کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەو دەوڵەتۆکەی وڵاتەکەی خۆی بە هۆی گەندەڵی یەوە کردووەتە وێرانە!

Thursday, 15/03/2018, 23:40


دەوڵەتۆکەکەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ وە، دەسەڵاتدارێتی ناوچەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و بەشێک لە گەرمیانی بەدەستەوەیە کە ئەو چوار هەرێمەش نزیکەی زۆرترلە سەدا ٪٤٨ی خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقە. بەڵام پێشتریش و لە ساڵی ١٩٩١ ەوە بۆ نیزیکەی یەکساڵ هەر بە دەستی دەسەڵاتدارێتی دەوڵەتی هەرێمی کوردستانەوە بوو، بەڵام لە ژێر ناوی بەرەی کوردستانیدا، کە پشکی شێر هەر هی یەکێتی و پارتی بوو، وەک ئەوەی کە لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا ٢٧ ساڵی تەواوە کە ئەم چوار هەرێمەیان بە دەستەوەیە. ئەو دەوڵەتۆکە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە نیزیکەی نیوەکەی تری خاکی کوردستانی بە هاوبەشی بەڕیوە دەبرد لەگەڵ دەوڵەتی عێراق تاوەکو ساڵی ٢٠١٤ کە بریتی بوون لە ناوچە کوردنشینی یەکانی موسڵ و کەرکوک و دیالەو سەلاحەدین. ساڵی ٢٠١٤ دوای ئەوەی داعش هێرشی کردە سەر پارێزگاکانی موسڵ و کەرکوک وسەلاحەدین و دیالە و...هتد. سوپای عێراق هەرەسی هێناو لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو پارێزگایانە هەڵاتن و کشانەوە. زۆربەی ناوچە کوردستانی یەکانی کێشە لەسەر کەوتنە دەستی هێزەکانی پارتی و یەکێتی. ئەم دوو هێزە ماوەی چوار ساڵ شەڕیان کرد لە سەر داهاتەکانی گومرگ و خوێنی هەزاران کەسیان بە ڕشتن دا. لە دوای ٣١ی ئابەوە گوایە پارتی و یەکێتی لە ئاشتیدا دان، بەڵام لە ڕاستیدا لە شەستەکانەوە تاوەکو ئێستا یا لە جەنگی خوێنین دابوون یاخود لە شەڕی سارد دا بە ئێستای ئێستاشەوە.
لە دوای ڕوخانی سەددام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣ وە یەکێتی و پارتی کەوتنە پێشبڕکێ بۆ سازکردنەوەی دەوڵەتی عێراقی پاش سەددام، چونکە بەڵێنێکی زۆر و زەوەندی پارەیان پێدرابوو.
دەوڵەتی تازەی عێراق خودا خودایان بوو کە یەکێتی و پارتی سنووری کوردستانیان بۆ نەکێشێ (چونکە ئەو کات یەکێتی و پارتی دەیان توانی سنووری خاکی کوردستان بناسێنن لە ڕێگای پێداگیری یان، چونکە لە هەموو عێراق بە هێزترین بوون ئەوکاتە و بەڵام نەیان کرد) و هەر بە وردە قەولان هێشتیانەوە تاوەکو دەسەڵاتیان پەیدا کرد و حیسابی پووشێکیشیان بۆ یەکێتی و پارتی نەکرد لە ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ داو لە سەدا ٥١ خاکی کوردستانیان جارێکی تر لە سایە سەری سیاسەتی حەکیمانەی مەسعود بارزانی و مەرایی کەرەکانی یەوە. ئەو پارتی و یەکێتی یە بە حیساب حکومەتێکیان دامەزراندووە، بەڵام هەمیشە لێپرسراوی لقێکی پارتی و لێپرسراوێکی مەڵبەندی یەکێتی دەسەڵاتیان لە وەزیرەکان زۆرتر بووە. لەم ماوە دووروو درێژەدا بە میلیاردها دۆلاری یان بۆ شەخسی سەرکردەکان خزم مزمێنەدا گلدایەوە و هیچ پاشەکەوتێکیان لەو هەموو داهاتە نەکرد و تەراتێنیان دەکرد لە کڕینی دەنگی خەڵکدا و کردنیان بە موچە خۆری حکومەت لە بەرامبەری دەنگدان بۆ حیزبەکانیان بۆ بە دەستگرتنی دەسەڵاتی ئەو حکومەتەدا بۆ ئەوەی بە ناوی حکومەتەوە هەرچی هەبێ بیدۆشن. لە ڕاستیدا هیچ کاتێ ئەو دەوڵەتەی بە ناو کوردی یە یان بە هی خۆیان نەزانیوە، بەڵکو وەکو بارەبەر باری گرانیان خستۆتە سەر شانی و لە کاتی لە دەستدانی ئەو هەموو سەروەت و سامانەی دوای بریمەر بۆیان هەڵڕژا، هیچ بۆ دەوڵەتۆکەکەیان لێ پاشەکەوت نەکرد، بەڵکو هەموو لە تەنگەی باخەڵی شەخسی بارزانی یەکان و جەلالی یەکان نرا.
ئێستا لە ساڵی ٢٠١٨دا حکومەتەکە ئیفلاسی تەواوی کردووە، بەڵام سەرکردەکان ڕۆژ بە ڕۆژ دەوڵەتمەندتر و دزتر دەبن. ئەوانیش بە هیچ جۆرێ ئامادە نین لەو پارە شەخسی یانەی خۆیان خەرج بکەن بۆ بووژانەوەی حکومەت و میللەت و مووچە خۆران بەتایبەتی. شەرمە حکومەتێ تەنانەت کرێ ی هاتووچۆی ڕێگای مەدرەسەی نەداتەوە بە مامۆستایەک کە نی یەتی لە سەر حیسابی خۆی بیدا بەڵام دەڵێ بە بێ مووچە ئامادەم وانە بڵێمەوە! داهاتی مەسعود بارزانی کە بە پێی ئامارە نافەڕمی یەکان خۆی دەدا لە دەیان میلیارد دۆلار بەشی بووژانەوە و هەستانەوەی حکومەتی هەرێم دەکا، کەچی مەسعود هێشتا ئەو دەوڵەتۆکەیە دەدۆشێ. ئەمە جگە لە میلیاردەکانی ئەو هەموو کوڕ و برازا و خزمانە و مەرایی کەرانەی بە دەوری یەوەن. خۆ حیسابات لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی وە نەبێ باشتر بێ لە ناوچەی پارتی. یەکێتی لە لاسایی کردنەوەی پارتی و مەسعود و ئەوانی تردا زۆر زرنگە، ئێستا هێرۆ برایم ئەحمەدیش دەیهەوێ میلیارد دۆلارەکانی بگەیەنێتە مەسعود. کۆسرەت دەیهەوێ خۆی بگەیەنێتە نێچیرڤان و مەسرور.
لە کاتێکدا ئەو سەرکردانە لەو هەموو ناز و نیحمەتەدا دەژین چۆن پێشمەرگە ئامادە بێ خۆی بە کوشت بدا؟ ئەو پێشمەرگانەی کە لە باخەڵی خۆیان چەکیان دەکڕی و تەقەمەنی یان دەکڕی و هەشبوو مەخزەنەکانی خاڵی بوون چونکە پارەی تەقەمەنی نەبوو تا بیکڕێ! کەچی لەولاوە سەرکردە خۆ گیف کەرەوەکان بە میلیاردها دۆلاری یان هەبێ!؟ ئەو چەک و تەقەمەنی یانەی وەک یارمەتی و دژ بە داعش دەدران بە پارتی و یەکێتی نەک هەر بە یەکسانی دابەش نەدەکران، بەڵکو زۆربەی چەکەکان لە بازاڕی قاچاخ (ڕەش) دا دەکڕدران و دەفرۆشرانەوە و تەنانەت گەیشتبوونەوە دەستی داعشیش! من هیچ پاساوێک ناهێنمەوە بۆ پێشمەرگە بەڵام لە ڕاستیدا دەبوایە ئەو هەموو میلیارد دۆلارە دزراوانە بۆ پاشەکەوت و بۆ بە نیشتمانی کردنی هێزەکانی پێشمەرگە بکرایە، ئەوجار پێشمەرگە ئامادە دەبوو بەرگری بکردایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی پێشمەرگە بە بڕیار لە سەرووی خۆیانەوە فەرمانی یان پێ کرا کە ناوچە کوردستانی یە جێ ناکۆکەکان بە شەڕ بە جێ بهێڵن!
ئێستا دوای ئەو هەموو سوکایەتی و ڕیسوایی و فەزاحەتەی بە سەر میللەتی کورد و خۆشیان داهێنا لە زەمین ئاسمانەوە، کەچی سیروان بارزانی و ئەحمەد مالیکی لە بازرگانی نەوت و چیمەنتۆی خۆیان بەردەوامن! دوای ئەوەی نەجمەدین کەریم دڵسۆزایەتی خۆی بە میللەت دەفرۆشت دەرکەوت کە ئەویش ٦٠ میلیۆن دۆلاری کەرکوکی یەکانی لایە و حاشای لێ دەکا. ئومێد حەمە عەلی ئەندام پاڕلەمانی کوردستان دەڵێ کە سەدان ملیۆن دۆلار دیار نی یە. وەزارەتی دادی بە ناو حکومەتی هەرێم دەڵێ ئەوان دەتوان خۆیان موچەی وەزارەتەکەیان دابەش بکەن، چونکە ٧٤ ملیارد دیناری یان داهاتەو خەرجیشیان تەنها ٦١ ملیارد بووە. ئەی بۆ ئەوان دابەشی ناکەن؟!؟ بێگومان چونکە دزەکان ناهێڵن!
ئێستا لە ئەنجامی گەندەڵی کردندا میللەت برسی و دۆشراو، بێ پارە و بێ بازاڕ، بێ ئومێد و بێ ئیرادە. سەرکردەکانی ئەو سەروەت و سامان و کەڕامەتی یان لێ سەندەوە و دوای قبوڵکردنی سووکایەتی تەسلیمکردنەوەی فڕۆکەخانەکان  دڵنیا بن نەوتیش تەسلیم دەکەنەوە، چونکە سەرکردە چەتە دزەکان دەیانهەوێ ئەو هەموو سەروەت و سەرمایەی هەیانە نەک هەر بیپارێزن بەڵکو زۆرتریشی بکەن و کورد گوتەنی حیزی و سەلامەتی!!؟؟

١٤/٠٣/٢٠١٨
http://www.rojnews.org/haber/25833/.html
http://www.rojnews.org/haber/26032/.html
http://www.rojnews.org/haber/25842/74.html
https://www.awene.com/2018/03/13/81158/
https://www.awene.com/2018/03/13/81131/
http://www.nrttv.com/media-Barname-detail.aspx?Barnama=17&Jimare=8459&T=%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%20%D9%84%DB%95%20%D9%85%DB%95%D8%AE%D9%85%D9%88%D9%88%D8%B1


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە