بۆچی شاسوار عه‌بدولواحد جێگه‌ی متمانه نییه؟
Wednesday, 18/04/2018, 10:37
كورد ئه‌و حزب و سه‌ركردانه‌ی تاقیكردۆته‌وه كه به‌ڵێنی گه‌وره‌یان ده‌دا به‌ڵام پاش گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات كرداریان جۆرێكی تر بوو. شاسوار عه‌بدولواحد له كاتی ته‌واوبوو ده‌ركه‌وتووه. ئه‌و خۆی وه‌كو فریادڕه‌س پیشان ده‌دات، به‌ڵام كورد تێریان خواردووه له‌و فریادڕه‌سانه. به‌پاڵ نه‌مانی متمانه لای خه‌ڵك، كۆمه‌ڵێك گومان ده‌وری ئه‌و فریادڕه‌سه نوێیه‌یان داوه كه یان وه‌ڵامی نییه بۆیان یان وه‌ڵامه‌كه‌ی هێنده‌ی تر گومانه‌كان زیاد ده‌كه‌ن. به‌شێكی هۆكانی نه‌بوونی به متمانه به شاسوار لای هه‌مووان ئاشكران، به‌شێكی تریش خه‌ڵكی تر لێی ئاگادارن. به‌كورتی ئه‌مانه ئه‌و خاڵانه‌ن كه هه‌ر یه‌كێكیان نیشانه‌ی پرسیارێك له‌سه‌ر شاسوار و پرۆژه‌كه‌ی داده‌نێن:
------------------------
1-شاسوار ناتوانێت وه‌ڵامێكی موقنیعی ئه‌و پرسیاره ساده‌یه بداته‌وه: چۆن به‌و ته‌مه‌نه كه‌مه‌ی خۆی بووه سه‌رمایه‌دار و خاوه‌ن پرۆژه؟ هه‌موو وتاره‌كانی بۆ (ڕوونكردنه‌وه‌ی) ئه‌و پرسیاره جێگه‌ی قه‌ناعه‌ت نین. ئه‌و ته‌نانه‌ت له دیمانه‌یه‌كی ساڵی 2013 سایتی ئێن ئار تی دوو خۆی گومانه‌كانی خوێنه‌ر خه‌ستتر ده‌كاته‌وه. له‌و دیمانه‌یه باسی ده‌كات خه‌ریكی چية پێش ئه‌وه‌ی ببێته ئه‌م سه‌رمایه‌داره. له‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ش هیچ پرۆژه‌یه‌ك نابینین. ئه‌و ته‌نها باسێكی ته‌مومژاویی كاركردنی له منداڵییه‌وه كردووه، له‌وه‌ش ڕوونتر باسی عه‌جوولیی خۆی كردووه.
و ده‌ڵێت له شه‌ش ساڵییه‌وه حه‌زی له ئیش بووه و له‌گه‌ڵ باوكی چۆته دوكان، له قوتابخانه بوو، به‌ڵام به ڕۆژ ئیشی ده‌كرد. ده‌شڵێت له شه‌شی ئاماده‌یی له‌كاتی ئیزندان بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كالۆریا كاریشی ده‌كرد و ده‌شیخوێند. ده‌بێت ئیشی چه‌ند سه‌عاتێكی رۆژێك و ئیشی مانگێك یان دوو مانگی پێش به‌كالۆریا چ پرۆژه‌یه‌كی گرنگ بووبن؟ ده‌شڵێت له پانزه ساڵییه‌وه هاتوچۆی به‌غدای كردووه بۆ ئیش كه نازانین چ ئیش و پرۆژه‌یه‌كه. ده‌شڵێت هاوینان كه له زانكۆ بوو ده‌چووه ئه‌ڵمانیا و كاری ده‌كرد، به‌ڵام چ كارێك بۆ مانگێك سێ مانگ یان كه‌متر له ساڵێك ده‌یكاته سه‌رمایه‌دارێك كه بتوانێت پرۆژه‌كانی گوندی ئه‌ڵمانی و چاڤی لاند ئه‌نجام بدات؟ هه‌ر خۆشی ده‌ڵێت دوو ساڵ بوو زانكۆی ته‌واوكردبوو ئه‌و پرۆژانه‌ی ئه‌نجام ده‌داو چوار هه‌زار كارمه‌ندی هه‌بوو. دواتریش و له‌هه‌مان دیمانه وادیاره له‌بیری ده‌چێت كه باسی كردووه له منداڵییه‌وه كاری ده‌كرد چونكه ده‌ڵێت به منداڵی زۆر هار بوو ساڵی ( 1998) سه‌ری سفر كرد و بینی كه 34 شكاویی پێوه بوو. به منداڵیش رۆژی وا هه‌بوو دوو جار بردبوویانه ته‌وارییه‌كه چونكه دوو جار كه‌وتۆته خواره‌وه له‌سه‌ر دیواری ماڵه‌كه. لێره ده‌بینین كاره‌كه به ته‌مومژاوی باس ده‌كات به‌ڵام به‌زانیارییه‌وه باسی عه‌جوولی و سه‌رشكاوی و كه‌وتنه خواره‌وه‌ی ده‌كات و هیچ له‌مانه پرۆژه و بازرگانی نین. نه‌ك ته‌نها منداڵیشی به هاروهاجی بردبووه سه‌ر به‌ڵكو ته‌نانه‌ت وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: به‌و منداڵییه‌وه به‌رده‌وام گوێی له هه‌واڵ و ڕادیۆ ده‌گرت كه دیسان چالاكییه‌كی بازرگانی نییه.
له دیمانه‌كه‌ش ده‌ڵێت له پۆلی دووی ناوه‌ندی حه‌زی كرد دوكانی ئیستنساخ دابنێت به‌ڵام باوكی بۆی نه‌كڕی. كه‌واته له منداڵییه‌وه تا پۆلی ناوه‌ندی پاره‌ی ته‌نانه‌ت دوكانێكی ئیستنساخیشی نه‌بوو.
هه‌ر بۆیه وه‌ك وتم دیمانه‌كه نه‌ك ته‌نها گومانه‌كانی نه‌ڕه‌وانده‌وه به‌ڵكو ئه‌و گومانانه‌ی به‌هێز كرد.
2-شاسوار ناشتوانێت ئه‌و پرسیاره وه‌ڵام بداته‌وه كه ده‌ڵێت: یاسایه‌كی پارتی و یه‌كێتییه كه كه‌س ناتوانێت نیو دۆنم زه‌ویی حكومی بۆ پرۆژه وه‌ربگرێت ئه‌گه‌ر به‌رپرسێك شه‌ریكی نه‌بێت، ئه‌ی چۆن شاسوار توانی سه‌دان دۆنم زه‌وی له شوێنێكی زۆر دیار و بایه‌خداری شاره‌كه بۆ گوندی ئه‌ڵمانیی یه‌ك و دوو و سێ و بۆ چاڤی لاند و شوقه‌كان وه‌ربگرێت بێئه‌وه‌ی یه‌كێتی یان به‌رپرسانی ناو یه‌كێتی شه‌ریكی بن؟ ئێمه ناتوانین باوه‌ڕ به‌وه بكه‌ین یه‌كێتی ئه‌و زه‌وییانه‌ی به خۆی به‌خشیوه بێ به‌رامبه‌ر هه‌ر بۆیه وا ده‌زانین كه ئه‌و سوودمه‌ند بووه له‌و سیسته‌مه ژێربه‌ژێره‌ی ده‌سه‌ڵات. خه‌ڵكی تریش سوودمه‌ند بوون به‌ڵام كه‌سیان حزبیان دانه‌مه‌زراندووه و كه‌سیان باسی چاكسازی ناكه‌ن.
3-پرۆژه‌كانی شاسوار ئه‌گه‌رچی له‌لایه‌ك سوودی هه‌بووه به شاره‌كه، له‌لایه‌كی تر زیانی به شاره‌كه گه‌یاندووه وه‌ك فه‌شه‌لپێهانی شه‌قامی سه‌د مه‌تری یان داگیركردنی لایه‌كی گۆیژه به‌جۆرێك شاخه‌كه وه‌ك موڵكێكی گشتی له‌و لایه‌ی چاڤی لاند له‌سه‌ر هاووڵاتییان حه‌رام بووه. فارووقی مه‌لا مسته‌فا و شه‌ریكه‌كانی هه‌مان شتیان كردووه به‌ڵام ئه‌وان باسی چاكسازی یان گه‌نده‌ڵیی ده‌سه‌ڵات ناكه‌ن.
4-پرۆژه‌كه‌ی چاڤی لاند ده‌بوایه به موساته‌حه بدرایه به شاسوار، واته حكومه‌ت زه‌وییه‌كه‌ی به شاسوار بدایه بۆ پرۆژه‌كه‌ی به‌و مه‌رجه‌ی دوای ماوه‌یه‌ك، بۆ نموونه 25 یان 50 ساڵی تر ببێته موڵكی گشتی، كه‌چی حكومه‌ت زه‌وییه‌كه‌ی به موڵكی داوه‌ته شاسوار كه هه‌ر ئه‌وه به‌سه له هه‌ر وڵاتێك بۆ ئه‌وه‌ی داواكاری گشتی قسه‌ی له‌سه‌ر بكات. ئه‌و به‌هانه‌یه‌ش كه پرۆژه‌كه به موساته‌حه نه‌كراوه ئه‌وه‌یه چاڤی لاند وه‌كو پرۆژه‌یه‌كی ستراتیجی حسابی بۆ كراوه واته وه‌كو كارگه‌كانی چیمه‌نتۆ و ئاسن كه به ملیار دۆلاریان تیا سه‌رف كراوه. ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م جاره پرۆژه‌یه‌كی گه‌شتیاری حسابی پرۆژه‌ی ستراتیجیی بۆ بكرێت.
5-هه‌ر ده‌رباره‌ی چاڤی لاند. كاتێك حكومه‌ت زه‌وی به وه‌به‌رهێن ده‌دات بڕیاره ئه‌و وه‌به‌رهێنه خاوه‌ن سه‌رمایه بێت به‌پێی بنه‌مای (زه‌وی له حكومه‌ت و پاره له وه‌به‌رهێن). به‌ڵام شاسوار سیسته‌می پشكی به‌كارهێنا، واته هاووڵاتییان پشك له پرۆژه‌كه بكڕن. كاتی خۆشی هه‌ڵایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه نرایه‌وه و هه‌مان ئه‌و پرسیاره كرا و باسی ئه‌مه له رۆژنامه‌ی ئاوێنه بڵاوبووه‌وه به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی پێ نه‌چوو كپ بوو. ئه‌گه‌ر حكومه‌ت زه‌وی به وه‌به‌رهێن بدات له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌وه‌ی پاره‌دار، ئه‌ی بۆچی وه‌به‌رهێن پرۆژه‌كه ده‌خاته پشكه‌وه به‌واتای ئه‌وه‌ی پاره‌ی ته‌واوی نییه؟ وادیاره هۆكاری تری ئه‌و پشكانه، به‌پاڵ كه‌می سیوله‌ی دارایی، ئه‌وه بوو كۆمپانیاكه ویستی خه‌ڵكی تر له‌و پرۆژه‌یه شه‌ریك بكات چونكه ئه‌و كاته هانی هانیی زۆری له‌سه‌ر بوو له‌لایه‌ن هه‌ندێك به‌رپرسی یه‌كێتی كه دیاره له‌و پرۆژانه‌ی شاسوار بێبه‌ش بوون.
6-له‌وه سه‌یرتر مامه‌ڵه‌ی پرۆژه‌كه‌یه له‌گه‌ڵ خاوه‌ن پشكه‌كان. به‌پشت به‌ستنیش به نه‌بوونی شه‌فافیه‌ت و لێپرسینه‌وه، خاوه‌ن پشكه‌كان قازانجیان له پشكه‌كانی خۆیان وه‌رنه‌گرت و ئه‌وه بوو ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی به‌ڵام بێئه‌وه‌ی یاسا (هێنده‌ی بزانین) هیچیان بۆ بكات. ئینجا كه‌سێك ئاوا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شه‌ریكه‌كانی بكات چۆن ده‌توانێت كاتێك ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست به‌ره‌نگاریی گه‌نده‌ڵیی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا بێته‌وه؟
7-له هه‌مووشی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه دوای ناڕه‌زایی خاوه‌ن پشكه‌كان، شاسوار هات به‌ده‌مییانه‌وه به‌ڵام چۆن؟ له‌جیاتی پاره وه‌ك باوه له پشك، كارتی چاڤی لاندی دانێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌و كارته سوار چه‌رخوفه‌له‌ك بن! كارته‌كه‌ش له ماوه‌ی دوو مانگ به‌سه‌ر ده‌چوو! واته تۆ پاره له پرۆژه‌یه‌ك داده‌نێیت به‌ڵام قازانجه‌كه‌ت سواری چه‌رخوفه‌له‌كی پرۆژه‌كه بێت ئه‌ویش له ماوه‌ی دوو مانگ.
8-پرۆژه سیاسییه‌كه‌ی شاسوار زیاتر له شه‌خسی ده‌چێت. كورد تێری خواردووه له‌و حزبانه‌ی به‌ده‌وری سه‌ركرده ده‌خولێنه‌وه. هێشتا پرۆژه‌كه‌ی شاسوار خراپتره چونكه ئه‌و حزبانه و له‌سه‌رووی هه‌موویان پارتی و یه‌كێتی به‌شێوه‌یه‌كی ده‌سته‌جه‌معی ده‌ستیان پێكرد و دواتر بوونه حزبی سه‌ركرده‌كه، به‌ڵام حزبه‌كه‌ی شاسوار هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له‌ده‌وری كه‌سێك ده‌خولێته‌وه. كورد پێویستی نه‌ك ته‌نها به حزبی ده‌زگاییه به‌ڵكو له‌وه گرنگتر به عه‌قڵیه‌تی ده‌زگاییه نه‌ك عه‌قڵیه‌تی سه‌ركرده‌ی به‌ئیلهام كه هه‌میشه باسی (سه‌ركه‌وتنه‌كانی) خۆی بكات به‌و شێوه‌یه‌ی شاسوار به‌رده‌وام له كه‌ناڵه‌كه‌ی و له وتاره‌كانی باسی ده‌كات.
9-شاسوار كه شه‌فافیه‌تی نه‌بێت له پرۆژه‌كانی چۆن ده‌توانین باوه‌ڕ بكه‌ین شه‌فافیه‌تی هه‌بێت له كاری حكومی؟ پرۆژه‌كه نه‌یهێشت لیژنه‌ی گه‌شتوگوزاری سلێمانی به‌داواداچوونی پرۆژه‌ی چاڤی لاند كاتی دروستكردنی ته‌نانه‌ت بچێته ناو پرۆژه‌كه‌شه‌وه، چ جای ئه‌وه‌ی بزانن پرۆژه‌كه به‌پێی مه‌رجه‌كانی گه‌شتوگوزار كراوه. لیژنه‌یه‌كی تر له وه‌به‌رهێنان دیسانه‌وه له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی به‌دواداچوون چووبووه گوندی ئه‌ڵمانی و كاتێك ده‌چن ده‌بینن كه‌سێك له پرسگه بوو هه‌ردوو قاچی خستبووه سه‌ر مێزه‌كه و ته‌نانه‌ت قاچی دانه‌گرت كاتێك وتیان لیژنه‌یه‌كی حكومه‌تن و نه‌یهێشت بچنه ناو پرۆژه‌كه. به‌پێی ئه‌م دوو شایه‌تییه پرۆژه‌كانی شاسوار به‌ده‌ربوون له چاودێریی حكومی و بۆ ئه‌مه‌ش چاوپۆشی‌یان لێ كرابوو و نه‌ده‌زانرا به‌پێی مه‌رجه‌كانی ئه‌و حكومه‌ته كاری كردووه یان نا. ئه‌م جۆره گونده‌یی و پابه‌ندنه‌بوونه به یاسا هیچی كه‌متر نییه له گونده‌یی به‌پرسه‌كانی پارتی و یه‌كێتی.
ئێستاش ئه‌گه‌ر شاسوار ڕاست بكات له‌گه‌ڵ بانگه‌شه‌كه‌ی پێویسته یه‌كه‌م شت ئه‌و ته‌جاوزانه نه‌هێڵێت و به‌تایبه‌ت بڵێت فرۆشتنی زه‌ویی چاڤی لاند هه‌ڵه بوو و وا من له‌خۆمه‌وه ده‌ست پێده‌كه‌م و پرۆژه‌كه ده‌كه‌مه موساته‌حه و دوای ئه‌وه‌نده ساڵ ده‌یكه‌مه موڵكی گشتی. هه‌روه‌ها پێویسته شه‌فافیه‌ت بنوێنێت له چۆنێتیی ده‌سته‌كه‌وتنی سامانه‌كه‌ی و چۆنێتیی ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و زه‌وییانه كه زه‌حمه‌ته هه‌ر كام له‌مانه ببینین.
شاسوار داوا له خه‌ڵك ده‌كات تاقییان بكه‌نه‌وه و ئه‌گه‌ر به‌و جۆره نه‌بوون كه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات با لایانبه‌رن، به‌ڵام چۆن بتوانین تاقییان بكه‌ینه‌وه له‌و كاته‌ی ئه‌و هه‌موو ته‌مومژاوی و سوودمه‌ندی و پابه‌ندنه‌بوون به چاودێری... ده‌بینین؟
شاسوار له‌جیاتی شه‌فافیه‌ت و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی لۆجێكیی گومانه‌كان پشتی به‌ستووه به ستایشی سه‌ركه‌وتنی خۆی له مه‌یدانی بزنس كه بۆ خۆی پێویستی به ڕه‌واندنی گومانه. پشتیشی به‌ستووه هه‌روه‌ها به شكاندنی به‌رامبه‌ر، نه‌ك ته‌نها پارتی و یه‌كێتی به‌ڵكو حزبه‌كانی موعاره‌زه‌ش و به‌تایبه‌تی گۆڕان. سیاسه‌تی شكاندنی به‌رامبه‌ر بۆ ده‌ستكه‌وتنی خاڵ له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا باوه به‌ڵام نامۆیه به كه‌لتووری ئه‌ورووپا. به‌ڵام نه‌ك ته‌نها ئه‌مه‌ریكا به‌ڵكو له بواری كۆمه‌ڵایه‌تیش ئه‌وه بینراوه. ده‌بینین كه‌سانێك كه خۆیان پڕ هه‌ڵه‌ن بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی خۆیان و داپۆشینی كه‌موكورتییه‌كانیان په‌نا بۆ شكاندنی هه‌موو كه‌سێك ده‌به‌ن، خه‌ڵكانی تریش هه‌ن بۆ به‌زركردنه‌وه‌ی منداڵه بێبه‌هره‌كانیان منداڵی خه‌ڵك ده‌شكێنن، به‌ڵام زیانه‌كانی ئه‌م ره‌فتاره له بواری سیاسه‌ت گه‌وره‌ترن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست