کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خالید زامدار هونەرمەندە زامدار و ناکامەکە (بەشی 4)

Thursday, 10/05/2018, 0:26


ئەو کات لە سلێمانی جگە لە زامدار،هونەرمەندی شێوەکار کە نێو و نێوبانگێکی هەبێت جەمال بەختیار بو،عەلی جۆڵا، ئیسماعیل خەیات و عەلی لەتیف و..دەرنەکەوتبون . عەزیز سەلیم یش هونەرمەندێکی رۆژهەڵات بو،جاروبار دەهاتە سلێمانی.. یەکێک لەو جارانە چەند تابلۆیەکی بە بۆیەی زە یت نەخشاندبو، لە سینەمای سیروان نمایشی کردن.تابلۆیەکی حەپسەخانی نەقیب دانیشتووە و جگەرەیەک لەسەر ژێرجگەرەیەک لەبەردەمیدا،سوتوی جگەرەکە درێژبۆتەوە،تۆ هەر سەرنجی لێ قوڵدەکەیتەەوە،واهەست دەکەیت ئەها ئێستا سوتووەکە دەوەرێت!! تابلۆی دوەمیان کچە قەرەجێکی نەشمیلە بو، بە پۆشاکێکی شڕو دڕەوە، قۆڵی چاکەت یا کەوڵەکەی کونێکی تێدایە، مرۆڤــ هەست دەکات دەتوانیت پەنجە بەو کونەدا بکات و سەری پەنجەی بەرپیستی ئەو کچۆڵە چاوڕەشە بکەوێت !! لەهەمو ژیانمدا هیچ تابلۆیەک ئەوەندە سەرنجی رانەکێشاوم و گەش و زیندوش لە بیرەوەریمدا بمێنێتەوە.دواتر هونەرمەندانی شێوەکار عەلی جۆڵا و ئیسماعیل خەیات و عەلی لەتیف دەرکەوتن بەڵام سلێمانی جواننوسی گەورەی تێدابو، سەید موحسین شێخی جواننوسانی کوردی باشوربو،مامۆستا عەلی عومەر و حەمەی ئەحمەدی تەها وسەرتۆپی جواننوسەکان بون، زامداریش چوارەمیان بو. ئەوەشمان لەیادبێت کە مەزنترین جواننوسی گەلانی موسوڵمان ئامەدی(دیاربەکریی) یە کەتوانیویەتی سورەتی فاتیحا(سورەڕلفاتحە)کە29 وشەیە لە سەر دەنکێک برنج بنوسێت!! وەک شانازیکردنیش بە کوردبونی خۆیەوە هەمو بەرهەمەکانی بەناوی ئامەدی واژو کردووە .
هاورێیەتیم لەگەڵ زامداردا ماوەی پتر لە 23 ساڵ بەردەوامبو،لەو ماوەیەدا لەلایەنی هونەرییەوە کەڵکم لێوەرگرت بەتایبەتیش لە هونەری جواننوسی دا.ساڵی1973بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی خولێکی بۆ جواننوسیی کردەوە،نزیکەی چل مامۆستا بەشداربون ، بەندە پلەی یەکەمم وەرگرت و برای ئازیزم مامۆستا عەلی کەمال محەمەد ئەمین پلەی دوەم و مامۆستا رەسوڵ دەروێش قادر پلەی سێیەم.لەماوەی ئەو 23 ساڵەدا،بەر لە هەرەسی شۆڕشی ئەیلول لە1975دابە مانگێک،چومە شارۆچکەی کامێران بۆ سەردانی ماڵەوە ومنداڵەکانم لە کەمپی پەنابەران،کەسێکی کە زۆر جێگەی باوەڕو متمانەم بو، دەمانچەکەمم پێسپارد،خالید زامدار بو،ئەوەبو شۆڕشەکە هەرەسی هێنا..دواتر بیستمەوە دمانچەکە کەوتبووە دەست پێشمەرگەی دێرین و ناسراو شەهید غەریب(غەریبی ئەمینی خولەی بوک)!کە چومە خزمەتی وتی کاکە من کڕیبوم،چەند کەسێکیش ئاگادارن.ئەوساو تەنها ئەوەندەم وت و ئێستاش هەر ئەوەندە دەڵێم(روی نەبونی رەش بێت وگەردنت خۆش وئازاد بێت) دیارە کاک غەریبیش هیچ گلەییەکی ناکەوێتە سەر.
هەمو هۆکارە نالەبارەکان پێکەوە کاریگەریی خراپ لەتەندروستی زامدار دەکەن، زیادەرۆیی مەی خواردنەوە هەتا ئاستی ئالودەبون و جگەرەکێشانی زۆر،دوچاری نەخۆشی ئاوسان و رەقبونی جگەر بو،پارێزیشی نەدەکر یا پەیڕەویی رێنماییەکانی پزیشک بکات ، دەستبەرداری جگەرە و خواردنەوەی ئەلکول ببێت یا کەمیان بکاتەوە وچارەسەرەکان بەکاربهێنێت، بەرگەی نەگرت و نەخۆشییەکە بەسەریدا زاڵبو،زۆر زو لە هەڕەتی لاویدا جوانەمەرگ بو و بەناکامیی و بێناز سەرینایەوە. چۆن بێناز جێیهێشتین، هەروا بێنازیش مایەوە، جگە لە هۆنەری مەزن شێرکۆ بێکەس کە لە هۆنراوەیەکیدا بەسەریکردۆتەوە،هیچ لایەنێکی هونەریی،کولتوریی،روناکبیریی ،دەسەڵات ئاوڕێکیان لێنەداوەتەوە.
ژێدەرەکان: 
1 ـ ئەحمەد ئەفراسیاب : گەراجی چاککردنەوەی ئوتومبیلی هەیە . 
2ـ ئەحمەد حەمە سور: پزیشکی ددان لە ئەڵەمانیا دەژیا،لە روداوێکی دڵتەزێندا کوژرا.
3 ـ ئەحمەد عەبدوڵا: مامۆستای خانەنشینە.
4 ـ بەختیار ئەحمەد شوکری: کارمەندە لە میوانخانەی باران لە سلێمانی.
5 ـ بەهادین عەبدوڵا:کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژاندنەوەی سلێمانی بو،سەرەتای هەشتاکان شەهیدکرا.
6 ـ جەلال عەباس: برینپێچ، ئێستا خانەنشینە.
7 ـ جەمال محەمەد:دوکاندار بو لە بازاڕی مەزاتخانەکەی سلێمانی، لەژیاندا نەماوە.
8 ـ جەمال شێخ محەمەد:مامۆستای سەرەتایی بو،چوە بەغداو زانکۆی تەواوکرد و لەپڕێکدا بوبە ئەفسەر لەسوپای عێراقدا ودەیویست لەسلێمانی رۆڵی کوڕەئازاکە ببینێت!!
9 ـ وریامحەمەد ئەمین: کرێکار بو لەکارگەی جگەرەی سلێمانی، لەژیاندا نەماوە.
10 ـ کامیل عەبدوڵا: فەرمانبەری خانەنشینە.
11 ـ کەریم رەمەزان : فەرمانبەر، خانەنشینە.
12 ـ مارف حەسەن: مامۆستای وەرزش،خانەنشینە ولە وڵاتی سوید دەژی.
13 ـ نەژاد عەبدوڵا دارتاش : فەرمانبەر، لە ژیاندا نەماوە.
14 ـ عەلی دەروێش کەریم : کاسب .
15ـ عەلی جەعفەر : ئەفسەری پۆلیس، خانەنشینە.
16 ـ عەلی محەمەد مامە : پێشمەرگەی دێرین و زیندانی سیاسیی.
17 ـ عەلی سەعید کونجرینی : مفەوەزی پۆلیس، لەهەڕەتی لاویدا جوانەمەرگ بو.
18ـ عەلی سەعید : پزیشک، وەزیری خانەنشینکراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
19 ـ عەلی قادر: فەرمانبەری خانەنشین لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی. 
20 ـ عەتا مستەفا: ئەفسەری خانەنشین لە سوپای عێراق.
21 ـ عومەر سەعدون: وردەکاسپی دەکرد لەناو بازاڕ.
22 ـ فەرهاد قەفتان: مفەوەزی خانەنشین،ئیستا لە سوید دەژی.
23 ـ سەباح نوری عارف: ئەفسەری خانەنشین لە سوپای عێراق.
24 ـ سدیق ؟ جابی پاسەکانی هاتوچۆ، لە سەرو مزگەوتی گەورەی سلێمانی بەناڕەوا شەهیدکرا. 
25 ـ ساڵح عەبدوڵا: خەڵکی گەڕەکی مەڵکەندیی ..
26 ـ خالید محەمەد ئەمین : زامداری هونەرمەند.
27خەسرەو حەمید بابان : مامۆستای خانەنشینە.
28 ـ نەوزاد سابیر قەرەداخی: کادیری پارتی لە لقی چوار.
29 ـ نوری کەریم ئەحمەد : بەندە مامۆستای خانەنشینە و لە ئەڵەمانیا دەژی.
30 ـ رەوف سەعید : رەوفی حاجی سەعیدی کونجرینی مامۆستای خانەنشینە.
31 ـ رەوف تۆفیق عەبدوڵا : فەرمانبەری خانەنشینە.
32 ـ شاکیر سەعید: مامۆستای خانەنشینە.
33 ـ شەوکەت مستەفاچنگیانی: مامۆستا،1992 بە ناڕەوا شەهیدکرا.
******

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە