ئاخۆ ترامپ وەک پوتین، مەنبیچ بەجێدەهێڵێت؟
Monday, 02/04/2018, 11:52
سەڕۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند، ئەوان سوریا بەجێدەهێڵن. هەندێک لە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا، لە میدیا جهیانییەکان ئەو بڕیارەی ترامپ بە هەڕەمەکی و تاکلایەنە وەسف دەکەن و ددان بەوەدا دەنێن کە بۆ ئەوان ئەو بڕیارە جێگە سەرسورمان، چاوەروان نەکراو و کتوپڕ بووە.
تورکیا لە خۆساز کردنە، بۆ هێڕش کردنە سەر، شاری مەنبیچی ژێر دەسەڵاتی ئەمریکای هاوپەیمان لەگەڵ یەپەگە. بیانوی ئەو لەشکرکێشییە بۆ سەر مەنبیچ، هەمان بیانوی جارانە، کە رەجەب، بەکاری هێنا بۆ داگیرکردنی عەفرین، کە ئەویش ئەوە بوو، نابێت میللەتی کورد بە گشتی و یەپەگە بە تایبەتی لە سنوورەکانی تورکیا نزیکبنەوە و چەند جارێک داوای لە ئەمریکا کردوە کە دەبێت بە زۆرەملێ کورد لە شاری مەنبیچ دەربکات، وەک یەکەم هەنگاوی پلانی پاکتاوکردنی نەژادی کە ئەنقەرە وەک ستراتیژیەتی جەنگی دژ بە کورد هەیەتی.
ئەمریکا، ئەو کات خۆی دزیەوە لە هەڵوێست وەرگرتن، دژ بە تورکیای داگیرکەری عەفرین، بە بیانوی ئەوەی، عەفرین لە ژێر سنووری دەسەڵاتی ئەودا نییە و کوردەکان لەو شارە لەگەڵ ڕوسیا لە هاوپەیمانیەتیدا بوون.
ئەمڕۆ، ترامپ خەریکە هەمان سیناریۆی پوتین دووبارە دەکاتەوە و نیازیەتی وەک پوتین ئاسا، میللەتی کورد لە ژێر ڕەحمەتی سوپای تورکیا جێبهێڵێت! پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئایا ئەمریکا پیشوەخت ڕێککەوتنی ژێربەژێری هەبووە، کە چۆن ڕوسیا عەفرینی بەجێهێشت، ئەوانیش مەنبیچ بۆ تورکیا جێبهێڵن؟ یان ڕووداوەکان و گرفتەکانی دوای هاتنی تورکیا بۆ عەفرین، ئاراستەکانیان گۆڕاوە و زلهێزی دیکە لە ناوچەکەدا نیگەرانی بەهێزبوونی دەسەڵاتی تورکییان، ئەگەر ئەمریکاش نەبێت ئەوان شەڕی تورکیا دەکەن و ئەمریکاش دەیەوێت خۆی لەو جەنگە بپارێزێت؟ یان ئەمریکا وەک کارتێکی فشار ئەو بابەتە بۆ سەپاندنی مەرجەکانی دەوروژونێت و هەڕەشەی زیندوو کردنەوەی داعش دەکات، دەزانێت بە حوکمی سنووری جوگرافیای وڵاتەکەی ئەو ئەوەندە لە ژێر هەڕەشەی داعشدا نییە بە بەراورد کردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە هاوسنوورن لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە بنکەی سەڕەکی داعشە؟
کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا، ڕاکردنە لە لێپرسراوەتی سەرشان، دەبێتە هۆکاری، دۆڕاندن، شکاندنی هەیبەت و ناوبانگی ئەمریکا لە ناوچەکە و سەرکەوتنی ڕوسیا و ڕادەستکردنی دیمەشق بە ئەسەد، ڕوسیا و ئیران. بەشێکی دیکەی سوریاش بۆ تورکیا. هەروها کشانەوەی ئەمریکا، خۆدزینەوەیە لە ڕێککەوتن و هاوپەیمانیەتیی لەگەڵ یەپەگە، ڕێگە خۆشکەرە لە گەڕانەوەی داعش بۆ سوریا و عیراق. بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا دەبێتە هۆکاری دروستکردنی هیلالی شیعی، لە نیوان ئیران، سوریا و لبنان، کە مەترسی لەسەر سعودیە و ئیسرائیل دروست دەکات. هەنوکە ئەو ڕارەوەی کە دەبێتە هۆکاری دروستبوونی ئەو هیلالە لە ژێر دەسەڵاتی یەپەگە و ئەمریکایە کە شاری مەنبیچ و ناوچەکانیەتی. وێرای توانای بەرەنگاری بوونەوەی شەڕەڤانان لە جەنگدا، ڕۆڵی گرنگیان لە شەڕی دژ بە داعش و دژ بە تورکیا لە عەفرین، بەڵام کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە یارمەتیدەری ئیران و بەکرێگیراوانی دەبێت کە لە ئاییندەدا بتوانن دەست بەسەر ئەو ڕارەوەیە بگرن و کاردانەوەیان هەبێت لە سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسیشی ناوچەکە بە گشتی و فرەوان کردنی دەسەڵاتەکانیان کە ترامپ تا سەر ئێسقان دژیەتی.
سەڕۆکی ئەمریکا، لە چەند پۆستێکی باڵادا گۆڕانکاری کردوە وەک، جۆن بۆڵتۆن، دەستنیشانکراوە بۆ پۆستی ڕاوێژکار لە ئەنجومەنی ئاسایش. مایک پۆمپیۆ، بۆ وزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جینا هەسپێل بۆ دەزگای سی. ئای. ئەی ئەمریکی.
مایک پۆمپیۆ، پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات، دژ بە دعاش و ئیران و ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئەمریکا و ئیرانە. ئەم هەڵوێسستەی دژ بە ئیران گرنگرترین هۆ بوو کە ترامپ دەستنیشانی کرد بۆ جێگرتنەوەی تێلەرسۆن. ترامپ لە میدیاکاندا بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە خاڵی ناکۆکی نێوان خۆی و تێلەرسۆن تێڕوانینی جیا بووە دەربارەی ئێران و ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوانیان کە ئیدارەی ئۆباما ئەنجامی دابوو، پێش بوونی ترامپ بە سەڕۆکی ئەمریکا. گەلێک لە شێکەرەوە و چاودێرانی سیاسی، پێیان وایە هاتنی مایک پۆمپیو، مانای هەڵگیرسانی جەنگە لە نێوان ئەمریکا و ئیراندا.
جۆن بۆڵتۆن، لە ڕابردوودا لەگەڵ پشتیوانی کردنی ئەمریکا نەبووە بۆ یەپەگە وەک رێکخراوێکی مارکسی، وێرای ئەوەش، جۆن بۆڵتۆن، بە " داڵی زایۆنیزم لە کۆشکی سپی ئەمریکی " ناسراوە ، "دوژمنی ئیران و ڕێککەوتەنە ئەتۆمیەکەی ئیران و ئەمریکا" و بە دوژمنی سەرسەختی داعش ناسراوە، لهلایهن دۆناڵد ترهمپهوه لە ٢٢/٣/٢٠١٨دا، وهک ڕاوێژکاری نوێی ئهنجومهنی ئاسایشی ئهمریکا دهستنیشانکرا. چۆن بۆڵتۆن، دژی ئیرانە، تا ئەو رادەیەی کە داوای لهئیسرائیل کرد هێرشی ئاسمانی ئەنجام بدات بۆ سهر بنکهی بوشههری ئێران، که لهو بنکهیهدا تاران بهرنامه ئهتۆمییهکهی پهرهپێدهدا.
چاوەڕوان دەکرێت، ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە پۆستە باڵاکانی ئەمریکدا کراوە، کاردانەوەی هەبێت لە سەر بڕیارەکەی ترامپ، ئەگەری پاشگەزبوونەوەی لێدەکرێت لە بڕیاری کشانەوە لە سوریا، یان دانانی بەدیلێکی وەک "کورد یان لایەنێک و هێزێکی دیکەی وەک تورکیا" بە شێوەیەکی کاتی، لە شوێنی خۆیان بۆ پاراستنی ڕارەوەکە و ڕێگری کردن لە دروست بوونی هیلالی شیعی تا ڕووخاندنی ڕژێمی ئیران کە جۆن بۆڵتن لە یەکەم گوتەی پێش دەستبەکاربوونی کە ڕۆژی ٩/٤/٢٠١٨یە، گوتی " ساڵی ٢٠١٩، ساڵی ڕووخانی ڕژێمی ئیران دەبێت".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست