Monday, 12/03/2018, 15:11
فرەنسا، بریتانیا و ئەڵمانیا، سەرەڕای مێژووی پڕ خوێناویان دژ بە مرۆڤایەتیی، لەوەتەی هەن، خێروبێری وڵاتان و میللەتانی دی دەدزن و خوێنی چینی زەحمەتکێش هەڵدەمژن بۆ کەڵەکە کردنی سەرمایە و خۆ بەهێز کردن. سەد ساڵە لە هەوڵی پاککردنەوەی ئەو میژووە گەڵاوەی خۆیانن. زوڕنا دەژەنن و کۆمەڵگەی نێونەتەوەی فریو دەدەن، بەوەی کە گوایە، ئەوان هێمای شارستانییەتن، قەڵای سیستەمی دیموکراتیین، پشتیوانی لە مرۆڤایەتیی و مافی مرۆڤ دەکەن! بە هەزاران دامودەزگای ساختەیان لە ژێر ئەو دروشمانەدا لە نێو وڵاتی خۆیان و لە دنیا دامەزراندوە، بەڵام عەفرینی ئەمڕۆ، بۆ هەموو دنیا و نەوەکانی سەلماند کە هەر سێ وڵات، بێ ویژدانن، بێ ئابروون، نە بڕوایان بە دیموکراتیەت هەیە نە مڕۆڤایەتی و نە مافی مڕۆڤ!
مانگ و نیوێکە، ڕەجەب، شارێکی وەک عەفرینی کردۆتە ئامانجی سەربازیی، کە یەک میلیۆن مڕۆڤی بێ تاوانی تێددا گوزەران دەکات، هیچ نەماوە نەیکات، لە منداڵ و پەککەوتە کوشتن تا دەگات بە وێران کردنی، گوند و شار و ماڵی هاوڵاتیان، بەبێ بەزەیی کەوتۆتە بەکارهێنانی هەموو چەکێکی کوشندە، کە چی دەسەڵاتدارانی فرەنسا، ئەڵمانیا و بریتانیا بێ دەنگ و دەستەوەستان ڕاوەستاون!
سەڕۆکی هەر سێ وڵات، بۆ خۆدزینەوە و لابردنی چاوی میدیاکان لە سەر عەفرین، کەوتونەتە زەق کردنەوەی شەڕەکان لە غواتە، سەڕۆکی فرەنسا لە میدیاکاندا دەڵێت " ئەگەر سەلماندرا ئەسەد چەکی کیمیاوی بەکارهێناوە لێ قبوڵ ناکەین". بێ گومان ئەم بابەتە لە خۆ دزینەوە و سەرقاڵ کردنی میدیاکان بەولاوە هیچی دی نییە. بە سەدان ڕاپۆڕتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەردەستیاندا هەیە کە سەلماندویەتی بە دەیان جار تا هەنوکە، ئەسەد گازی کیمیاوی بەکارهێناوە!
ئەمریکاش، سەرنجی میدیاکانی بۆ بابەتێکی دی ڕاکێشاوە، کە ئەویش ئەوەیە، گوایە گەیشتۆتە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا دەربارەی مەنبیچ.
داگیرکردنی عەفرین، لە لایەن تورکیاوە، چارەسەر نییە، بەڵکو سەرەتای دەستپێکردنی کێشەکانە بۆ زلهێزەکانی دنیا، بە تایبەتی بۆ ڕوسیا، ئەمریکا ئەوروپا، تورکیا، ئەسەد و ئیران.
کێشەی، کێشانی نەخشەی رۆژهەڵاتی نوێ، پشک دابەش کردنی تاڵانی دوای جەنگی سوریا و شەڕی دژ بە داعش، بە دڵنیاییەوە هێشتا لە خاڵی دەستپێکردنە.
هێزە توندڕەوە ئیسلامییەکان، لە گۆڕەپانەکەدا ماون، هەریەکێکیان بووە بە دارودەستەی یەکێک لە زلهێزە ناوچەییەکان و دنیا و بەکاردەهێنرێن دژ بە یەکتری بۆ سەپاندنی مەرجی ئابووری و سیاسی لە سەر مێزی گفتوگۆ. تا هەموو لایەک ڕازی دەبن بە پشکیان، کات زۆر دەبات و ئەگەری گۆڕانکاری چاوەڕێنەکراو هەیە کە ڕووبدات. لە کۆتایشدا، تورکیا بە ئاسانی و بەبێ مەرج لە عەفرین دەرناچێت و بەکرێگیراوەکان بە ئاسانی ئەو ناوچانە بەجێناهێڵن، دووبارە دەبێت هەموویان، لەگەڵ ئەو گروپە بەکرێگیراوانە بچنە جەنگەوە. لەدەرئەنجامدا، ئەگەر کورد زەڕەڕمەندیش بێت لە عەفرین، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوانیش بە ئاسانی بۆیان ناچێتە سەر و لە نێو خۆیاندا تێکبەردەبن!
شەڕی عەفرین، بۆ زلهێزەکان هێز و توانای تورکیای سەلماند، کە مانگ و نیوێکە نەیتوانیوە دەرەقەت هێزی یەپەگە بێت. هەنوکە هەلێکی باشە مەرجەکانیان بەسەر تورکیادا بسەپێنن. هەروها ئەگەر لە ستراتیژیەتی زلهێزەکان هەبێت، دژ بە ڕەجەب بجەنگن، بێ گومان سامیان شکاوە، بۆیان دەرکەوتووە، کە سوپای تورکیا، بەرامبەر بە سوپا و هێزی سەربازی ئەوان، ناتوانێت سنوورەکانی خۆی بپارێزێت، بە تایبەتی ئەگەر ئەمریکا، لە مەنبیچی سوریا جێگیر بێت و هاوسنوور بێت لەگەڵ تورکیا، لە ئایندەدا ئەگەری لابردنی رەجەب زۆرە، هەروها ئەمریکا هەوڵدەدا فتنەی شەڕی دووبەرەکیی و مەدەنی لە نێو تورکیادا بخوڵقێنێت و دژایەتی ڕەجەب بکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست