سەرەتایەکی ئومێدبەخش
Saturday, 14/04/2018, 20:40
مانگرتن و گردبونەوە و ڕێپێوانەکانی ئەم جارەی زیانلێکەوتوانی دەسەڵاتی کوردی کە نزیکەی نۆ ڕۆژی خایاند بە بەراورد بەوانی پێشو لەم خاڵانەدا جیاواز و باشتر بو:
١. با هێشتا بەشێوەیەکی لاوازیش بێت بەڵام بادینان و هەولێریشی گرتەوە، مامۆستایان ، پزیشکان بەتایبەتی دیواری ترس لە پاراستن و ئاسایش و پۆلیسی پارتیان شکاند، بەشێک لە دەستەی سەندیکای پزیشکانی هەولێر ئازایانە لە بەر چاوی کامێراکانی ڕاگەیاندن یاخی بونی خۆی ڕاگەیاند لەو بەشەی تری سەندیکا کە کە گوێڕایەڵی کوێرانەی پارتی دەکات و داوای کۆتایی پێهێنانی بایکۆتی پزیشکانی کرد.
٢.لە یەک کاتدا هەمو هەرێمی کوردستانی گرتەوە، بەشداربوان لە ڕوی ژمارەوە لە جارەکانی تر گەلێک زۆرتر بون، بە تایبەتی لە سلێمانی و دەڤەری ڕاپەڕین و گەرمیان و هەڵەبجە و کۆیە بە گوڕوتینێکی کوڵێنەرەوە بەڕیوەچون.
٣.دروشمی سەرەکیی هەمو گردبونەوەکان ئەمە بو: لە گۆڕنانی یەکجاری و هەمیشەیی پاشەکەوتی موچە کە ملیۆنان ئینسانی کوردی برسی و زەلیلکردوە، هەروەها گێڕانەوەی قەرزی دو ساڵی پێشوی موچە کە کەوتۆتە سەر حکومەتی مایەپوچی پارتی و یەکێتی.
٤. لە ڕوی چۆنایەتیەوە زۆر مەدەنی و ناتوندوتیژ بو، زیان بە هیچ کەس و شتێک نەکەوت، پزیشکان ئاوی خواردنەوەیان دەبرد بۆ ئاسایش و پۆلیسەکان، دروشمەکان سیاسی و حیزبی نەبون بەڵکو دەربڕی گوزەران و باری ئابوریی زۆر خراپی خەڵک بون. چەند نمونەیەک: موچە موچە بێ پاشەکەوت لە داهاتی گومرگ و نەوت / ئێمە دەرمانمان پێیە ئێوە سیلاحتان پێیە / ئاسایشیش بەڕێزن چونکە دەمانپارێزن / پزیشکان و کارمەندان پشتیوانن بۆ هەموان / پەروەردەو تەندروستی پشتیوانی یەکتری / لە هەولێر و بادینان دیواری ترسیان شکان / هەولێر دهۆک بادینان ئێمەین پشت وپەناتان / بێ چەقۆ بێدەمانچە هاتوین بۆ داوای موچە / چیتان ئەوێ کارمەندان موچە دزراوەکانمان/ داهاتی نەوت بۆ هەموان نەک بۆ بنەماڵە و خێزان / ئێمە هەمو یەکدەنگین دژی گەندەڵ دەجەنگین / دەسەڵاتی تاڵانچی موچەمان داتان بەچی / داڕزێن وداوەشێن دەسەڵاتی شەقوەشێن / داڕزێن داڕزێن بۆ حوکمڕانی ناشێن / بۆ دەسەلات و کورسی میلەتێ مەکەن برسی / داوای موچەمان حەقە وەڵامتان چەقۆ و شەقە / حوکمەتی چەقۆوەشێن کوا موچەمان داوەشێن، دروشمی (بڕوخێ دز شەریکی دز) لە هەمو دروشمەکان زیاتر بو، لە سەرتاسەری کوردوستان سەدانهەزار بەدەنگی بەرز دەیانوتەوە، بێگومان مەبەست لە دز پارتیە، شەریکە دزیش یەکێتیە!
٥. هاوخەباتی و هاوپشتیی پیشەکان لە نێوان خۆیاندا زۆر بەهێز بو، بۆ نمونە لە بۆردی کارمەندانی تەندروستیی مانگرتودا پزیشکێک بەردوام لە چالاکیەکانیان ئاگادار دەکرایەوە، پزیشکانی گەنج کە هێشتا پسپۆڕییان تەوانەکردوە لە هەمو پسپۆڕیەکاندا کە نزیکەی ٢٩ بەشن ئەنجومەنی پزیشکانی ناڕازیان دروستکردبو و لە بەرایی ڕۆژانی مانگرتندا ڕێپێوانێکی گەورەیان لە بەردەم نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبونە وە بەڕێکرد تا بەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتن کە نزیکەی یەک هەفتە ڕۆژانە لە سەعات نۆی بەیانیەوە تا ١٢ ی نیوەڕۆ تەندروستکاران بە دوکتۆر و کارمەندی تەندروستی و پەرستار و موچەخۆرانی تری سەر بە دەسگای تەندروستی گرددەبونەوە و داواکانیان بە دەنگی بەرز ڕادەگەیاند. مانگرتنی پزیشکان هەمو بەشە هەستیارەکانیشی گرتەوە وەک چاودێریی ورد و دڵ و ژنان و منداڵبون. فەرمانبەرانی مانگرتو و مامۆستایانی مانگرتوی زانکۆکان و پیشەدارەکانی تر وەک دادوەران و داواکاری گشتی و دادنوسان و..ئەندازیار و کاسبکار و خانەنشینان وزیندانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین و.. وبەردەوام لە گەڵ مامۆستایانی پەروەدە لە بەردەم دادگای سلێمانیدا لە نزیک چادرەکان کۆدەبونەوە و گوتاری خۆیان دەوت، چەندین پۆلیس بێترس هاتنە ڕیزی خۆپیشاندەران.
٦. ژنانی ئازا و ئازادی کوردوستان ڕۆڵێکی سەرەکیان گێڕا لە بەرەنگاربونەوەی پەلاماری پیاوەکانی دەسەڵاتی کوردی.
پەندێکی ئەڵمانی دەڵێت: ڕێکخستن نیوەی ژیانە! مانگرتنی ئەم جارە بە ڕونی ڕێکخستنی پێوە دیار بو بۆیە وا سەرکەوتوبو. دەبێت ئیتر هەمو پیشەوەرانی کوردوستان لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی تر سەندیکای سەربەخۆی ناحیزبیی خۆیان دروستبکەن کە نوێنەری ڕاستەقینەی پیشەکانیان بن و هاوپیشەکانیان ڕێکبخەن بۆ بەرگریی بەردوام لە مافەکانیان. دەبێت چونەوە سەر کار ببەسترێتەوە بە موچەی مانگانەی بەردەوامی بێ پاشەکەوت، ئەگەر نەدرا با کەس نەچێتەوە سەر کارەکەی!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست