Friday, 16/03/2018, 10:06
لە سیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە ئیدی پێویستە نەک هەر لەوە تێبگەین کە خەڵکی کوردستان لە خۆیان پتر بترازێ هیچ وڵات و دەسەڵاتەکی جیهان پشتیوانیان نین تەنانەت رێکخراوە نێوچەیی و جیهانییەکانیش کە گوایە پارێزگاریی لە ماف و ئازادیی و ئاسایش و ژیان و گوزەرانی مرۆڤەکان دەکەن.. بەڵکە پێویستە لەوەش تێبگەین کە وە پێچەوانەوە دەسەلاتدارانی جیهان وە تایبەتییش دەسەڵاتدارە زلهێزەکانی ئەمەریکا و رووسیا و ئەوروپا رێک دژ بە ماف و ئازادییەکانی هەموو پارچەکانی کوردستانن و لە راستییدا دۆستی نێزیکی وڵاتە رەگەزپەرستە ئیسلامییە داگیرکەرەکانی کوردستانن.
هەموومان دیتمان و دەیبینین شۆڕشگێڕانی باکوور تەنێ لەبەرئەوەی داوای مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی خۆیان دەکەن بە تیرۆریستیان ناوزەد دەکەن! هەموومان دیتمان خەڵکی باشوور تەنێ لەسەرئەوەی دەنگیان وە سەربەخۆیی کوردستان دا تێکڕای دەسەڵاتدارانی جیهان پشتگیریی حکومەتە شیعەگەرییەکەی عێراق و (حەشدی وەحشیان) کرد و نیوەی خاکی باشووریان داگیرکردەوە! هەموومان ئێستا دەیبینن خەڵکی رۆژاوا تەنێ لەبەرئەوەی دەیانەوێ خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن پیلانی داگیرکردنی (عەفرین)یان داڕشت و مافی مرۆڤ و دیموکراسییەکەیان دەبێژی تورکیای ئەردۆگان مافی خۆیەتی پارێزگاریی لە خۆی بکا ئەوە لە کاتەکدا سوپایە دڕندەکەی تورکیا هێرش دەکا و هەر ئێستا کۆمەڵکوژیی لە عەفرین ئەنجامدەدا!
ئیدی شۆڕش و بزاڤەکانمان زۆر نەزانانە سیاسەتیان کرد؛ هێندەی هومێدیان لەسەر پشتگیریی و یارمەتییەکانی بزاڤەکانی (مافی مرۆڤ و دیموکراسی و دادپەروەریی) هەڵچنیبوو - کە هەموویان کۆمەڵە درۆیەکی گەورەن - هێندە خۆیان نەچوونە نێو گۆڕەپانە جۆراوجۆرەکانی تێکۆشان و بەرخۆدان.. واتە نەیاندەزانی سیاسەتی دەسەڵاتی سەرمایەداریی بێجگە لە بەرژەوەندییە مادییەکانی چینە دەسەڵاتدارەکان هیچی دیکە ناناسی و گاڵتەی وە ماف و ئازادییەکان دێ وە تایبەتییش ئی میللەتە بندەستەکان!
ئێستاش نەچووە بچی.. ئیدی با لە یادی سیەمین ساڵڕۆژی کیمیاباران و کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە هەموومان یەکدەست لە سەرتاسەری کوردستان و لە هەموو گۆڕەپانەکنی تێکۆشان خەباتی خۆمان درێژە پێبدەین.. لێ ئەو جار تەنێ پشت وە هێز و توانایەکانی خۆمان ببەستین تا لە چەوسانەوە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان رزگارمان دەبی و ئیدی وەک گەلانی دیکە وە تەواویی دەکەوینە سەر هێلی تێکۆشانی چینایەتیی لە پێناو وەدستهینانی ماف و ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵ و دابینکردنی ژیان و گوزەرانەکی باشتر و باشتر کە شایستەی مرۆڤ بی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست