لە عەفرین چیم دی! (رۆژئاوای كوردستان)
Tuesday, 10/04/2018, 11:31
بەرەبەیانى رۆژى 10/3/2018 وەفدێکى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان(knk ) کە پێکهاتبوو لە نوێنەرانى بەشێک لە لایەنەسیاسیەکانى نێو (knk ) و پیاوانى ئاینى موسلمان و کریستانى و زەردەشتى و کاکەیى و کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکانى کوردستان و ئەندامانى (knk ) و بەشێک لە رێکخراوەکانى کۆمەلگاى مەدەنى لە هەولێرى پایەتەخت بەرێکەوتین بەرەو رۆژئاواى کوردستان بە گشتى و (عەفرین)ى رەنگ زەیتون بە تایبەتى بۆ گەیاندنى پەیامى باشور کە پێیان بڵێین ئێمەى باشور پاڵپشت و هاوسۆزتانین .بەرێزەوە لە خالى باشور بەرێکراین و لە زێى (سێمالکا ) پەڕینەوە و کەوتینە باوەشى رۆژئاواو لە لایەن وەزیرى دەرەوەى هەرێمى جەزیرە بە گەرمى و شایستانە پێشوازیان لێکردین و کە خۆمان ناساند بە خەندەوە وتیان ( بەخێر هاتن بۆ مالى خۆتان سەر چاڤان ) سەرسام بوون بە جۆراو جۆرى پێکهاتەى وەفدەکەو وتیان (هەوە تەمامى گەلێ باشورن ) پاش پشوویێکى کورت لە تەک هەڤاڵى وەزیر بەرێکەوتین بۆ قامشلو .
سیستەمى بەرێوەبردنى رۆژئاواى کوردستان بریتییە لە سآ هەرێمى خۆسەرى (جەزیرە و فورات و عەفرین) هەر هەرێمێک لە چەند کانتۆنێک پێکهاتووە تا رادەیەکى زۆر باش لەم بەرێوەبردنە سەرکەوتوون و لەو شوێنانەى کە نەتەوەى ترى لێدەژین وەک ( عەرەب و تورکمان و کریستانى .....تاد ) بەشدارن لە هەردووک مەجلیسى تەشریعى و بەرێوەبردن ، لەوآ پێکەوە ژیانى گەلان بۆ هەموو نەتەوەو کەمەنەتەوەیەکان بە بآ جیاوازى فەراهەم کراوە و نمونەى دیموکراسیێکى جوانە ، یەکێک لە کارە گرنگەکان رۆلى ژنانە لە هەموو بوارەکاندا ژنان رۆلى بەرچاو گرنگ دەگێڕن لە بەڕێوەبردن کە هیچ کەمتر نیە لە رۆلى پیاوان بە لکو یەکسانە ، ئەمە دوورە لە ناو و شکل ئەم رۆلەیان بە خەباتى خۆیان و باوڕپێبوونى پیاوان و پەروەردەى فەلسەفەیەکى دروست بە دەستیان هێناوە .
دەمەوێت لەم سەردانەى ئەم وەفدە بۆ عەفرین ( کەلێ بەرخۆدان ) چیم دیووە بە شێوەى زنجیرەى بچووکو پوخت یاداشتى بکەم ،کە ئەمە داواکارى هەندآ لە هاوڕێیانم بوو .
(1)
گۆرستانى شەهیدان و رێورسمى ناشتنى شەهیدان .
لە زۆربەى شارەکان گۆرستانى تایبەت بە شەهیدان هەیە و زۆر بەرێکى دروستکراون و جوانکاریان بۆ کراوە و باغ ئاسا پڕاو پڕن لە درەخت و گوڵالە سەرجەم گلکۆیەکان بە یەک شێواز دیزاین کراون و گلکۆى هەر شەهیدێد وێنەو ناو و کورتەیەک مێژووى بەرخۆدانى بە سەرەوەیە ،شەهیدانیان ئەوەندە لا بەرزو بەنرخە پیرۆزیان داوەتآ و بەهایان بۆ داناون کە ئەو پەڕى شانازیان پێوەدەکرێت لە لایەن گەل بە گشتى و خانەوادەکانیان بە تایبەتى کە هەرگیز نیگەرانیان پێوە دیار نیە بە هۆى شەهید بوونى رۆلەکانیان .
وەفدەکان کاتآ سەردانى مەزارى شەهیدان دەکەن لە لایەن ئەنجوومەنى ماڵى شەهیدان و ماڵباتى شەهیدان دێتە پێشوازیکردن ( ئەم ئەنجوومەنە کارو بارى شەهیدان بەرێوە دەبات ) ،لە کاتى تۆقەکردن تەنیا دەڵێن ( شەهید نامرن) سەرجەم گۆرستانەکانیش پەیکەرێک وەک سمبول بۆ شەهیدان و گۆرەپان و سەکۆو شوێنى تایبەت بە رێورسمى ناشتنى شەهیدان هەیە، کاتآ شەهیدانیش بەخاک دەسپێرن رێوورسمى شایستە و تایبەت بەرێوە دەچێت خەلکێکى زۆر کۆدەبێتەوەو بەڕێزو بە بایخەوە شەهیدەکان بە خاک دەسپێرن تەرمى شەهید دادەپۆشرآ بە ئاڵاى تایبەتى یەکەکەى و وێنەى شەهیدیشى بە سەرەوەیە و لەسەر سەکۆى تایبەت دادەنرآ و رێورسمەکە بە سڵاوى سەربازى لە لایەن (دەستەیەک لە شەڕڤانانى کچ و کوڕ) دەستپێدەکرێت و ئاخاوتنێک لە لایەن ئەنجوومەنى مالى شەهیدان دەدرێت و پاشان شەهیدەکان دێنە ناسکردن و بۆ هەر شەهیدێک تابلۆیەکى جوان کە وێنەو ژیانامەى شەهیدى بەسەرەوەیە دەدرێتە ماڵباتى شەهیدان لە دوماهیدا کەسێکیش لە هەر مالباتێکى شەهید کورتە لێدوانێک دەداو سۆز دەدا کە درێژە پێدەرى رێگایەکەى بێت .
ئێمە سەردانى مەزارى شەهیدانى (قامشلو ، کۆبانآ ، عەفرین ) مان کرد ،هەروا لە رۆژانى
• 11/3/2018 بە شدارى مەراسیمى ناشتنى دوو شەهیدى شەڕڤانمان کرد لە کۆبانآ کە رۆژى پێشووتر لە عەفرین شەهید ببوون.
• لە 13/3/2018 لە 53 مین رۆژى بەرخۆدانى عەفرین سەردانى ئەنجوومەنى مالى شەهیدانى عەفرینمان کرد هۆلێکى گەورە کە هەر چوار لاى دیوارەکانى بە وێنەى شەهیدانى شەرڤان داپۆشرابوو ، وێنەى (1425) شەهیدى شەرڤانى خەلکى عەفرینى لە خۆ دەگرت کە لە دەسپێکى شۆرش تا 1/1/2018 .
• 14/3/2018 لە عەفرین بە شدارى مەراسیمى ناشتنى38 شەهیدى شەڕڤانمان کرد .
• 16/3/2018 لە کۆبانآ بەشدارى مەراسیمى ناشتنى کەسایەتى دیارى رۆژئاوا شەهید (عومەر عەلۆش) مان کرد کە شەوى 14 لەسەر 15 لە گرآ سپى شەهید کرابوو .
• 17/3/208 لە قامشلو بەشدارى رێورسمى ناشتنى 4 شەهیدى شەرڤانمان کرد کە لە عەفرین شەهید ببوون.
لە کاتى بەرێوەچوونى رێورسمى ناشتنى شەهیدان لە عەفرین بالە فڕ بە ئاسمانەوە بوو بۆردوومانى کەنارى شارى دەکرد و مەترەلۆزەکانى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى سەردەم دەوروبەرو ناوشارى بۆمباران دەکرد .
زۆر کەم بوون ئەوانەى بەسەر شەهیدەکان دەگریان ،تەنانەت خانەوادەى شەهیدانیش نەدەگریان ئەوان لە بڕى شین و ڕۆڕۆ بە سروودو چەپلە رێزان و بەرزکردنەوەى دوو پەنجەى سەرکەوتن و هەل هەلە رێورسمەکە بەرێوە دەچوو ، نەریتێک کە ژنان شکاندوویانە بەشداریکردنیانە بە رێژەیەکى زۆر لە رێورسمى ناشتنى شەهیدان شان بەشانى پیاوان ، لە هەڵگرتنى تەرمى شەهید و رێرەوکردن و شۆڕکردنەوەى تەرم بۆ نێو گلکۆ و تابوترێژکردن و گل وەسەر هەڵدان .
(2)
شەڕێکى نابەرامبەر ئیرادەى گەل و مۆڕالى شەڕڤانان .
خۆراگرى و بەرخۆدانى رۆژئاواى کوردستان چ لە لایەن گەل و چلە لایەن شەڕڤانان ئاوێتەى یەکتر بووینە، بەڵآ ئیرادەو مۆڕاڵ ئاوێتەى یەک بووینە گەل ئیرادەو مۆڕاڵ لە شەرڤانان وەردەگرێت شەڕڤانانیش لە گەل ئەم دوو ئاوێتە بوونەش (ئیرادەو مۆڕاڵ ) سەرچاوەکەیان فەلسەفەیەکە هێزو نوێبوونەوە دەبەخشێت .
خۆراگرى و بەرخۆدانى رۆژئاوا بزاڤێکى خولقاندووە کەم وێنەیە کە گەلێکى لە لێوارى فەرامۆشى و دەنگ کپکراو هێنایە سەر ژیانێکى بە روومەت و لووتکەى باوەڕ بە خۆ بوون ،لەوآ خەبات و بەرخۆدان پیرۆز کراوە و وەک ئەرکێک سەیر دەکرێت لە لایەن سەرجەم چین و توێژەکانى کۆمەڵگا .
ئەو خۆراگرى و بەرخۆدانەى شەرڤانان لە رابردوو لە کۆبانآ کردیان و ئێستاش لە عەفرین دەیکەن هەموو جیهانى سەرسام کرد ،لە کۆبانآ گەڕەکێک وەک سمبولى خۆراگرى بۆ ئەم شارە وەک خۆى هێشتراوەتە کە بە نێویدا دەگەرێیت بۆت دەردەکەوێت چ خۆراگریێک کراوە ، لەم شوێنەدا شڕڤانان ئەو پەڕى گیانفیدایان نواندووە (پرچوو ) یان خولقاندوە لە بەرامبەر هێزێکى دڕندە ، ئەم گەڕەکە دیوارى خانووەکانى (400 )مەترێک لە سنوورى تورکیا دوورە کە تورکیا دەیخواست ئەم شارە بکەوێت و هاوکارى هێزە تیرۆرستەکانى دەکرد وەکو ئێستاى عەفرین بەڵام ئەم داخوازیەى نەهاتە دى و تیرۆرستەکان تێکشکان و تورکیاش ئەم شکستەى بە شکەستى خۆى زانى و رق و قینى بەسەر عەفرین داڕشت و داگیرى کرد .
ئەوشەڕەى لە عەفرین بەرێوە دەچێت چ ئێستا و چ بەرلە داگیرکراوى شەڕێکى نا بەرامبەرە جیاوازە لە ژمارەى هێزو جۆرى چەک و تەکنۆلۆژیاى جەنگ بەڵام ئیرادەو مۆڕاڵى گەل و شەڕڤانان توانیان 58 رۆژ خۆڕاگرن و ستۆپ بە دووەمین هێزى ناتۆ و چەتەکانى بکەن و ئیستاش شێوازى بەرگرى و بەرخۆدانیان لەم شارەدا گۆڕیوەو لە تێکۆشان بەردەوامن .
(3)
عەفرین (زەیتونستان) خاکى (18) ملیۆن درەختى زەیتون
عەفرین شارى زەیتون شارى ئەمن و ئەمانە ( هژا البلد اڵامین ) شارى پێکەوە ژیان لەنێوان نەتەوەو ئاینەکان ( کورد عەرەب ، تورکمان ، موسلمان ، زەردەشتى ،مەسیحى ) جیهانێکى بچکۆلە بوو بۆ خۆیى جیهانێک پڕاو پڕ لە جوانى لە ژیان لە برایەتى ، شارێکە داپۆشراوە بە درەختى زەیتون زەیتونى پیرۆز ، بەڵام بە داخەوە ئەم جوانیە کەوتە ژێر داگیرکارى تورکیا و چەتەکانى .
لە 12/3/2018 گەیشتینە نێو خاکى پیرۆزى عەفرین دانە رۆژێک و شەوێک لە بەر هۆى ئەمنى و بۆردوومانى بەردەوامى سەر عەفرین لە گوندى ( سوغنکە ) ماینەوە کە نزیکەى 30 کیلو مەترێک لە عەفرین دوور بوو گوندێکى شوێنەواریبوو کە زۆرێک لە خانووە کۆنەکان مابوون ، لەگەل ئێمە خەلکێکى زۆرى جەزیرە هاتبوون بۆ پالپشتى لە عەفرین هەر زوو گردبوونەوێکیان رێکخست و دەستیان بە هوتاف لێدان و سرود وتن و شایى و دیلانآ کرد لەوآ پیرەژنێک هاتە لامان کە خەلکى یەکێک لە گوندەکانى دەوروبەرى قامیشلو بوو هاتە ئاخاوتن سەرنجى هەموومانى راکێشا ئەو وەک سیاسیێک قسەى دەکرد لە سەر بارودۆخى عەفرین و بێدەنگى کۆمەلگاى نێو دەولەتى ئەو گلەیى لە ئەمریکاوروسیا و یوئێن و وڵاتانى موسلمان دەکرد دەیوت ( گولۆ ما ئەم موسلمان نین چەوا ما قەتل دەکەن ) .
رۆژى پاشتر 13 مانگ چووینە نێو عەفرین ، لە ماوەى مانەوەمان کە سآ رۆژو دووشەو بوو گەلێک شت سەرنجى راکێشام
سەرەڕاى ئەو بارۆدۆخەى کە لەوآ دەگوزەرا بۆردوومانى بەردەوامى شەو رۆژ بۆ دەوروبەریى و ناوە ناوەش بۆ نێو شار مۆلگەى سوپاى تورکیا و چەتەکانى تەنیا دوو کیلۆ مەتر دووربوو بەڵام ئیرادەى خۆراگرى خەلک ژیانى ئاسایى خولقاندبوو هاتووچۆى خەلک و بازارکردن و دەوامى فەرمانگەکان بەردەوام بوو بەڵام لە هەندآ روەوە ژیان سەخت بوو ،وەفدەکە سەردانى زۆر شوێنى کرد و لە چوار جێگا قسەى بۆ ئاپۆڕەى خولک کرد.
• تۆرى ئاوى ماڵان پەکى کەوتبوو چونکە هەر زوو بە بۆردوومانى فرۆکە تۆڕى ئاو وێران کرابوو ، ئیدارەى ئەوآ چەند بیرێکى ئاوى لێدابوو بەردەوام بە تانکەر ئاو دابەش دەکرا .
• لە ژێر گڤەى فرۆکەو گرمەى تۆپ مناڵەکان لە باخچەى یارى مناڵان لە سەر یاریکردن بەردەوام بوون ، تەنانەت مناڵانیش بە یارى و خەندە و پاکیەتى و بەرائەتى خۆیان بە گژ زولم و زۆردارى دادەچوونەوە .
• شەوى 14لەسەر 15 بۆ ماوەى 10 کاتژمێر تۆپباران بەردەوام بوو .
• لە نەخۆشخانە جۆرەها کەسى بریندارى بۆردوومانى فرۆکەو بۆمباى لێبوون ( مناڵى شیرەخۆرە ، پیر ، ژن ،پیاو ، شەرڤان ) دکتۆرێکى ئافرەتى کوردستانى باشور و دکتۆرێکى ئیسپانى کە هەردووکیان لە ئەوروپا هاتبوون خۆبەخشانە لەوآ خزمەتیان دەکرد ، ئەوەى لە دەستى ئێمە هات ئەو کۆمەکەى کە بریتى بوو لە دوو بار هەڵگر بە شێکى داو دەرمان بوو بەخشرا بە نەخۆشخانە وسەرجەمى ئەندامانى وەفدەکەش کە (23) کەس بووین خوێنمان بەخشى بە بریندارەکان ، ئەم نەخۆشخانەیە دوو رۆژ پاشتر کەوتە بەر بۆردوومانى فرۆکە .
• دانیشتوانى هەندآ لە گوندەکان ئاوارەى ناو شار ببون چونکە گوندەکانیان داگیر کرابوون و ئامادە نەبوون لە ژێر سایەیى داگیرکارى ژیان بەسەر ببەن ژیان بۆ ئەوان زیاتر سەختر بوو .
• لە کاتى رێورسمى ناشتنى (38) شەهیدى شەرڤان دیمەنى وێنەیێک ناخى ئێمەى هەژاند منالێک بەردەوام لە وێنەى برا شەهیدەکەى دەڕوانى و بەرامبەر وێنەکە وەستابوو بەردەوام فرمێسک بە روومەتە ئالەکانى دەهاتنە خوارو بێدەنگ دەگریا ئێمە وا وێنەمان دەکرد کە بە لاى ئەو براکەى زیندووەو لە گەلى دەدوێت و پێیدەڵێت دێمەوە ، ئەم دیمەنە ناخ هەژێنە زیاتر لە ئێمە کاریگەرى لەسەر پێشمەرگەى دێرین (هاوڕآ چەتۆ بەڕانەتى ) هەبوو ئەو چوو مناڵەکەى ماچ کردو لە باوەشى گرت .
(4)
لە (عەفرین)ى زامدارەوە گەڕانەوە بەرەو کۆبانێ
• لە کاتى رێرۆیشتنمان بە شەقامێک مێژوو نووسێکم بینى ئەو ریش سپیێکى کاسکێت لەسەر بوو هەگبەیێکى لە مل کردبوو هاتە لامان و پرسى ئێوە خەلکى باشورن ؟ خۆى ناساند ( ئەز دیرۆک نووسم پەرتوکەکە چار بەرگیم نڤیساندیە و دوو بەرگ هاتیە چاپکردن و دوو ماینە شەڕ دووماهى بێت ئەڤ دوو بەرگە دەهێنمە چاپکردن ) عەفرین داگیرکرا ئاخۆ ئەم دیرۆک نووسە چارەنووس بۆ کوێى بردووە و رۆژگار هاوکارى دەبێت ئاواتەکەى بێتە دى و دوو بەرگى پەرتووکەکەى بە چاپ بگەینێت ئەم مێژوو نووسە ناوی ( عەبدولڵا قارەمان ) بوو پەرتووکێکی مێژوویی بە ناوی (وگن الشمس " تاریخ کردستان من القرن العاشر حتی القرن التاسع عاشر) هەیە و دوو بەرگی لێچاپکردووە و دوو بەرگیشی ماوە چاپیبکات.
رۆژى 15/3 لە بارودۆخێکى نائاسایى عەفرینمان جێهێشت و دواى رۆیشتنى 30 کیلو مەترێک لە گوندى (کمیار ) گیرساینەوە ،بە درێژایى رێگایەکە خەڵک بە پیادەو کۆل لە پشت بە رێگاوە بوون ( کۆڕەو ئاسا ) تا خۆیان رزگار کەن لە داگیرکارى ، پاشان چووینە گوندى ( زیارەت ) هەموومان میوانى مالێک بووین مالێکى گوندنشینى سادە و دڵفرەوان و میوان دۆست بۆ نیوەرۆ خواردنێکى کوردەواریان بۆ دروستکردین بە ( دۆین)ى لاى خۆمان دەچوو زۆر بەلەزەت بوو .
ویستمان بەردەوام بین لە رۆیشتن و بگەڕێینەوە بۆ کۆبانآ بەڵام لە لایەن هەڤاڵان ئاگادار کراینەوە کە رژێمى سوریا ئەمڕۆ رێگا نادات و دەبێت لەو گوندانە بمێنینەوە تا بەیانى ، گەڕاینەوە گوندى ( زیارەت) و شەو لەوآ ماینەوەو بووینەوە بە بارگرانى بەسەر هەمان ماڵ کە نانى نیوەڕۆمان لێخوارد، ئەو دوو سآ گوندە جمەى دەهات لەخەڵک کە ئاوارە ببون لەو گوندانەى کە کەوتبوونە ژێر داگیرکارى سوپاى تورکیاو چەتەکانى بێجگاو نەوا بوون ماڵەکان و مزگەوت پڕببوون هەندێکیان نێو تڕومبێلەکانیان کردبووە بە شوێنى حەوانەوە و خەوتن وێڕاى باران و کەشى سەرما تۆپ و راجیمەکانیش زرمەیان لە خاک هەڵدەستاند .
بەیانى 16/3 خۆمان کۆکردەوە بە مەبەستى گەڕانەوەمان بۆ کۆبانآ دڵنیاش نەبووین رژێمى سوریا رێگامان پێبدات ، لە کاتى رەت بوونمان بە نێو گوند هەڤالێک وتى ئەوە ئەو پیرەژنەیە کە لە کەناڵى رووداو زوو زوو دەردەکەوێت و حال و پەشێوى خۆیى لە ژێر بۆمبارانى سوپاى تورکیا دەردەبڕآ دوو سآ هەڤالمان چوون وێنەیان لە گەل گرت ، ئەم پیرەژنە ئامادە نەبووە گوندەکەى چۆل بکات سەرەراى ئەم هەموو تۆپبارانەى سوپاى تورکیا کە تا ئێستاش بەردەوامە لە بۆردومانى ئەو گوندەو دەوروبەریدا .
• هەر هەمان کات منالێکى چوار پێنج سالانەمان بینى بە تەنیا پاڵى دابوو بە تایەى تڕومبێلێک و دەگریا ژنێک دڵنەواى دەدایەوەو لێیدەپرسى بۆچ دەگریێى دیار بوو مناڵەکە لە خانەوادەکەى دابڕابوو .
• لە نزیک بازگە وەستابووین و چاوەڕێى ئەوەمان دەکرد کاروانى تڕومبێلەکان بەرێبکەون ، 16/3 بوو یادى 30 ساڵەى کیمیابارانکردنى هەڵەبجە لە کاتى دیاریکراوى ساتە وەختى بۆردوومانکردنى هەڵەبجە ئێمەو تەواوى سەرنشینانى تڕومبێلەکان کە هەموویان خەلکى قامیشلو و عاموداو کۆبانآ بوون بۆ رێزگرتن لە قوربانیانى هەڵەبجە دەست لەسەر سینگ وەستاین و پاشان هەڤالێکمان وتەیەکى کورتى لەسەر کارەساتى کیمیابارنکردنى هەڵەبجە پێشکەش کرد ،کات دەو بیست خولەک رێگامان پێدراو بەرێکەوتین و پاش شەش کاتژمێر گەیشتینە کۆبانآ و یەکسەر چووینە گۆرستانى شەهیدان بۆ بەشداریکردن لە رێورسمى ناشتنى سیاسەت مەدارو کەسایەتى دیارى رۆژئاوا ( عومەر عەلوش ) کە شەوەى 14لەسەر 15 لە گرآ سپى تیرۆر کرابوو شەهید عومەر عەلوش بەرپرسى پەیوەندیەکانى (هەسەدە ) بوو رۆلى هەبوو لە دروستکردنى سەرجەم کانتۆنەکانى رۆژئاواو سەرجەم پێکهاتەکانى رۆژ ئاوا گوێیان لێدەگرت و پاڵپشتى هەنگاوەکانى بوون ، پاشان چووین بۆ پرسەکەى لەوآ بۆمان دەرکەوت کە چ کەسایەتیێکى خۆشەویست بووە لە نێو سەرجەم پێکهاتەکان و هەموویان داخیان بۆ دەخوارد .
(5)
لە (عەفرین) ى زامدارەوە گەڕانەوە بەرەو کۆبانێ.
• لە گۆرستانى شەهیدانى کۆبانآ یەکێتى نەتەوەیى بە خوێن نەخشێنرابوو لەوآ شەهیدانى هەر چوار بەشى کوردستان گیانى نەمریان ئاوێتەى یەکتر ببوون لەوآ گلکۆى شەهیدانى ( باکورو باشورو رۆژهەڵات و رۆژئاواى کوردستان ) بە تەک یەکەوە بوون کە لە پێناوى یەکیێتى کوردان و ئازادیدى و خاکدا شەهید ببوون ، هەروا گلکۆى شەهیدانى شەڕڤانى بیانیش لەوآ هەبوون .
لە گۆرستانى شەهیدانى کۆبانآ (1250 ) گلکۆى شەڕڤانى شەهید هەبوون .
لە گۆرستانى شەهید(دەلیل سارۆخان ) لە قامیشلۆ (670 ) گلکۆى شەڕڤانى شەهید هەبوون .
• لە کۆبانآ هەمووبەیانیێک تیشکى رۆژ لەسەر باڵەکانى پەیکەرى ( بەرخۆدان) دەردەکەوێت و ئەم شارە سنبولە زێڕ رێژ دەکات و چەپکآ گەزەنگى ئازادى دەخاتە ئینجانەى پەنجەرەى ژیانى هەموو مالێکى کۆبانآ پەیکەرى( بەرخۆدان) وەک رێزو سنبولێک بۆ قارەمانیەتى ژن لە رۆژئاواى کوردستان بە گشتى و کۆبانآ بەتایبەتى لە لایەن هونەرمەند (زیرەک میرە ) دروستکراوەو کراوەتە دیارى بۆ کۆبانآ و لە مەیدانى (ژنى ئازاد ) دانراوە ،هەموو کارو چاڵاکیێکى جەماوەرى لە مەیدانى ژنى ئازاد ئەنجام دەدرآ .
• گردى مشتە نور ،گردێکە دەڕوانێتە سەر کۆبانآ شوێنێکى گرنگ وستراتیژیە ، ئەو شوێنەى بووە سنبولى بەرخۆدانى شەڕڤانانى یەپەژەو یەپەگە لەوێوە بانگى ئازادى و رزگارى کۆبانى بڵند بۆوە ،لەوێوە مژدەى تێکشکاندنى تیرۆرستان درا و ئاغاکانیان شەرمەزار کران ،لەوآ سەردانى شوێنى سەنگەرەکانى شەڕڤانانمان کرد ئێستا شوێنێکە پڕاو پڕە لە گولزار جوانى و جوانکارى بۆ کراوە و پێدەچێت بکرێتە شوێنێکى گەشتیارى .
• پێشمەرگە ، کۆبانیەکان خۆشەویستیان لە دڵەوە بۆ پێشمەرگە هەیە و کە باسى پێشمەرگەیان لە گەلدەکرێت دەڵێن ( چاڤ و دڵێ مەنە پێشمەرگە ) لە کاتى بەرخۆدانى کۆبانآ هێزێکى پێشمەرگە بۆ پاڵپشتى و هاوکارى شەرڤانان چووە ئەوآ ، وەفدەکەى ئێمە نوێنەرى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکانى کوردستانى تیابوو هەرواها بەشێکى ئەندامانى شاندەکە پێشمەرگەى دێرین بوون کە وەفدەکە دەناسێنرا دیدێکى خۆشەویستیانەیان بۆ خەبات و قوربانیدانى پێشمەرگە هەبوو .
• لە رێپێوان و گردبوونەوەیەکى جەماوەرى کۆبانآ لە مەیدانى (ئازادى ژن ) لەبەردەم پەیکەرى (بەرخۆدان ) بۆ پالپشتى لە بەرخۆدانى گەلى عەفرین ژنێکى بە جەستە ماندو بەڵام بە رۆح و سیما خۆراگر و رەنگ ئەسمەر و سادە لە نێو ئاپۆڕەى جەماوەر بە هەیبەتەوە بۆ دەوروبەرى دەدوا لە لا یەن ژن و پیاو و گەورەو بچوک رێزو خۆشەویستى هەبوو ئەو هیچ جیاوازیێکى نەبوو لە گەل ژنەکانى تر هەروا خەڵکیش هیچ جیاوازیێکیان بۆ دانە دەنا بەڵام ئەوپەڕى خۆشەویستیان بۆ هەبوو هەموویان بەرێزەوە پێیان دەوت دایە عائیشە (عائیشە ئەفەندى ) هاوسەرى (سالح موسلیم ) لەگەل سەرجەمى خەلک بەشدارى رێپێوان و گردبوونەوەى کردوو هەر لەگەل خەلکەکەش بە پیادە روەو ماڵ بوەوە ژیان و رفتارو کردارى وەک خەڵکى ئەوآ سادەبوو هیچ جیاوازیێکى لە ژیان و گوزەراندا لە گەل خەڵکى سادەى ئەوآ نەبوو ئەو ژتێکى قارەمان و سەنگینە و دایکە شەهیدە .
• شۆرشى رۆژئاواى کوردستان بۆ ئازدى گەلان و پێکەوە ژیان و سیستەمێکى دیموکراسیە بۆیە زۆرێک لە کەسانى ئازدیخوازى دونیا لە سەرجەم کیشوەرەکان بەشدارى شۆڕشى ئەوێیان کرد و قوربانیان دا ، لەسەرجەم گۆرستانى شەهیداندا گلکۆى شەهیدانى شەڕڤانى بیانى هەبوون بە تایبەتى لە گۆرستانى شەهیدانى کۆبانآ ، لە عەفرین و کۆبانآ چەند شەڕڤانێکى بیانیمان بینى و لە بەرخۆدانى 58 رۆژەى عەفریندا شەرڤانى بیانى هاتنە شەهید کردن .
• شتێک سەرەنجى راکێشام و زۆر پێى سەرسام بووم کە پێم وایە ئەمەیان تەنیا لەوآ هەبێت و رویدابێت ، کاتآ ئێمە لە کۆبانآ بەرێکەوتین بۆ عەفرین کاروانى تورمبێلەکانمان زۆر بوون کە خەلکى کۆبانآ و قامێشلو و عامودا بوون بۆ پشتگیرى گەلى عەفرین دەچوون لە دوا بازگەى کۆبانآ چەند گەنجێکیان لە تورمبێلەکان دابەزاند و گەڕاندیانەوە پرسیمان ئەمە چی یە وتیان ئەمانە شەڕڤانى کۆبانێن بێپرس و بە دزیوە دەیانەوێت بچن بۆ عەفرین و بەشدارى شەڕ بکەن ، دیومانە خەلک بە دزى خۆى دەشارێتەوە لە شەڕ هەڵدێت یا خود دەیان بیانو دەهێنێتەوە تا لە شەڕ دوور کەوێتەوە کەچى لەوآ بە پێچەوانەوە ، ئەدى ئەمە ئەو پەڕى قارەمانیەتى و گیانفیدایى نیە .
(6) کۆتایى
گەڕانەوە بەرەو باشورى وڵات و داگیرکردنى عەفرین
18/3/2018
شەوى 17 لەسەر 18 لە میوانخانەى عامودا یەکآ لە هەڤاڵانى بەرپرسى ئیدارەى هەرێمى جەزیرە هاتە لامان بۆ بەرێکردنمان چوونکە بەیانى 18/3 بەرەوو باشورى وڵات دەگەڕاینەوە ، بە وتەیەک سوپاسى خۆى بۆ هاتنى شاندەکەو سەردانەکانى دەربڕى بۆ رۆژئاواى کوردستان بە گشتى و عەفرین بەتایبەتى ، ئەو لاى خۆى پێکهاتەى شاندەکەو زۆرى سەردان و چاڵاکیەکانى بە هەند وپڕ بایەخ و نمونە وەرگرت چونکە وەفدەکەمان وەفدى کۆنگرەى نەتەوەى کوردستان (KNK (بوو پێکهاتەیەکى جۆراو جۆر بوو لە نوێنەرانى لایەنە سیاسیەکان و پێکهاتە ئاینیەکان و چالاکوانانى رێکخراوەکانى کۆمەلگاى مەدەنى ،ئێمەش سوپاسى خۆمان بۆ هەڤاڵانى رۆژئاوا راگەیاند بۆ ئەو پێشوازیە گەرمە و دڵفرەوانیەى بۆ ئێمەیان دانا .
• 18/3/2018
خەمى گەورەى ئێمە ئەوە بوو کە بیستمان سوپاى تەرکیا و چەتەکانى هاتوونەتە نێو عەفرین و داگیریان کردووە و بەسەدان هەزار کەس ئاوارەبووینە و سەدان کەسیش شەهیدو بریندار کەوتینە بە بۆردوومانى تۆپ و فرۆکە، هۆڤیانەى چەتەکان بۆ تاڵان و بڕۆى بازاڕو ماڵان .
ئێمە هەر زوو بۆچونمان وابوو عەفرین نەکەوتووەو بەڵکو داگیرکراوە و کشانەوەى شەڕڤانان لەوآ بە یەکێک لە تاکتیکەکانى شەڕ هەژمار دەکرێت و بۆ سەرکەوتن لە شەڕى نابەرامبەرداو گرتنە بەرى شێوازى خەباتى پارتیزانى لە لایەک و پاراستنى ژیانى هاوڵاتیانى سڤیل لە کۆمەڵکوژیێک کە داگیرکەرى تورکیا خۆى بۆ ئامادەکردوو بوو و دەستى پێکردبوو لە لایەکى تر ،بۆچوونمان وا دەرچوو شەڕڤانان نەیانهێشت سوپاى تورکیاو چەتەکانى تەنیا بۆ شەوێک بە ئارامى تەرانتێن بە نێو عەفریندا بکەن هەر شەوى دووەم بە چاڵاکیێکى پارتیزانانە ترس و لەرزین خستە دڵى داگیرکەران .
بەیانى رۆژى 18/3 ماڵئاوایمان کردو بەرێکەوتین بۆ گەڕانەوە ، بە درێژایى سەردانەکەمان هەر لە گەیشتنمان بە خاڵى سنوورى دەستکردى رۆژئاوا کەسایەتیێک بە هەڵوێست و زاناو شۆرشگێر (مەلا سنار) لەگەلمان بوو تا گەڕانەوە و پەڕینەوەمان لە ئاوى (سمیلکان) لێمان دانەبڕا .لە قامیشلۆ لاماندا تا نوێنەرى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکانى کوردستان هاڕێیان ( حەمەرەشید قەرەداخى و محەمەد قامیشى ) میدالیەى کۆمەڵە ببەخشنە خانەوادەى شەهیدان ، لە عەفرینش هەمان میدالیا بە خشرایە خانەوادەى شەهیدان .
هەرلە رێگاى نێوان عاموداو قامیشلۆ (نێرینە) کەمان لایداو کورە گەنجێکى تازە پێیگەیشتو تەمەنى لە نێوان 16بۆ 17 ساڵ دەبوو کە جلى سەربازی پۆشیبوو سەرکەوت و لە گەل مامۆستا سنار یەکتریان ماچ کرد مامۆستا وتى ئەمە کەڕە بچوکمە بۆ ماوەى مانگێگە نەمدیووە ئەو بەشدارى مەشقى سەربازى دەکات .
بەر لە کاتژمێر 12 گەیشتینە سێملکا لەلایەن بەرێوەیەرایەتى خاڵى رۆژئاوا پێشوازیان لێکردین و پاش دەمێک دانیشتن بە گەرمیەوە بەرێکراین و لە ئاو پەڕینەوە بۆ بۆ بەڕێوەبەرى خاڵى باشور لەوێش پێشوازیان لێکردین و بەخێرهاتنەوەیان کردین و پاش پشوویێک بە رێکەوتین بۆ هەولێر ، ئەو هەڤاڵانەى کە لە دهۆک تەڤلى شاندەکەمان ببوون کە سآ هەڤاڵ بوون ( نەزیر بروارى و سەید ئیبراهیم و ئاواز ئامێدى ) لە دەروازەى دهۆک دابەزین ، بەرنامە وابوو بەر لەوەى هەر یەکمان بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانمان کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى کاتژمێر پێنج لە هەولێر لە بارەگاى مەکتەبى سیاسى (حزبى زەحمەتکێشانى کوردستان ) بۆ کەنالەکان ببەستین و مەبەستى سەردانەکەمان بۆ رۆژئاواى کوردستان بە گشتى و عەفرین بە تایبەتى روونکەینەوە و بخەینە روو، بەر لە کاتژمێر پێنج گەیشتین و کە هاوڕێیانى زەحمەتکێشان لە چاوەڕوانیماندا بوون و پێشوازیان لێکردین پاش هەدادانمان کۆنگرەى رۆژنامەوانى بە ئامادەبوونى چەندین کەنال ئەنجامدراو پاشان ماڵئاوایمان لە یەکتر کردو بەشێک بەرەو سلێمانى و هەڵەبجەو رانیە کەوتنە رآ و ئەوانى تر لە هەولێر و منیش بۆ رواندز.
تێبینی:
وێنەکان پەیوەندى بە بابەتەکەوە هەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست