کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خوانی سپی و بەختیار عەلی

Tuesday, 01/05/2018, 18:55


هەر لە سەرەتای بەهارەوە هەمو ڕۆژێک لە پاریس بۆنەیەکە؛ شەوێک خەڵکی بە پاسکیل بە پاریسا دەپەڕنەوە، شەوێکی تر بە تایەی ژێر پا، شەوێک ئاهەنگی مۆسیقایە، شەوێک ناونراوە شەوی سپی ئەو شەوە هەمو مۆزەخانەکان کراوەن بە خۆڕایی سەردانیان دەکەیت. ڕۆژێکی تر ڕۆژی مۆنیمۆنتەکانە، هەموو ئەو مۆنیمۆنتە مێژویانە لە بچوکترینیانەوە هەتا کۆشکی ئێلیزێی سەرۆک کۆمار. سەرە گیراوە، هەندیک جار سەرەکە چەند سەد مەترێکە. پاشان مانگی حەوت و هەشت سەر کەناری سین دەکەن بە لم و چەو، دەبێتە پاریسی سەر دەریا.
---------------------------------------
یەکێک لەو بۆنانەی کە تایبەتە بە کەسانی دەولەمەند و لەم چەند ساڵانی دواییدا داهێنراوە، پێی دەوترێت خوانی سپی، هەمو ساڵێک لە هەشتی مانگی حەوتا، چەند سەعاتێک پێش بۆنەکە، بڕیار ئەدەن لەسەر ئەنتەرنێت لە چ شوێنێکی پاریسدا بنیشنەوە؛ کوڕان و کچان خۆیان سەرتاپا جلکی سپی پۆشیوە، بە کورسی و مێزی سەفەری و سەفەرتازی نان خواردنەوە لەگەڵ بتلە شەرابەکانیان دەگەنە شوێنێک لە پاریس و هەتا یەکی شەو دەخۆن و دەخۆنەوە.
پارساڵ کە ژمارەیان نزیکەی هەشت هەزار کەس دەبوو لە نزیک بینای شارەوانی پاریس لە سەنتەری پاریس نیشتنەوە . ئەم بۆنەیە یەکێکە لەو بۆنە شازانەی تایبەتە بە خەڵکی بۆرژوا و زۆر کەم کەسانی ئەجنەبی تیا بەدی دەکرێت. هەروەها ئەو شوێنانەی هەڵی دەبژێرن سەنتەرو ڕۆژئاوای پاریسە و هەتاوەکو ئێستاکە ئەو سێ گۆشەیەی تێ نەپەڕاندوە کە نووسەری بەناوبانگی فەرەنسی؛ لوی فێردینان سێلین 1894-1961 باسی دەکات، دەنا خوانەکەیان لێ دەبێتە قوزەڵقورت.
هەر لە کۆنەوە دەولەمەندەکان ڕۆژئاوای پاریسیان هەڵبژاردوە لەبەر ئەوەی کارگەکان لە ڕۆژهەلات بوون و ئاو وهەوای پاکتر بووە لە ڕۆژئاوا، درەخت و دارستانیشی زۆرتربووە، کۆشکی ڤێرسای ەر بەو بۆنەیەوە لە ڕۆژئاوای پاریسدایە.
ئەو سێگۆشەیە کوێیە کە سێلین باسی دەکات؟
سێلین دەڵێت؛ ئەو بەشەی کە وەک پارچە کێکێک وایە، لە دەرگای شامپێغێوە دەست پێدەکات هەتا دەرگای سانت کلود، سەری سێگۆشەکە ئەگاتە کۆشکی لۆڤەر، وەک پارچەیەک کێکی خۆش، ئیتر باقیەکەی تری پاریس هەمووی ڕەشایی و ئەشکەنجە و هەژارییە.
سێلین، لە کتێبیی مردن بە قەرز، کە بەشیکە لە بیۆگرافی خۆی، کاتێک، کە گەنج بووە لای کابرایەکی ئێدیتەر، کاردەکات، کە بە دەرکردنی ڕۆژنامەیەکەوە خەریک بووە بۆ بژێوی ژیانی ، کابرا لە ژیانێکی نەبوونیدا دەژی.
ئیوارەیەک سێلین دەباتە سەربانی ماڵەکەی و پاریسی پیشان ئەدا، کە چۆن گڵۆپی هەموو ئەپارتومەنتەکان داگیرساوە، ئەڵێت؛ ئەزانی ئەو هەموو خەڵکە خەریکی چین؟ ئەوانە هەموویان خەریکی نان خواردنن، باشتر وایە کارێک بدۆزینەوە، کە پەیوەندی بە نانخواردنەوە هەبێت هەتاوەکوو لەم ژیانی کولەمەرگییە ڕزگارمان بێت.
ئیتر دەست دەکەن بە پەتاتە چاندن، بەلام لەم کارەشدا هەوڵ ئەدەن هەر داهێنان بکەن، گوایە پەتاتەی گەورە بەرهەم دەهێنن بە بەکار هێنانی ئەلکرتۆ شۆک؛ کارەبا ئەدەن لە پەتاتەکان. لە کۆتاییدا لەم کارەشدا سەرکەوتو نابن. بەیانییەکی بەهارە، باران باریوە، سێلین سەرۆک کارەکەی دەبینێتەوە ڕاکشاوە لەسەر رێگایەکی قوڕاوی بە بارانی بەهار، لولەی تفەنگێک لە قوڕگیدا گیراوە.
سێلین پاریسیەکی ڕەسەنە و کە باسی پاریس و خەڵکی پاریس دەکات وەک دکتۆرێک باسی جومگە و هەیکەلی دەکات، دەڵێت: ئەم پاریسیانە هەمیشە وای پیشان ئەدەن کە خەریکن بەکارێکەوە؛ هەڵپە هەڵپە و راکەراکە، بەڵگە بۆ ئەوەی، کە بە هیچەوە سەرقاڵ نین، ئەوەیە کە ڕۆژێک هەوا خۆش دەبێت، دەیان بینیت لەبەر ئەو هەتاوە لێی پاڵ کەوتون و قاوە دەخۆنەوە. 
هەرچەندە سێلین تۆمەتی بە تێکەڵبونی لەگەل نازیەکاندا بەسەردا شکاوەتەوە، بەلام هەرگیز گەورەیی و جێگای سێلینی لە لیتێراتوری فەرنسیدا کەم نەکردۆتەوە.
سێلین وەک زۆر لە نوسەرە گەورەکان وشەو زاراوەی پۆپیەلەر بەکار دەهێنێت.
بەختیار عەلیش هەوڵی داوە ئەم زمانە بەکار بهێنێت، بەلام زیاتر فەرهاد پیربال سەرکەوتو بووە لەم کارەدا. پاش بەکار هێنانی چەند وشەیەکی سەیر و سەمەری وەک ؛ خالیس، غایەت، ئیقاعاتی بەهێز، وشی تیاتر لە بری شانۆ، هەر خێرا بەختیار عەلی دەکەوێتە عەزفی فلوتی مۆسیقارە سپیەکان، بەڵام چ فلوتێک! فلوتیک کە پێشمەرگەیەک ئەو ڕۆژە دڵخۆشە کە کەسێکی نەکوشتوە لەبەر ئەوەی کە گوێی لەو فلوتە بوە.

‌وادیارە کە هەر ئەم فلوتەشە کە بۆتە مشتەی ناو هەمانەکە و کێشاویەتی بەسەری بەختیارداو خپی کردوە. وتم ئێ باشە راست دەکات، دەمان بینی کەسانێک عەزفیان دەکرد بەلام بۆچی وشەی ژەنین نابینم لە ڕۆمانەکەی بەختیاردا ؟
کاتێک وشەی ژەنین دەبیستین، کە بەختیار عەلی دەگاتە خواروی عێراق، لەوایادا گوێت لە دەنگی بۆڕە بۆڕی ڕەبابەیەکی نەشازە. عەزف بە فلوتەوە بەسراوەتەوە، ژەنینیش بە ڕەبابەی نەشازەوە ؟ پاشان پرسیارم لەخۆم کرد ؛ وتم کە ئایا کاک بەختیار لە کوێ گوێی لەم فلوتە بووە کە ئێمە گوێمان لێ نەبووە! چونکە دایکم کاتێک کۆچی دوایی کرد لە لەندەن، وتی سێرێمۆنی دینیم ناوێت، تەنها شمشالەکەی قالەمەڕەم بەسە، دایکم نەیدەزانی فلوت و عەزف چیە، قالە مەڕەش بەهەمان شێوە نەی دەزانی عەزف چییە. کەواتە بەختیار عەلی لە کوێ گوێی لەم فلوتە بووە؟ ئەو فلوتەی کە جەلادێکی وەک سامیری بابلی کە چاوی مرۆڤی بە زیندویی هەڵکۆڵیوە بە بیستنی عەزفی فلوتێک، کتوپڕ بۆتە پەریەکی باڵدار و دەیەوێت لەلایەن جەلادەتی کۆتری عازفی فلوت دادگایی تاوانەکانی بکرێت. جەلادەتی کۆتر، کە گوێی لە نمەی باران بووە بەهەمو جومگەکانی ژیاندا تێپەڕیوە بۆ ئەوەی بتوانێت فلوتمان بۆعەزف بکات. پێ دەچێت ئەو فلوتەی بەختیار عەلی گوێی لێبوبێت ئەو فلوتە بێت کە لەگەڵ وشەی عەزفی ساڵانی هەفتا گەیشتە کوردستان، کاتێک کە مۆسیقارە شەڕوال لەبەرەکان لەبەردەم چەند نۆتێکی مۆسیقادا هێندەی نۆتی نوکە نوکی زەرنەقوتەیەک دەوەستان بە ترس و لەرزەوە، ئێمەشاین دەخستە دڵ لەرزینەوە؛ یا حافیز و یا مەحفوز، چش لە مۆسیقا و لە ئاهەنگ، گرنگ ئەوەیە، کە نۆتەکان وەک خۆی عەزف بکەن و هەڵە نەکەن. هێندەی نوکەی زەرنەقوتەیەک دەیان خوێند و، هێندەی بالە فڕێی ئەوان هەر خێرا دەکەوتنەوە بەزەویدا، دەکەوتنەوە ناو هێلانەکەیان، ئێمەش هەناسەیەکی سەبوریمان دەداو گیانێک دەهاتەوە بە خۆمانا و دەمانوت ؛ ئۆخەی لە هێلانەکە نەکەوتنە خوارێ .
کاتێک ڕۆمانێک، چیرۆکێک، شیعرێک، تابلۆیەک دەبینین یان دەیخوێنیتەوە، یەکەم پرسیار، کە بە بیرماندا تێپەر دەبێت ئەوەیە کە ئایا ئەم چیرۆکە لە ڕۆحێکی ڕاستگۆوە هەڵقوڵاوە، یان لە ڕۆحێکی پلاستیکی دروستکراو لەبەردەم عازفێکی فلوت کە هەستی خۆبەکەم زانین، هێشتا وەک مۆتەکە بەسەریا زاڵە و بالەکانی شکاندوە ؟ وادایارە کە ڕۆمانەکەی بەختیار عەلی پڕە لە دروستکراو بەزۆر ڕوداوەکان لکێندراون پێکەوە، هەتاوەکو لە سوپەرمارکێتەکانی ئەوروپادا بفرۆشرێن.
ئیتر لەو ڕۆژەوەی کە بەختیار عەلی تۆراوە، لەبەر ئەوەی خەڵکی گوێیان لە عەزفی فلوتەکەی نەگرت، پاش چەند ساڵێک بینیمانەوە بەبێ هیج وتەیەک یان کۆمێنتێک لەبەردەم پەیکەرەکەی خۆیدا، وەک ئەوەی پێمان بڵیت ؛ وەرن بمبینن، ئەوەتا ئێوە کە گوێتان لە فلوتەکەم نەگرت، خەڵکی پەیکەرم بۆ دروست دەکەن و خەلاتم دەدەنێ. بۆیە خەڵکی کوردستانیش ناچار لەبەر ئەوەی نازانن فلوت عەزف بکەن گۆرانی فۆلکلۆری؛
وەتۆری کرد وەتۆریان، نازدارەکەم کێ لێی دای بۆ دەڵینەوە، هەتاوەکو جارێکی تر ئاغای کۆتر بەشکم ئاشت بێتەوە و بنیشێتەوە بەسەر قەسرەکی حەسیب ساڵحەوە.
----------------

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە