سەدر و ئەمریکا
Tuesday, 15/05/2018, 12:55
سەدر، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ی عیراق پلەی یەکەمی هێنا. لە داهاتوویەکی نزیک، دەبێت بە کەس و لایەنێکی سەرەکیی لە بڕیاردان لە دامەزراندنی حکومەتی نوێی عیراق. زۆڕن ئەوانەی کە بۆچوونیان وایە، کە ئەم ئەنجامە بۆ ئەمریکا چاوەڕوان نەکراو بووە و مایەی نیگەرانییە.
سەرکەوتنی سەدر، لە کتوپڕێکدا نەبووە، بەڵکو لە ئەنجامی پلانێکی دارێژراو و خۆ ئامادە کردنێکی کارا بووە لە ماوەی چەند ساڵێکی ڕابردوو. لە دوای ڕووخانی سەدام، سەدر ڕۆڵێکی زیندووی هەبوو لە نێو شیعەکان و گۆڕەپانی سیاسیی عیراق، هاتنە دەنگ دەربارەی هەموو ڕووداوە سیاسیەکان، دەربڕینی بیروباوەرەکانی بۆ دامەزراندنی عیراقێکی یەکگرتووی خاوەن دەسەڵاتێکی سیاسی ناوەند.
لە ٢٠٠٣وە و لە سەرەتادا، سەدر هەوڵیدا خۆی لە ئیران و ئەمریکا بە دوور بگرێت و بە دوژمنێکی سەرسەختی ئەمریکا لە عیراق ناسرا بوو، بەڵام لە خولی ڕابردووی حکومەتی عیراق کە بۆ سێ چوار ساڵێک دەچێت، سەدر، هەڵوێستەکانی بەرامبەر بە ئەمریکا نەرم دەنواند و هەوڵی خۆ ئامادە کردنی دا بۆ بەشداریی کردنی کارا و سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی ئەو جارەی عیراق، بۆ ئەو مەبەستە چەند هەنگاوێکی گرنگی نا وەکو،
یەکەم، جووت کردنی هەڵوێستی لەگەل دەنگی ناڕەزایی شەقامی عیراقی. پەنجە درێژ کردن بۆ گەندەڵی ئیداری و سیاسیی و ئابووری، کە هەموو جومگە سەڕەکییەکانی پەیکەری دەسەڵاتی سیاسیی عیراقی گرتبووەوە. بۆ ئەو مەبەستە چەند جارێک لایەنگران و هەوادارانی هێنا سەر شەقام، دژ بە حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیی گەندەڵ، کۆنتڕۆڵ کردنی هۆڵی پەرلەمان و ڕاونانی پەرلەمانتاران، داوا کردنی ریفۆرم لە سیستەمی حوکمرانی و باش کردنی گوزەرانی خەڵک.
دووەم، سەدر هەوڵی دا لە قاوغی ئیسلامیی و مەزهەبی بێتە دەرەوە، خۆی نزیک بکاتەوە لە پارت و کەسایەتیی عیلمانی و تا دەگات بەو پارت و رێکخراوانەی کە هەڵگری بیروباوەڕی کۆمینیستن. لەم هەڵبژاردنەدا ئەوە تێبینی دەکرێت، کە کاندیدەکانی ئەوجارەی ڕەوتی سەدر، تەنیا ئەوانە نەبوون، کە فیگەری کەسایەتیی و مۆری ئیسلامییان پێوە بێت، بەڵکو کاندیدەکانی پێکهاتەیەک و تێکەڵیەک بوون لەو کەسانەی کە بە مارکسی، عیلمانیی و ئیسلامیی ناسراو بوون.
سێیەم، سەدر لەگەڵ ئەوەی توانی سوودمەند بێت لە پێگەی کۆمەڵایەتیی و ئاینیی باوکی و پارێزگاری کردن لە بنکەی جەماوەریی خۆی لە نێو شیعە، لەهەمان کاتدا هەوڵی دا پێگەی جەماوەریی خۆی زیاتر فرەوان بکات بە نزیک بوونەوە لە جەماوەریی پارتە نەتەوەیی، عیلمانیی و مارکسییەکانیش لە باشوور و ناوەڕاستی عیراق و گرنگی دان بە زۆرێک لە چالاکەوانی مەدەنی و نووسەر.
چوارەم، سەدر جگە لەوەی کە وەکو کەسایەتیی شیعە ناسراو بوو بەڵام لە هەمان کاتدا پروپاگەندە و بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە کابرایەکی نیشتمانیی و نەتەوەییە، دژی داگیرکردنی عیراقە لە لایەن ئەمریکا، نیگەرانە لە دەستتێکەڵاو کردنی ئیران لە کاروباری ناوەخۆی عیراق، کە لە ئەنجامدا توانی هەستی زۆرانێک لەو کەسانە بە لای خۆیدا ڕابکێشیت کە هەڵگری بیروباوەری نەتەوەیی و نیشتمانیین و دژ بە ئیرانن.
پێنجەم، سەدر، دژ بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بوو بۆ ناوچە کوردییە کێشە لەسەرەکان، هەروها لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان نەبوو، بەم دوو هەڵوێستە سەدر هەوڵی دا دڵسۆزی خۆی دوپات بکاتەوە بۆ عیراقێکی یەکگرتوو و بەدەستهێنانی پشتیوانی زیاتر لەلایەن عەرەبە شوفێنیەکانەوە.
شەشەم، سەدر هەوڵی دا لەسەر ئاستی ناوچەکەش هەندێک پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بکات، کە بە دوژمنی ئیران و هاورێ و هاوپەیمانی ئەمریکا ناسراون، وەک سعودیە، بۆ ئەو مەبەستە لە مانگی ٧ی ساڵی رابردوو، سەدر سەردانی شای سعودیەی کرد.
حەوتەم، سەدر هەوڵیدەدا بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا، کە ئەویش ئەوە بوو، سەدر لە هەموو بۆنەیەکدا دووپاتی دەکردوە، کە عیراق دەبێت سەربەخۆی خۆی بپارێزێت و وڵاتانی هاوسێی وەک ئیران دەبێت دەست نەخەنە نێو کاروباری ناوەخۆی عیراق.
ئاماژەکانی دوای دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردن، دەریدەخەن کە ئەمریکا لە سەرکەوتنی سەدەر نیگەران نییە و بۆ ئەو هەواڵێکی کتوپری چاوەرێنەکراو نییە. بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە، ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین کە هەر دوای دەرچوونی ئەنجامە سەرەتاییەکان، ئەمریکا برێت مەگۆرکی نارد بۆ کوردستان، بۆ ئەوەی هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە لە پەلە کردن لە دامەزراندنی حکومەتی تازە لە بەغداد، بەبێ گوێدانە سکاڵا، گرفت و ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسیە کوردەکان لە هەرێم و لایەنە سیاسیەکانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق، لەسەر مەسەلەی ساختەکاری لە دەنگی دەنگدەران، وێرای ئەوەش دوای دەرچوونی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن، بە پەلە عەبادی وتارێکی پێشکەش کرد و داوای ئەوەی کرد، کە هەموو عیراقییەک دەبێت پابەند بێت بە ئەنجامی هەڵبژاردن و پەلە بکرێت لە دامەزراندنی حکومەتی نوێ کە عیراقێکی یەکگرتووی دوور لە بنەمای پشک پشکێنە بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست