Sunday, 15/04/2018, 2:26
پارت و سەرکردە عەرەبەکانی هەڵگری هەر دوو مەزهەبی، سونە و شیعە لە عیراق، بە مەبەستی سیاسیی و زیاتر کۆنتڕۆڵکردنی میللەتی کورد، لە مەیدانی سیاسیی باشووری کوردستاندا ئەسپەکانیان تاو دەدەن.
لە ماوەی ڕابردوودا، سەرکردە عەرەبەکان لە عیراق، لە هەوڵی ئەوەدا بوون، هەندێک لە ئەندام پەرلەمانی لایەنە کوردییەکان لە هەر دوو ڕەگەزی نێر و مێ لە پەرلەمانی عیراق بکڕن و بیانکەن بە کاندیدی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی ١٢/٥/٢٠١٨ی پەرلەمانی عیراق، وێرای ئەوەش، بەهەمان شێوە، لەسەر ئاستی شەقام، کەسایەتیی ئاینی، سیاسیی و نووسەرانیش هەمان هەوڵیان داوە. شانبەشانی ئەوەش، دەستیان کردوە بە کردنەوەی نووسینەگەی فەرمیی پارتەکانیان لە هەرێم، وەکو یەکەم هەنگاو، بۆ دروستکردنی بنکەو پێگەی جەماوەریی، لە ژێر دروشمی ئەوەی، عیراق یەک پارچەیە، هەڵبژاردن مافێکی دیموکراسییە، بۆ هەر لایەنێکی سیاسی و هاوپەیمانێتییەک، هەر لایەنێک، ئازادە لە کام شاردا، بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات و کێ دەکات بە کاندیدی خۆی.
هاوپەیمانیی نەسر، بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، نوسینگەی خۆی لە شاری سلێمانی کردەوە، جەمال حەمە سەعید، کوردێکە، قسەکەری فەرمیی ئەو نووسینگەیەیە. هاوپەیمانیی نەسر خاوەن ٩ کاندیدە لە شاری سلێمانی لە هەر دووک ڕەگەزی نێر و مێ ٣ژن و ٦پیاوی کورد.
ڕەوتی حیکمەی شیعی عیراقی، لە ١٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٨دا، نووسینەگەی تایبەتی خۆی لە هەر دوو شاری سلێمانی و هەولێر کردەوە. ئەو ڕەوتە، بە سەڕۆکایەتی عەمار ئەلحەکیم لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە ٢٤ی تەمووزی ساڵی ٢٠١٧دا جیابۆیەوە. بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی ڕەوتی حیکمە لە سلێمانی، کوردێکی سوننە مەزهەبە ناوی "عیسا ڕەشید بەرزنجی" و "مستەفا کاوە حەفید"، جێگری ئەمینداری سلێمانی ڕەوتی حیکمەیە.
ئەم هەنگاوانەی نەسر و حیکمەی شیعی، تەنیا بە مەبەستی کردنەوەی نووسینگەیەکی فەرمیی نییە بۆ هەڵبژاردنەکان و کۆکردنەوەی دەنگ، بەڵکو بۆ دروستکردنی نواتیک، گەشە پێدانی جوڵانەوەیەک و تەیارێکی سیاسیی دیاریکراوە بە سەڕۆکایەتی، عەبادی و عەمار ئەلحەکیم لە نێو دەنگە ناڕەزاکانی باشووری کوردستان لە چوارچێوەی عیراقێکی یەکگرتووی عەرەبیدا.
ستراتیژیەتی دوژمنانی کورد، بۆ لێدانی جوڵانەوە سیاسییەکانی میللەتی کورد، لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا یەک ستراتیژیەتە، بەڵام لە کات و ژێر بارودۆخی جیاوازدا. ئەم هەنگاوانەی عەمار حەکیم و عەبادی، هەمان هەنگاوی ئەردوغانە، کە لە ڕۆژئاوای وڵات لە شاری عەفرینی داگیرکراودا پەیڕەوی کردوە.
ئەنجومەنی خۆجێی کاتی عەفرینی داگیرکراو، لەسەر داواکاری ئەردوغان دروستکراوە، کوردێک بە ناوی "زوھێر حەیدەر" سەڕۆکی ئەنجومەنەکەیە. دەستنیشان کردنی کورد لە نێو ئەو نووسینەگە و ئەنجومەنانەدا، تەنیا بە مەبەستی لێدان و لاواز کردنی جوڵانەوەی سیاسیی، نیشتمانیی و نەتەوەیی کوردە، لەو مەبەستە و گیرفان پڕکردنی کۆمەڵێک کەس بترازێت، ئەو جۆرە ئەنجومەن، نووسینگە و خۆ کاندید کردنە، لە زەڕەر زیاتر بۆ میللەتی کورد هیچی دیکەی لێ شین نابێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست