کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەسەربەخۆییەوە بەرەو حوكمی زاتی كارتۆنی

Tuesday, 20/03/2018, 12:50


ئێمە لەم بەشەی باشووری كوردستان گیرۆدەی دەستی بەناو سەركردایەتیەكین ماوەی نیو سەدە زیاترە پیشەی هەمیشەیی شكستی وریسوایی  وملكەچیە بۆ دوڵەتانی عێراق و ئێران وتوركیاو سوریای دوژمن بەكورد. سەركردایەتیەك مایەی شەرمەزاریە بۆ میللەتەكەی، بیست وحەوت ساڵە خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی وباشترین توانای دارایی و مرۆیین كەچی نەیانتوانی هەنگاوێك بچنەپێش بەئاراستەی سەربەخۆیی ئابوری وسەربازی وسیاسی و دبلۆماسی بە پێچەوانەوە هەمیشە كاروانیان لە پاشەكشەیە، هەرچی ناوی ستراتیج وبەرنامە وتاكتیك بێت نەیانبوە، بەكوردی وبەكورتی حوكمرانیەتی ترەكەڵەكیان دامەزراند.
دوێنێ‌ قەوانی دەوڵەتی كوردیان بۆلێداین و ریفراندۆمیان بۆ سازداین بێ‌ گوێدانە بونی ئەرزشی گونجاو و بنەمای پێویست بۆی، لە بری ئەوەی گوێ لە قسەی دڵسۆزانی خۆیی وبێگانە بگرن تۆمەتی خیانەتیان ئاراستە كردن، سەرمەستی پیاهەڵدانی  هەندی سیاسەتمەداری كۆڵەوارو مەلاو مامۆستای زانكۆ و قەلەمی دەرباربون. دەرەنجامەكەشی ئەوەبو كە سمێڵیشمان لەسەردانا!
چەند مانگێك پێش ئێستا باس لە تەڵاقدانی ئاڵا و رەگەزنامەو پاسپۆرتی عێراقی دەكرا، ئێستا ئەو سەركردایەتیە دۆراوە دەستەوئەژنۆ لەبەر مەرحەمەتی نوخسوەزیری عێراق بەخۆشحاڵیەوە چەماوەتەوە وەك بەندەی موتیع بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكانی، كەچی ئەو زەلیلی وداماویەی بەدەسكەوتی نیشتمانی تەفسیر دەكا!
لە حاڵی حازردا ئەو بەناو سەركردایەتیە رازیە بەهەر رێوشوێنێك بەغدا بیگرێتە بەر لە بەرانبەری و ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی هەموو داواكارییەكانی، ئەو هەڵوێستە دۆراوەشی گەرانەوەیە بۆ خاڵی سفر، بۆ شەستەكانی سەدەی رابردوو كە ئەوسا داواكاری بۆ وەرگرتنی لامەركەزی ئیداری بو بەڵام خودی حكومەتی عێراق خۆی چەمكی حوكمی زاتی بۆ داهێنان و ودواتریش بەشێوەی كارتۆنی جێبەجێیكرد بێ‌ گوێدانە ویست وئارەزووی ئەو سەركردایەتیە، ئێستاش هەمان فلیم دوبارە دەبێتەوە، ئەوەتا دەسەڵاتی حوكمرانی هەرێم كە بە دیفاكتۆ بەرجەستە بوبو لە ساڵی 1991 ەوە ودواتریش بەپێی دەستوری عێراقی 2004 و 2005 دانی پیانرا وەك دەسەڵاتێكی قانونی، ئەو دەسەڵاتەی هەریم دەسەڵاتی یەكەیەكی فدراڵی بو بەڵام ئەو یەكە فدرالیە تا پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم وەك نیمچە دەوڵەتێك بو خاوەنی دەسەڵاتی فراوان وبێ‌ سنوور بوو، بەڵام ئەو هەنگاوانەی ئێستا دەنرێن  ووردە ووردە دۆخی باشوری كوردستان دەباتەوە هەمان حوكمی زاتی كارتۆنی كە ساڵی 1974 پێی رازی نەبوین وخەسارەت وقوربانی بێ‌ ئەندازەشمان لەو پێناوە داوە. چونكە بە گوێرەی مەرجەكانی حكومەتی عێراق زۆر دەسەڵاتی گرنگی هەرێم  لەرووی سیاسی ودارایی و ئابوریەوە دەچێتەوە لای بەغدا، بەجێبەجێكردنیان كیانی هەرێمی كوردستان  بەو دۆخەی ئێستای نامینێتەوە وەك یەكەیەكی فدراڵی ناو ئەو دەوڵەتە فدراڵیە سەیروسەمەرەیەی عێراق  كە تەنها لەتاكە هەرێمێك پێكهاتوە، بۆیە زۆر ئاسایی و ئاسانە بەلای پێكهاتەكانی تری عێراقەوە مەسەلەی فدرالیەتی دەوڵەتی عێراق لە رەگو ریشەوە هەڵَكێشن بە هەمواركرنێكی دەستورەكە و هیچ تەگەرەیەكی سەختی یاساییش لەبەردەمیان نیە رێگەیان لێ‌ بگرێ‌، ئەوسا لەسایەی ئەو فەوزا سیاسیەی لە هەرێم خولقێنراوە دەبێ‌ بەحوكمی زاتی كارتۆنی شوكربین، ئەگینا وەك پارێزگاكانی تری عێراق لامەركەزی ئیداری دەستمان ماچ دەكا !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە