کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مانەوەی ئەم جەنگەڵستانە تاکەی درێژە دەکێشێت؟

Sunday, 13/05/2018, 0:57


کاتێک سامان لەلایەک کۆدەبێتەوە،ئەوا لەبەرانبەریشدا هەژاری بەشێکی کۆمەڵگە زیاد دەبێت.وتەی بەپێزی مارکس.
سەرمایەداری تەنها شتێک بەردەوام بەرهەمی دەهێنێتەوە کەڵەکەی سەرمایەو زێدە بەهایە. بۆیە تائەم سیستەمەیش لەسەر پێی خۆی توانای وەستانی هەبێت،تائەوکاتەیش یەکسانی لەڕوی ئابوری و چینایەتی و کۆمەڵایەتیەوە بونی نابێت.
ئابوری بڕبڕە پشتی کۆی ناکۆکیەکانە،خەتاکەیش لەخودی ئابوریەوە نیە.چونکە مرۆڤ بەبێ ئابوری و بەرهەمهێنان ناتوانێت درێژە بەبونی خۆی بدات.خەتاکە لەجۆری سیستەم و کار دابەش کردنی کۆمەڵایەتیەوەیە. خۆگەر بونی سیستەمە چینایەتیە نایەکسانیخوازەکان نەبوایە،ئەوکات ژینگەی مرۆڤایەتی دەیتوانی بەبێ جەنگ و بەبێ بونی هەژاری لەلایەک و دەوڵەمەندی بەشێکی کەم لەلایەک،بەپێزترین و بەبەهاترین ژینگەو ژیان بۆ هەمولایەک دەستەبەر بکرایە.
ململانێی نێوان دەوڵەتانی گەشەسەندو لەڕوی پیشەسازی و ئابوری و بەرهەمهێنانەوە،گەر لەسەر پایەکانی کێبەرکێیەکی دژ بەیەک نەبوایەو چونەپێشی ئاستی زانستی لەخزمەت برەو دان بوایە بۆ گەیشتنی سەرجەم کۆمەڵگەکان بەئاستی گەشەسەندنی ئابوری و بەرهەمهێنانێک کەبەپێی پێویستی و خواستی کۆمەڵگەکان بوایە،ئەوکات،ئەم جەنگەڵستانەی ئێستامان نەدەبینی.
جەنگەڵستانێک،لەلایەک بۆ بەشێکی کەم لەکۆمەڵگەکان کەلەڕوی پێشوەچونی پیشەسازی و زانست و ئابوری و بەرهەمهێنانەوە گەشتونەتە قۆناخێکی باڵا،کەچی لەبەرانبەریشدا،زۆرێکی زۆر لەکۆمەڵگەکان کەخاوەنی سامانی سروشتی وزەن، خراونەتە نێو ژینگەو ژیانێکی پڕ لەچەوساندنەوەو زیندوکردنەوەی قۆناخی هاوشێوەی کۆیلەداری. بۆیە،خەتا سەرەکیەکە لەبونی جۆری سیستەمەکەدایە،نەک لەناعەدالەتی سروشت و تواناو چالاکی مرۆڤەکان.
ئەم سەردەمەی تێیدا دەژین،لەهەر سەردەمێکی پێشوتر،دڕندانەترو وێران کاریانەترە،لەبەرئەوەی زانست و تواناکانی داهێنان و بەرهەمهێنان بەگشتی بەپێی خواستی قازانج و ململانێکانی نێوان دەوڵەتانی سەرمایەداری و شەریکاتە مۆنۆپۆڵەکانیانە،نەک بەپێی خواست و ئارەزوی کۆمەڵگەکان بێت. هەر لەم ڕوەیشەوەیە،کەدەتوانین بەیەقینەوە بڵێین؛مارکس لەسەر هەق بو،کاتێک کۆی ژیانی خۆی تەرخان کرد،بۆ دۆزینەوەی هۆکارێک کەلەپشت ململانێ چینایەتیەکان و کێ بەرکێ و دژایەتیەکانی نێوان دەوڵەتانی سەرمایەداری و سیستەمەکەیانەوەیە. تاهەیمەنەی قازانج و سەرخستنو کەڵەکەی سەرمایە مابێت،تائەو کاتەیش مرۆڤایەتی ناتونێت ڕزگاری ببێت لەجەنگەڵستانێک کەسیستەمە چینایەتیە چەوسێنەرەکان بەرهەمیان هێناوە.
شۆڕشی چینی کرێکاری کرێ گرتەو بنیات نانی کۆمەڵگەی سۆسیالیستی دواچارەسەرە بۆ گشت مرۆڤایەتی،کەدەتوانێت ڕزگاری یەکجارەکی بەدەست بهێنێت. بەبێ بونی کۆمەڵگەی سۆسیالیستی،کۆی ئاسۆ سیاسیەکانیتر،تەنها خەبات و سیاسەتیان بۆمانەوەی ئەم جەنگەڵستانە دەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە