کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەمریکا و دامەزراندنی سوپای عەرەبی لە ڕۆژئاوای کوردستان

Wednesday, 18/04/2018, 6:33


ئەمریکا، پێشنیاری، دامەزراندنی هێزێکی عەرەبی سەربازیی پتەوی پێکهاتوو لە هێزی چەند وڵاتێکی عەرەبی لە باکووری سوریادا کردوە. بۆ ئەوەی دوای کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا ئەو هێزە شوێنی بگرێتەوە. ئەم بیرۆکەیە تازە نییە،  چەند وڵاتێکی عەرەبی، وەکو سعودیە، ئیمارات وڵاتی دیکەش، لە سەرەتای جەنگی سوریادا، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئۆبامادا، پێشنیارییان کردبوو، بەڵام ئیدارەی ئۆباما، ڕەتی کردبووەوە.

ئەمریکا، یەکەم جاری نییە، پلانێک و ئەزموونێکی لەو جۆرەی لە ناوچەکەدا هەبێت و نەیخستبێتە بواری کار پێ کردن. ئەم پلانە، هاوشێوەی هەمان پلانە، کە ئەمریکا، لە سەرەتای جەنگی دژ بە داعشدا، لەگەڵ هێزە چەکدارە نافەرمییکانی باکووری سوریادا پەیڕەوی کرد و لە یەک قەوارەی سەربازیی لە ژێر ناوی" سوپای سوریای دیموکرات"دا کۆیانی کردەوە، کە یەپەگە، یەکێک بوو، لەو هێزە چەکدارە سەرەکییانەی ژێر ئەو چەترە، کە ڕۆڵی ئازایانە و گرنگیان هەبوو، لە شەڕەکانی دژ بە داعشدا.

جیاوازیی لە نێوان پلانی ئەمڕۆ و دوێنێی ئەمریکا، تەنیا لەوەدایە، ئەوجارە ئەمریکا نیازیەتی هێزی چەکداری فەرمیی، کە بەشێکن لە سوپای وڵاتانی میسر، سعودیە، ئیمارات و قەتەر، لە نێو یەک چوارچێوەی سەربازی دروستکراودا کۆ بکاتەوە، بە بەراوردکردن لەگەڵ پێشوو، ئەو کات ئەمریکا هێزە چەکدارە نافەرمییەکانیی، کە لە ناوچەکەدا هەبوون بۆ هەمان مەبەست، لە یەک قەوارەدا کۆ کردەوە و بەکاری هێنان.

ئەو جۆرە نیاز و پێشنیارەی کە کاتی خۆی لە ئیدارەی ئۆبامادا ڕەتکرایەوە، هەنوکە بەبێ خوێندنەوە، لێکدانەوە، شێکردنەوە، هەڵسەنگاندنی قازانج و زیانی، ستراتیژیەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا نەکراوە.  وڵاتە یەکگرتووەکان، بە جێبەجی کردنی ئەو پلانە، چەند ئامانجێکی ئابووری و سەربازی و سیاسی لە ناوچەکەدا دەپێکن.

ئەمریکا، خوازیارە هێزی سەربازیی مڕۆیی زەمینیی خۆی بپارێزێت، هێزی زەمینیی سەربازیی هێڕشبەر، لە جەنگەکاندا لە داهاتوودا لەو پێکهاتە سەربازییە عەربیی و ئیسلامییە بێت، بەهەمان شێوەی جاران، کە چۆن نەتەوەی کوردی وەک قەڵغان و کەوا سووری بەرلەشکر بەکارهێنا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیا و داعش لە سوریا و عیراق لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨.

 سەڕۆکی ئەمریکا، لە زۆربەی لێداوانەکانیدا، لە میدیا جیهانییەکاندا، دووپاتی دەکاتەوە، کە دەبێت خەرجی ئەو جەنگە، تەنیا نەکەوێتە ئەستۆی ئەمریکا، بۆ ئەو مەبەستە ئیدارەی ترامپ داوای لە سعودیە، قەتەر، ئیمارات و میسر کردوە، کە لە ڕووی ئابوورییەوە هاوکاری هێزەکانی ئەمریکا بن، بۆ پارستنی ناوچەکە لە هەڕەشەی سەرهەڵدانی داعش، هەروها داوای کردوە کە ئەوەی بەشداری جەنگەکەیە، بە پێی پێگەی سەربازیی خۆی، دەبێت پشکی هەبێت لە سامانە سروشتییەکانی ناوچەکە، بە تایبەتی لە دەرامەت و قازانجی نەوت و گاز. 

ئەمریکا، بەو پلانەی دەیەوێت دوژمنایەتی، نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی و شەڕی مەدەنیی  لە ناوچەکەدا زیاتر قوڵ بکاتەوە، ڕاستەوخۆ لە جەنگدا پێکهاتەکان، نەتەوەکان و وڵاتەکانی ناوچەکە ڕووبەڕووی یەکتر بکات.

کۆشکی سپی دەیەوێت، بە کۆکردنەوەی هێزی ئەو وڵاتانە پەیوەندییە سەربازیی و ئابوورییەکانی زیاتر پتەو بکات، هاوپەیمانییەتی لەگەڵ هەموویاندا دروست بکات، بۆ مەرام و مەبەستی جیا جیا.
 پێکهێنانی هێزێکی سەربازیی "عەرەبی"، لەو جۆرە و جێگرتنەوەی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە، دەبێتە هۆکاری توڕە و نیگەرانیی بوونی ئەسەد، بەهۆی ئەوەی ئەو هێزە بۆ ئەسەد سەنگ و هێزی سوپای ئەمریکای نابێت، ئەوان هێزی زلهێز نین و تەنیا هێزی لۆکەڵین، هەروها ناکۆکیی یەکتر قەبوڵ نەکردنی سەرکردە عەرەبەکان لە نێو خۆیاندا، گرفتێکی زیندووە، دروستبوونی ئەو هێزەش، ئاگرەکەی نێوانیان زیاتر خۆش دەکات. ئەسەد وەک سەڕۆکی ئەو وڵاتە، ماف بەخۆی دەدات و رەنگە پێداگری بکات، لە موڵەت نەدان بەو هێزە لە وڵاتەکەی، لە ئاییندەدا لەبری ئەوەی ئەمریکا خۆی شەڕی ڕووخانی ئەسەد بکات لەگەڵ ڕوسیا، ئەوا ئەو شەڕە بۆ ئەو هێزە بەجێدەهێڵێ.

بۆ تورکیا، دامەزراندنی ئەو هێزە "عەرەبیە"، دەبێتە هۆکاری ئەوەی هێزە چەکدارە کوردەکان دەسەڵاتیان کەمتر بێتەوە، ئەوانیش لە فۆرمێکی تایبەتدا بکەونە سپێرەکانی دژ بەو هێزە عەرەبیە دامەزراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا، تورکیا لەگەڵ هەندێک لەو وڵاتانەی کە بەشدار دەبن، لە پێکهێنانی ئەو هێزە، پەیوەندیی خراپە وەک میسر، وێرای ئەوەش هاتنی ئەو هێزە جێگە لەق کردنی تورکیاشە، کە بەشێک لە سوریای داگیر کردوە، بە تایبەتی ڕۆژئاوای کوردستان، بە نیازی پانتاو کردنی دەسەڵاتەکانی و ژیاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە، کە ڕەنگە، ئەمریکا خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیا بدزێتەوە ئەو جەنگە ئێخە و بەڕۆکی ئەو هێزە عەرەبییە بگرێت، هەر وەک چۆن ڕووبەڕووبوونەوەی لەشکرکێشی تورکیا ڕووبەڕووی یەپەگە بۆیەوە.
 بۆ ئیران، دامەزراندنی ئەو هێزە سەربازییە سونییە لە ناوچەکەدا دەبێتە جێگەی نیگەرانی و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئیران و سعودیە و میسر و قەتەر زیاتر دەبێت. ئەمریکا جەمسەری هێزی سونی مەزهەب بەرامبەر بە هێزی شیعە مەزهەب قوت دەکاتەوە.

چاودێرانی سیاسیی، پێیان وایە، خستنە بواری کار پێکردنی ئەو جۆرە بیرۆکە و پێشنیاری دامەزراندنی ئەو هێزە لە ئەرزی واقیعدا گونجاو نییە، لە ئەنجامدا کێشە بۆ ئەمریکا دروست دەکات، بەهۆی ئەوەی کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو هەموو وڵاتە بۆ ئەمریکا ئاسان نابێت. بەڵام ئەو جۆرە بۆچوونە هەڵەیە، بەهۆی ئەوەی، لە دەرئەنجامدا، ئەزموونی جەنگی سوریا، سەلماندویەتی کە لە ئەرزی واقیعدا، ئەم مەترسیە تەنیا خەیاڵە، بەهۆی ئەوەی لە کۆتاییدا، تەنیا ئەو لایەنە دەتوانێت دووبارە ناوچەکە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، کە خاوەن هێزێک و سوپایەکی بەهێزە، نەکە ئەو لایەنانەی کە قوربانییان داوە لە شەڕەکاندا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە