کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خالید زامدار هونەرمەندە زامدار و ناکامەکە (بەشی 3)

Wednesday, 09/05/2018, 10:32


لەو یادگارییە بەرهەستانەی زامدار کە جێگەی تایبەتیان لە دڵمدا هەیە وخۆشبەختانە بەشێکی نەفەوتاون، ئەو دەفتەرە بچکۆلەیە بو کە بابەتە دڵگیر و پەسەندەکانمان تێدا تۆماردەکرد، هێشتا بە پاک و پوختی پاراستومە،ئەم چەند هێڵکارییەی تێدایە کە لێرەدا دەیانخەمە بەرچاو،جگە لە چوار تابلۆی چوار وەرزەکەی ساڵ بەهار،هاوین،پایز و زستان کە 1967 بەتایبەتی لە سەر چەند پارچەیەک قەدى دار و درەخت نەخشاندویەتی. قەدی دارێکی دەکرد بەچەند بەشێکەوە و بە شێوەی بادەمیی دەیبڕینەوە و ئینجا بە تەنور یا فڕن یا وشکیدەکردنەوە و بە بۆیەی رۆن کاری لەسەردەکرد.ئەو چوار وەرزەی بەتایبەتیی کرد کە پێشکەشی منی بکات . ئەو چوارتابلۆیە وەک خۆیان ماون ، نە رەنگەکان و نە دارو توێکڵیان گۆڕانییان بەسەردا نەهاتووە،بەڵام ئێستا لە سلێمانین ولە گەڵ ئەم وتارەدا نایەتە بەرچاوخستن.دەفتەرێکی دیکەش کە داخەکەم فەوتا،چەند چیرۆکێکی تێدا نوسیبووەوە و بەوێنەش رازاندبونییەوە، وەک چیرۆکە ئەفسانەییەکەی دوانزە سوارەی مەریوان، نوسینی پیرەمێردی بلیمەت،بوکی ژێردەواری رەش، نوسینی مستەفا ساڵح کەریم.
کێلێکی بەرزیش بەقەد باڵای شەم 
لەژورسەرم بێ بێ زیاد و بێ کەم
بزانێ کوشتەی دەستی خۆیەتی
بۆیە لە خاکا رەنگ و بۆیەتی
(وەلی دێوانە)

 
وێنەکە: پایزی1970 گوندی خەمزە.لەڕاستەوە،مامۆستا کەریم مارف خەمزەیی،شەهید مامۆستا شەوکەت مستەفاچنگیانی،هونەرمەند خالید زامدار،مامۆستا نوری کەریم.ئەو سیانەمان مامۆستای وانەبێژی خوێندنگەکەی خەمزەبوین

هەرکاتێکیکیش زامدار زامەکەی دەکولایەوە، زۆر بەکوڵ و دڵ چەند دێڕێکی وەلی دێوانەی دەوتەوە و چاوەکانی پڕدەبون لەئاوی حەسرەت و ئاهێکی هەڵدەکێشا بۆنکروزی لێهەڵدەستا.. 
(دور لەباڵاکەت باوانت شێوێ لەخزم و خوێشان کەستان نەمێنێ) وەلی دێوانە
یا ئەم چەند دێرەی لە هۆنراوە بەنێوبانگەکەی وەلی دێوانە دەوتەوە :
ئەی شەمی شەوان ئەی شەمی شەوان
 ئەی شەمی بەشەوق چلچرای شەوان
من بوم موشتەری خاڵ بێ خەوشەکەت
من بوم بەسەرگەرد گەردی کەوشەکەت
من سکەم بەناو مەحبوبیت لێدا
رەواجم پێدا بە شار و دێدا
بۆ بێگانەیەک منت لەبیرکرد
دەک بێ بەڵا بی ئەمەت بۆچی کرد؟
ئەم دەمە زامدار شوێنکار ـ دوکانەکەیی گواستەوە بۆ شەقامی پیرەمیرد و دوای ماوەیەک چوە دۆکانێکی بچوکەوە لە ئەوبەری هەمان شەقام و دواجاریش باریکرد بۆ شەقامی سابونکاران و ئێستەش ئەو شوێنکارەی هەرماوە و کاک جەباری خوشکەزای بەڕێوەی دەبات.
کارەکتەر وخەسلەتەکانی: خالید زامدار کەسێکی سادەو روخۆش وکۆمەڵایەتیی،بەئاسانی دەبووە هاوڕی و دۆستی هەرکەسێک،کوردێکی پاک و خەمخۆری کورد،شەیدای وشەی کوردیی و زمان و وێژەی کورد،خوێنەرێکی چاک و شیعردۆست. حەزی لە پۆشاکی جوان بو، جوانپۆش و رێکپۆش، ئالودەی چەند شتێک بو،هونەر و وێژە ، مەی و جگەرە ..هەرگیز پارەو پول باخەڵیان گەرم نەکردەوە، ئەویش وەک هۆنەری گەورەی کورد (مەدهۆش)ی بەرگدرو،هیچ کات پارەیان لەگیرفاندا نەبو،کورد وتەنی(ئەسپێ لە باخەڵیا، سەوزەڵێ خانم دەڵێ). شایانی وتنە ئەو تراژیدیاو زامەقوڵەی هەناوی زامداری ئەنجن ئەنجن کرد، ساڵی 1967یا1968چزەی لە دڵە ناسکەکەی جەمال شارباژێڕی شاعیریش هەستاند کە چیرۆکێکی راستینەی ئەوینداریی لەگەڵ (پەری) دڵدار و دڵخوازیدا دەنوسییەوە،بەڵام کەسوکاری (پەری) بە تۆپزیی و توندوتیژیی لەیەکتریان دادەبڕن و جەمال شارباژێڕیش ئازار و سوێی زامەکانی بەوە ئەهۆن دەکاتەوە بە دەنگی بەرز بە دۆست و دوژمن بڵێت: 
لە زۆر کەس وایە من ئیتر یادی پەری ناکەم
درۆیە تاکو من مابم لە ئەو خۆم بێبەری ناکەم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە