کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جەنابی سەرۆککۆماری عێراق دەست بەجێ داوای لێبوردن بکە !!!!

Wednesday, 14/03/2018, 0:01



لە ئێستادا ئەوە 15 ساڵی تەواوە،  لە پای ئەو تاوانانەی عێراق بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان لە رابردوودا  ئەنجامی داوە، داوا دەکرێت سەرۆک کۆماری عێراق وەک رەمزی باڵای وڵات داوای لێبوردن بکات، ئەرکی جەنابی تاڵەبانی و بارزانی بوو، لەو مانگە سەرەتاییەی دوای روخانی سەدام  بونە سەرۆک کۆماری عێراق  بە پێی پیتی ناوەکانیان، دەبوایە ئەو ئەرکەیان جێبەجێ بکردبایا، بەشێکی دی  لەو کەماسیانە دەکەوێتە ئەستۆی هەموو ئەوانەی لەو کاتە لە بەغدا بوون ، سەرەتا عەقلیەتی کورد لەو ئاستەدا نەبوو ئەو کارە بکات، تەنانەت ئەندامەکانیان لە ئەوروپا زیاتر لە هەمووان دژ بەو داوایە دەوەستانەوەو کەوتنە جنێو بارانکردنمان کاتێک داوایەکی وامان کرد، لایان نەنگی بوو سەرۆکە نموونەیەکەی ئەوان  ئەو داوایە بکات و بەو ئەرکە هەڵبستێت، نەیانزانی دوا رۆژ مێژوو دەڵێت شایانی ئەوە نەبوون بەو ئەرکە هەڵبستن، دواتر بۆ دوو خول تاڵەبانی سەۆک بوو ، دەیان جار ئەم داوایەی بەرەو رو  کرایەوە، وەڵام هەر نەبوو ، مەعسومیش هات، داواکارییەکە روو لەویش  ساڵ لە دوای ساڵ  هەر بەردەوامە، ئەویش هەر بێدەنگە، هەموو نەیانتوانی بە ئەرکی خۆیان هەڵستن و سەروەرییەک بۆ مێژوو تۆمار بکەن، بۆ کورد  نا بەڵکە بۆ مرۆڤایەتی، ناویان لە ریزی  ئەوانەدا تۆمار بکرێت بەوکارە هەڵساون، چونکە داوای لێبوردن کرد مانای دابڕانە لەو مێژووە ناشرینەی پێشوو.

لەم مەڵبەندەی جینۆسایدە کە ناوی  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەم وڵاتەی ئێمە کە ناوی کوردستانە، شوێنێک پنتێک نییە بۆ لێبوردەیی مرۆڤەکان، لێبوردەیی لە گەڵ  تاوانە گەورەکاندا سەری خۆی هەڵگرت، روباری خوێن، دنیایەک هەڵە، وەحشیەت بونەتە بەشێک لە کلتوری ئێرە.

مێژوویەک ئێمە دەبەستێتەوە بەم وڵاتانەوە  لە ناو خوێن و ئێسک و پروسکدا غەرق  بووە، بۆ سڕینەوەی ئەو تاڵیانە پێویستمان بە داد پەروەرییە، دادپەروەری و ئاشتەوایی پێکەوە گرێدراون، بە بێ یەکەم  ئەنجامدانی دووەم زەلالەتە و قەتیش  بەدی نایات، وەک ئەوەی سیاسییەکانی کورد لەمڕۆدا دەیکەن ، لێبوردەیی هەموو کات دوای دان نان بە تاوانەکان و دادپەروەری دێت، تاوانبار و قوربانیەکان لە ئاوێنەی  دەرخستنی هەقیقەت و راستیەکانی رابردوەوە  وەک ئەوەی  هەن دەردەکەون نەک وەک ئەوەی لە تاوانەکانی رابردوو بشورێنەوە. کارێکی  زۆر ناشایستەو ناڕەوایە  داوا لە قوربانیانی  تاوانەکان بکرێت ئاشتەواویی بکەن، لە کاتێکدا هێشتا دادوەری  بە ڕۆڵی خۆی هەڵنەسابێت و دان بە راستیەکان و هەقیقەتی تاوانەکان نەنرابێت و تاوانباران دادگایی نەکرابێتن لە پێناو رزگار نەبوون لە سزاو بە دکۆمێنت کردنی تاوانەکان و دەرخستنی راستیەکان و نووسینەوەی روداوە تاڵەکان!!.

لە ئەزموونی خوارووی ئافریقیاوە با فێر بین کە " باسکردنی سەرچاوەی تاوانەکان ،دانپێنان ،قەرەبووکردنەوە،دان نان بەو شتانەی  کە رووی دا، هەندێک جار زۆر پڕ بایەخترە لە زانینی حەقیقەتەکانی بابەتەکە، ئەگەر چی مەرج نییە هەموو ئەو کەسانەی  کە ئازاریان چەشتووە پێویستیان بە داوای لێبوردن کردن هەبێت بەشێوەیەکی  ڕەسمی تا ناکۆکییەکان ڕابردوو لەبیر خۆیان ببەنەوە، لێکۆڵینەوە لە پرۆسەی لێخۆش بوونی"کۆمسیۆنی حەقیقەت  و پێکهاتنەوە  لە باشووری ئافریقا" ئەوە پیشان دەدات کە قەبوڵکردنی سەرەنجامەکان تا ئەندازەیەکی زۆر زیاد دەکات ، کاتێک قوربانیان یان کەسوکاری قوربانیەکان دانپێنانێک  و داوای لێبوردنێکی شەرعییان پێ دەگات ."پێکهاتنەوە –چارلس ڤیلا –ڤیسیستۆ ".

قەرەبووکردنەوە تەنها پاداشتی مادی نییە لە بەرامبەر ئەو زیانانەی لە قوربانیان کەوتوونە، بەڵکە  خۆی  لە پاداشتی  مادی یان ڕەمزی یان پێکەوە دەبینێتەوە، ڕەنگە پاداشتی دارایی بێت یان پۆزش و داوای لێبوردنکردن بێت لە قوربانیان یاخود هەردووکیان پێکەوە، نابێت لە یادمان بچێت کە بژاردن  هەم  قەرەبووکردنەوەیە و  هەم پەیمانیشە بۆ دوبارە نەکردنەوەی  تاوانەکانی ڕابردوو لە ئایندە، ئێمە  لەم مەڵبەندی جینۆسایدە پێویستمان بەمەیان زیاتر کە روداوەکان رابردوو دوبارە نەکرێنەوە، لە کاتێکدا نە قەرەبو کراوینەتەوە نە داوای لێبوردنیشمان لێکراوە، نە وڵاتیش بۆتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی، بۆیە روداوەکان لە ژینگەیەکی وادا ئاساییە دوبارە ببنەوە، وەک بەردەوام دوبارە دەبنەوە لە شەنگالەوە بۆ دوز و لە داهاتووشدا بۆ ناوەکانی دی، راستە  ئەمانە رابردوو ناگۆڕن و ژیان بۆ قوربانیان ناگەڕێننەوە، وەلێ ژیان بۆ داهاتوو دور لە تاوان زەمانەت دەکەن .

قەرەبووکردنەوە کەرامەتی  مرۆڤایەتی  و هەندێک لە  زیانە مادییەکان دەگەرێنێتەوە بۆ قوربانیان، بۆ ئەوانەی مافیان پێشێل کراوە، بۆیە  مافی قەرەبوو مافێکی بێ ئەملاو ئەولای  سازش هەڵنەگرتنی  قوربانیانی کوردستانە، کەسیش بۆی نییە بە ناویانەوە ئەو سازشە بکات ئەگەر  لە ترۆپکی دەسەڵاتیش بێت، دەبێت تەنها خۆیان لە بەرامبەر ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە بەم کارە هەڵبستن.

دەوڵەتی ئەنجامدەری تاوان کە عێراقە نابێت لە بەرپرسیارێتی کارەکانی ڕابردووی تاوانەکان هەلبَێت، عێراقی ئێستا کە داوای لێبوردن دەکات و  قەربووی قوربانیان  دەکاتەوە، لە بەر ئەوە نییە بەرپرسە لە تاوان و هەڵەکان ڕابردووی سەدام،  بەڵکە لە بەر پابەند  بوونیەتی  بە بەرژەوەندی گشتییەوە  و  کارکردنیەتی  بۆ دووبارە تێکەڵکردنەوەی قوربانیەکان بەکۆمەڵگاو گەڕاندنەوەی کەرامەتە  بۆیان و متمانەیان دەداتێ  بەوەی  عێراقی داهاتوو ئەوەی رابردوو نییە، لە تاوانەوە گواستراوەتەوە بۆ پۆزش  هێنانەوە، لە ئەنجامدانی جینۆسایدەوە هاتۆتە سەر واژۆکەرانی پەیمانامە نێودەوڵتیەکانی بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر تاوانە مەزنەکان، تا ئەمانە نەکات یانی دوبارە بونەوەی تاوان لەکات و ساتدایە.

بە داوی  لێبوردن کردن  بەرپرسیارێتی  هەڵگرتنی  ئەو تاوانە گەورانەی لە ڕابردوودا ئەنجامدراون ، تاکە  زەمانەتی هاوسەنگی ڕاگرتنە لە نێوان مافی قوربانیان و بەرپرسیارێتی تاوانکاران ، دەوڵەت بەردەوام دەبێت لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسەت و کاری  فەرمانڕەواکانی پێشووی خۆی، ئەو بەرپرسیارییەتیە مانای تاوانبار بوون ناگەیەنێت ، بەڵکە  خۆ پاککردنەوەو شۆردنەوەیە لێی ، پاککردنەوەی  دەوڵەت و خودە لەو ڕابردووە تاڵە خوێناوییە پڕ لە تاوانە کە لەم وڵاتە رویانداوە ،ئەمە لە باشووری ئافریقیا و شیلی و ئاڵمانیاو ..تەواوی ئەو وڵاتانەی گۆڕانکاری تیایاندا ئەنجامدرا لە پاش دەسەڵاتی نازیز م ئاپارتاید و دیکتاتۆریەت  پەیرەو کرا، کوردیش چاوەڕوانی دەکات لە ئێراقی نوێ کە ئێستا ئێوەی بەڕێز  سەرۆکین ببێتە پرنسبێکی دەسەڵاتدارییەتی داهاتوو .

سەرۆکی چەپگەرای  شیلی  لاگۆس هەڵستا بە ناردنی نامەی پاساو هێنانەوەی کەسی یان داوای لێبوردنکردن  بۆ سەرجەم کەسوکاری قوربانیانی دەست ڕژێمی سەربازی ڕاستڕەوی پێشوو  بە سەرکردایەتی بینۆتشە، ئەم پرۆسەیە  لە ساڵی 1996 ەوە بۆ 2008   درێژەی کێشا، کەچی خۆی  و بیروباوەڕەکەی قوربانی و نەیاری ئەو دەسەڵاتە بوون کە تاوانی ئەنجام دابوو، ئەو نامانەی ناردی  بۆ سەرجەم قوربانیان ئەویان نەکردە تاوانبار ، بەڵکە نامەکانی وڵاتی لە تاوانەکانی بینۆتشەی تاوانبار شوشتەوەو  ناشرینیەکانی پاککردەوەو خۆشی بردە ریزی سەرکردە مەزنەکانەوە.

قوربانیانی دەستی ڕژێمی نازی ئاڵمانیاش، لە پاڵ  قەرەبووی  مادی، هەر یەکەیان  نامەی سەرۆک  کۆمار"یوهانز راو" یان پێگەیشت ،   کە لە نامەکەیدا داوای لێبوردنی لە قوربانیانی دەسەڵاتی نازی هیتلەر  کردبوو."تعویز العمال الاسترقاقیین والقسریین فی المانیا النازیە-یونامی "، لە دوا هەڵوێستیشدا بڕیار درا جووە جەزائیرییەکان کە زۆرینەیان لە فەرەنسا دەژێن لە مەحرەقە رزگاریان بووە هەر یەکەیان بە 2300 ئیرۆ قەرەبوو بکرێنەوە .

لە تەیموری ڕۆژهەڵاتیش گەل  داوای قەرەبووی  ماوەی  داگیرکاریشی  کردەوە لە دەسەڵاتی ئەندەنوزی ، نەک تەنها قەرەبووی پێشێلکارییە گەورەکان، ئەمەش بۆ کورد  جێگای هەڵوێستەیە و پێویستە کاری لەسەر بکرێت، لە ماوەی رابردوودا بێ ویستی خۆی داگیر کراوەو سامانەکەی تاڵان کراوە.

شیراک سەرۆکی کۆچکردوی فەرەنسا  داوای لێبوردنی کرد لە بەرامبەر گرتنی 13 هەزار جولەکە  لە  پرۆسەی  ئەلفیل دیف لە ساڵی 1942 لە میانی جەنگی جیهانی دووەم و پاشان بە کۆمەڵ کوشتنیان لە لایەن هیتلەرەوە.

هەرچەندە ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا  سەبارەت بە جەزائیر  وتی نە  ئینکار کردن وە نە داوای لێبوردن کردن، لێ ئەنجومەنی  یاسایی فەرەنسا لە 8ی  شوباتی 2018 بڕیاریدا هەموو قوربانیانی جەنگی نێوان ساڵانی 1954  بۆ 1962  کە لە جەزائیر دەژیان لەوکاتە  قەرەبو بکرێنەوە، هەرچەندە هێشتا فەرەنسا دانی بە هەقیقەتی یاسایی  تاوانەکانی خۆی لە جەزائیر  نەناوە  کە ملیۆن و نیوێک قوربانی لێکەوتۆتەوە.

لە سیرالیۆنیش لە ساڵی 2010 سەرۆکی وڵات بە شێوەی فەرمی داوای لێبوردنی لەو ژنانە کرد کە قوربانی ململانێ چەکدارییەکان بوون ، لە کەمبۆدیا سەرباری ئەوەی ناوی قوربانیان لەسەر ماڵپەڕی دادگای نێونەتەوەیی کەمبۆدی بڵاو کرایەوە داوای لێبوردنیشیان لێکرا، لە 23ی نۆڤەمبەری 2011 ەش  ئەردۆگان بە فەرمی لە بەرامبەر تاوانی جینۆسایدی دەرسیم لە بری دەوڵەتی تورک بە شێوەی زارەکی داوای لێبوردنی کرد، هەرچەندە هەنگاوەکەیمان بە ناتەواو زانی  داوای لێبوردنەکان پێویستە بە نوسراو بڕیاری فەرمی دەرچن و هەڵوێستەکان دوربن لە  بەرژەوەندی سیاسی، ئەگەر مامەڵە  وەک تاوان دەکات  ئەوا پێویستە دان بە جینۆسایدی ئەرمەنیەکانیش بنێت و کۆتایی بە نکۆڵی کردن بهێنێت ، کۆتایی بەو  شەڕە سەختەی لەبەرامبەر دەرخستنی حەقیقەتی یاسایی کۆمەڵکوژی ئەرمەن گرتویەتیە بەرو ملکەچی حەقیقەتە مێژوییەکان بێت، تۆنی بلێر سەرەک وەزیرانی پێشوی بەریتانیا داوای لێبوردنی لە سەردەمی کۆیلەداری و ماندێلاش داوای لێبوردنی لە قوربانیانی کردارە سەربازییەکان کرد.

لە  ساڵی 1998 دا بیل کلنتۆن لە سەردانی  بۆ  وڵاتی رواندا داوای لێبوردنی کرد لە رواندییەکان ، بەهۆی هەڵوێستی حکومەتی ئەمەریکیەوە لەو گەل کوژیانەی لەو وڵاتە رویان دا، شینزۆ ئەبی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن،  رەتی کردەوە  سەبارەت بە دۆسیەی ژنانی رابواردن داوای لێبوردن لە کۆریەکان بکات، وەلێ سەرۆک  وەزیرانی ژاپۆن تۆمیشی مۆرایاما لە 15ی ئۆگستسی 1995 بە بۆنەی 50 ساڵەی کۆتایی جەنگی جیهانی  دووەم لە بەیاننامەیەکدا داوای لێبوردنی لە هەموو ئەوانە کرد چ وڵاتەکەیانی داگیر کردووە وە یان  وڵاتەکەی لە میانی  جەنگدا زیانی پێ گەیاندوون، لە فبرایری 2008دا سەرۆک وەزیرانی پێشوی ئوسترالیا داوای لێبوردنی کرد لە هەمبەر تاوانێک کە  بەرامبەر هاووڵاتیانی رەسەنی ئوسترالیا بە تایبەت دزینی 17000 لە  منداڵەکانیان، لێ سەرۆک  وەزیرانی نەمسا سیباستیان کۆرتز داوای لێبوردنی کرد سەبارەت بە پێشوازیکردنی وڵاتەکەی لە سوپای هیتلەر.

حکومەتی  راستگەرای پۆڵەندا سزای 3 ساڵی  دانا بۆ ئەوانەی پۆڵەندیەکان  بە هاوبەش دادەنێن لە تاوانی هۆلۆکۆست و دان دەنێن بە رۆڵیان لە تاوانەکە، ئەمەشیان بە داکۆکی لە کەرامەتی نیشتمانی  دانا، بۆخۆی ئەمەش داکۆکیە لە هاوبەشانی تاوانەکانی نازیەت .

ئەو قەرەبوە مادیانەی  بە بێ  یاسا و ئاشکرا کردنی ڕاستیەکان و داوای لێبوردنکردن لە لایەن دەوڵەتی بکەری تاوانەوە  دەبەخشرێت وەک خوێن بایی و هەوڵی کڕینی دەنگی قوربانیان تەمەشا دەکرێت لە بڕی سڕینەوەی  رابردووی خوێناوی ، کورد پێویستی  بە خوێن بایی عێراق  نییە،  بەڵکە چاوەڕوانی ئەوەیە دەوڵەتی بکەری تاوان بە فەرمی لە رێگای سەرۆکەکەیەوە بە بڕیاری رەسمی  داوای  لێبوردنی لێ بکات، بەڕێز فوئاد مەعسومیش  کە  هەنووکە لە سەروی فەرمەنڕەوایی ئێراقەوەیە  ئەرکە لەسەری بەمکارە هەڵبستیت و وەک ئەو سەرۆکانەی ئاماژەمان بە ناوەکانیان دا بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە  نامە بۆ یەک بە یەکی قوربانیانی جینۆساید  لە کوردستان و عێراق بە تایبەتی و سەرجەم قوربانیان بە گشتی بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی کۆماری عێراق   بنێریت ، ئەمە وەک تاک  وەک نەتەوەش داوای لێبوردن لە کورد  و تورکمان و ئاشور و کلدان و شیعە و کریستان و ئێزیدی و سائیبە .... بکرێت، هیوادارم بەم ئەرکە هەڵبستێت و  هەڵەکانی تاڵەبانی و بارزانی دوبارە نەکاتەوە.

چاوەڕوانین هەموو قوربانیانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ  بە مرۆڤایەتی و پێشێلکاری گەورە  لە کوردستان و عێراق لە جەنابی سەرۆکەوە  نامەی داوای لێبوردنیان پێ بگات  لە زوترین ماوەیەدا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە