هەڵوێستەکەی پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بەعەفرین
Friday, 23/03/2018, 10:48
دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر ٣ ڕۆژ ماتەمینی بۆ داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیا و چەتەکانی داعشەوە ڕاگەیاند و هەوڵی دا جەژنی نەورۆز نەکرێتەوە. ئەم هەڵوێستەی پارێزگار لای زۆربەی خەڵکی وەك پەرچەکردارێکی نەتەوەیی و کوردایەتی بۆی هەژمار کراو کاکی پارێزگار وویستی بەم شێوەیە خۆی لای خەڵکی خۆشەویست بکا و بڵێین سەیری کەن چۆن گێڕی کوردایەتی بەرز بۆتەوە و فرمێسك بۆ داگیر کردنی عەفرین ئەڕژێژێ.
جا بۆئەوەی زیاتر خۆڵ بکەنە چاوی میلەت و ئەوەندەی تر سەر لەخەڵکی بشێوێنن،پارێزگاری هەولێریش هاتە سەر خەت و ئەو هەڵوێستەی دکتۆر هەڤاڵی بەنایاسی وەسفاند و ووتی؛مادامەکی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیارێکی وا دەرنەچوە،ئەوا هەولێر پابەند نابێ پێوەی و ئەبێ هەڵبوەشێندرێتەوە.
پارێزگاری سلێمانی گەر بەڕاستی کوردە و لەخەمی کورد و کوردستاندایە ئەوە گەلێ هەڵوێست و ڕێگا چارە لەبەردەستدان بۆ ئەوەی مێژوو بۆ خۆی دروست بکا. هەر لە بایکۆت کردنی هەرچی شت و مەکی تورکی و وەستاندنی بازرگانی لەگەڵیاندا. هاندانی ڕاگەیاندەکان بۆ وەستاندنی هەرچی دراما و فیلمە تورکیەکان لەشاشەی تەلەفیزۆنەکانی دەڤەری سلێمانی. هاندانی گەنجان بۆ چوونە نێو هێزەکانی کورد لە باکوور و ڕۆژئافا. هەوڵدان بۆ داخستنی هەرچی خوێندگا تورکیەکانە لە سلێمانی . ئەمانە چەند هەنگاوێکن ئەشێ ئەوڕۆ هەر کوردێ بیگرێتە بەر و بەپراکتیك بەئەنجامی بگەیەنن. یەکێك لەوانەش دکتۆر هەڤاڵە ؛ کاتیك ئەم کارانە نەکات ،ئەوا گومان دێنێتە سەر خۆی و ناشتوانێ تا سەر خەڵکی گەوچ بکا.
ڕاستی پەیامی هەڤاڵ بەوەی ٣ ڕۆژ ماتەمینی ساز بدا و لەڕۆژی نەورۆزدا تەنها مەبەستێکی ئایینی ئیسلامی سەلەفی لەدوایەوە و ئەیەوێ ئەو چەژنە کوردیەمان بەناوی ماتەمینی بۆ عەفرین لەبیر بباتەوەو نەهێڵێ کورد لەو ڕۆژەدا ئاهەنگی خۆیان بگێڕن. ئەم کابرایەکی ئیسلامی ئیخوانیە و ناتوانێ بەئاشکرا وەك (دڵشاد گەرمیانی) بڵێ جگە لە ڕەمەزان و قوربان هەموو جەژنەکانی تر،درۆ و بیدعەن. بۆیە پێوستە ئاگاداری ئەو کەسانە بین و لەژێر چەتری کوردایەتی و گۆڕان و سیکۆلار و ئەم شتانە ،کورد لەخشتە ئەبەن و دەست خەڕۆیان ئەکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست