وەفیق سامەڕائی تۆمەتباری ژمارە یەکی ئەنفال
Sunday, 08/04/2018, 8:54
وەفیق سامەڕائی لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنی بۆ کوردستان لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، پاش ئەوەی پاڵەپەستۆکان لەسەر ڕژێم توند دەکرانەوە، ئومێدێک بە مانی ئەو ڕژێمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تەنگتر دەبوەوە، ئەو ڕۆژانەی کە وەفیق سامەڕائی وەک فریاد ڕەسێک بۆ سەرتاسەری عێراق سەیر دەکرا، هێزە سەربازیەکان لە کوردستان دەخرانە بەردەستی گوایە سەدام دەڕوخێنێت، بەتالیۆن و تیپ و هێزەکانی پێشمەرگە لە خزمەتیدا بوون، بۆ ئەوەی کودەتای سەربازی لە بەغداد ئەنجام بدات، لایەنە سیاسیەکان دواڕۆژی سیاسی خۆیان لەسەر نەخشەکانی ئەو بنیات دەنا، ئێمە لە" ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان"کەمپینمان لە دژی رێکخست بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەنفالکراوەکانمان بۆ ئاشکرا بکات، تا ئەوکات ئەو کەمپینە بەرفراوانترین کەمپین بوو دژ بە کەسایەتیەکی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە پێناو دیاریکردنی چارەنووسی ئەنفالکراوان و بێسەروشێنکراوان بەڕێوە ببردرێت " ئەوانەی ماندوو بوون بەو کەمپینەوە سەرباری خۆم ( بەدرەدین حەمە ساڵەح، مامۆستا فەرهاد خالید، فەلاح حەسەن ، سەرهەد تۆفیق ، عادل قەشقە، ڕزگار مام بۆرە .... " داوامانکرد،ئەگەر وەفیق سامەڕائی ئەمڕۆ زانیاریەکان لەسەر تاوانی ئەنفال ئاشکرا نەکات، سبەی لە بەعس خراپتر بە کورد دەکات، دیارە دەربڕین و ئاشکرا کردنی زانیاری لەسەر تاوانی ئەنفال، لە لایەن کەسێکەوە بە گووتەی تاوانبارانی ئەنفال، ئەندازیاری سەرەکی و نەخشە داڕێژەری ئۆپەراسیۆنەکە بوبێت ئەستەمە، هەر واشیکرد.
ئەم واژۆیانەی خوارەوە، بەشێکن لە دەقی ئەو هەڵمەتە، بۆ فشار خستنە سەر وەفیق سامەڕائی، بۆ ئاشکرا کردنی چارەنووسی ئەنفالکراوان ئەنجاممان دا،کە لە ساڵەکانی 1995-1996 لە رۆژنامەکانی " کوردستانی نوێ، ئەمڕۆ، ڕێگای کوردستان –عەرەبی" بڵاوکراونەتەوە:
ئەم واژۆیانە پارتی عێراقی و کوردستانی، پارتی دەسەڵاتدار و لە دەرەوەی دەسەڵات، بە کوردی و عەرەبی و زمانەکانی دیکەش بڵاو کرایەوە، ڕجا و تکای دنیامان لە کەسی نزیکیەوە بۆی نارد، تەنها لەسەر چارەنووسی ئەو کەسوکارانەمان لێدوانێک بدات، نهێنیەک ئاشکرا بکات و بدرکێنێت، ئەگەر ماون کەسوکاریان دڵنیا بکاتەوە، ئەگەر مردوون دیسانەوە با ئەو چاوەڕوانیە ئەبەدییە کۆتایی پێ بێت، تاکو بەشێک لە کەسوکاریان ژیانێکی سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە و لە چاوەڕوانی ئەبەدیدا نەژێن، وەلێ ئەم تۆمەتبارە تەنها وشەیەکیشی نەدرکاند، ئاوڕێکی لێمان نەدایەوە، خۆی کەڕ و لاڵکردو گوێبیستی داواکارییەکان نەبوو، کەچی لەولاوە هەزاران هەزار کوڕ و کەسوکاری ئەنفالکراو خرانە خزمەتیەوە بۆکردە سەربازیەکانی، نە ڕجا دادی هەبوو، نە فیغان و پاڕانەوەی کەسوکاری قوربانیان، لە کەلی شەیتانی بەعسیانە نەهاتە خوارەوە، نهێنی رفەقای خۆی نەدرکاند،تاوانەکانی ئاشکرا نەکرد ، یەک وشەشی لەسەر ئەنفال نەوت، ئادرەسی یەک گۆڕی نەدرکاند، ئەمە چ دڵڕەقیەکە، ئەمە چ بەعسیەتیەکە نهێنیەکان تا ناو گۆڕ بپارێزیت، بۆیە هەوڵەکانمان سەری نەگرت.
لە پاڕانەوەوە بۆ شەرمەزارکردن
وەفیق سامەڕائی بە پەیوەست بوونی بە ڕیزەکانی ئۆپۆزسیۆن پێش روخانی بەعس لە هەموو تاوانەکانی پاک نابێتەوە، ئەگەر لایەنی سیاسی کوردی لە مافی خۆیان بە بەرژەوەندی خۆیان خۆش بن، کە بەوەشەوە نەوەستان، کرایە راوێژکاری سەربازی سەرۆک کۆمار، ئەوە دادگاییە دەتوانێت پاکی ئەو و بێبەری بوونی لە تاوانەکان یەکلا بکاتەوە لە بەرامبەر مافی قوربانیان، لێبوردنی کەسوکاری قوربانیان تەنها لە ئەنجامگیری بڕیاری دادگایەکی سەربەخۆی ئازادەوە دەبێت بەوەی بڕیار لەسەر بێتاوانی گومان‌لێکراو بدات، یاخود لە پرۆسەی ئاشتەوایی وەک باشوری ئەفریقا، ئەویش دوای داننان بە سەرجەم تاوانەکان و داوای لێبوردن کردن، لە پرۆسەی ئاشتەواییدا هەر کەسە وەک خۆی دەرەکەوێت، تاوانبار وەک تاوانبار، قوربانیش وەک قوربانی، رۆڵ گۆڕینەوە بوونی نییە، وەک لە ئێستای کوردستان بۆتە دیاردە .
لە ساڵی 2002 ەوە گەشت و هەڵمەتی ئاشکراکردنی تاوانەکانی وەفیق سامەڕائی لە لایەن کەمپینی هەڵەبجە و ئەنفالەوە دەستیپێکرد کە دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ ناوەندی چاک و دواتر چاودێری کوردۆساید، کە بەندە بە هاوکاری بەڕێز پرۆفیسۆر ج ق بەڕێوەی دەبرد، هەر لەو کاتەشدا لایەنە شیعەکان بەهۆی پشکداری ناوبراو لە سەرکووتی ڕاپەڕین بەتایبەتیش بەشداریکردنی لە سەرکووتکردنی راپڕینی ساڵی 1991دا، دەستیانکرد بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر تاوانەکانی ناوبراو و شەرمەزارکردن و بەرەو بە دادگاییبردنی، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو فایلانەی پەیوەست بوون بە تاوانەکانی وەفیق سامەڕائی دران بە کەمپینی هەڵەبجە و ئەنفال " هاوکات پەیوەندی بە پارێزەرەوە کرا لە لەندەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵای فەرمی لەسەری، لەو کاتە هیچ کەس و لایەنێک پشتیوانیان لەو هەڵمەتە ناکرد بگرە بەهۆی نزیکی ناوبراو لە ینک ەوە زۆر تانە و تەشەر و بووختانیش بۆ هەڵمەتەکە هەڵدەبەسترا، جگە لە کاک دکتۆر ج ق نەبێت کە هاوکاریەکی زۆری کردم لە وەرگێڕانی بەڵگەنامەکان بۆ زمانی کوردی و نووسینەوەی بەیانامەکان بە زمانی عەرەبی و بڵاو کردنەوەو داڕشتنەوەیان.
لە خوارەوە نموونەیەک لەو تاوانانەی وەفیق سامەڕائی ، کە لە کاتی خۆیدا بڵاومانکردەوە دەخەمە بەردەستتان :
"به‌ناوى خواى گه‌وره و میهره‌بانه‌وه ئیفاده من رائیدى پیاده عه‌بدولستار حوسێن عه‌بود ئه‌لحمیرییه که له فرقه‌ى (28) دانراوم سه‌ر به‌لیواى پیاده(705) ى فه‌یله‌قى یه‌که‌م ، به‌و پێیه‌ى که وه‌کیلى ئامر فه‌وجى یه‌که‌م و ئه‌فسه‌رى په‌یوه‌ندى به که‌رته‌کانه‌وه بووم ، به‌ڵێن ده‌ده‌م له‌به‌رده‌م دادگاى نێوده‌وڵه‌تى بۆ دادگایی کردنى تاوانبارانى جه‌نگ وقه‌ڵاچۆکردنى ره‌گه‌زى مرۆڤ ئاماده بم بۆ ئیفاده دانم ، چونکه من شایه‌ت حاڵى پرۆسه‌کانى له‌ناوبردن و کوشتن و وێرانکردن بووم له‌شارى هه‌ڵه‌بجه‌و له کرده‌وه‌کانى ئه‌نفال و ئاماده‌شم بۆ زانیاریدان و به‌ناوه‌کانه‌وه له‌باره‌ى ئه‌و تاوانانه‌وه. ئیفاده پله: رائید(پیاده) ناو: عه‌بدولستار حوسێن عه‌بود ئه‌لحمیرى پۆست: وه‌کیلى ئامر فه‌وجى یه‌که‌مى ئه‌فسه‌رى په‌یوه‌ندى که‌رته‌کان یه‌که : لیواى (707) فرقه‌ى (28) فه‌یله‌قى یه‌که‌م ده‌مانه‌وێت ته‌واوى ئه‌و زانیارییانه‌ى که تایبه‌تن به تاوانه‌کانى لیواى روکن وه‌فیق سامه‌راییه‌وه رابگه‌یه‌نین: * له‌ساڵى (1990) وه‌کو به‌رپرسى لێژنه‌و هۆبه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ى ورد دامه‌زراوه‌و کاتێکیش راپه‌رین کراوه ، سه‌دام فه‌رمانى پێکهێنانى ( لێژنه‌ى ئیعدامات) ى له ناوچه‌کانى باکوور به‌سه‌رۆکایه‌تى لیواى روکن وه‌فیق سامه‌رایی داوه ، ئه‌و لێژنه‌یه ژماره‌یه‌ک ئه‌فسه‌رى ئیستخباراتى له‌خۆگرتبوو له‌وانه‌ش عه‌مید مه‌روان خزه‌یر کازم که‌ناوبراو به فه‌رمانى وه‌فیق سامه‌رایی ژماره‌یه‌کى زۆرى هاوڵاتیانى کوردى له ئافره‌ت و مندالڕ هێناوه که ژماره‌یان زیاتر له (450) که‌س بووه و له مه‌عسکه‌رى خالید ئیعدام کراون و بۆ شاردنه‌وه‌ى ئه‌و گۆره به‌کۆمه‌ڵه‌ش باره‌گاى قوتابخانه‌ى کۆشتنکارى مه‌عسکه‌رى خالیدیان له‌سه‌ر بنیاتنناوه . *
له‌دواى ده‌رچوونى سوپاى عێراقى له کویت ئه‌رکى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئیستخباراتى عه‌سکه‌رى به لیواى روکن وه‌فیق سامه‌رایی سپێردرا له‌جێگه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى پێشوو (ته‌ڵعه‌ت نوورى)، یه‌که‌م کرده‌وه‌ش که وه‌فیق سامه‌رایی ئه‌نجامى دا گومان کردن بوو به سه‌رکرده عه‌سکه‌رییه‌کانه‌وه له‌وانه‌ش لیواى روکن (عیسمه‌ت سابر) سه‌رۆکى ئه‌رکانى کرده‌وه‌کانى که‌نداوى عه‌ره‌بى ، و به‌هۆى ئه‌و راپۆرتانه‌ش که سامه‌رایی له‌سه‌رى نووسیوه و بۆسه‌دامى به‌رزکردۆته‌وه ، لیوا روکن عیسمه‌ت سابر ئیعدام کراو کۆمه‌ڵێک ئه‌فسه‌رى دیکه‌ش ده‌ستگیرکران له‌وانه‌ش لیواى روکنى ئه‌وکات کامل ساجت ئه‌لجه‌نابى. * له‌باره‌ى راپه‌رینه‌که‌ى قه‌زاى سده‌تولهیندییه‌وه ، ئه‌وا لیوا روکن وه‌فیق سامه‌رایی سرییه‌ى یه‌که‌مى له سه‌رکردایه‌تى هێزه‌کانى ئه‌لعابد (حه‌ره‌س جمهورى) ئیعدام کرد به‌هۆى ئه‌و گۆمانه‌ى که‌له ئامرى سرییه‌که موقه‌ده‌م (عه‌بدوڵڵا ترکى حتحوت) هه‌یبوو ، بۆیه ئه‌و ته‌واوى سه‌ربازانى سرییه‌که ئیعدام کران.
ئیفاده‌ى موسته‌شاره کورده‌کان ئیفاده‌ى (م. گ. ش) : له به‌راوى (10/6/1988) موختارى گوندى که‌ندک جه‌لال له قه‌زاى زاخۆ به رائید ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن مسته‌فا ئه‌فسه‌رى ئیستخباراتى سه‌رکردایه‌تى هێزه‌کانى عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز راگه‌یاند که (19) هه‌ڵاتوو ئه‌وانه‌ى که‌ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه گۆنده‌کانیان به‌گوێره‌ى بڕیارى لێبوردنى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى شۆرشه‌وه. رائید ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌هێزێک که له چوار سرییه‌ى مغاویر پێکهاتبوو گه‌یشتنه گونده‌که‌و داوى ئه‌وه‌ى به‌فێل ئه‌وانه‌ى له‌وه دڵنیا کرده‌وه که بڕیارى لێبوردن ده‌یانگرێته‌وه ، هه‌ر (19) که‌سه‌که ته‌سلیم بوون ، رائید ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن مسته‌فا رێنماییه‌کانى ئامرى مه‌فره‌زى ئیعدام (وه‌فیق سامه‌رایی) خوێنده‌وه‌و هه‌ر له‌وێش ئه‌و (19) که‌سه ئیعدام کران.
ئیفاده‌ى موسته‌شار (ا.ا. ح. الب): له‌سه‌ره‌تاى قه‌سابخانه‌کانى ئه‌نفاله‌وه ، وه‌فیق سامه‌رایی فه‌رمانى دا به عه‌مید محه‌مه‌د یاسین ئه‌لجبورى ئامرى هێزى دووه‌مى له ته‌ق ته‌ق به وێرانکردنى گونده‌کانى سه‌ر به کۆیه و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى مه‌ڕو ماڵات و کۆکردنه‌وه‌ى خه‌ڵکانى ئه‌و گوندانه و گواستنه‌وه‌یان بۆ باره‌گاى سه‌رکردایه‌تى فه‌یله‌قى یه‌که‌م، ژماره‌ى ئه‌و گوندانه‌ش (20) گوند ده‌بوون . رائید سلێمان به‌ڕێوه‌به‌رى هۆبه‌ى مه‌نزوومه‌ى باکوور له هه‌ولێر (1984-1991) له‌نێو ئه‌و ده‌ستبه‌سه‌رانه‌ى ئه‌و گوندانه‌وه ده‌گه‌ڕاو گومانى له کوێ بکردابوایه ده‌ستگیرى ده‌کرد و به‌پێی فه‌رمانه‌کانى وه‌فپق سامه‌راییه‌وه‌ش یه‌کسه‌ر حوکمى ئیعدامى به‌سه‌ر جێبه‌جێ ده‌کرد ، بۆیه له‌پێش چاوى خه‌ڵکى و به وجوودى منیش دوو که‌س ئیعدام کران به‌ناوى: 1ـ حاجى جاجى ئاغا. 2ـ مه‌عرووف ئیسماعیل ره‌زا. ".
بڵاوکردنەوەی چەند جارەی ئەم ئیفادانە، بە زمانی کوردی و عەرەبی ، ویژدانی پارتە کوردیەکانی نەجوڵاند، واداریانی نەکرد بەوەی دەست لە هاوکاری و پشتیوانی ئەو تۆمەتبارە هەڵبگرن تاکو لە ڕێگەی دادگاوە ئەم گومانانە یەکلا دەبنەوە.
بۆچی دان بە تاوانەکان نانێن؟
ئەم تاوانانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێیان دا، لەگەڵ ئەو بەتاوانبارکردنەی لە دادگا لەسەر زاری تاوانکارانی ئەنفالەوە ڕاگەیەنران، دەکرێت لە دادگا یەکلا بکرێنەوە، وە خاوەند ئیفادەکانیش بانگ بکرێن بۆ دادگا بۆ ئەوەی شایەدیەکانیان دوبارە پێشکەش بکەنەوە، لە ڕاستی شایەدیەکانیان بکۆڵرێتەوە، مەرجیش نییە هەموو ئەم ئیفادانە لە دوای لێکۆڵینەوە ڕاست دەرچن، یاخود وەفیق سامەڕائی تاوانباری یەکەم بێت لە ئەنجامدانیان و بکەریان بووبێت، وەلێ لە ئاکامی لێکۆڵینەوەو دەرکەوتنی ڕاستیەکان، کەسانێک دەردەکەون لە پشت ئەنجامدانی ئەم تاوانانەوەن، گرنگ ئەوەیە خودی تاوانەکان ئاشکرا بکرێن ، تاوانبار هەر کێیەکە سزای خۆیان وەربگرن، لە رێگای دادگاوە تاوانەکان بە دۆکۆمێنت بکرێن، کورد هیچ کێشەیەکی شەخسی نە لە گەڵ وەفیق سامەڕائیدا هەیە نە کەسی دی، ئەوەی هەیە تاوانکار نابێت لە سزا رزگاری بێت.
ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە بەرپرسانی سەربازی و ئەمن و ئیستخبارات و بەعسی گلاونەتە ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە نەتەوەی کورد ئەنجامدراون ، یەکێک لەوانەی گریمانەی ئەوەی لێدەکرێت ڕۆڵی پێشەنگانەی لە ئەنجامدانی ئەو تاوانانەدا هەبوبێت، بە حوکمی جێگە و پێگەکەی لە هەرەمی دەسەڵاتداریدا وەفیق سامەڕائییە، بێ‌شک لەو پێگە گرنگەوەی و دەسەڵاتیش بەو هەموو دڕندەیەوەی هەر گلاوەتە بەشێکیەوە، ئەمە دادگا یەکلای دەکاتەوە، وەلێ تا ئەوکاتەی بە هەڵاتووی لە بەرامبەر دادگا دەمێنێتەوە ئەوا گومانەکان زۆرن و زیاتر وەک تاوانبار دەرە کەوێت .
سکاڵا تۆمارکردن لە سەر وەفیق سامەڕائی
دیسەمبەری ساڵی 2006 لە سەردانم لە هۆڵەنداوە بۆ کوردستان کە هێشتا لە ماندوویەتی ڕێگا دوور‌و درێژە 4000 کم یەکە بە ئۆتۆمۆبیل نەحەسابومەوەو ماندویەتی رێگا دورو درێژە دەرنەچوبوو ، لە ئاکامی 4 ڕۆژ گەشتی بەردەوامی شەو ڕۆژ ڕێکردنی بێ‌پشوو و بەردەوامی ناو ئۆتۆمۆبێل، لە ناکاو زەنگی تەلەفۆنەکەم لێی دا، وتیان ڕاستە بەڕێزت هاتوویتەتەوە بۆ کوردستان بۆ بە دادگایی گەیاندنی وەفیق سامەڕائی؟، وەک لە مانشێتی ڕۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرتدا نووسراوە "، گوایا وەفیق سامەڕائی لە لایەن ئیوەوە دەدرێتە دادگا " پرسیارێک لە ناکاو بوو بۆ من و قەت لەو لەحزەیە چاوەڕوانیم ناکرد، ئاوا بە خێرایی بەرەو روی ببمەوە، وە خۆشم ئامادە نەکردبوو بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری قورسی لەو چەشنە، هەرچەندە پێشتر لە کۆبونەوەی ناوەندی چاک لە پاڵتاک ئەو بڕیارەمان دابوو وە منیش ئەو بەڵێنەم دابوو لە کاتی گەڕانەوەم بەس بوار هەبێت جێبەجێی بکەم،بەڵام بەو خێراییە نا،لە وەڵامدا بێ دوو دڵی وتم : بەڵێ ڕاستە ، هەرچەندە من ئەو ژمارەیەی کوردستان ڕاپۆرتم بەرچاو نەکەوتبوو کەهەواڵەکەی بڵاوکردبوەوە، وە ئاگام لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە بەهیچ جۆرێک نەبوو کە کاک قادر نادر پێیانی دابوو، چاوەڕوانیشم ناکرد شتی وا بەو زوییە بڵاو بکرێتەوە، ئەگەر پرسیان پێم بکردایە نام هێشت بڵاوبکرێتەوە، بەتایبەتیش لە مانشێتی ڕۆژنامەیەکەوە ڕابگەیەنرێت، هەواڵەکە زۆر گران بوو بۆ من و خستمیە بەردەم هەوڵی جدییەوە بۆ بە پراتیککردنی، بۆ هەنگاوی یەکەم دەبوایا پارێزەر پەیدا بکرێت، ئەمەش گران بوو بتوانرێت پارێزەرێک پەیدا بکرێت، بۆ بە دادگایی گەیاندنی کەسایەتیەک " موستەشاری سەرۆک کۆمار بێت " لەو کاتەدا کە ترس زیاتر بوو وە هێشتا مانگی هەنگوینی جەماوەر لەگەڵ ئەو پۆستە لە پۆپەدا بوو، کەس لە پارێزەران ئامادە نەبوون شان بدەنە شانی ئەو کەیسە گەورەیە، بەرێزێک کە زۆر قسەی گەورە لە بارەی ئەنفالەوە دەکات، پێم وت: خەریکی کارێکی وام ، وتی تەداخولی کاری وا ناکەم و ناوێرم، ئەوکات هێشتا سامی دەسەڵات نەشکابوو، تەنها چەند کەسێکی یاخی بوون خۆمان لە قەرەی ئەو شێوە کارانە دەدا،بە پەلە گەڕامەوە هەولێر بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکە.
کاک قادر نادر کە سەرچاوەی مانشێتەکەی رۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرت و هاندەر و پاڵنەری سەرەکیم بۆ ئەو کارە وتی : کاک گۆڤەند بابان ئامادەیە پارێزەریمان بۆ بکات بە خۆڕایی، بەم شێوەیە توانی پارێزەریش دابین بکات، منیش لە دوای گەڕانەوەم بۆ هەولێر، یەکسەر چووم بۆ لای کاک گۆڤەند کە زۆر ئازایانە هاتە پێشەوە و وەکالەتێکم بۆی کرد:
نابێت بۆ مێژوو ئەوەشم لە یاد بچێت ، هاوڕێی خۆشەویستم " رزگار مام بۆرە " لەو کارە ، وەک هەمیشە تا سەر هاوڕێم بوو ، یەک لەحزەش لێم دانەبڕا، تاکو تەواوی کارەکانم ئەنجامدا، واتا لە دەرەوە جگە لە تەواوی رێکخراوەکەمان چاودێری کوردۆساید بە تایبەتیش قادر نادر لە ناوەوەش رزگار مام بۆرە و کاکە گۆڤەند بابان تاکە پشتیوانم بوون، کەسی دی شانی نەدایە بەر.
لە گەڵ رزگاردا لە بازاڕەوە کە چووین بۆ سەر ڕێێ کۆیە بۆ فەرمانگەی دادنووسی دووەمی هەولێر، شۆفێری تاکسیەکە کرێی ڕێگاکەی لێمان نەسەند، وتی دەتناسم و دەست خۆش بۆقسەکانت هەموو جارێک لە تەلەفزیۆنەوە دەیانکەیت، چوینە لای عەریزە نووس هەقی دەستیان نە سەند وتی سەربەرزم بە نووسینی ئەم عەریزەیە، خاوەند فۆتۆکۆپی بە هەمان شێوە وتی : لە ئاست ئەم کارە گەورەیە چۆن پارە وەردەگرم ، ڕێمان دەکەوتە لای هەر کێیەک بۆ تەواوکردنی کارەکە، هەمووی دەرگای دڵیان بۆمان دەخستە سەر گازی پشت و کارەکەیان بێ بەرامبەر بە خۆڕایی ئەنجامدەدا، هەموو لە ئێمە گەرمتر بوون بۆ دۆزەکە، بە پەرۆشتر بوون بۆ ئەنجامدانی کارەکە، هەڵوێستکانیان هێز بەخشین بوو بۆمان .
ڕۆژی 6-12-2006، کاتژمێر 10،37 خولەک لە دادگای هەولێر و کابینەی عەریزە نووسی و فۆتۆکۆپیەکانەوە، سکاڵامان نووسی ، بە هەمان شێوەی ئەوانی پێشووتر، تایپێست و خاوەند کۆپیەکە بێبەرامبەر ئەنجامیان دا، وەک لە خوارەوە ناوەڕۆکەکەی هاتووە ، عەریزەیەکی تاکو بڵێی سادە، وەلێ کاریگەر، عەریزەیەک لە دەرگایەکی بەرینەوە چووە مێژووی دادگایی تاوانبارانەوە، بۆ هەتا هەتایە سکاڵا لێکراوی خستە ڕیزی تاوانبارانەوە، تەنها دادگا دەتوانێت پاکی بکاتەوە:
چەند خولەکێک لە کاتژمێر 12 ی نیوەڕۆ لایداوە، بە پەلە لە ترسی تەواو بوونی دەوام، لەگەڵ " ڕزگار مام بۆرە "، بە پەلە تاکسیەکمان گرت و سکاڵاکەمان برد بۆ نووسینگەی هەولێری دادگای باڵای تاوانەکان ، لەوێندەرێ سکاڵانامەکەیان زۆر بە سارد و سڕی و سادەیی لێم وەرگرت ، لە کارەکە کەوتمە گومانەوە، لە دڵی خۆمدا وتم ئایا بەم سادەییە سکاڵا لە کەسایەتیەکی وا کاریگەر و گەورە دەکرێت؟، بەو بەڕێزەی سکاڵاکەی لێم وەرگرت وتم: پارچە کاغەزێکم بدەنێ لە بەرامبەر ئەم سکاڵایەی تۆمارم کردووە، ئەو بەڕێزەی سکاڵانامەکەی لێم وەرگرت وتی: بە سەرچاو، خەمت نەبێت دەیگەیەنینە جێگەی خۆی ، ئەم پارچە کاغەزۆکەی خوارەوەشی پێم دا :
کە ئەو پارچە کاغەزۆکە سادەیەم بینی ، زیاتر کەوتمە گومانەوە، لێ ئێستا 6-12-2006 کاتژمێر 12،43 خولەکەو بە فەرمی سکاڵا لە ئەندازیاری ئەنفال وەفیق سامەڕائی تۆمار کراوە، دادگا ڕەوتی ئاسایی خۆی وەرگرتووە ، لە دوای گەڕانەوەم لە کوردستانەوە بۆ هۆڵەندا، ناوەندی چاک بەیاننامەیەکی لەسەر ئەم سکاڵایە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بڵاو کردەوە کە کاک هیشام ئاکرەیی نووسی، خۆشبەختانە ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەتی لەندەنی، ڕۆژی دواتر بەیاننامە عەرەبیەکەی بڵاوی کردەوە، هاوکات منیش چەندین جار پەیوەندیم کرد بە دادگای باڵای تاوانەکانەوە، ڕایان گەیاند سکاڵاکەمان گەیشتووەتە شوێنی مەبەست .
کاتێک دادگای باڵای تاوانەکان بڕیاری دادگای لەسەر تاوانباران خوێندەوە ، لیستی بانگ کراوان بە وەفیق سامەڕائی دەستی پێ‌کرد، ئەمەش دەربڕی ئەوە بوو ، سکاڵای هەموو هاووڵاتیەک لە بەرامبەر هەر دەسەڵاتدارێک چەندە بەرز بێت شوێن خۆی دەگرێت، ئەگەر دادگاکە جدی بێت.
لە دوای ئەوەی وەفیق سامەڕائی ناوی لە ڕیزی لیستی تاوانکاران وەک تۆمەتباری ریزبەندی 1 هاتەوە، لە ترسان لە عێراق هەڵات و پۆستە باڵاکەی بەجێهێشت، لە سەرەتادا لە هەموو بۆنەو دانیشتن و چاوپێکەوتنەکان بزر بوو ، لە ژیانی سیاسی ئەم وڵاتە فڕێدرایە دەرەوە، شوێن ژیان خۆی گۆڕی،بەڵام دوایی کە بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان کاری پێ نەکرا ئەویش کەم کەمە هاتەوە سەر خەت و لە راگەیاندنەکان دەرکەوتەوە ، لێ تازە بۆ هەتا هەتایە تارمایی ئەنفالکراوان بەسەر سەرییەوە دەبن و بڕیاری ناڕەوای دادگا و شەفاعەتی خیانەتکارانەش لە لێپرسینەوە نایپارێزن، دەستی دادپەروەری هەر پێی دەگات، هەنگاوی یەکەم لە ڕێگای ئەم عەریزە سادەیەوە، لە ژیانی سیاسی عێراق دوورخرایەوە، تاکە پاکبونەوەی تەنها لە ڕێگای بێتاوانکردنیەوە لە دادگای باڵای تاوانەکانەوە دەبێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست