حیزبی خێڵچی و خێڵی حیزبچی

Monday, 16/04/2018, 1:22


سۆسیۆلۆژیای کاندیدەکان
تا ئێستاش سیاسەت‌و حزبایەتی لەهەرێمی کوردستان گیرۆدەی چەندین قەیرانی گەورەیە، تائێستاش حزب نەیتوانیوە بگاتە ئاستێکی لێهاتویی لەحزبایەتی، حزبە نوێیەکانیش گیرۆدەی چەندین قەیرانی گەورەن‌و کۆپی حزبە تەقلیدیەکانن، حزبی کوردیی تا ئێستاش نەیتوانیوە چوار چێوە کلاسیکیەکانی حزبایەتی بشکێنێت.
هەندێک ڕوداو دەبێتە تاقیگەی سیاسی بۆ خوێندنەوەی حزبەکان‌و دیدگاو پلاتفۆڕمەکان، هەڵبژاردنەکان فلتەرێکن بۆ جیاکردنەوەی حزبەکان لەگشت ڕوەکانەوە، هەڵبژردنەکان دووبارە مەجالی خوێندنەوەی ڕەهەندەکانی حزبایەتی دروستدەکات. لێرەدا خوێندنەوەکی کورت بۆ کاندیدەکانی هەڵبژاردن دەکەین.
کاتێک هەڵبژاردنەکان نزیک دەبنەوە حزبەکان بەرنامە بۆ دیاریکردنی کاندیدەکان دادەنێن، حزبەکان بەدوای کەسە دیارەکانی کۆمەڵگادا دەگەڕێن و بەرگی سیاسەتیان بەبەردادەکەن، حزبەکان تا ئەمڕۆش فلتەرێکی زانستیان نیە بۆ کاندیدەکان تا لێهاتووی کاندیدەکە دەربخات، کاندیدەکان ڕویەکی تری دوونیای سیاسیمان نیشان دەدەن چونکە کاتێک ناوی کاندیدەکان دەبینین توشی سەرسوڕمان دەبین و گاڵتەجاڕییەکی تری سیاسەت دەبینین لێرە، حزبەکان بەدوای کەسانی ناسراودا دەگەڕێن لە پێناو ڕاکێشانی دەنگدەراندا و لەم چوارچێوەدا حزبەکان زۆر جار لەپلاتفۆڕمی سیاسیی خۆیان دەردەچن و گوتارە سیاسیەکان دەبەزێنن، بۆ نمونە کارنامەی حیزبێک سیکۆلارە بەڵام مەلایەک دەکاتە کاندید! یان حزبێک دژە دەسەڵاتە بەڵام کاندیدەکەی لە ژیانیدا وتارێک یان پۆستێکی ڕەخنەیی دژی ئەم دەسەڵاتە چەتەگەرییە نەنوسیوە! حزبەکان لێرەدا لە پێناو دەنگدا دەبنە میوانی خێڵگەری و پەنا دەبەنە بەر عەشیرەتەکان و ئامادەن بۆ وەرگرتنی هەر کەسێک تا بیکەنە کاندید! لێرەدا کاندیدەکان ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی وەردەگرن، کاندیدی عەشیرەتێک و خێڵێک بەهۆی هەستی خزمایەتی و خێڵچیەتی و خوێنەوە دەنگ دەهێنێت و دەبێتە خاوەن دەسەڵات و دواتریش بەم دەسەڵاتە هەیمەنە دەکات بەسەر دەزگاکاندا، هەندێک دەنگدەر لەم چوارچێوەی پەیوەندی خوێنە دەردەچن، وەک ئیبن خەلدون گوتی دووشت دەسەڵات دروستدەکەن یەکەم تەعەسوب و پەیوەندی خوێن دووەم ئابوری. لەلایەکی تر سۆسیولۆژیای کاندیدەکان هەندێجار پەیوەست دەبێت بەچینێک یان توێژێکی کۆمەڵگا، بۆ نمونە حزبەکان بەدوای کەسانی خاوەن دکتۆرادا دەگەڕێن یان مامۆستایانی زانکۆ دەکەنە کاندید.
بێگومان پسپۆڕییەکان گرنگن بۆ چالاکی سیاسی و بەتایبەت پەرلەمان، بەڵام کارکردن لەسەر هەستی دەنگدەران لەڕێگەی دین و زانکۆ و پسپۆڕییەکان و خێڵچیەتی و خزمایەتی کارکردنێکی کلاسیکیەوە فەشەلی حزبایەتی و کارنامەکانیان دەگەیەنێت، دووبارەکردنەوەی کاندیدەکانیش ڕویەکی تری ئەم فەشەلەیە و پێمان دەڵێت حزبەکان نەیانتوانیوە کاندیدی تازە دروست بکەن و ناچارن پەرلەمانتارانی پێشوو دووبارە کاندید بکەنەوە.
سۆسیۆلۆژیای کاندیدەکان پێمان دەڵێت حزب خێڵچیەو خێڵەکانیش حزبچین، حزبەکان بۆ کۆکردنەوەی دەنگ دەبنە دەستکەلای خێڵ و عەشیرەت، خێڵیش بۆ پشتیوانی سیاسی و ئابووری دەبێتە حزبچیی، دەبینین زۆرجار کەسانی ناو عەشیرەتەکان بەئاسانی لە دادگاکان ڕزگاریان دەبێت بەهۆی پاڵپشتی حزبی دەسەڵات، ئەم پەیوەندییەی خێڵ و حزب لەسەر حسابی گشتیەو دادگاکانیش دەبەزێنێت.
حزبەکان پێویستە دەزگایەک یان ژورێک یان لیژنەیەکی تایبەتیان هەبێت بۆ وەرگرتنی کاندیدەکان، پێش هەمووشت هەر کاندیدێک دەبێت هەندێ مەرجی پێشوەختی تێدابێت وەک یەکەم دەبێت کاندید توانایەکی باشی هەبێت لە فیکرو هۆشیاری سیاسی و بتوانێت خوێندنەوە بۆ ڕوداو پێشهاتەکان بکات، نەک قسە و لێدوانەکانی ببێتە گاڵتەجاڕیی میدیا و سۆشیال میدیا، دووەم جورئەتی سیاسیە بۆ گوتنی ڕاستییەکان، ناکرێت کاندید زیرەک بێت بەڵام جورئەتی ئاشکرا کردنی ڕاستیەکانی نەبێت، سێیەم دەبێت ڕابردویی باشبێت ، پاشان بوونی پەیوەندی باش لەگەڵ میدیا گرنگە. ئەمانە پێوەرە سەرەتاییەکانن کەدەبێت کاندید ئاراستەی بکرێت و کاندید خۆشی ئاڕاستەی خۆی بکات.
دەکرێت دکتۆرێک ببێتە پەرلەمانتارێکی باش بەڵام گرفتەکە ئەوەیە حزب لە ڕێگەی ئەم ستایلەی کاندیدەکان بڕوانامە دەکاتە سەنتەرو کۆمەڵگا دابەشدەکات بۆ چین و توێژی جیاوازو دەسەڵاتیان پێدەدات، دروستکردنی ئەم چینایەتیە قەیرانی حزبایەتی گەورەتر دەکات، بەڵام ئەگەر مەجال بدرێت دەکرێت کەسێکی ئاسایی ببێتە کاندید و لە دکتۆر و مامۆستایەکی زانکۆش لێهاتوتربێت لە پەرلەماندا.
پێوەرەکانی وەرگرتنی کاندید تا ئێستاش خراپن و پشت بە چین و توێژو هەستی دینی و خێڵچیەتی دەبەستێت، لەم جۆرە دانوستانەدا کاندید بۆ پارە و دەسەڵات کاردەکات حزبیش بۆ دەنگ کاردەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە