Saturday, 17/03/2018, 21:41
چەوساندنەوەی ڕژێمی ئۆردوگان بەرامبەر گەلەکەمان لە تورکیا هەمو سنورەکانی تێپەڕاندوە.تورکیا بە بەرچاو هەمو دنیاوە هێشتا لە کۆمەڵکوژیەکانی عیفرین نەبۆتەوە، هەڕەشە دەکات لە خوشک و براکانمان لە قەندیلی سەرکەش لە پشتەوە و بە ناو هەرێمدا هێرش بکاتە سەریان، بێگومان ئەمە هەڕەشەیە لە باشوریش کە تورکیا خەریکە ئیشی پێی نامێنێ چونکە هەرێمی کوردوستان بەهۆی پەستان و گوشینەکانی بەغداد لە سەری ئیتر ناتوانێ ئەو مانگا پڕ شیرە بێت کە ئازادانە دۆشیویەتی و دەیدۆشێ. بەغدای عیبادی یا بەغدای هەر سەرۆکوەزیرێکی تر لە قوڵایی دەرونی خۆبەزلزانی و نەتەوەپەرستیی خۆیانەوە لەباشترین هەڵوێستیاندا نایانەوێ هەرگیز دۆخی هەرێمی کوردوستان لە ئێستا باشتربێت، لە خراپترینیشیاندا دەیانەوێ لەسەر ترۆپکی هەمو شاخێکی ئەم کوردوستانە نەک خاڵێکی سەربازی بەڵکو سەربازگەیەک بە تازەترین چەک و ئامێری بنچاوکردن بۆ لەغاوکردنی گەلەکەمان دروستبکەن.خەنجەرە مێژوییەکەی ئێران جاران هەر لە پشتەوە کاری خۆی دەکرد، ئێستا بە هاوکاریی براهاومەزهەبەکانیان لە بەغداد لە پێشیشەوە کەوتونەتەوە پەلاماردانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم. با بزانین لە دەرەوەی خۆمان چ باسە؟ لە سەر ڕەشەکوژیەکانی غۆتەی دیمشق فەرماندەیەکی ڕوسی لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکدا وتی هەموی درۆ و وڕاوەیە. کۆلێرا و برسێتیی ملێۆنەها یەمەنی بە هۆی شەڕی ناوخۆوە بەردەوامە ، پشکۆی ئاگردانەکانی لبنان و ئیسرائیل وردە وردە لە گەشانەوەدان. پوتین وتارەکەی ڕۆژی ١ ی ٣ ی ٢٠١٨ ی بە پیشاندانی چەکە ئەتۆمیە تازەکان ڕازاندەوە و ڕو لە ناتۆ وتی گوێتان لێنەدەگرتین ئیتر دەبێت گوێمان لێبگرن، کە لە قوتانخانەیەکی فلۆریدا گەنجێک ١٧ خوێندکاری کوشت دۆنالد ترامپ وتی با مامۆستاکان ڕێگەبدرێن لە ناوپۆلەکاندا چەک هەڵبگرن. کیم جۆن ئینی سەرۆکی کۆریای باکور بە تاقیکردنەوەی ساروخەکانی ئەمریکای وا نەرم کرد کە دیداری بۆ سازبکرێت لەگەڵ ترامپ دا. هونەر و زانستی فەرمانڕەوایی لە مرۆڤایەتیدا بە بەراورد لەگەڵ زانستەکانی تر هیچ پێشنەکەوتوە و ئیمڕۆ هەمان ناوەڕۆکی هەڕەشە و توندوتیژی و خۆسەپاندنی پیش دەیانهەزار ساڵ بەکاردەهێنرێن.یەکێ لە هەڵە گەورەکانی مەسعود بارزانی ئەوە بو بۆ ڕەوایەتیدان بە ڕیفراندۆمە کارەساتبارەکەی بەڵگەی مافی مرۆڤی دەهێنایەوە، ئاخر کەی و لە چ وڵاتێکدا دەسەڵاتداران لە سیاسەتی ڕۆژانەیاندا ڕاستگۆیانە حسابیان بۆ مافی مرۆڤ و بەها باڵاکانی مرۆڤایەتی کردوە؟ مەگەر لە کوردوستان دەسەڵاتە ڕەهاکەی خۆی و یەکێتیی هاوپەیمانی هیچ حسابێکی بۆ مافی مرۆڤ و دادپەروەری و یەکسانی بۆ گەلەکەمان کردوە؟
لەم ڕۆحی سەردەمە مڕ و موچ و شەڕەنگێزەدا ، لەم سەردەمی نەبونیی هیچ سۆز و بەزەییەک لای هێزە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکاندا ، بنەماکانی بەڕێوەبردنی وڵات و سیاسەت لە هەرێمی کوردوستان دەبێت ئەمانە بن،١. دەبێت پارتی و یەکێتی و ملیۆنێر و ملیاردێرەکانی دەوروپشتیان پارەی دزراوی گەلەکەمان بگێڕنەوە و دەسبەجێ ڕاوەستێنرێن لە درێژەدان بە تاڵانبردنی سامانی وڵات ، دەنا بڕبڕەی پشتی هەرێمی کوردوستان لە ژێر قورسایی ئەو قەرزانەی کردویانە و ئەو گوشارەی بەغداد دەیکاتە سەرمان دەشکێ و توانای جوڵەمان نامێنێ. ٢.لە ڕێکەوتن لە گەڵ بەغداد دا دەبێت پەرلەمانی کوردوستان و حیزبەکانی ناوی بە پێی ژمارەی ئەندام پەرلەمانەکانیان دەوریان هەبێت و نەهێڵن بەتەنیا پارتی و یەکێتی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردوستان بکەن لە بەغداد، ٣. ئامانجی سەرەکیی ڕێکەوتن لەگەڵ بەغداد دەبێت گێڕانەوەی موچەی تەواوی موچەخۆرانی کوردوستان بێت هەروەها بەڕێوەبردنی هاوبەشی کورد و بەغداد بۆ کەرکوک و ناوچە کوردوستانیەکانی تری دەرەوەی هەرێم.٤. پاراستنی یەکگرتویی حکومەتی هەرێم لە پارچە پارچەبون و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوخۆ . ٥. خۆپاراستنی زیرەکانە لە هەمو شەڕفرۆشیەکانی دراوسێکانمان، لەهەمان کاتدا خۆئامادەکردن و خۆنوێکردنەوە بۆ بەرگریکردنێکی عیفرینی و کۆبانیئاسا لە کاتی دەسدرێژیدا، بە بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردوستان لە ڕوی گوزەران و لە ڕوی ڕۆحی و مەعنەوی و ژمارە و ڕاهێنان و چەک و تفاقی جەنگییەوە. ٦. لە هەمو بڕیارە گرنگەکاندا دەبێت لایەنی نەتەوەیی ڕەچاوبکرێت، بۆیە من پێشنیازدەکەم بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم هێرشەی ئێستا بۆ سەر هەمو کوردوستان بەڕیوەیە ئەنجومەنێکی ڕاوێژکاری لە کەسانی دڵسۆز و شارەزا لە هەر چوارپارچەکەی کوردوستان دروستبکرێ بۆ بەرهەمهێنانی هاوئاوازی و هاوپشتی لە نێوان هەر چوار خانەی دڵە گەورەکەی کوردوستاندا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست