ناسنامەی دوو قوتابی قوتابخانەکەی جەلالیزم (بەرهەم و مەلا بەختیار)
Tuesday, 27/03/2018, 21:39
کوردستانپۆست ئەم نووسینەی مەلا بەختیار بڵاودەکاتەوە، تا ئەرشیفی خۆی بیپارێزێت، کە مەلا بەختیار کۆمەڵێک نهێنی لەسەر کەسێتی بەرهەم ساڵح باس دەکات و بەشێکیان تازە و نەبیستراون، لێرەوە دەتوانین قوتابییەکانی جەلال تالەبانی بناسین، کە لە قوتابخانەی جەلالیزمدا چ کەسانێکی پێگەناندووە و خستوونیەتە نێو سیاسەت و لەو خەڵکەی کوردستانیان بەرداوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا روو دەدات بەرهەمی ئەو دەستکەوتانەیە، کە ئەمانە بەو عەقڵە پۆخڵ و پیسەوە بۆمان فڕێدەدەن
---------------------
چەواشەكارییەكانی د. بەرهەم لەهەڵبژاردندا!
باش گوێم گرت، كە دوای دوو خول لەسەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمو دوو خولیش لە جێگریی سەرۆكی حكومەتی بەغداد، ئەمە جگە لەوەی سێ جار لە سێ كۆنگرەی یەكێتیدا، بەتەسكیە دەكرایە سەركردایەتیو جێگری سكرتێری گشتی؛ هەروا دوای جیابونەوەی لەیەكێتی لەكاتێكدا مام جەلال لەسەرەمەرگدا بوو، كەوتنە دژایەتی یەكێتی، لە(18/3/2018) لەكۆڕێكی هەولێردا، تانەو تەشەرمان لێدەدات، لەبەرئەوەی بەرگریمان لەیەكێتی كردووە، گوایە دەستاودەستكردنی دەسەڵات قبوڵ ناكەین. بۆئەوەی بەرێزی دڵنیابێ، بەدڵنیاییەوە ئەو بۆچونەمان هەبووە، لێرەش دەڵێم:
یەكێتی یەك كورسیش بهێنێ، هەر یەكێتییە. دیقەت بدرێ، نەمانوتووە دەسەڵات تەسلیم ناكەین. وتومانە، رێژەشمان دابەزێ، هەر یەكێتین. ئێستا دەپاتیشی دەكەمەوە، رێژە بەرزبێتەوە یان دابەزێ، هەر یەكێتین. خۆ یەكێتی نین بەشەرتی سەپاندنی دەسەڵات.. ئەی ئەوە نییە لەپارێزگاكانی هەڵەبجەو سلێمانی، دەستاودەستمان كردووە بەدەسەڵات؟ ئەی نابینن كە ئێستاش پارێزگاری سلێمانی، گۆڕانە.
وەكو تر..
بەندە، قەت لەهیچ كابینەیەك، پۆستم نەبووە. قەتیش بەشەرتی پۆست بۆ خۆم سیاسەتم نەكردووە. ئەوە جەنابتی، لەدەرەوەی وڵات دەتویست بچیتە كۆسۆڤۆ، یاریدەدەری حاكمی كۆسۆڤۆ بیت، بە مانگانەی (50 هەزار دۆلار). مام جەلال، د.لەتیف رەشیدی ناردە لات، پێیوتی: تۆ ئەندامی سەركردایەتیت، چۆن كاری وا دەكەیت؟ مام دەتكاتە نوێنەری یەكێتی لەئەمریكا. لەوەڵامدا وتبوت: نابێ لە (50 هەزار دۆلار) كەمترم بداتێو دەشبێ ڤێلایەكیشم بۆ بكڕێ. واتا: بەشەرتی موچەی بەرزو ڤێلای چەند نهۆمی، رازی بویت ببیتە نوێنەری یەكێتی لەئەمریكا. ئێستاش ڤێلاكە بەناوی خۆتەوەیە.
پاشان.. ئەوە من نیم، خۆپیشاندانی 17/ی شوبات دژم بەرپاكرابێ. ئەوە حكومەتەكەی جەنابت بو، كە دەستەواژەی گەندەڵی خستە ناو ویژدانی رای گشتی.. بۆیە، گۆڕان توانی بەئاسانی خۆپیشاندان بخرۆشێنێ. هەر ئەوكاتەی جەنابیشت سەرۆكی لیستی یەكێتی بوی، بۆ هەڵبژاردن، لەبەرئەوەی متمانەت لاواز بوبوو، رێژەی دەنگەكانی یەكێتی دابەزی!
خۆ من سەرۆكی حكومەت نەبوم، لەبەر دەركی سەراو لەشەقامەكاندا، تەقە لەخۆپیشاندەران دەكرا. خۆشت دەزانیت، هەڵوێستی من جیاواز بوو ئەوكاتە.
خۆ من سەرۆكی حكومەت نەبوم، پارتی هێزێكی ناردە سەر گۆڕان، جەنابت، جەنابی سەرۆكی حكومەتی سەردەمی 17/ی شوبات، باش دەزانیت، بەندە، یەكەم كەس بووم، وتم:
ئەو هێزە بێتە ناو سلێمانی حەیای یەكێتی دەچێ.. نابێ رازی ببن. هەر جەنابت بویت، پێت وتم: ئاگات لێی بێ، مام جەلال عاجز دەبێ رێ لەم هێزە بگرین. دەستبەجێ، سەعات (2.30)ی شەو لەگەڵ مام قسەم كردو عەرزم كرد: مام، شكۆی یەكێتی نامێنێ بەبەرچاوی ئێمەوە هێزی پارتی بچێتە سەر گۆڕان. فەرموی: بڕیار لای ئێوەیە، چیتان پێ باشە وا بكەن. باشم لەبیرە، ئەو شەوە لەپارێزگای سلێمانی بوین، كاكە بەهرۆزی پارێزگاری ئەوكاتەش لەوێ بوو. بیرمە پێتناخۆشبوو، بە ملازم عومەرو نەوزادی نوری بەگدا، كە پەیاممان بۆ كاك نەوشیروان نارد، ئامادەین كێشەكان چارەسەر بكەین، وردی روخسارت دەبوم، لەناخەوە پێتناخۆش بوو كێشەكەمان چارەسەر كرد. بەوەشەوە نەوەستاین، لەگەڵ هەڤاڵ هێرۆ و دلێری سەید مەجید، دوای دوو رۆژ سەردانی خوالێخۆشبوو نەوشیروانمان كرد.
بەڕێز!
جەنابتو رای گشتی دڵنیادەكەم، لەسەداسەد لەگەڵ دەستاودەستكردنی دەسەڵات بومو هەمو هەتا لەژیانیشدا بمێنم، بەشێكی ئەركەكانی دیموكراسی، بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات دەزانم. بەڵام:
گریمان یەكێتی، بەدڵی ئۆپۆزسیۆن رێژەی دەنگی كەم بوەوە.. خۆ ئاڵای سپی بەرزناكەینەوە. ئەوساش هەر درێژە بە خەباتی دیموكراسی دەدەینو هەر یەكێتی دەمێنینەوە.
كە لە سەرۆكی حكومەتی هەرێم لابرای، لەناخی خۆتدا بڕیاری جیابونەوەت دا. هەربۆیە، لە بونی (مام جەلال)یشدا.. (7) دانە مانگ نەهاتیتە كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی. ئەوسا تێتگەیشتبوم ئاڕاستەی جیابونەوەت هەیە. بیرتە، (3) ساڵ لەمەوبەر، لەماڵی كاك كۆسرەتدا، بەبەرچاوی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پێموتی: تۆ لەیەكێتی جیادەبیتەوە، پێتناخۆشبوو، بەڵام من دڵنیا بوم لەبۆچونەكەی خۆم. ئەوەتا بۆچونەكەت هێنایەدی!
كە لەمەكتەبی سیاسیش پێت نەكرا، بڕیاری زۆرینە وەربگریت بۆ سەرۆكی كۆمار، ویژدانت هەبێ، بۆئەوەی كێشەكان ئەوسا نەتەقێتەوە، بەندە پێشنیازم كرد، لەناو فراكسیۆنە كوردستانیەكان، هەڵبژاردنی ئازاد لەناو كاندیدەكاندا بكرێ، جەنابت زۆرت پێخۆش بوو.. چونكە باوەڕت وا بوو، زۆرینەی دەنگەكان دەبەیتەوە. بەڵام كە بەرێز سەرۆك كۆمار لێیبردیتەوە، تەحەمولی ئەنجامەكەیت نەكردو ئیتر، ژێربەژێر كەوتیتە جێبەجێكردنی نەخشەی جیابونەوە لەیەكێتی، كە دەمێك بوو لەهزری خۆتدا بڕیارت لێدابوو.
جەنابت!
تەحەمولی دوو بڕیارت نەكرد، هەڵچوی؛ بڕیاری یەكەم: كە لەسەرۆكی حكومەتی هەرێم لابرایت مام لایبردیت، خۆشت باش دەزانی بۆچی لایبردیت، من دژی لابردنیشت بوم، بەڵام زانیاریەكانی لای مام، لەسەرت، كە چیت كردووە دژی مام لای سونەكان، لای سعودیەكانو لای دەوڵەتانی تر، بۆئەوەی لەخولی دوەمدا مام نەكرێتەوە سەرۆك كۆمار، ئەوەندە زۆر بوون، تازە، بەقسەی منو ئەو هەڤاڵانەی وەكو من بیریان دەكردەوە، كە لەسەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم بمێنیتەوە، تازە مام وای ناسیبویت، بەقسەی ئێمەمانان، پاشگەز نەدەبوەوە.
بڕیاری دووەمیشت: كە هەڵبژاردنی ناو فراكسیۆنە كوردستانیەكان دۆڕابوی، وتبوت: خۆم دەزانم چی لە یەكێتیو لەماڵی مام جەلالیش دەكەم.. هەر واشت كردووە. لەلایەكەوە، هەتا لە حكومەت بوی، پارەی پاشەكەوتكراوی هاوڵاتیو كۆمپانیاكانت سەرفكرد، هەتا لەژێر باری قەرزێكی بێڕادە حكومەت بدەیتەوە بە نێچیرڤانو قوباد.
لەناو یەكێتیش، تەنها لەبەر مەزنخوازێتی خۆت، جیابونەوەت سەپاندو لەبەغداش بەردەوام خەریكی ئەوەیت، كێشەكانی هەرێمو بەغداد، چارەسەر نەكرێ. بەڵێ جەناب!
-كە سەرۆكی حكومەت بوی، خەڵك لێت راپەڕی.
-كە مام جەلال لای بردیت، بەپیلانی حكومەتی بنكەفراوانو بەتاڵكردنی بانكەكان، حوكمڕانیت لە كابینەی دوای خۆت دوچاری قەیرانی سیاسی كرد.
-كە حكومەت دوچاری قەیران هات، دەستت هەبوو لە خۆپیشاندانەكان، هەتاڕادەی توندوتیژی دژی بارەگاكانیش.. بیرتە پار بەمەرامی دروستكردنی حكومەتی رزگاری، دەتویست بچیتە ناو خۆپیشاندانەكانی مامۆستایانو داوای روخاندنی حكومەت بكەیت. بەڵام مامۆستایانی ناڕازیی، لە فیكەی هەموتان تێگەیشتنو خۆیان لەهەموتان دورخستەوە.
-ئەی كە خۆپیشاندانەكانی پایزی پاریش رویدا، خۆ بیرتە دروشمی حكومەتی رزگاری نیشتمانیت بەرزكردەوە، ئەمریكاو دەوڵەتانی دۆست، وەڵامیان دانەوە كە تەنهاوتەنها، لەگەڵ حكومەتی نێچیرڤانو قوباد مامەڵەدەكەنو بەس.
- كە ئەم رێگایەت لێگیرا، بەهەڵپەهەڵپ، ئیئتیلافی سێقۆڵیت لەگەڵ گۆڕانو كۆمەڵ دروستكردو، بەهەڵەداوانیش، چویتە بەغداد بۆ تۆماركردنی هاوپەیمانیەتە نوێكەت بەناوی (الوگن) بەمەش بەرەسمی یەكڕیزیی هێزە كوردستانیەكانت لێكترازان. حكومەتی عێراقو شیعەكانیشت وا لێكرد، حكومەتی مەركەزی بسەپێننو قسە لە زۆرینەو كەمینە بۆ حوكمڕانی بكەن لەعێراقدا. بەمەش فەلسەفەی مام جەلالت لەعێراقیشدا تێكدا، كە عێراق بە سازانی نیشتمانی حوكم بكرێ.
بەڕێزت!
ناتوانی پەرێزت لەحكومەتەكانی كوردستان بەپاكیی پیشان بدەیت. ناتوانی بیسەلمێنی ئەستۆ پاكیت لەكاتی حوكمڕانیدا. ناتوانی خۆت لە مانۆڕەكانت لەناو هێزە سیاسیەكانی بەغداد، بێبەری بكەیت. مالیكی بەرۆشنییو بەزمانی خۆی وتی: بەرهەم ساڵح داوای لێكردوم، بۆ كۆنترۆڵكردنی نەوتی كەركوك، هێز بەكاربهێنم. ئەمە كەی؟
ئەوكاتەی جەنابت نوێنەری كوردو یەكێتیو مام جەلال بوی، لەحكومەتی عێراقو جێگری سەرۆك وەزیران بوی. هیچ هۆیەك نییە مالیكی بوختانی وات بۆ هەڵبەستێ، گەر دڵنیا نەبوبێ لەوەی ئەو قسانەت لا كردبێ!
بەدڵنیاییەوە، لەپێناوی خۆتدا، هەركە لەئەمریكاوە (2004) بەمەرجی سەرۆك وەزیرانی ئیدارەی سلێمانی گەڕاویتەوە، هەموو شتێكت كردووە. درێغیت بۆ مەرامەكانتو پیلانەكانتو بەڵێنە بێبناغەكانت، نەكردووە.
لەوەڵامی ئەو تانەو تەشەرەی كۆڕەكەی هەولێرتدا، ناچارم لەكۆتاییدا، جیاوازیەكی خۆمو خۆت باس بكەم. ئەویش ئەمەی خوارەوەیە..
بەندە، لەسەر ئایدیۆلۆژیەتی جیاواز (نەك پلەوپایە) دوای (5) ساڵ هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناو كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان، بەداخەوە گەیشتینە بنبەست. بەناوی (ئاڵای شۆڕش)ەوە جیابوینەوە، واتا بۆ فەلسەفەو ئایدیۆلۆژیەتی چەپ، وازمان لەهەموو پلەوپایەیەك هێنا. ئەمە لەكاتێكدا بەبێ ئەوەی باوەڕیشم بەجیابونەوەی عەسكەری بوبێ، ئەوكاتە لەناو شۆڕشدا سەركردایەتیو سكرتێری كۆمەڵە، تەحەمولی جیابونەوەی ئازادانەی ئێمەیان نەكردو (4) ساڵ لەگەڵ شێخ عەلیو مامۆستا پشكۆ خراینە زیندانەوە. دوای ئازادبونم لەگۆڕی ئازادی، بچوكترین كاردانەوەم بەرامبەر یەكێتی نەبوو. بەڵكو هەوڵی چارەسەری كێشەكانم لەگەڵ یەكێتیش دەدا.. چونكە، كورد لەقۆناغی ئەنفال بوو، پێویستی بەیەكڕیزییو یەكهەڵوێستیی دەكرد. بەڵگەكان ماون كە دوای ئازادكردنم، سڵاوم بۆ پارتیزانەكان ناردووە. لەدوای راپەڕینیشەوە، كاتێك تازە ئەزمونی دیموكراسی بونیات دەنرا، (1993) دڵنیابوم، هێرشی چەواشە دەكرێتە سەر یەكێتیو دەوڵەتەكانی ئیقلیمیش دەیانویست، یەكێتی بشكێ، هەتا ئەزمونە دیموكراسیەكە سەرنەگرێ. ئەوكاتە: بەندەو هاوڕێكانمان بڕیارماندا، لەگەڵ یەكێتی یەكبگرینەوە. دوای ئەوە بۆ بەرگری لە یەكێتیو ئەزمونەكە، هەرچەندە شەڕە ناوخۆكەشم پێ خراپ بوو، بەڵام بەرپرسیارێتی شەڕگەیەكی عەسكەریشم لەكۆیەو دەربەندەی گۆمەسپان گرتە دەست.
ئەوە جیاوازی مێژوومانە. ئێمە وازمان لە پلەوپایە بۆ بیروباوەڕ هێنا. جەنابیشت بۆ پلەوپایە، وازت لە بیروباوەڕ هێنا. ئەمە لەكاتێكدا كە:
بەرێزت نە گیراویت لەلایەن یەكێتیەوە، ئەشكەنجە نەدرابوی بەڵكو (8) دانە ساڵ بەرزترین پۆستی حكومەتو حیزبیشت پێدرا، كەچی، هەر لەبەرئەوەی پێویست بووە بتگۆڕن، هێندە دەسەڵاتپەرستو مەزنخوازیت، بەرگەت نەگرتو گەیاندتە جیابونەوەو روخاندنی حكومەتی هەرێمیش بەناوی حكومەتی رزگاری نیشتمانی.
بەڕێز!
ئێستاش، جیابویتەوە. كۆنفرانس دەبەستیت. بەتەواوی ئیمكانیەتی دەستبەسەرداگیراوی یەكێتی، چالاكی دەنوێنی. كەس دەستی بۆ یەك هەڵسوڕاوت نەبردووە.. ئازاد ئازادیت. سەرەڕاش، دەشتەوێ، ئێمە بە دژی دەستاودەستكردنی دەسەڵاتو خۆشت بە پارێزەری دیموكراسی بزانیت. فەرموو لەئەرشیفی خۆتدا، توێژینەوەیەك، یان سیمینارو كۆڕێك لەسەر دیموكراسی، كە لەدوای هاتنەوەت لەئەمریكا، بخەڕوو. ئێمەش بەسەدان بەڵگەو گۆڤارو سیمینارو وتارمان لەسەر دیموكراسی هەن. تەنانەت (5) جاریش لەسەر دیموكراسیو سیكولاریزم دۆستەكانی ئێستات ویستویانە تیرۆریشمان بكەن. ئەمە جگەلەوەی یەكەمین جار چەمكی خەباتی مەدەنیو دەركردنی گۆڤاری (مەدەنیەت)و بونیاتنانی كۆمەڵی مەدەنی، ئێمە خستمانە ناو ئەدەبیاتی سیاسی یەكێتیو كوردایەتیەوە.
جارێ فەرموو، قەرەبوی قوربانیانی 17/ی شوبات بدەرەوە، ئینجا هەڵوێستی دیموكراسیمان پێ بفرۆشە. ئەوە جەنابت نیت بتوانیت لافی دیموكراسی لێبدەیت، چونكە باشت دەناسین كە چەند تاكڕەویت لەسیاسەتدا. ئەوانەی پێشت چەواشە بون، زۆر نابات، دەتناسن چ تاكڕەوێكو چ چەواشەكاریكیت. لەكۆتاییشدا:
هیوا ناخوازم لە یەكێتی دەنگ زیاتر بهێنی، بەڵام ئەگەر دەنگی زیاترت هێنا، چاوەڕوان بە، پیرۆزبایی سەركەوتنیشت لێدەكەم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست