چواردەی نیسان یادی کاژیک و ئەنفال

Monday, 16/04/2018, 1:32


ئەوڕۆ چواردەی نیسانی ٢٠١٨ پەنجاو نۆ ساڵ تێپەڕی بەسەر دامەزراندنی (کۆمەڵەی ئازادیی و ژیانەوە و یەکێتیی کورد) ( کاژیک ) دا کە بۆ یەکەمینجار لە مێژووی کورد و گەلانی رۆژهەڵاتدا رێبازی ئازادیی و یەکسانیی وەک تەواوکەری یەک لە کۆمەڵگەی بندەستی کوردەوارییدا هێنایە پێشەوە و ، بەوە سەنگ و تەرازوویەکی نوێی خستە بەردەست ئەندامانی کۆمەڵگە بۆ کێشان و پێوانەی هەلسوکەوتی تاکەتاکەی خاڵک و بیروبۆچوونی هیزبایەتیی و بزووتنەوەی رامیاریی ، ئەمەش لەسەر بنچینەی بیری ئازادییخوازانەی یەکسانییخوازانە ، نەک لەسەر بنچینەی پەرستنی کەسایەتیی و رێزی بنەماڵە و شار و هۆز ونێوچە و ئاین و رەگەز و مێیینەیی و نێرینەیی . ئەزموونەکانی ئەم پەنجاو نۆساڵە کە بە سەرکوتبوونی کوردکوردێنەی هوردەبۆرژوای کورد و قوربانییەکی یەکجار فرە و تێکشکانی کەسایەتیی کورد کۆتاییان هات ، بەڕۆنی دەریانخست کە رێبازی کاژیک رێبازێکی زانستانەی بابەتانە و مرۆڤدۆستانە بوو ، نەک کۆپێی بیرێکی تەسکوتروسکی رۆژهەلاتییانە ، یان رۆژاڤاییانە. هەر لەبەر ئەوەشە کە نەک هەر داگیرکەرانی کوردستان و ، ئەو زلهێزانەی پاڵپشتیانن ، پێیان بەسێبەری سەری بییری کاژیکدا دەنا و ، ئەگەر نووسینێکی سەر بەکاژیکیان بەیەکێک بگرتایە ، ئەوە باسی سەری بوو، بەلکو زۆربەی ئەو کوردانەی خۆشیان بە نیشتمانپەروەر دەزانی و بە قسەو سەرزاریی سنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکوتا ، لە هیچ جۆرە بوختان و دروودەلەسە هەڵبەستن دژ بە کاژیک درێخییان نەکردووە . ئەو دوکانە بازرگانییانانەی بە نێوی هیزبەوە دایانمەزراندووبەخوێنی سەری یەکیش تینووبوون ، لە هیچ جۆرە دوژمنایەتیی و فێڵکاریی بەرامبەر کاژیک نەسلەمیونەتەوە چواردەی نیسان هەر یادی کاژیک نییە ، بەلکو یادی ئەنفالی شوومە . ئەوجا نازانم رژێمی بەئسی فاشست و جانەوەر بە مەبەست ئەو رۆژەی هەڵبژاردووە بۆ کۆکوژیی لە کورد ، یان ئەمەی رێکەوت بووە . هەرچی چۆنێک بێ ، کاژیک پێشاندەری رێیەک بوو کە کورد بو ئازادیی و و ئاشتیی لە نیشتمانەکەی خۆیدا بە یەکسانیی لەدەسەڵاتدا بژی ، ژن و پیاو وەکیەک مافیان هەبێ لە دەسەڵاتدا ، نەک هەر بەرامبەر دەستوور و قانوون . چینایەتیی ئابووریی شوێنی خۆی چۆڵ بکا بۆ سیستەمێکی سۆسیالیستیی . ئاین (باوەڕ) و رامیاریی لەیەک جیابکرێنەوە ، ئەویان بۆ مەزدا و، ئەمیان بۆ خاڵک . کاژیک دەیویست هەموو کارو چالاکییەک کە بۆ رزگاریی کوردستان ئەنجام بدرێ دەبێ لە کاتی خۆێدا و بە زانینی هەلومەرجی گونجاوو ، لە ئەنجامی هوردبوونەوەو لێکۆڵینەوەی زانستانەوە ، نەک بە دمارگیریی شیتۆکانە و ، شانازییکردن بە ژمارەی زۆری شەهیدەوە ، ئەوجا بە زیانێکی زۆر و بێدەسکەوت .. خۆهەڵکێشان بە فرەژمارەی شەهیدەوە بێ دەستکەوت سەربەرزیی نییە بەلکو کاڵفامییە. . ئەوڕۆ گەلێک لەوانەی لە رابوردوودا هەزاران بوختانیان بۆ من هەڵدەبەست چۆنکە دەمگوت یەکێتیی سۆڤێت دەوەلەتێکی سۆسیالیسیتیی نییە بەلکو سەرمایەدارییە و ، هیچ جیاوزییەکی لەمڕووەوە لەگەڵ ئەمریکا نییە ، هەر یەکەیان بۆ بەرژەوەندیی خۆی تێدەکۆشێ ، ئێستە زۆریان دێن و قسەکانی پەنجاساڵ پێشووی من دووبارەدەکەنەوە . هێندێکیش لەوانەی دژایەتیی منیان دەکرد کە گۆتارم لە (کوردستانپۆست) دا بڵاودەکردەوە و ، ئەوەیان بە نەنگیی بۆ من دەزانی ، ئێستە خۆیان تووشی ئەو (نەنگیی) بوون . بەڵێ بادانەوە ئەگەر لەدڵەوە بێ خراپ نییە لە کۆتاییدا دەبێژم ئێستە کاژیک وەک رێکخراو نەماوە ، بەڵام بیری کاژیک هەر ماوە و دەمێنێ و پێویستیشی بە رێکخراو نییە ، چۆنکە تا مرۆڤ لەسەر زەویی بێ ، بیری ئازادیی بەرەو نەمان ناچی ، باجاروبارێکیش نووچ بدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە