مێژووی كورد لەهەرچوارپەرچەی كوردستان، پڕە لە دوو بەرەكی ولێكترازان، توشی دەردێكی هێند كوشندە بووە، كەهێشتا دەرمانی ساڕێژ بوونی ئەو دەردە نەدۆزراوەتەوە.
قەومێكین شێن وشایی، شكست و سەركەوتن، یەكمان ناخات.
ئەگەر زۆر نەگەڕێنەوە بۆ دواوە نەهەڵەبجەو ئەنفال، نەكیماباران و داڕوخانی نیوەی كوردستان، یەكی نەخستین.
هەردوای ڕاپەڕین لەباشور بە عیلمانی و ئیسلامییەوە، بەڕاست و چەپەوە، كەوتنە شەڕی ناوخۆو ناوشار، هەموو شتێكیان لەپێناوی حەزو ئاڕەزووی حیزب و سەركردەكانیان كردە قوربانی، سەدان پێشمەرگەو خەڵكی سڤیل، ماڵ و حاڵ و شارۆچكەكانیان وێران كران و ئاواڕەی هەندەران بون.
تا ئەوكاتەشی لەواشنگتۆنەوە مادلین ئۆڵبرایت، گوێچكەی هەردوو سەركردە شەڕكەرەكەی باشوری ڕانەكێشا، بێ باك بوون لەڕشتنی خوێنی هاونەتەوەو هاوسەنگەرەكانیان.
حیزبە كوردییەكانی باشور بەوانەشی لەم چەندساڵ و مانگەدا قوت بونەتەوە، پەل و پۆی شكاوی هەمان ئەو حیزبە تەقلیدیانەن، كەبەشێك لەتاكەكانیان، تۆمەتبارو قێزەونن بەگەندەڵی و خیانەتی نیشتیمانی و كۆمەڵایەتی و یاسا
شكێنی.
بەشی زۆری مێژووی كورد، دووبارە كردنەوەی خیانەت و خۆفرۆشیە.زۆر نەگەڕێنەوە بۆ دواوە، كاتێك لەدوای ڕاپەڕین ینك و پدك و ئیسلامییەكان، كەوتنە شەڕی ناوخۆو لایەك ئێرانی دەهێنا، لاكەی دیكە توركیاو بەعس.ئەوەتا لەو چەند مانگ و هەفتەیەی پێش ئێستا بەشێك لەناسەركردەخاك فرۆشەكان، دەرگای خیانەتیان بۆ حەشدو عەرەبی شیعە كردەوە بۆ داگیركردنی نیوەی خاكی هەرێم.پلانەكەش هێشتا كۆتای نەهاتوە، بەڵكو توركیا تەواوكەكەری نەخشەكەیە.هەروەك شایەدی بەشێك لە كوردە خۆفرۆشەكانی ڕۆژئاواش بوین، كەوتبونە پێش لەشكری ئەردۆغانەوە بۆ داگیركردنی عەفرین لەلایەك و لەم لاوەش، بۆپارسەنگی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر، هەم دیسان لەشكری ئەردۆغان لەسنورو ناوچەكانی زۆنی زەرد تەراتێن دەكات، بەچاوساغی حیزبی باڵادەست.لەباكوریش بەشێك لەكوردەكان چونەتە پاڵ بەرەی ئەردۆغان، لەجیاتی ئەوەی هاوپشتی حیزبە كوردیەكان بن.لەڕۆژهەڵاتیش حیزبەكان بونەتە دەیان پارچەو هێشتا لەحاڵی مت بون دان و ئێران، هێواش هێواش بەچەقۆی تیرۆر تەواویان دەكات..
بۆیە زۆرێك لەحیزبە كوردیەكان، لەتای تەرازودا بەقەد زەڕەیەك لەخیانەت و خۆفرۆشیدا جیاوازی لەنێوانیاندا نیە. بۆیە پێویست ناكات تف ڕوەو با بهاون، چونكە بەڕووی خۆیاندا دەگەڕێتەوە.
بۆ لەبار بردنی ئامانجی كورد لە كەركوك و ناوچەكانی ماددەی سەدوچل، لەماوەی چەند شەو و ڕۆژێكدا، ووڵاتانی وەك ئێران و عێڕاق و توركیا، هەموو ناكۆكیەكانیا وەلاناو بەچەند كاتژمێرك كوردیان لەكەركوك و ڕووبەرێكی بەرفروانی باشور كردە دەرەوەو ئامانجی خۆیان پێكا.
كەچی حیزبە تێك شكاو و زەلیلەكانی باشور، ئامادەنین دوای ئەو هەموو خیانەت و شكستە بۆ یەك ڕۆژ یەكبگرن، چ بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك، یان بۆ یەك ڕۆژ بەرامبەر عەرەب و شیعە، ببنەیەك لەناوچە جێ ناكۆكەكان بۆهەڵبژاردن.
دەبێ باش تێبگەین بیركردنەوەی
حیزب و سەركردە كوردەكان، لەچوارچێوەی گەڕەك و شارو شارۆچكەكانی كوردستان، زیاتر بڕ ناكات، بۆیە حاڵی میللەت واها شڵۆقە.
لێرەدا پاساو بۆ خیانەت و سەرشۆڕی سەركردەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر ناهێنینەوە، بەڵكو گرینگە بۆكەركوك پارێزگارێكی كورد هەڵبژێرین، نەك عەرەبێكی شۆڤینی بیاوێ نواو و ئاگردانی ماڵەهەژارو نەدارەكانی ئەو گەڕەكانەی كوردی لێیە بڕوخێنێ بەپاساوی زیادەڕۆییەوە.
ئەگەر بیانوی پارتی بۆ ئامادە نەبونیان لەهەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد، داگیر كردنی كەركوك بێ، بەڵام لەئێستادا كوردستان كوێی هەیە داگیرنەكرابێ؟
لەجەنگی جیهانی دووەم، كاتێك بەریتانیا وخەڵكەكەی كەوتبوە بەرهێرشی ئەڵمانەكان، وینستۆن چەرچڵ، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی بەریتانیا گوتی، ئامادەم دەست بخەمەناودستی شەیتانیشەوە بۆپاراستی بەریتانیا وخەڵكەكەی، ئەوە بوو پەنای برد بۆ بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ ڕوسیا، تائەڵمانەكان تێك بشكێنن.ئێمە ناڵێن پەنا بەرنە بەر شەیتان، بەڵكو دەست بخەنە ناودەستی شەریكە خیانەتكارو گەندەڵكارەكانی خۆتانەوە، كەڕێككەوتنمامەی ستراتیجی و هاوپەیمانی شكست و سەركەوتن، یاخود تاڵانی نیشتیمانن بەیەكەوە.
پارتی كەئێستا بایكۆتی هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك و ناوچەكانی كردوە، بەردەوام دەڵێ، ئامادەی هاوكاری عێڕاقن بۆهەناردەی نەوتی كەركوك، بەڵام ئامادە نین پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دابنێن، دیارە ئەمیان داهاتی بۆ پارتی نیە، جگە لەلولە نەوتەكە.
خەڵكی كەركوك و ناوچەكانی ماددەی سەدوچل، شایەنی زۆر لەوە زیاترن كەبەرژەوەندی حیزب بخرێتە پێشیانەوە.تەنها ئەوان بون سەلماندیان كەدەستور ڕێی پێداون ڕاپرسی بەپێی ماددەی سەدوچل لەناوچەكانیان بكرێ، كەواتە ئەوان دەستوری عێڕاقیان پێشەل نەكردوە، تا لەلایەن بەغداو هەولێرەوە یاریان پێ بكرێ.
حیزبی كوردییەكانی باشور كەبەرەو هەڵبژاردنی پارلەمانی عێڕاق دەڕۆن خۆشیان نازابن بۆ چ ئامانجێك دەچن، ئەگەر ئامانج كەركوك و ناوچەكانی ماددەی سەدوچلە، خۆ ئێستا بەدەنگی تەنها ئەندامەكوردەكانی ئەنجومەنی پارێزگا، دەتواندرێت بەڕێگای بەدیموكراسی و یاسایی كورد بێتەوە پارێزگار.لانی كەمیش بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری داهاتوو كاریگەری دەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست