حیزبی بێ پەیام
Wednesday, 09/05/2018, 10:37
ئەگەر بە شێوەیەکی سووک و ئاسان پێناسەی حیزب بکەین ، ئەوا دەڵێین : بریتییە لە گردبوونەوەی کۆمەڵە کەسانێک لە ڕێکخراوێکدا، کە باوەڕی تەواویان بە بیروباوەڕێکی دیاریکراوی سیاسییە و تێدەکۆشن بۆ گرتنەدەستی هەموو دەسەڵات ، یان بەشێکی ، بە مەبەستی سەپاندنی سیاسەتی خۆیان ، بە گشتیش سێ جۆر حیزب هەیە : یەکەم : حیزبی خاون ئایدۆلۆجییەکی دیاریکراو ، کە بە تەواوی پابەندە بە بەرنامە و بیرۆکەی تایبەتی خۆیەوە و لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدا ، بە موو لە ڕێبازەکەی لانادات . جۆری دووەمیش ئەو جۆرە حیزبانەیە ، کە بە پێی بارودۆخ بەرنامەکەی خۆیان دەگۆڕن . پاشان جۆری سێیەمیشیان حیزبی بنەماڵەیە ، کە کەسێکی سەر بە بنەماڵەیەکی خۆسەپێنەر سەرکردایەتی دەکات و بە چاوی مێگەل سەیری ئەندامەکانی دەکات و بە پێی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ، ڕێبازەکەی دەگۆڕێت ، بەبی ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پەیرە و پڕۆگرام و ڕای ئەندامەکانی . دوای نەمانی سەرۆکیش نەوەیەکی خۆی بەبێ هەڵبژاردن و چەپڵەی درۆی ئەندامەکانی جێگای دەگرێتەوە . بێگومان هەتا ئێستا ئەمجۆرە حیزبانە بە زۆری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا بوونیان هەیە .
ئەوەی شایانی باسە بە گشتی یەکێتی نیشتمانی و بە تایبەتیش پارتی لە جۆرەکانی حیزبی بنەماڵەن . پارتی لە ڕۆژی دروستبوونیەوە ، تا ئەمڕۆ ، کە دەکاتە ٧٢ ساڵ یەک بنەماڵە سەرکردایەتی دەکات ، یەکێتیش بە هەمان شێوە ماوەی ٤٣ ساڵە یەک بنەماڵە سەرکردایەتی دەکات و دوای نەمانی سەرۆکەکانیان نەوە و خزمەکانیان جێگایان گرتوونەتەوە و دەستیان بەسەر هەموو جومگە گرنگەکاندا گرتووە . جا لەگەڵ ئەوەشدا پرۆگرامی ئەم جووت حیزبە لەسەر کاغەز ، هاوتای پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزبە سوشیال دیموکرات و حیزبە پێشکەوتووەکانی دنیان و خاوەنی سەنتەری ستراتیجی و لێکۆڵینەوە و چەندین ڕاوێژکاری سیاسین ، بەڵام لەو هەموو ماوە دوورودرێژەدا نەیانتوانیوە کورد بگەیینە کەنارێکی ئارام ، چونکە سیاسەتی ئەم حیزبانە تەنها سەرۆک خۆیەتی و لە پێناوی مانەوە و بەرژەوەندی خۆیدا ئەوەی ویستبێتی کردوویەتی، بەبێ ئەوەی ڕێز ، یان حسابی چڵە پووشێک بۆ پەیڕە و پڕۆگرام و سەنتەری ستراتیجی و ڕاوێژکاری سیاسی و ئەندامەکانی حیزبەکەی بکات . لە ساڵی ١٩٧٥ دا و بۆ ئەوەی جڵەوی شۆڕشی ئەیلول نەکەوێتە دەستی کەسانی تر ، بە فەرمانی یەک لایەنەی سەرۆکی پارتی ، جاڕی ئاشبەتاڵ درا و نزیکەی ( ١٢٠ ) هەزار پێشمەرگەی ئازا چەکی دانا و میللەت و وڵاتیان ڕووبەرووی مەترسی گەورە و گران کردەوە . لە ساڵی ٢٠١٧ دا و بە بێ بوونی پایەکانی دەوڵەت و پشتگیری دنیای دەرەوە و یەکڕیزی ناوەوە ، مەسعود بارزانی بڕیاری ریفراندۆم دەدات و بە دەمی خۆشی دەڵێت : ( حساب بۆ یەک کەس ناکەم ) ، واتە گویێ لە کەس ناگرم و بڕیاریش تەنها بڕیاری خۆمە . ئەنجامەکەشی ئەو ماڵوێرانییە بوو ، کە بە چاوی خۆمان بینیمان . لە ساڵی ١٩٦٤ دا جەلال تالەبانی بە بیانووی ئەوەی مەلا مستەفا عەشایەر و کۆنەپەرست و تاکڕەوە ، چەک بە روویدا هەڵدەگرێت و ئاگری شەڕی براکوژی هەڵدەگیرسێت و هەزاران ڕۆڵەی هەژار دەبنە خۆراکی ئەو شەڕە نەگریسە ، پاش ڕاپەرینیش دژایەتی نێوانیان بە فووی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان سەرلەنوێ دەگەشیتەوە و گڕ و بڵیسەی ئێسک و پروسکی هەزاران ڕۆلەی کورد دەکات بە سوتوو ، کەچی جەلال تالەبانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار ، دەچیتە سەر گۆڕی بارزانی و داوای لێبوردنی لێدەکات و لە پرسەی حەمایل خانی دایکی مەسعود بارزانیشدا بە دەمی خۆی دەڵێت : ( لە پشت هەموو مرۆڤێکی مەزنەوە ژنێک هەیە ) . جا ئەگەر بارزانی مەزن بوو ، ئەی ئەو هەموو خوێنەتان بۆ ڕشت ؟! . ئەمانە نموونەی خەروارێکن لە هەڵویستی خۆ پەرستانەی سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی پارتی و یەکێتی . بە کورتی لە حیزبی بنەماڵەدا سەرجەم ئەندامەکانی ڕۆڵی تووتی دەبینن و سەرۆک هەموو شتێکە و سیاسەتیش بۆ بەرژەوەندی و مانەوەی خۆی دەکات . بەردەوامیش لە هەوڵی سرینەوەی بەرامبەرەکەیدایە ، تا بەتەنها خۆی بەشی شێری بەربکەوێت . جا لەبەرئەوەی پارتی لە فێڵ و تەڵەکە و دانووساندا ئەزموونی لە یەکێتی زیاترە ، ئەوا توانیویەتی دەست بەسەر سەروەت و سامانی هەرێمدا بگرێت و ڕیزەکانی یەکێتی پەرت و لاوازبکات و بیکات بە پاشکۆ و شاگردی خۆی . هەر بیرکردنەوەی پارتیشە لە ناوچەی سلێمانیدا لە هەوڵی دروستکردنی قەوارە و هەڵخەڵەتاندنی ئەندامی حیزبەکانی تردایە . ئەم سیاسەتە قۆرخکارییە چەوتەشە کارێکی وایکردووە ماوەی بیستوحەوت ساڵە نەیانتوانیوە لە دەسەڵاتدا بەرنامەکانی خۆیان لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدا جێبەجێ بکەن ، ئەوەندی لە هەوڵ و خەمی مانەوەی خۆیان و لاوازکردن و شکاندنی شکۆی یەکتری و لایەنەکانی تردا بوون ، ئەوەندە لە خەمی دواڕۆژی میللەتدا نەبوون . جا ئەگەر ئەم دوو حیزبە بە تەنگ کێشەی میللەتەوە بوونایە ، ئەوا دەبوو باوەڕی تەواوایان بە دەستاودەستی دەسەڵات هەبووایە و دوای داخستنی پەرلەمان و شکستە گەورەکەی ریفڕاندۆم . وازیان لە دەسەڵات بهێنایە و لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردنیان بکردایە و هەرێمیان لەو حاڵە نالەبارەی ئەمڕۆ ڕزگاربکردایە ، کەچی بۆ بەرژەوەندی خۆیان هاتوون ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمیان خستۆتە دوای هەڵبژاردنی عیراقەوە ، تا ئەگەر لە هەڵبژاردنی عیراقدا وەک پێشوو دەنگی خۆیان هێنایەوە و سەنگ و قورسایی خۆیان بە دڵبوو ، ئەوا بێ ترس بڕیاری هەڵبژاردن لە هەرێمدا دیاری دەکەن ، خۆ ئەگەر نەشیانتوانی ساختە بکەن و دەنگیێان نەهێنا و تووشی شکستبوون ، ئەوا بە بیانووی جیاوازی بێ بنەما هەڵبژاردنی هەرێم دوادەخەن و بە تۆپزی لەسەر کورسی دەسەڵات دەمێننەوە ... وەک ڕۆژی ڕووناکیش لێم ئاشکرایە ، مانەوەی ئەم حیزبە بێ پەیامانە ، لە نسکۆیەکەوە دەماندەنە دەست نسکۆیەکی گەورەتر ، ئەو کاتە دەبێ خەونی ڕزگاری کورد ، وەک کورتانەکەی جەجاڵ سەرلەنوێ لەسەرەوە بدروێنەوە ، کە دیارە ئەمەش خاوەی نەزانینی خۆمانە و دەبێ بیدەین .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست