بەڵێنی كاندیدانی پەرلەمانی عێراق بلقی سەرئاوە
Friday, 06/04/2018, 22:38
بەرەغمی ئەزمونی تاڵی هەشتا ساڵی كورد بەدەست حكومەتەكانی عێراقەوە كەچی دوای رووخانی رژێمی پێشوو لە ساڵی 2003 دا، سەركردایەتی كورد وەك كوچك لە ئاگر گەرمتر و لە پاشا پاشاتر بو بۆ دروستكردنەوەی عێراقی عەرەبی ومەزهەبی و تێپەراندنی پرۆسەی سیاسی عێراقی دوای نەمانی حوكمی دكتاتۆری ئەگەر لەسەر حسابی بەرژەوەندیە ستراتیجیەكانی كوردیش بوبێ، بێ پێداگرتن لە سەر زامنكردنی داخوازیەكانی كورد لە رووی واقعی و یاساییەوە لەو سات و هەڵە زێرینەدا.
ئەوە بو شكلی فدرالی بۆ عێراق بریاردراو هەرێمی كوردستانیش تاكە هەرێمێكی بێ دایك وباب لەناو ئەو دەولەَتە بە ناكاملی دانی پیانرا، هەرێمێك هەم سنووری جوگرافی و هەم هی دەسەڵاتەكانیشی بە لێڵی مایەوەو دیارینەكران. بۆیەش دوای جێبەجێكردنی دەستورەكە لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەموو خولەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، بەرپرسانی كورد لە بەغدا بەردی گەورەیان دەوەشاند و بەڵێنی شەونخونیان دەدا بۆ جێبەجێكردنی ئەو دوو بابەتانە ، جا گەر ئەوانە لەپۆستە سیادیەكانی ئەو وڵاتە بوبن وەك سەركۆمارو جێگری سەرۆك وەزیران وجێگری سەرۆكی پەرلەمان، یاخود پەرلەمانتارو بەپلەی وەزیر بوبن لە بەغدا. بەڵام دوای زیاتر لە 12 ساڵ بەمرۆ وسبەی و دەستی دەستی پێكردن وگاڵتەكردن بەعەقلی سەرانی كورد، ئەو بەرپرسە كوردانە نەك هەر نەیان توانی هەنگاوێك فدرالی عێراق و دۆخی هەرێم تیایدا بەرنە پێشەوە، بەڵكو لەسایەی كەمتەرخەمی و بایەخیان بە پۆست وپارەوەو ئەمرۆ ئەو بابەتە 180 پلە گەرێنراوەتەوە دواوە و شتێك لەسەر ئەرزی واقعی ئەو عێراقە نەماوە بەناوی دەوڵەتی فدراڵی یا بونی هەرێمێكی فدراڵەوە، وەك لە دواجاردا لە یاسای بودجەی ساڵی 2018 ناوی هەرێم بە پارێزگاكان هات و بودجەكەشی بە رێژەی 5% كەمكرایەوە وهەروەها بێ ویست وئیرادەی نوێنەرانی كورد لەناو حكومەتی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەران بەرێكرا، هەرچەندە سەركۆماریش بەحوكمی كورد بونی خۆی هەوڵێكی نادەستوری دا بۆ گەراندنەوەی یاساكە بۆ پەرلەمان بەڵام بەهۆی نادەستوریەتی ئەو رێو وشوێنەی گرتیە بەر هەنگاوەكەی ئەمیش شكستی هێنا.
كەواتە بەڵێنی بەرپرسانی كورد لە بەغدا بە تایبەت كاندید وئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران نەیتوانی بارودۆخی كوردو سستەمی فدراڵی عێراق بەرەو پێشەوە بەرن، ئیتر هەرچی گوتراوە بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 و دەستەبەركردنی مافی هەرێم لە هەناردەكردنی نەوت و هەبونی هێزی پێشمەرگە، هەمووی بۆ موزایەدەو بانگەشەی هەڵبژاردن و گەوجاندنی خەڵك بوە، چونكە خەمی ئەو بەرپرس ونوێنەرانە تەنهاو تەنها بەدەست هێنانی پۆست وپارە بووە، ئەگینا تا ئێستا دەتوانرا مادەی (4) دەستور تایبەت بە فەرمیبونی زمانی كوردی وەك عەرەبی جێبەجێبكرایە، لانی كەم لە ناو ئەنجومەنی نوێنەران، كە نوێنەری كوردیش بۆی بوایە بەزمانی خۆی قسە بكا لەناو هۆڵی پەرلەمان وەك مافێكی دەستوری، نەك تەنها زمانی عەرەبی رێپێدراو بێت، كارێكی لەوەش ئاسانتر خۆ دەبوایە پێگەی ئەلكترۆنی پەرلەمانی عێراق بەزمانی كوردی وەك زمانە عەرەبیەكە هەمو شتێكی بوایە، بەڵام بەداخەوە نوێنەرانی ئێمە لەبەغدا ئەو ەیان بەلاوە گرنگ نەبوەو گوێیان پێ نەداوە وەك هەمو شتە پێویستەكانی تر. كەواتە گەر نوێنەرانی ئێمە تا ئێستا نەیانتوانیبێ ئەو دان پێدانە دەستوریەی تایبەت بە زمانی كوردی بخەنە خانەی جێبەجێكردنەوە كە كارێكی سەخت نیە، ئەی چۆن دەتوانن ناوەرۆكی مادەكانی (110،111،112،113،114،115، 121، 140) جێبەجێبكەن كە تایبەتن بە دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی هەرێم وئیمتیازاتی تری وەك بونی هێزی پێشمەرگە ویەكلاكردنەوەی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان !!
ئیتر ئێمەی هاوڵاتی دەنگدەری ئەو هەرێمە دوای ئەو ئەزمونە شكستخواردوەی نوێنەرانمان لە دامەزراوەكانی فدرالی عێراق ، هەق وایە بەجامێ ئاو نەكەوینەوە مەلەو بەڵێن ودروشمی باق وبیقی كاندید ولستەكان نەمان گەوجێَنێ ، دڵنیابن لستەكانی هەڵبژاردن و وكاندیدانیان هیچ یەكێ لە بەڵێنەكانیان بۆ جێبەجێ ناكرێ بەهۆی سروشت وبارودۆخی كورد لە عێراق لەرووی دەستوری و واقعیەتەوە، چونكە كورد هەرچەندە زۆرترین رێژەی كورسی بەدەست بێنێ، ژمارەی كورسیەكانی ناگاتە 1/5 كورسیەكانی پەرلەمانی عێراق، ئەمەش رێژەیەكی زۆر كەم و بێ بایەخە بۆ داكۆكیكردن لە بەرژەوەندیەكانی هەرێم ، نزیكترین نمونەش یاسای بودجەی ساڵی 2018 بو كەبێ ویست وئیرادەی كورد تێپەرێنرا ، بۆیە بەڵێنی هەموو لست وكاندیدەكان بۆ تۆی هاوڵاتی پولێكی قەڵپ ناهێنێ وتەنها بلقی سەرئاوە و دوای چوار ساڵی تر پەنجەی خۆت دەگەزی ئەگەر بەشداری هەڵبژاردنت كردبێ ، لەبەرئەوەی بارودۆخی تۆ ئەوسا لەژێر سایەی ئەوانەی بەناو نوێنەرایەتیت دەكەن لە بەغدا ئەگەر لە ئێستا زۆر خراپتر نەبێت هەرگیز باشتر نابێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست