بێباکی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێڵەکی هەرێم لە ئاست دڕندەیی تورك
Monday, 19/03/2018, 18:33
لە پاش هاتنی تورکە مەنگۆلە دڕەندەکان بۆ ئەم ناوچەیە تاکو ئیمڕۆ درێغییان نەکردوە لە کوشتن و جینۆساید و تاڵانی ناوچەکە ، بە تایبەتی ئەرمەن و کوردەکان ، لە پاش دابەشکردن و داگیرکردنی خاکی كوردستان لە لایەن چوار وولات بە هاوکاری زلهێزە خوێنمژەکانی جیهان ، کە تەنها بیریان لە بەرژەوەندی خۆیان کردۆتەوە ، بەردەوام هاوکاری ڕژێمە دیکتاتۆر و مرۆڤ کوژەکانیان کردوە و دەستیان واڵاکردون بۆ قرکردنی نەتەوە ژێردەستەکان.
تورکیای ئیمڕۆ لەژێر فەرمانڕەوایی دیکتاتۆرێکی ئیسلامی ئیخوانی سەلەفی مرۆڤ کوژ کەوتۆتە گیانی گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان ، بە هاوکاری و پشتگیری زلهێزەکانی جیهانی ڕوسیا و ئەمەریکا و ئەوروپا و لە بەر چاوی ڕێکخراوێکی کارتۆنی نەتەوە یەکگرتوەکان بە بێ سڵیمینەوە لە هیچ کارێکی قێزەوەن و تاوانی جەنگ ، لە بەر ئەوەی لەم کاتەدا لەگەڵ کوردا هیچ بەورژەوەندییەکیان نیە و تەنها کورد بەکار ئەهێنرێت وەك ئامڕازێك بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان ، دەسەڵاتی خێڵەکی و بنەماڵەی کوردیش زۆر دڵسۆزانە و ساویلکانە کارەکانیان بۆ جێ بە جێ ئەکەن زۆر بەبێباکانە ، تا بتوانن دەست بەسەر سامان و دەسەڵاتەکەیان بگرن و لە دوای خۆشیان نەوەکانیان جێیان بگرنەوە و بە پشتاو پشت ، کۆمەڵێك مشەخۆر و مەسسینەهەڵگریان لە خۆیان کۆکردۆتەوە بۆ پارێزگاری لە سامان و دەسەڵاتەکانیان .
لە مێژوی مرۆڤایەتیدا و لە هیچ سوچێکی ئەم زەوییە ڕووی نەداوە ، کە دەسەڵاتدارانی ووڵاتێك یا هەرێمێك ئەوەندە بێباکانە و بێشەرمانە شان بە شانی دوژمن دژی میللەتەکەی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن و بەرامبەر بە هاوخوێن و هاونیشتیمانی خۆیان بچنە بەرەی دوژمن و خزمەت بە دوژمن بکەن.
دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆری ئیسلامی توندڕەوی تورك بە هەموو هێزی خۆیانەوە لەعەفرین کەوتونەتە کوشتنی مناڵ ،ژن ، پیر ، گەنج ، کوروکچی تاکی کورد ، تاڵان کردن و وێران کردنی شارەکە ، کەچی دەسەڵاتی خێڵەکی و بنەماڵەی هەرێمی گەندەڵستان زۆر بێشەرم و بێباکانە هەڵسوکەوت ئەکەن ودژی ڕاگەیاندنی ماتەمەنین بۆ عەفرین ، خۆشیان تەنها بۆ جارێکیش نەهاتنە سەر شاشەی تەلەفیزیۆن و ئیدانەیەکی ئەو کوشتارەی کورد بکەن و هەوڵی بدەن کاریگەرییەك دروست بکەن و بڕیاری ڕاگرتنی بازرگانی کردن و بایکۆتکردنی بەروبومی وڵاتێکی داگیرکار و خوێن مژ و کورد کوژی وەك تورکیا و ئێرا ن بکەن و چیتر هاوردەی بەروبومەکانیان نەکەن و درامای ڕەگەزپەرستانی تورك و ئێرانی ڕابگرن و هەوڵ بدەن ناچاریان بکەن دەست لە کوشتاری تاکی کورد هەڵگرن، لەهەمووی سەیرتر و ساویلکانەتر ئەوەیە ، کە یەك وورتەیان لێ نایەت بە بونی دەیان بنکەی سیخوری و سەربازگا و جەندرمە و پاسداران و میت و ئیتڵاعات لە کوردستاندا ڕێکەوتنیان لەگەڵدا ئەکەن بۆ هێرش کردنە سەر هەرێمی گەندەڵستان بۆ لە ناوبردنی کوردانی باکور ،شان بە شانی ئەوەش هاواریان لێ هەڵ ئەستێت و دوا لە پ ک ک و ڕێکخراوەکانی سەر بەم پارتە ئەکەن بچنە دەرێ لە کوردستان ، داواش لە پارتەکانی ڕۆهەڵات ئەکەن نابێت هیچ چالاکییەکی چەکداری دژ بە ڕژێمی داگیرکاری ئێران هەبێت ، کە ئەوان میوانن و پێویستە هەرێمی دزوگەندەڵستان بە جێ بهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ ووڵاتی خۆیان ، سەیر لەوەدایە و مایەی شەرمەزاری و سەرشۆڕییە کە سنوری بە سەر ڕۆژئاوای کوردستان دائەخەن و بە ملیاردیش بازرگانی لەگەڵ داگیراکارانی تورك و فارس ئەکەن ، ڕۆژانەش هەریمی سەر بە بنەماڵە و خێلەکی تۆپباران ئەکەن و کۆڵبەر و خەڵکی دێهاتەکان ئەکوژن ، بۆ تەنها جارێکیش وورتەیان لە دەم نایەتەدەرێ ، شانبەشانی ئەمانەش کۆمەڵێك کویلە و مشەخۆر بە ناوی نوسەر و ڕۆشنبیر باس لە سیاسەتی حەکیمانەی ئەم خۆفڕۆش و خاك فڕۆشانە ئەکەن .
ژیانی سیاسی ئەم نەگبەتانەی کورد ، کە خۆیان بە سیاسی لە قەڵەم ئەدەن هەر باس باسی بودجە یە ، یەك ورتەیان لێ نایەت لە بارەی مادەی ۱٤٠ و گەڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی گەندەڵستان ،باس لە هێرشی داگیرکاران ناکەن کە هاتونەتە خاکەکەمان و داگیریان کردووە ، ئەوەی کە زۆر جێگای سەر سوڕمانە بەردەوام هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیانن لەگەڵ داگیرکارانی کوردستان و بەردەوام بونی بازرگانی نەوتی دزراو و هێنانی بەروبومی بەسەرچوی ئەم ووڵاتانەن .
پێویستە لەسەر میللەت و خەمخۆرانی کوردستانە دزراو و فڕۆشراوەکەمان ئەم دەسەڵاتە خۆفڕۆش و خاك فڕۆشانە ناچار بکەن بە کۆتایی هێنانی بازرگانی و هێنانی بەروبومی تورکی و ڕاگرتنی دراما سەرلێشێواوەکانی تورك ، گەر هەر بەردەوام بێباك بون لە داواکارییەکانی میللەت ، پێویستە سزابدرێن لەکاتی هەڵبژاردندا بە شێوەیەك کە نەشتوانن تەزویر و فڕوفێڵەکانیان فریایان بکەوێت تا نەتوانن جارێکیتر خزمەتکاری دوژمن ببن و میللەت و خاك و ووڵات بفڕۆشن و لە هەموو کون و قوژبنێکی ئەم ووڵاتە خۆیان و کۆیلە و مشەخۆرەکانیان ڕیسوا بکرێن ، هەوڵ بدرێت ڕێگا بە کۆمپانیاکانی تورك نەدرێت کار بکەن لە کوردستاندا.
لە کاتێکدا تورکە ڕەگەزپەرست و مرۆڤکوژەکان کەوتونەتە گیانی بەشێکی کوردستان لە عەفرین ، هیچ بەرپەچدانەوەیەك لەلایەن دەسەڵاتی خێڵەکی نابینرێت و تەنها وەك بینەرێك سەیر ئەکەن و ئەو ئازایەتیان تێدا نیە ، بۆ چرکەیەك دەنگ بەرز بکەنەوە ، ئەبوایە ئەو دەیان هەزار چەکدارەی لە چواردەوری خۆیان دایان ناون بۆ پارێزگاری لە خۆیان و خێزان و سامانەکەیان ، بییان ناردنایە بۆ پارێزگاری لە شەرەفی کورد لە عەفرین.
نازانم چۆن تاکی کورد دەنگ بەمانە ئەدەن و پشتگیریان ئەکەن ، گەر خۆشیان مشەخۆر و خۆپەرست و کۆیلە نەبن و هاوبەشی دزو گەندەڵییەکانیان نەبن :
نازانم چۆن دەنگ بە کەسێك ئەدرێت
+ گەر ۲۷ ساڵ بیری لە بەرژوەندی تاکی کورد نەکردبێتەوە جگە لە خۆیان و بنەماڵە و کۆیلەکانیان .
+گەر ٢٧ ساڵە پارێزگاری لەخۆیان بکەن بە ڕشتنی خوێنی کوڕی هەژار بە هۆی شەڕی براکوژی و پێشکەوتن و ڕێ نیشاندەری سوپای دوژمن دژ بە کوردی هاونیشتیمانی خۆیان .
+گەر ٢٧ ساڵ ئەرکیان ڕێسواکردن و برسی کردن و بەکۆیلەکردنی تاکی کورد بێت و بەرهەمەکەیان تەنها دروستکردنی سنوری زۆنی زەرد و سەوز و داخستنی پەرلەمان بێت .
+گەر ٢٧ ساڵ ئەرکیان تەنها دەمکوتکردنی میللەت و کوشتنی ڕەخنەگر و ڕۆژنامەنوس و ژنانی کورد بێت
+گەر کاری پێشینەییان جێ بە جێ کردنی پیلانەکانی میتی تورکی بێت بۆ نمونە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی گاڵتەجاری بۆ داگیرکردنی نیوەی خاکی کوردستان.
گەر دەسەڵاتی خێڵەکی باکی نەبێت بە دڕندەیی دوژمن و هاوکارییان دژ بە میللەتی خۆیان .بۆیە ئەبێت ئەرکی سەر شانی هەموو تاکێکی کوردی دڵسۆز و خەمخۆری خاك و نیشتیمان بێت کە ئەم دەسەڵاتدارە گەندەڵ و دزو مافیا و خۆفڕۆش و میللەت فڕۆشانە ڕیسوا بکەن و هەوڵ بدەن بۆ ڕێگری لە مانەوەیان لە سەرتەختی زۆرداری و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی خۆیان و نەوەکەیان و دەستاودەست کردنی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی میللەت و ڕزگار بونیان لە دەست ئەم خۆفڕۆشانە و نەهێشتنی نۆکەر و کویلە و مەسینە هەڵگرەکانیان . بە هەموو تواناییەکمانەوە دژی هاتنی کۆمپانیا و دەزگاو ڕێکخراوی سیخوڕی تورك و ئێرانی بین و بەتایبەتی بایکۆتی بەروبومی تورکی و هەوڵدان بۆ دەرکردنیان لە کوردستاندا و ناچارکردنی کەناڵە کوردییەکان بۆ ڕاگرتنی دراما تورکییەکان ڕیسواکردنیان .
با نەکەوینە داوی پیلانەکانی میتی تورکی ، کە میللەت بە وەرگرتنی موچەوە خەریك بکەن تا نەتانپرژێتە سەر کێشە سەرەکییەکانی ووڵاتەکەمان و بیرنەکەینەوە لە دزینی نەوت و ڕادەستکردنی بە تورکیا و کردنی کوردستان بە بازارێکی گەورەی تورك ، گۆڕینی کەلتوری کوردی بە کەلتوری دزراوی تورکی و تەنینەوەی کوردستان بە سیخوڕی تورکی و بڵاوکردنەوەی نەخۆشی لە کوردستاندا، کردنەوەی خوێندگا و زانکۆی تورکی ،بە هێواشی داگیرکردنی خاکی کوردستان ، بون بە کویلەی تورك لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە بێباکەدا .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست