵەوانانەیان لە گردی زەرگەتەی گۆڕان و گۆڕی ڕۆحشاد نەوشیروان مستەفا کرد۰ پارتی و یەکێتی: دەتانەوێ حیزبەکانی تری جگە لە خۆتان بنکەکانیان بکەنە قەڵای سەربازی و بەرلین ئاسا دیواری مکوم و بەرز بە دەوری خۆیاندا دروستبکەن؟ دەتانەوێ ئەوە بێتە ئاراوە کە تورکیا و ئێرانی ئاغاتان لە مێژە دەیانەوێ و هەوڵی بۆ دەدەن؟ ئێمە بە هیچ جۆرێ ئەوەمان ناوێ، بەهەمان پێداگری ئەوەشمان ناوێ بە ناوی کوردایەتی و یەک ڕیزی و یەک وتاری وەک مەڕ ڕەفتارمان لەگەڵ بکەن، هەرگیز! تێدەگەن؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست