من تەنها کوردم سیاسی نیم
Tuesday, 08/05/2018, 13:23
ــ چەپڵە پاداشتە بۆ دوای کردارێ نەوەک لێبدرێ لە دوای گفتارێ
ــ کوردستان بە کەس ناکرێتە ئەوروپای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەی کە دەوترێت درۆی شاخدارە، درۆی پێش هەڵبژاردنەکانە.
ــ پیرۆزە کاکی پەرلەمەنتار موچەی ٣٠ ملیۆن دیناری و ٣٠ حیمایەی وەهمی، پاش چوار ساڵیش، خانەنشینێ بە ٤ ملیۆن دینار.
ــ بۆ ئێمەش گیرفانی بەتاڵ، وەک پیرەمێردی شاعیریش دەفەرموێت:
بە چۆڕ چۆڕ ئەدرێ مەعاشمان
هێشتا هەر نەزان ئەیگێڕێ ئاشامان
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
زۆر دەمێکە دەمەوێت لەو ڕاستییە تێبگەم کە مانای هەڵبژاردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە کوردستانی باشوردا چییە!، بەڵام پاش ڕۆیشتنی نیوەی تەمەنەم گەیشتمە ئەو بڕوایەی، کە دەنگدان و هەڵبژاردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوکەڵەیەکی منداڵانەیە بەدەست ڕۆژئاوا و دەستی دنیای سەرمایەداری. ئەوەی پێی وابێت بەهەڵبژاردن هاوکێشە سیاسییەکان دەگۆڕدرێت خەونێکی شاعیرانەیە و غەدر لەخۆی دەکات، ئێستاش بڕوا ناکات ڕۆژێ دێت هەر بڕوا بەم ووتەیەی من بکات، کە خستومەتە ڕوو بۆ ڕای گشتی.
ئێستا سندوقەکانی هەڵبژاردن لە لای من تاکە پێڵاوێکی شڕی ڕزیوی کچۆڵەیەکی تازەپێگەیشتووە ناهێنێت، کە لە کاتی ئەنفالکراوی زیندەبەچاڵ کراوی بیابانەکانی عەرعەر بۆ نووسینەوەی مێژووی ئەنفالی کورد بۆمان جێما! ئەو تاکە پێڵاوە رزیوە، زۆر بەقیمەتر و بەڕێزترە، لەو سندوقەی کە دانراوە بۆ دەنگدان، چونکە ئەنفالەکان بوونە مێژوویەک و بوونە خەباتی میللەتێک، بەڵام ئەو سندوقانە رەمزە بۆ دانانی کەسانێک، کە هیچیان کار بۆ گەل و نیشتیمان ناکەن، بەڵکو بۆ گیرفان و دەستکەوتی سیاسیی و مادیی. خۆیان. دروستکردنی لەشکرێك لە ئەندام پەرلەمانی نەزان و کۆیلەی حیزبەکان ئەوپەری گەوجێتی مرۆڤەکان نیشان دەدات، هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدان جێگەی زبڵدانی مێژووە، ئەوەی کە هەیە لە ژێرناوی دروستکردنی هێزی تازە و ئۆپۆزیسیۆنی شەرمنانە و دەستەمۆکراو، تەنها کات بەڕێکردنە.
ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەم سیاسییە دەم وچاو سواو و بێزراوانە، کە باسی جۆتێ پاتەی لاستیك دەکەن کاتی خۆی بەشاخەوە دڕاندوویانە، ئەو کاتانە بوو، کە پێیەکیان لەناو دوژمن و پێیەکی تریشیان لەناو میللەتدا بوو، میللەتیان پێ گەوج دەکرد.
ئێستا کوردستان، نە ئەوروپا و نە سویدە، نە نەرویج و نە ئەمریکایە، تا دیموکراتیەتی عەیارە بیست و چواری تێدا جێ بەجێ بکرێت، کەواتە چوون و نەچوونی تۆی هاوڵاتی و داماو، تۆی گیرفان بەتاڵ و غەدرلێکراو، هیچ لە هاوکێشە سیاسییەکان ناگۆڕێت، ئەگەر بشگۆرێت کاری پێ ناکرێت، چونکە دنیایەك هاوكێشەی سیاسی و ناوچەیی و نێو دەوڵەتی لەپشتەوەیە، بەدیوێکی تردا منی هاوڵاتی بۆ ناچار بکرێم دەنگ بدەمە کەسێکی دۆڕاوی ناو حیزبەکان بەدەسەڵات و ئۆزیسیۆنەوە، کە مانگانە جەنابیان 30 ملیۆن دینار وەربگرن بێ عارەق کردنەوە لەگەڵ پارەی سی دانە حیمایەی وەهمی ؟!
من تێناگەم ئەم میللەتە داماوە غەدر لێکراوە تاکەی بیر لە خۆیان ناکەنەوە، ئەم خۆگەوجاندنە تاکەی؟!
پڕ بەقوڕگم دەڵێم من تەنها کوردم باوەڕم بەسیاسییەکان نەماوە، چونکە هەرچیان هەڵدەسێت کۆڵێك درۆی شاخدار بۆ ئەم خەڵکە دەکات و دوای هەڵبژاردنەکانیش ئەندام پەرلەمانەکان دەچنە نێو کەژاوەی سەیارەی دەرع و لیکزسە سفرەکان، لەگەڵ بەڕێکردنی شەوە سورەکانیان لە باخ و ڤێلاکانیانەوە جار جارە وەکو شەوچەرەی شەوە درێژەکانی زستان، ئەگەر فەقیر و هەژارەکانیان بیردەکەوێتەوە دێنە بەر رووپەڕی رۆژنامە و کەناڵی تەلەفیزیۆنەکان و قسەی زل زل دەکەن، لە دڵیشدا باسی و تێکەڵاوی پێکێ عارەق و مەزەی شەوانیان دەکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست