لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، بە رەزامەندی تورکیاش بووە
Wednesday, 25/04/2018, 2:37
لە باشووری نیشتیمان مەرجێک نییە بۆ سیاسەتکردن، تەنیا بۆ کەسانی نیشتیمانپارێز و دڵسۆز نەبێت، کە دوور دەخرێنەوە و رێگایان پێنادرێت، بەڵام بۆ پیاو و بازرگانەکانی سەر بە خۆیان، ئاسانە کە بەبێ مەرج رێکخراو دروست بکەن و بانگەشەبکەن.
لەو نیشتیمانە بێخاوەنەی هەرێمی کوردستاندا تەنیا خائین و دزەکان خاوەنی هەموو شتێکن، رێگایان پێدراوە کەناڵی تەلەفیزیۆنیان هەبێت و رۆڵی فریارەسیان پێدەدرێت و دەبنە خەمخۆریش. جگە لە خۆیان کەسی دیکە لەو وڵاتەدا ناتوانێت خاوەنی خۆی بێت، یان خۆی دروست بکات.
هیچ کات گەلی کورد هێندەی ئەم ٢٨ ساڵە لە باشووری کوردستان بەدەست نەوەکانی برایم ئەحمەد و تالەبانی و بارزانی، زیانی گەورەی لێنەکەوتووە، ماڵباتی ئەمانە دەردێکی کوشندەیان بەو میللەتە داوە، خەڵکیان لە ژیان بێهواکردووە. مێژووی خەبات و قوربانییەکانیان بە خۆیانەوە پیس و ناشرینیش کردووە، رەگ و تۆوی خیانەتیان بە دوای خۆیاندا چاندووە، تا بە هاسانی نەتوانرێت کار لە سەر پاککردنەوەی نیشتیمان بکرێت، یان لایەنی کەم پێناسەیەکی گونجاو بۆ مێژوومان بکەین کە تاوانباران شایانی لێپرسینەوە و دادگایی کردن بێت.
لەم نیشتیمانەدا کە تابێت بچوکتر دەبێتەوە، جگە لە خۆیان تەنگیان بە هەموو کەسێکی دیکە هەڵچنیوە، تەنیا جێگای ئەم خائین و ناپیاو و نیشتیمانفرۆشانەی تێدا دەبێتەوە. لە نمونەی کەسانی وەک شاسوار عەبدولواحید و بەرهەم ساڵحی تێدا پەیدا دەبێت، کە دەتوانن رێکخراوی سیاسیی دروست بکەن.هەموو شتێکی جوان و باش بڵێن کە خۆیان نەیانکردووە، ئەمانە جگە لە ئەخلاق خاوەنی هەموو شتێکن.
ئەم راپۆرتە هەواڵەی لەبەر دەستاندایە لەسەر بەرهەم ساڵحە، تێدا هەندێک هەواڵ و زانیاریی بڵاودەکەینەوە، لە پێشدا بە کۆمێنتی چەند کەسێک دەست پێ دەکەین کە لە فەیسبوکدا نووسیویانە:
- یەکێک لەسەر شاسواری بازرگان ئاوای بۆ کاندیدێک نووسیوە:
کەسێک خۆی بەنوێنەری هەژاران بزانێ، ناچێت لەپاڵ بازرگانێکدا چاوەڕوان بێت مافەکان بەدەست بهێنێت، بازرگان جگە لە ئەخلاق هەموو شتی لادەست دەکەوێ.
- یەکێکی دیکە دەنووسێت:
شاسوار لە هیچەوە، کە دەسەڵاتی دز یارمەتی دا و کردیان بە بازرگان، قۆڵی هەزاران هاوڵاتی بڕیوە، پارە و موچەی کرێکارەکانی لای خۆی نادات، کەچی ئەوەندە بێشەرمە، دەڵێت، دەنگم پێبدەن و تاقیم بکەنەوە.
- خوێندکارێکی پێشووی زانکۆش لەسەر رووداوی 17ی شوبات ئاوا لەسەر بەرهەم ساڵح دەنووسێت:
(کیشەى کورد ئەوەیە زاکیرەى زۆر لاوازە .. تکایە بیخویننەوە با بیتەوە بیرتان) .. ئەو کاتەی ئەنفالکراین سەرۆکی ئەو کاتەی حکومەت (بەرهەم سالح)، کە ئیستا سەرۆکی ئێستای هاوپەیمانی و دیموکراسی و دادپەروەرییە. هەرچی جنێو و سوکایەتی هەبوو بە خوێندکارانیان کرد، تەنانەت بە خوا و پێغەمبەریش. جا بیرمە پاسێک هەر هەمووی کچ بوو زۆرینەشیان حیجاب بوون، سوکایەتی دنیایان بە حیجاب و لەچکەکانیان کرد..
جا راگری کۆلێژێک هاتە ناو پاسەکەمانەوە ووتی:
- کێ یەکگرتووە؟ کەس دەنگی نەکرد!
- کێ کۆمەڵە؟ کەس دەنگی نەکرد!
- کێ گۆڕانە؟ کەس دەنگی نەکرد...
ئیتر چووە خوارەوە هەر لە سەعات دەی بەیانییەوە بێ نان و بێ ئاو دایان ناین، تەنانەت نەیان هێشت جامی پاسەکانیش بکەینەوە، تا سەعات پێنجی پاش نیوەڕۆ لەو چەمەی قولەرێسی ماینەوە. دواتر دوو دوو دەریان کردین و ووتیان بڵاوەی پێبکەن، فەرمانی تەقەمان پێیە ...
دوای بەربوونمان هەموومان لای هۆڵی مۆنالیزا کۆبوینەوە، کەوتنە تەقەکردن لێمان، برادەرێک ڤیدیۆی تۆمار دەکرد، کەوتنە دوای ئەو برادەرەمان، بەو چەمەی چەقاندا دەتگوت ئاسکە ڕای دەکرد، چەکدارەکانیش قەناسیان بۆ دانا و نیشانیان لێ گرتەوە، تا لێی بدەن، بەڵام فریای نەکەوتن، باش بوو دیار نەما نزیکی ئێوارە گەیشتینەوە بەشی ناوخۆ....
ئا ئەمەیە بەرهەم ساڵحی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، کە خۆی لە دەسەڵاتدا بووە و دەستڕۆیشوو بووە، کەچی ئیستا رەخنە لەو حکومەتە دەگرێت کە خۆی ساڵانێک بەڕێوەی بردووە و لە زۆربەی تاوانەکاندا بەشدار بووە.
--------(راپۆرت و باس و هەواڵەکان)--------
لە سەرەتای دروستبوونی رێکخراوەکەی، بەرهەم ساڵح پەیوەندیی بە زۆر کەسەوە دەکات و لەگەڵیاندا دادەنیشێت. یەکێک لەوانە لە مانگی دووی ئەمساڵدا کە شەڕی دەستەوئێخەی شەڕڤانانی کورد دژی دەوڵەتی تورک لە عەفرین دەبێت، بەرهەم ساڵح لەگەڵ کۆمەڵێک کەسدا دادەنیشێت، وەکو هەڵوێستێک پێشنیاری بۆ دەکەن، کەوا پشتگیری خۆی بۆ عەفرین دەرببڕێت و داوا لە تورکیا بکات واز لە کوشتنی هاوڵاتی و سڤیل بهێنێت و رەشکوژانە بوردومانی شاری عەفرین نەکات!
بەرهەم ساڵح راشکاوانە وەڵام دەداتەوە، دەڵێت: من ناتوانم ئەو کارە بکەم، چونکە ئۆردوغان هاوڕێمە، نامەوێت توڕە بێت و دژم بوەستێتەوە!
1- ئەو لیستەی بەرهەم ساڵح، کە وەکو رێکخراوێکی سیاسیی بە ناوی (هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری) دروستی کردووە، هاوشانی حیزبەکەی ئۆردوغان (داد و گەشەی ئۆردوغان) بە وشە ئێکسپایەرەکانی وەک دیموکراسی، دادپەروەری، ژیانی شایستە، بە وشەی سواو و کۆمیدی خستۆتە بازاڕەوە و بە زمانە لوس و مایعییەکەی فریوی خەڵکی پێدەدات، گوایە ئەم لە پارتی و یەکێتیی جیاوازترە، ئەو یەکێتییەی کە ئیستاش هەر پەیڕەو و رێبازی تالەبانی پیادەدەکات و بەرهەمیش سەرسامە بە تالەبانی مامۆستای، بۆ لە کاتێکدایە کە لە کاتی ناشتنی تەرمی تالەبانیی، بە سەرکردە و کاریزما ناوی دەهێنا، بەمە قسەی پێشتری بەرهەم دێنێتەوە یاد، کاتێک دەیگوت من پەروەردەی دەستی مام جەلالم و ئەگەر مامە ئەمی ئاوا پەروەردەکردبێت، ئاخۆ کورەکانی خۆی چۆن پەروەردە کردبێت؟ ئیتر بەرهەم ساڵح چۆن دەتوانێت لە دەرەوەی سێبەری مێژووە پیسەکەی تالەبانی کە لە ژێریدا حەساوەتەوە، بتوانێت سیستەمی دیموکراسی و دادپەروەری بەڕێوەبەرێت.
2- لەسەردەمی حوکمرانی بەرهەم ساڵح زۆرترین پێشێلکاری کراوە، ئەو ئەگەر سودی لە ئەزمونی ئەوروپا و ئەمەریکا وەرگرتبایە، لایەنی کەم دەبوو زووتر دەستی لە کار بکێشایتەوە، هەرچەندە ئەوەی نەکرد، بەڵکو هەرچی پۆخڵی و پێشێلکاریی یاسا و دزی و خیانەت بوو لەسەردەمی حوکمرانی ئەودا کرا.
3- جگە لەوەی جێگری دووەمی سکرتێری یەکێتی نیشتیمانیش بووە، گەورەترین تاوانیش لە قۆناغی دەسەلاتی ئیداری ئەو لە ١٧ شوباتدا کرا، هەر وەک لەسەرەوە یەکێک لە قوربانییەکان باسی لێوەکرد، هەروەها زیاتر لە دوو هەزار کەس لە هەوادارانی گۆڕان بێ موچە و بێ نان کران، 11 کەس شەهید و سەدان کەس بریندار بوون، بارەگای چەندین حیزب لە بادینان و هەولێر سوتێنران. بەرهەم ساڵح دەبوو هەر هیچی نەکردایە پێش ئەوەی لیستی رێکخراوەکەی دابەزێنێت، دەبوو داوای لێبوردنی لە خەڵکی کوردستان بکردایە.
لەیەک کاتدا بەرهەم بە تەلەفون دەستخۆشی لە تاوانبار و پێناخۆشی خۆی بۆ تاوانلێکراو دەردەبڕێت
4- سەرچاوەی ئەو زانیارییانە دەڵێت: لەسەردەمی ١٧ شوباتدا بەرهەم ساڵح لەگەڵ چەند کەسێک لە دەوروبەری دادەنیشێت، هەواڵی ئەوەی پێدەدەن، کە لە رێبین هەردیان داوە، یەکسەر بەرهەم تەلەفون بۆ رێبین دەکات و پێناخۆشی خۆی دەربڕی، هەر دوای ئەوە تەلەفونیش بۆ ئەو ئەفسەرە دەکات کە لە رێبینی داوە، بە پێکەنینەوە ئافەرین و دەست خۆشی لێدەکات، دواییش خەڵاتی ئەفسەرەکە دەکات بە سەیارەکی دوامۆدێل! بەرهەم ساڵح قوڕمساغ و دوڕووە، جێگای متمانە و دڵسۆزیی نییە.
بەرهەم پەیوەندی تۆکمەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا هەیە و پیرۆزبایی گرتنی عەفریشی لێکردوون
5- سەرچاوەی هەواڵەکە دەڵێت بەرهەم ساڵح وەکو مەسعود بارزانی، تەلەفونی بۆ ئۆردوگان کردووە و پیرۆزبایی گرتنی عەفرینی لێکردووە.
بەرهەم رێکخراوێک لە ژێر چاودێری قونسوڵخانەی تورکیا دروست دەکات
6- بەرهەم پەیوەندیی توندوتۆڵی بە قونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر و سەفارەتی تورکیا لە بەغداد هەیە، پێش چەند مانگ بەر لە ئیستا، کۆمەڵێک کەس پێكەوە بڕیار دەدەن کەوا بچنە ناو لیستەکەی بەرهەم ساڵحەوە، ئەو کەسانە کۆمەڵێک لە کۆنە هەوداری پەکەکە دەبن لە ئەوروپا و لە کوردستان بۆیە لەگەڵ بەرهەم ساڵحدا رێکدەکەون کە کار بۆ لیستی هاوپەیمانی و دیموکراسی و دادپەروەری بکەن و بەرهەمیش پەیمانی پۆست و دەسەڵاتیان پێدەدات، بەڵام دوای ماوەیەک پێیان رادەگەیەنێت کە سەفارەتی تورکیا رازیی نییە لەسەر کارکردن و وەرگرتنی ئێوە (کوردستانپۆست ناوی 10 کەسی لای خۆی پاراستووە).
7- سەرچاوەکە دەڵێت بەرهەمیش هەروەکو دزەکان پارە و سامانی زۆری هەیە چ لە ئەوروپا و چ لە ئەمەریکا، بێجگە لە داگیرکردنی گردی قشڵاخ لە سلێمانی.
بەرهەم ساڵح چەپکە گوڵەکەی گوڵستانی یەکێتییەکان
سەرچاوەی هەواڵ و زانیاریی دیکەش دەڵێت:
کارنامەی بەرهەمی کوڕی حاکم ئەحمەدیش بەدەر نییە لە مافیایی خێڵەکی کورد. هەر ئەوەندە بەسە کە دوای گەڕانەوەی بەرهەم بۆ کوردستان و دامەزراندنی حکومەتی هاوبەشی پارتی و یەکێتی.
٭ بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرەڕای داگیرکردنی گردی قشلاخ لە شاری سلێمانی و لە بەغداش پارە تەخشان و پەخشان کردن بە سەر ژنە گورانیبێژ و سەماکەرە عەرەبەکان و لە بەردەم هێزەکانی مارینزی ئەمریکا، لە کوردستانیش بە هۆی خزمایەتی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هەنگاوی سەقەتی زۆر هەڵێناوەتەوە کە بریتین لە:
1- دەیان مرۆڤی بەلاشخۆری وەک ئاسۆی کوڕی مەلا عەبدوڵڵای حەسەن زادە ـ سکرتێری پێشووی حدک، کە لە بریتانیا خوێندبووی، وەک موستەشار لای ناوبراو کاریان دەکرد.
2- هەڵبەت لە ناو حکومەتە گەندەڵەکەی بەرهەمدا لەشفرۆش و مرۆڤی ساختەچیش جێیان کرابوویەوە و بە دەیان شوێنی لەشفرۆشتن و دیسکۆ لە هەولێر و سلێمانی هەر هەمووی بە ئیمزا و لە سەردەمی بەرهەمدا کرابوونەوە، بەشێک لە پارەکەشی بۆ ناوبراو بوو.
3- لە ئۆتێل شیراتۆنی هەولێر کەم نەبوون و زۆر ناویان ناسرابوو، کە دەڵاڵی ئەو ژنە عەرەبانە و ئەندامی ئەو باندە لەشفرۆشانە بوون کە بەرهەم ساڵح بە مەبەستی کردنی کوردستان بە دوبەی، پێشکەش بە باڵوێزی وڵاتان و کاپتانەکانی هێزی ئەمریکای دەکردن.
4- هەر وەک چۆن نێچیرڤان بارزانی چوو بۆ خوازبێنی خوێندکارێکی کچی بەشی ئینگلیزی بۆ جەنابی هاری شووت، کە ناوی کچەکە پارێزراوە و خەڵکی کۆیە بوو.! ئاواش بەرهەم ئەحمەد ساڵح باش بزانێت، کە لە پێش نەخۆشی تاڵەبانیەوە لە ڕێگەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ناو ئەو باڵەی پاراستن دەعوەت دەکرا، کە دۆڵەمەڕییەکانی لایەنگری نێچیرڤانی تێیدا بوو، هەموو ئیش و کارێکیان دەکرد. لە لەشفرۆشی و کاری لەشفرۆشی بۆ مەبەستی سیخوڕی.
5- کەم نین ئەو کەسانەی لە ئێستادا بۆ پارە و دۆلاری بەرهەم ئەهلی قەندیل هەرزان فرۆش دەکەن. بۆیە مۆڵگەی هەموو دزەکان لە دەباشان و قەڵاچۆلان، دوکان و سەری ڕەش و ئۆتێلەکانی پاراستن لە تورکیا بەرهەمیش بەشێکە لەو بازرگانیی و تاڵانییە، بەڵام بە کەمتر.
سەرچاوەکە دەڵێت:
6- بەرهەم دۆستی تورکیا و ئۆردوغانە، هەر ئەویش بوو، وەکو سیخوڕێک خەبەری لە سەر لاهووری شێخ جەنگی دا و ناوی زۆر کەسی بە دەوڵەتی تورکیا دەدا، ئەمیش بەهۆی ئەو باڵباڵینەی ناو یەکێتیی کە دەیویست لێیان بدات.
7- جگە لەوە بەرهەم ساڵح پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵ ئەحمەدی کوڕی مالیکی و کەسانی دیکەشدا هەیە وەکو سەرچاوەکە دەڵێت ئەمەش بۆ کاتی خۆی....
لە کۆتاییدا یەکێکی دیکە لەوسەرچاوانە دیسان دەڵێت:
بەرهەم ساڵح، دروستکردنی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لەسەر رەزامەندی و راوێژی تورکیا بووە، لە پێشدا بەرهەم پەیوەندیی پێیانەوە کردووە و داوای هاریکاری و پشگیری کردوون، تا پارتیی بەرەنگاری نەبێتەوە.
بەرهەم ساڵح ئیستا لە لێدوان و قسەکانیدا بە ئاشکرا کەمال ئەتاتورکی خوێنڕێژی کورد و میللەتان وەکو ریفۆرمخواز و تورکێکی رادیکاڵ لەسەردەمی خۆیدا بە بەرزیی دەنرخێنێت، سەرسامی خۆی بەرامبەر ئەو سەرکردە کوردکوژە دەردەبڕێت، هەروەها بۆ رازیکردنی دەوڵەتی تورک و ئیسلامییە سیاسییەکانی سەر بە تورکیا بە کەسێکی موسوڵماندۆست خۆی نمایش دەکات.
هاوپێچی ئەم راپۆرتە هەواڵە:
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست