ئەوانەی بە ئاشکرا مێژوو چەواشە دەکەن و پینە بۆ خیانەتە مێژوویەکانی بنەماڵەیێک دەکەن و خۆ لە دیپلۆماسییەتی پڕ لە کارەساتی نادەن و باس لە دەسەڵاتی پڕ لە دزی و گەندەڵی ئەو لایەنە ناکەن! بەدەستەوەدانی شەنگال پەردەپۆش دەکەن و ویژدانیان دەخەوێنن لە ئاست ژنان و کچانی شەنگالی کە بەبێ بەرگری تەسلیمی داعش کران! ئەوانەی باسی دزی نەوت و داهات نیشتمانی ناکەن،
ئەوانەی چاو دەقوچێنن و بە سەر جەنازەی کاک سلێمانی موعینی، خەلیل شەوباش، سەدیقی ئەنجیری، ئەسعەدی خودایاری، سالح لاجانی و هاوڕێیەکانی دا باز دەدەن و دەورەی قیادە موەقەتەی مەسعود و ئیدریس و جاشایەتی و پاکسازی لە ڕۆژهەڵات و کوشتاری بە کۆمەڵی پێشمەرگەی دێموکڕات و کۆمەڵە لە ورمێ و شنۆ و خانێ بە کوردایەتی ڕەسەنی بارزانیەکان ناوزەد دەکەن.
ئەوانەی دو مانگ بەرگری جبهەیی لە کێوی جاسوسانی٢٠١١ بە فرۆشتنی قەندیل پێناسە دەکەن و چاوە پڕ لە ڕیپۆقەکانیان ١٨ پایگای تورکیا نابینن کە نە لە ئاکامی شەڕ و بەرگری بەڵکە لە درێژەی خەیانەتەکانی بنەماڵەیێکی گرێدراوی داگیرکەران دا پەلکێشی بادینان کراون!!!
تایبەتمەندیەکانی لۆمپەنیزمی دیوەخانی کوردایەتی
ئەلف- پایگای فکری سیاسی
پایگای فکری سیاسی لۆمپەنەکان هێز و حیزبی ڕاستگەرا و سونەتین( ڕاستی سوننەتی). دژایەتی لە گەڵ چەپ و نوێخواز پێناسەیانە. لەخۆڕا نیە زۆرینەی لۆمپەنەکان لە باشور سەر بە بنەماڵەی بارزانین و لە ڕۆژهەڵات سەر بە دێموکڕاتن و لە ڕۆژئاوا سەر بە ئە.نە.کەسە و لە باکور سەر بە ئا.کە.پە و پارتی دیموکڕاتی تورکیا و هاکپارتین و هەموی ئەم هێزانەش لە یەک خەتی فکری و کەلتوری و سیاسی دان و یەکتر ساپۆرت دەکەن.
ب - باوەڕ و فکری مەزهەبی
سونیگەری بەشێکی گرینگی پێناسەیانە، تەنانەت ئەگەر بە ڕواڵەت هێزێکی سێکۆلاریش بن وەک حیزبی دێموکرات کە لە ساڵی ١٩٨٠وە بۆتەخاوەنی ڕادیۆ و ... بەرنامەکانی بە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەست پێدەکات بەڵام تا ئێستا جارێکیش لە دەنگی قورئانخوێنێکی شیعە کەڵک وەرنەگیراوە(بەشی زۆری کوردەکانی کرماشان شیعەن و ئیلام،بەختیاری، لەک و ڵووڕیش بە گشتی شیعەمەزهەبن و قاڕی گەورەشیان تێدا هەڵکەوتوە)
حیزبایەتی فیئۆداڵی دوای شەڕی جیهانی دوهەم لە بۆشایی دەسەڵاتی سیاسی لە دیوەخانەکانی موکریان و بارزان دا هاتە بوون(١٩٤٦-١٩٤٥) دانیشتوانی ئەم دو شوێنە بە گشتی سونی مەزهەب بون. لە ئاکامدا دێموکڕاتەکانی هەردوک لا سونی دەرهاتن. ئێستاش ئەم دێموکڕاتانە بۆ ناوزڕاندن و دەمکوتکردنی لایەنی سیاسی بەرانبەریان تۆمەتی شیعە گەری دەخەنە پاڵی. لێرە دا لەبیریان دەچێتەوە کە خۆیان بە حیزبێکی نەتەوەیی ناساندوە ئەمە لە حاڵێکدایە کە زیاتر لە نیوەی کوردی ڕۆژهەڵات شیعە مەزهەبن و بە گشتی یەک لە سێی کوردانی جیهان شیعەن و حیزبێکی نەتەوەیێ نابێ جیاوازی دینی و مەزهەبی گەورە کاتەوە و ببێتە هۆی پەرتەوازەیی و لەتبونی گەلەکەی.
لە پرۆپاگەندە و تەبلیغاتی دژی حیزبە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان دا پەنا دەبەنە سادەترین خاڵی سەفسەتە کە بریتیە لە ڕەش کردنی لایەنی بەرانبەر. بۆ ئەم مەبەستە درۆ و بوختانیش بە ڕەوا دەزانن . مەسەلەن پ.ک.ک و ی.ن.ک و گۆڕان تۆمەتبار دەکەن بە گرێدراوی بەرەی شیعە و ئێران و سپای قودس و قاسم سلێمانی و سەحراڕودی و ... بەڵام لەبیر خۆیان دەبەنەوە کە ئەو زەمانەی ئاغاکانیان(بنەماڵەی بارزانی) لە ژێر فەرمانی سپای قودس و قەرارگای حەمزە و ڕەمەزان پێشمەرگەی دێموکڕات و کۆمەڵەیان قەتڵ و عام دەکردن و ورمێ، شنۆ، خانێ و مەریوانیان بۆ سپای پاسدارانی ئێران پاکسازی دەکرد (١٩٧٩- ١٩٨٤) پێشمەرگەی یەکیەتی نیشتمانی شان بە شانی دێموکڕات و کۆمەڵە بەرگریان لە ڕۆژهەڵات دەکرد و قوربانیان دەدا.
هەرچە ند کە بارزانی لە ١٩٩٥ ئاغای یەکەمی خۆی لە ئێرانی شیعەوە گۆڕی بۆ بەرەی سونی تورکیا و ئیخوانولموسلمین و ... بەڵام ئێستاش لە لایەن ئێرانی شیعە ڕا زیاتر متمانەی پێ دەکرێت تا بە یەکیەتی و گۆڕان و .... هیچکەس کۆشک و قەڵای مەسعود بارزانی لە سەری ڕەش نەدیتبو چونکە وەک شاری مەمنوعەی ئیمپڕاتورانی چینی بۆ دیتنی خەڵک قاچاغ بو، بەڵام لە سایەی سەفەرەکانی قاسم سلێمانی و جەعفەری سەحراڕوودی بۆ ئەم کۆشکە، فیڵم و وێنەکانی بڵاو بونەوە.... کوردەکان دیتیان کە دیوەخانی کوردایەتی لە گەڵ کۆشکەکانی سەدام و شاهانی سەردەم چاوەبڕکێ دەکات.
ج- ئاستی بیر و توانایی زانستی لۆمپەنەکانی دیوەخان
لۆمپەنەکانی دیوەخان لە شرۆڤە و بیری زانستی و منتقی دا کورتەباڵان،هەر بۆیە سەرەڕای زۆر وێژی نەیانتوانیوە تەنانەت یەک بەهەمی فکری کە لە چوارچێوەی زانستی دا داڕژابێت ڕەوانەی کۆمەڵگا بکەن. بەڵام لە سەفسەتە بازی و عەوامفریوی دا بە توانان.سەفسەتە لە یونانی کۆن دا لە لایەن فیلسوفانی سوفستایی پێش سوقڕات لە 17 خال دا تیئۆریزە کراوە کە ئاسانترین بەشی خاڵێکە بە ناوی خراپ کردن و ڕەش کردنی لایەنی بەرانبەر لە جیاتی نەقد و شڕۆڤەی فکر و کردار و بەرنامەکەی.ئەم خاڵە ٩٠٪ی کۆی گشتی تەبلیغاتی لۆمپەنەکانی دیوەخانی کوردایەتی پێک دێنێ.
مەلا مستەفای بێسەواد لە فەلسەفە و زانست دا کۆڵەوار بو، بەڵام لە مەیدانی زمانشڕی و سەفسەتە دا توانایی زۆری هەبو.بە جۆرێک ئێستاش چل ساڵ دوای مەرگی قۆڕیات و دەستەواژە کورتەکانی نەقڵی مەجلیسانن.بۆ نموە سەبارەت بە بەشداری ژنان لە شۆڕش دا دەیکوت: ژن دەبێ شێوێ خۆ بکا، قاپێ خۆ بشوا، نانێ خۆ بکا و گانێ خۆ بدا. هەرکەسێک سەر ڕوت بایە پێی دەکوت قوندەر.( چینی خوێندەوار کە پێچ و کڵاو و دەسترە و جامانەی لە سەر نەدەنا پێیان دەکوتن سەرڕووت) جیابیرەکانی بە جاش ناوزەد دەکرد لە حاڵێکدا بۆخۆی گوێ لە مستی شای ئێران و میتی تورک بو. لە پێش چاوی هەمو دونیا ٤٥ شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی ڕادەستی ساواکی ئێران کردەوە و ڕێبەرەکانیشی (کاک سلێمانی موعینی، سەدیقی ئەنجیری، ئەسعەد خودایاری ) کوشت و ڕێبەرانی پارتی دێموکڕاتی کورستانی تورکیا (سەعید ئاڵچی و دوکتور شوان) بە دەستوری میتی تورک تیرۆر و ئیعدام کردن. مەلامستەفا تەنانەت شاعیری گەورەی وەک مامۆستا هەژاریشی تا ئاستی شایەری دیوەخان بچوک کردوە. ئاوڕیک لە چێشتی مجێور و دەمەتەقەکانی ناو دیوانەکەی ئەم بۆچونە پشتڕاست دەکاتەوە.
دوکتور قاسملو لە ڕۆژهەڵات خزمەتی زۆری بە لۆمپەنیسمی سیاسی کرد. تەنانەت زۆر دەستەواژەی تازەی خوڵقاند و ئەدەبیاتی فەقیری کوردی پێ دەوڵەمەند کرد. مامۆستا شێخ عێزەدینی بە ساواکی و کۆمۆنیست ناوزەد کرد. پێناسەی ئانارشیست، دۆنکیشۆت و پۆلپۆتی بۆ کۆمەڵە دۆزیەوە. ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکڕاتی بە جاش موجاهید و لادەر ناساند. مامۆستا هێمنی بە پیرە جاش و گروهی حەوت کەسی ڕێبەرایەتی پەیڕەوانی کۆنگرەی چواری بە جاش و خۆفرۆش لە قەڵەم دان.
بەشێک لە ڕێشەکانی لۆمپەنیسمی تەبلیغاتی حیزبە ڕاستگەرا و سونەتیەکانی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ دەورەی ئاغا و ڕەعیەتی. چونکە دو حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و پارتی دێموکڕاتی ئێراق لە دەورەی دەرەبەگی دا ساز بوون و ناسراوترین ڕێبەرەکانیشیان مڵکدار یان کوڕە ئاغا بوون. لەم دەورەیە دا هیچ بنەماڵەیێک نەبو کە نێو و ناتۆرەیێکی سوکی بەسەر دا نەسەپابێ. وەک: (گوێ پان، مل دەزوو، چاو زەق، حەمە بزنە. کڵاو لۆتی و ... تەنانەت مشک و مار و ڕێوی و جشک و مێروو و کرم و قالۆچە و زۆربەی حەیوانەکانیش) ناوی خۆیان لەم لیستە دا دەدۆزیەوە. ئەمەش بۆ ئەوەی بوە تا ڕەعیەتەکان خۆیان بە بچوک و سوک بزانن و نەخەڵەتابن ڕۆژێک فکری دەرچون لە باج و خەراج و بێگاری ئاغا بکەنەوە. هەر وەک چۆن ئاغا بۆ درێژە دان بە ئاغایەتی نیازی بە نۆکەر، گۆپاڵبەدەست، شایەر و مەلا هەبوە، حیزبە کلاسیکەکانی کوردستانیش کە نوێنەری بەژوەندی چینی باڵادەستی کوردستانن نیازیان بە لۆمپەن، چەقوکیش،تیرۆریست، شایەر، خۆفرۆش، جاسوس و بە گشتی کەسانی نەفس نزم و ئەنگەل هەیە تا بە خزمەتیان بگرن بۆ ئامانجە دژی گەلیەکانیان. (چینی باڵادەستی کۆمەڵگای کوردی بریتین لە : دەڵاڵەکان، پاشماوەی دەرەبەگ و مڵکدارەکان، سەرمایەدارانی تیجاری وابەستە واتە ئەو کەسانەی کاڵای مەسرەفی دروستکراوی دەوڵەتی ناوەند یان جیران لە کوردستان دەفرۆشن و کەرەسەی سەرەتایی بەرهەمهێنانی سەر زەوی و بن زەوی کوردستان بۆ دەوڵەتی ناوەندی یان دەوڵەتی جیران بە قیمەتی هەرزان و هەراج دابین دەکەن)
ه-گوێگر و موخاتەبی لۆمپەنەکانی دیوەخانی کوردایەتی
لۆمپەنەکانی دیوەخان گوێگر و موخاتەبی خۆیان لە ناو چین و توێژی کەم سەواد و خەڵکی عەوام و کاڵفام دا دۆزیوەتەوە. کەسانێک کە قسە و سەفسەتەی شەیادەکان باشتر قەبوڵ دەکەن تا مەنتق و زانستی ڕوناکبیر و چەپ و ئازادیخوازەکان. کەسانیک لە چەشنی ئەو خەڵکە ساویلکەیەی کە ڕەسمی مار لە جیاتی نوسینی مار بە سەواد دەزانن....
بەتاڵ بون لە رۆئیاکانی گەورەی ئینسانی وەک دادپەروەری کۆمەڵایەتی، سۆسیالیزم، یەکسانی ژن و پیاو.ئازادی و دێموکڕاسی تایبەتمەندی دیکەی ئەم توێژەیە، گەورەترین ڕۆیایان ئەوەیە ئاغاکانیان( بنەماڵەی بارزانی و سەرانی حیزبە ڕاستگەرا و سونەتیەکان) ببن بە خاوەن دەسەڵات و پارە و میرنشینێکی کوردی و خۆشیان ببن بە وەزیر و ڕاوێژکار و دەمڕاستی ئەوان و سواری خەڵک بن لە ڕانتی کوردایەتی بۆخۆیان و منداڵ و نەوەکانیان بەشدار بن.
ح- بەتاڵ بوون لە هەست و سۆز و عاتیفەی مرۆڤایەتی
سەدان ڕووداوی تراژدی هەیە کە لە ئاکامی سیاسەتەتی خێڵەکی بارزانی دا خوڵقاون وەک کارەساتی٣ی ئابی ٢٠١٤ شەنگال و ڕاکردنی بە پەلە و بێ هیچ بەرگریەکی ١٥٠٠٠ پێشمەرگەی پارتی لە بەرانبەر کەمتر لە ١٠٠٠ چەتەی داعش کە بو بە هۆی ئەنفالی ئیزەدیەکان ، بە کۆیلە چونی ٦٣٠٠ کچ و ژن و قەتڵ و عامی ٥٠٠٠ پیاوی ئیزەدی و ... ناخی هەمو مرۆڤێکی ڕاستەقینەی هێنایە جۆش، بەڵام لۆمپەنەکانی کوردایەتی ئەم فەزاحەت و خیانەتە نیشتمانیەی سەرۆک بارزانیان وەک سیاسەتێکی دیکەی حەکیمانە لە قەڵەم دا تا بەو هۆیەوە فکری خەڵکی دونیا بۆ لای کورد ڕابکێشی و زلهێزەکانی دونیا بێن کورد بپارێزن و دەوڵەتی کوردیشی بۆ ساز کەن!